ڕەخنەی کوردی... کوتەک

غازی حەسەن
  2024-06-09     174

نامەوێت باسی مێژووی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بکەم، ڕەخنەی سیاسی هەر لێگەڕێ شەرە تفەنگ زۆر لەڕەخنەی سیاسی نەرمتر و بێ ئازارترە، لەوەتەی مرۆڤ هەیە، ڕەخنەش هەیە،بەلای کەمەوە لەو ڕۆژیە مرۆڤ بیری لە جیاوازی ڕەش و سپی، تاریک و ڕوونی و هۆکار و ئەنجام و کار و کاردانەوە کردۆتەوە، بیری لە ڕەخنەش کردۆتەوە.

لەو ڕۆژەی مرۆڤی سەرەتایی بیری کردۆتەوە، لە بابەتەکان گەیشتووە و لێکدانەوەی جیای لا دروستبووە، زانیویەتی گەوەر و بچووک هەیە، شتەکان پیچەوانەی یەکن و هەندێکیش دژ بەیەکن، یاخەی بێدەنگی بەردا و بەدوای ئاخاوتن، ئاخاوتنێک کە ناڕازیی بوون و لێکدانەوەی جیاوازی لەخۆگرتبوو، یان بەسادەیی بێژین گریمانە و پرسیاری لا دروستبووە، ڕەخنەش لەوێ وەختی، وەکو دەرهێنانی موو لە ماست دەرکەوتووە. شەڕی مرۆڤەکان سەرەتا بە قسە بووە، چونکە ڕەخنەیان لەیەکتر هەبووە و دواتر پەنایان بۆ هێز بردووە، چونکە نەک هەر بۆچوونەکانی یەکتریان قبووڵ نەکردووە، بەڵکو یەکتریشیان سڕیوەتەوە  وپەنای بۆ بڕینی کلکی کەری کەربابان بردووە. ئەم مەسەلەیە دواتر دەگوازرێتەوە نێو فەلسەفە و ئایینەکانیش، لەجیاتی قبوڵکردنی جیاوازییەکان یەکتریان سڕیوەتەوە و چەقۆیان لەسەر ملی یەکتر داناوە.

زۆربەی ئەو ڕەخنانەی لەنێو ئەدەبی کوردی بڵاوبوونەتەوە، ڕەخنەن لە خاوەن دەق و کەسەکان، نەک لەسەر بیروباوەڕ و فکر و ڕەفتارەکانیان، بەڵکو نمایشێکی وەکو وێنەی کەسێک لەنێو ئاوێنەیەکی شکاو وابووە. قسە لەسەر زمان و شێواز و تەکنیک و  دزینی دەق و توانای دەقنووسەکە ناکرێت، بەڵکو وەکو جەلادێک دەق و خاوەن دەق دەکەنە پەڕۆی بێنوێژ و هەرچی بەها هەیە لێی دادەپجڕن و وەکو پێست لە جەستەی بکەنەوە، ئازاری دەدەن، هەندێک پێیان وایە رێویان بە تەڵەوە گرتووە و دەبێت تەنەکەی لەکلی بخەن و هەندێک دەیانەوێت دەقنووس بخەسێنن.

قسەکردن لەبارەی دەقەکانی (لەتیف هەڵمەت)، (حوسێن عارف)، (فەرهاد پیربال) و (پەشێو)  هەموو دەقێک بەچەند شێواز و تیۆر و ڕێبازێک دەتوانرێت شیکردنەوەیان بۆ بکرێت، هەموو کەس ئەوانەی بەبن سێبەری دیواری دەقەکانیش تێپەڕیوون مافی قسەکردنیان هەیە، تەنیا دەکرێت وەکو دەق بکرێنە مشکی و هیچ بەها و نرخێکیان بۆ نەهێلدرێت، بەڵام  قسەکردن لە سەر کەسایەتی دەقنووس، کارێکی سەرکەوتووی متمانەداری ڕەوا نابێت. هەندێک دەبێژن چۆن قسە لەسەر دەقنووس نەکەین، دەقنووس باسی خۆی و فکر و لێکدانەوە و جرت و فرتی خۆی دەکات، من دەڵێم دەقنووس کۆمەڵگا دەنووسێتەوە، بەشێواز  و تەکنیک و گێڕانەوە و مەبەست و زمان و گوتاری خۆی.

ئایا بەڕاست ڕەخنەی نەخۆش، ژینگەی نەخۆش لەنێو ئەدەب و دەقی کوردی بەهەموو ڕەهەند و بوارەکانی دروست دەکات، بێگومان بەڵێ، چونکە ڕەخنەی نەخۆش وەکو خواردنی ئێکسپایەر وایە. ڕەخنەی نەخۆش وەکو ئەوە وایە تاوانبار دادوەر دادگایی بکات و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەربکات.

ڕەخنەی کوردی ئەدەبی، یان سیاسی زۆر لێک دەچن، لە هەندێک بوار هێندە تێکەڵن مرۆڤ ناتوانێت لێکیان بکاتەوە، نازانم کامەیان ئەوی دیکەی بەرهەمهێناوە. تەنیا لە سەردەمی پێشکەوتن و کرانەوەشدا هێشتا نیەت و عەقڵی تۆڵە، ڕەتکردنەوەی شەخسی، ناوزڕاندن، سوکایەتی، یان بەپێچەوانە لەجیاتی قسەکردن لەسەر دەقەکە، خاوەن دەقەکە هێندە مەزن دەکەن وەکو ئەوەی سوپەرمان بێت. ڕەخنگەر هەیە لقە داری ژێر پێی خۆیی، ئینجا لقەداری ژێرپێی دەقنووس دەبڕێتەوە، بۆ ئەوەی نمایشی ئەوە بکات، دەتوانێت کارێک بکات، گرنگ نییە ئاکامی کارەکەی چی دەبێت.

گوتم ڕەخنەی سیاسی و ئەدەبی هێندە لەیەک دەچن، وەکو جمک دەردەکەون، ئەمەش نیشانە و هێمایەکی یەکجار خراپە وا دەکات تاکی کوردی گومان لە کەسایەتی و فکر و دەق و پەیوەندییە کەسییەکان و تەنیا نەخۆشی نەخۆشەکانیش بکات. تاکی کوردی لەبەر گەندەیی و مۆرانەیی ڕەخنەی کوردی گومان لەپەیوەندیی نێوان قەڵەم و  کاغەز، ڕستە و وشە، دەق و پەرەگراف و مانا و نیشانە و هێما، زانست و جەهالەت، ڕاستگۆیی و درۆش بکات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×