هەڵبژاردنێکی دڵخۆشکەر نابێت!!

غازی حەسەن
  2024-08-21     280

ئەم هەڵبژاردنەی هەرێمی کوردستان لە دوای ٣٣ ساڵ لە حووکمڕانی کوردیی لە خراپترین و هەستیارترین کات و دۆخدا دەکرێت. دەسەڵاتی هەرێم نە پەرلەمانی ماوە، نە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و نە سەرچاوەی دارایی، سەرباری هەمووانیش گوتاری کوردیش لەت و دابەشبووە و هێزەکان شەرعیەتیان بۆ خۆیان دروستکردووە هێزی دەرەکی لەپێناو مانەوە و بردنەوە بەکاریان بهێنێت.

لایەنەکان هەموو تووشی ترس و نیگەرانی بوون. دەستوەردان ئاسان و خێرا دەبێت، پێ دەچێت پێش هەڵبژاردن ئەنجام و نەخشە ڕێگەی ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە دیارکرابن. لەوە دەچێت لێ نەگێڕن تاکە لایەن و هێزێک ئەمجارە براوەی یەکەم بێت و هێزێکی دیکەش سزادراو. لەجیاتی پەنجا بەپەنجا دوور نییە هێزەکان سەرلەنوێ دابەشی سەرچەند دابەشبوونەوەیەکی نوێی وەکو سێیەک، چواریەک بکرێت. دابەشکردنی هەرێم بۆ چەند بازنەیەکی دەنگدان، پەرەپێدانی دیموکراسی و هەڵبژاردنی شەفاف نییە، بەڵکو بەشەرعی کردنی دابەشکردنی هێزەکانە و ئاسانتریش لە بازنەکان دەتوانن دەستوەردان بکرێت و دەڤەرەکانیش پتر پەناو وەبەر خۆسەپاندن دەبەن.

# پێم وایە دەوڵەتە هەرێمایەتییەکان و هێزە ناحەزەکانی هەرێم نایانەوێت چی دیکە پارتی حزبی یەکەم بێت و کورد یەک ناوەندی بڕیار و هێزی هەبێت. بۆیە ئەرک و شێواز و تەکنیکی چؤنیەتی بەشداری پارتی لەم هەڵبژاردنە دەبێتە مەحەک بۆ زۆر شت.

# بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی کەرکووک و مووسڵ بێت، ئیزافەیەک دەخرێتەوە سەر کورسییەکانی یەکێتی و لەبەر ئەوەشە هەست دەکرێت یەکێتی لەڕووی دەروونییەوە وەکو خاوەنی گوتارێکی هێرشبەر خۆی نمایش دەکات. ئامادەشە وەکو چۆن سازشی لەسەر ناوچەکانی خانەقین بۆ بەدەستهێنانی پارێزگاری کەرکووک کرد، سازش لەسەر شوێنی دیکەش بۆ زیادکردنی دەنگەکانی، یان بەدەستهێنانی پلە و کورسی بکات.

# چەند گروپێکی نوێی دیکە لە پەرلەمان دروست دەکرێت، ئەمانەش دەرفەتی ئاژاوە و ناکۆکی و هەندێکجار فشاریش وەکو چەکێکی مۆدیرن زیاد دەکات.

# پێ دەچێت و گریمانەی ئەوە دەکرێت هاوسەنگی وەکو خولی پێشوو نەمێنێت.

# ئەم هەڵبژاردنە دوور نییە حیسابە هەڵە سیاسی و جەماوەری و ئیداری و داراییەکان، ئاشکرا بکات.

# پێم وایە پارتی زەرەرمەندی یەکەم دەبێت لە ئاکامی مردارکرانەوەی پەرلەمان و کوژاندنەوەی کۆمیسۆنی هەڵبژاردن.

# پارتی دەڵێت ئەگەر ئێمە پاشەکشە بکەین، کورد پاشەکشە دەکات. یەکێتیش دەڵێت هەموو شتێک لەپێناو خۆ بەزیندوو هێشتنەوە. گروپەکانی دیکەش دەڵێن ئەم دوو هێزە سەرچاوەی نەهامەتییەکانن بۆ کورد. سێ گوتار و کردار و ڕەفتار و فکر و بەرنامەی سیاسی جیاواز بەدی دەکرێت. بۆیە هیچ پێ ناچێت دوای هەڵبژاردن دۆخێکی دڵخۆشکەر بێتە ئاراوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×