ئایا کوڕەکەی دەبێتە هۆی کەوتنی باوکی؟

غازی حەسەن
  2023-12-14     432

پرسیارێکی زۆر سادەیە، بەڵام لەنێو گێژاوی ناکۆکییەکانی پێش هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٤ لە ئەمەریکادا ئەم جۆرە پرسیارانە زۆر دەکرێن، دیموکراتەکان بەهەموو هێزی سیاسی و فکری و یاساییەوە دەکۆشن ڕێگە لە (دۆلاند ترەمپ)ی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بگرن ئەمجارە نەتوانێت خۆی کاندێد بکاتەوە، یان کاریگەریی لەسەر ڕێژەی دەنگەکانی دروست بکەن. لەهەمان کاتیشدا کۆمارییەکان دەیانەوێت بەهەمان شێوە لەڕووی یاساییەوە پێش کۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆکایەتی (جۆ بایدن) بەهۆی تۆمەتی دەستپیسی و گەندەڵی کوڕەکەی (هونتەر بایدن)ەوە لە سەرۆکایەتی وڵات دووری بخەنەوە، یان لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی ئەم زانیاریانە و دانانی لیژنەی تایبەتی لێکۆڵینەوە لە سەرۆکی وڵات لەنێو کۆنگرێس، ڕێژەی دەنگ و لایەنگرانی (بایدن) کەم بکەنەوە و لەم ڕێگەیەشەوە دیموکراتەکان تێکبشکێنن.

هەردووکیان (بایدن) و (ترەمپ) دەیانەوێت خۆیان بۆ سەرۆکی وڵات هەڵبژێرن. لە ئەمەریکادا گەندەڵی هەیە، کاری نایاسایی دەکرێت، لەهەندێک دۆخدا بەرپرسەکان پێگەی یاسایی و سیاسی خۆیان بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن، یان لێدانی نەیارەکانیان بەشێوەی نایاسایی بەکار دەهێنن، بەڵام لەوانە گرنگتر ئەوەیە بەهۆی سیستەمی دیموکراسی و ئازادی ڕاگەیاندنەوە هاووڵاتی ئاسایی ڕاشکاوانە و ڕاستەوخۆ و بێ شاردنەوە دەتوانن ئەم زانیاریانە دەست بخەن، کە قسەیان لەبارەوە دەکرێت. دوو کێشەی گەورە هەمیشە ڕووبەڕووی بەرپرسەکان دەکرێتەوە ئەوانیش (دزیی پارە و گەندەڵی و ئابڕووچوونی سێکسیی و پەیوەندیی هەندێک لەبەرپرسەکانە بە ئافرەتەوە).

بەپێی دەنگدانێکی کۆنگرێس ٢٢١ بەرانبەر ٢١٢ دەنگ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ (جۆ بایدن)  لەبارەی گەندەڵییەکانی کوڕەکەی دا، لیژنەکە لەسەر داوای کۆمارییەکانە پێکهاتووە، کە ئێستا لە کۆنگرێس زۆرینەن، بەڵام دیموکراتەکان لە (سەنات) ئەنجوومەنی پیران زۆرینەن. تۆمەتەکەش ئەوەیە گوایە کوڕەکەی (بایدن) لەنێوان ساڵەکانی ٢٠١٤- ٢٠١٧ لەرێگەی بازرگانی نایاسایی لە چین و کازاخستان و ڕوسیا و ڕۆمانیا و ئۆکرەین بڕی ٤٩ ملیۆن دۆلاری کۆکردۆتەوە و لەم کارەشدا پێگە و دەسەڵاتی باوکی بەکارهێناوە و دەپرسن خانەوادەی سەرۆک ئەم پارەیان لە کوێ و چۆن بەدەستهێناوە. (بایدن)یش لەنوێترین لێدواندا ڕایگەیاند کۆمارییەکان "ئەوان لەبڕی ئەوەی ژیانی ئەمەریکییەکان باشتر بکەن، بە درۆ هێرشم دەکەنە سەر". کێشەکان هێندە سیاسین، کەس ناتوانێت ئاکامەکان و هۆکارەکانیان بشارێتەوە.

