من لەدوژمن ناترسم، هێندەی نیگەرانم لەکوردێکی تەنیشتە خۆم

غازی حەسەن
  2022-02-19     833

چەندین جار ئەم بابەتەم ڕەشکردۆتەوە، بۆ ئەوەی هیچ لەبارەی هەڵوێستی ئەو کەسانە نەبێژم، کە ڕقهەڵگرتووانە پاڵپشتی بڕیاری دادگای فیدرالی بەغدا دژی هەرێمی کوردستان دەکەن و ڕاشکاوانە و بێ شەرمانە دەڵێن ئەمەی ڕووی داوە (یاساییە، بەغدا لەسەر هەقە، هەرێم تاوانبارە..). بۆیە دەڵێم ئێستا هێندە لەو کوردەی تەنیشتە خۆم، لەو گروپە سیاسییەی تەنیشە خۆم، لەو نووسەرەی ناوی بەتەنیش منەوەیە دەترسم، نیو هێندە لەدوژمنەکانمان ناترسم.

هێندەی کتێبی مێژووم خوێندبێتەوە، هەمیشە وانیشانیان داوە، کە کەوتنی کورد، بێ دەوڵەت مانەوەی کورد، کارەساتەکانی کورد لەستۆی دوژمنەکانیەتی، نەخێر ئەوەی ئێستا دەیبینم و ئێوەش هەمووتان دەیبین، ژمارەیەک کەسی بنووس، ڕاشکاونە بێ ئەوەی شەرم لەمێژوو، لەخۆیان و نمەکەکانیان بکەنەوە، دەڵێن (بەغدا وەرە) داگیرمان بکەوە، چونکە ئێمە بەحکوم و بڕیار و کردەوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و تەبایی و ڕێککەوتنی ستراتیژیی (پارتی و یەکێتی) ڕازیی نین. ئەمە چ ماڵوێرانییە لەم سەردەمەدا دەیبینین. تەنیا گومان دەکەم، لەژیر ئەم فسارە دەروونی و تێڕوانینە خراپەدا، وایان لەیەکێتی کرد گومان لەپەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی بکات، یان پارتی وا لێ بکەن، چی دیکە تەحەمولی یەکێتی و کێشەکانی نەکات.

بڕوا ناکەم هیچ عەشیرەت و خێل و مەلای خەتێیەک هێندە (ئازایانە!!) و بەئاشکرا و بەنوێژی نیوەڕۆ ئیرادەی دوژمنایەتی خودی خۆیان و خزمەتی دوژمنانیان کردبێت. مەبەستم ئەوەیە لەهیچ سەردەمێکدا هەندێک تاکی کوردیی بەقەد ئێستا ئازاد و نابەرپرس نەبووە، بەم ئاشکراییە بڕیارەکانی دوژمنەکانی خۆی پێ باش و هەق و دادپەروەرانە بێت.

من لەهەندێک لەوانە پتر ناکۆکم لەگەڵ شێوازی بیرکردنەوە و کارکردنی حکوومەت، هەندێک لەو کوردانەی ئێستا بەم زەقییە دژی هەرێمی کوردستانن، زۆر سوودیان لەتوانای دارایی و  پرۆسەی سەربەخۆیی ئابووری و بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن حکوومەتی کوردستان و توانای دارایی حکوومەت کردبێت، بەڵام وەکو نانی کوردی بێ خوێ بێت، بۆیەشە بێ سنوور و بێ پێچ و پەنا نەک تەنیا لایەنگیریی بڕیارەکەن بەڵکو پاڵپشتیی بڕیاری دادگای فیدرالی و تەنیا لەشکرکێشی بەغداش دژی هەرێم دەکەن.

هەموو کارە نایاساییەکانی بەغدایان پێ ڕەوایە و هەموو هەنگاوێکی یاسایی حکوومەتی هەرێمیان لەبەر دژایەتی (پارتی)، یان دژایەتی (پارتی و یەکێتی)، یان لەژێر پەردەی ئەوەی (پارتی و یەکێتی ناتەبان) پێ ڕەوایە و نەک هەر پێیان ڕەوایە و بێلایەن دەبن، نەخێر پاڵپشتیشی دەکەن و وزەیان هەبووایە پێش لەشکرەکەشیان دەکەوتن.

من لەبەر هەڵوێستی ڕقهەڵگرتووی ئەم کوردانە دژی لایەنێکی سیاسی، یان دژی دەسەڵاتی کوردستان و لەکردەوەسدا فەسەلی هەندێکیان، دەزانم کوردستان لەسەر هەقە، چونکە لێم ڕوونە و دڵنیام ئەمانە لەبەر نەبوونی هەڵە و نایەکسانی و نادادپەروەریی دژی دەسەڵاتی کوردی نین، نەخێیر ئەوانە لەگۆشەیەکی داخراوی دژایەتی و لەڕقی پارتی دژایەتی خودی هەرێم دەکەن، یان پێشوازیی و پاڵپشتی بڕیاری دادگای بەغدا دەکەن. لەبەر ئەوە دەڵێم من لەبەر هەڵوێستی خراپی ئەمانە، ئەگەر داکۆکیش لەهەڵەی حکوومەت نەکەم، بەڵام نامەوێت پێشوازیی لەبڕیاری دوژمنکارانەی دادگای فیدرالی بکەم. لێتان ناشارمەوە، ئەوەی دەمترسێنێت، هەڵوێست و قینی ناوەخۆیی و تێگەیشتنی هەندێک کوردی تەنیشتە خۆمە، نەک هێز و بڕیاری دوژمنەکانمان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×