گرنگ وەکو گوتمان پرسیارەکەی ئێمە ئەوەیە، ئایا (هونتەر بایدن) سەری باوکی دەخوات؟ کە چەندین ساڵە بەم تۆمەتە لەلایەن حزبی کۆمارییەکان هێرشی دەکرێتە سەر، ئایا ئەم کارتەی کۆمارییەکان لەدژی (بایدن) بەکاری دەهێنن هەمان هێز و کاریگەریی یاسای لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەبێت، کە دیموکراتەکان دژی (ترەمپ) بەکاری دەهێنن.

هەرچەندە هیچ یاسایێک و بەندێکی دەستووری نییە لەکاتی تۆمەتبار کردن و  هەتا زیندانی (ترەمپ) یان هەر کەسێکی دیکە ڕێگە لەخۆکاندێدی ئەو کەسە بگیرێت، کە تاوانبار دەکرێت، بەڵام دوور نییە زانیارییەکان و ئەو شتانەی قسەیان لەبارەوە دەکرێت کاریگەریی لەسەر (هەڵوێست و ڕەفتار و بیرکردنەوە و کاردانەوە و بڕیاری دەنگدەر) دروست بکات و ئەمەش ئەنجامەکان بگۆرێت. هەمیشە ئەم جۆرە کارتانە لەچەند مانگێک پێش هەڵبژاردنەکان وەکو کارتی فشار و سیاسی و لەقاودانی ئابڕووچوونەکان و ڕیسواکردنی ڕیسواییەکان و ئاشکراکردنی نهێنییەکان بەکار دەهێنرێت. پێ ناچێت کارتەکەی کۆمارییەکان یەکلاکەرەوە بێت، بەڵام لەکردەوەدا ئەوەی من لەنێوەخۆی ئەمەریکا و لە هاووڵاتی ئەمەریکی دەیبیستم ئەگەر دڵیان بە سیاسەت و ئاژاوە و شێوازی ترەمپیزمیش خۆش نەبێت، گەلێک ڕازی نین لەکار و شێوازی کارکردن و خاوە خاوی (بایدن) و دۆخی ئابووری و هەڵاوسان و بەتاڵبوونی گیرفانی کرێکاران و چینی ناوەڕاست و ڕەخنەش لە (بایدن) دەگرن، کە کارەکتەرێکی بەتەمەنە، شتی زوو زوو لەبیر دەچێتەوە و لەبڕیار داندا ساردە. لەکاتێکدا هەردوو جەنگی ئۆکرەین و وەڵامەکانی ئیسرائیل دژی حەماس دۆخێکی نێوەخۆیی و نێودەوڵەتییان دروستکردووە و کاریگەری لەسەر چۆنیەتی بیرکردنەوەی دەنگدەری ئەمەریکیش دەبێت.

لەڕاپرسییەکاندا (بایدن) بە دوو خاڵ لەدوای (ترەمپ) دێت. لە کۆنگرێس کۆمارییەکان باڵادەستن و دەتوانن بڕیار بدەن و لەئەنجوومەنی پیرانیش دیموکراتەکان زۆرینەن و دەتوانن ڕێگری لەبڕیارەکانی کۆمارییەکان بکەن، بەڵام گرنگتر لەهەموو شتێک ئەوەیە ناکۆکیی و ململانێکان توندوتیژی سیاسی تێدا نییە، دەتوانن بە یاسا زۆر شت یەکلایی بکەنەوە و لەکۆتایشدا هاووڵاتی بڕیار دەدات، من پێم وایە ڕەوشە پەیوەندی بە دامەزراوەیی سیستەمەکە و بەڕێوەبردنەوە هەیە، نەک دیموکراسی، چونکە دیموکراسی خۆی گەمەیەکی سیاسی نیمچە گاڵتەجارییە.

پرسیارێکی دیکەی ئێمە ئەوەیە، بۆچی لە ڕوسیا (بۆتین) هەموو خوولێکی هەڵبژاردنەکان دەستوور لەپێناو خۆی دەگۆڕێت و هاوولاتیانیش ناتوانن لەم دیموکراسییە قێزەوەنە هیچ کاردانەوەیەک دروست بکەن، ژبیر نەکەین ئەوەی ئەردۆگانیش دەیکات هەمان تێزی لەگۆڕانانی دیموکراسییە، بۆچی لە ئێران بڕیار لای مەرجەع کۆکراتەوە، تاکو نیشانی بدەن هێزی هاووڵاتی لە هێز و ئیمانەی مەرجەعە،  لە وڵاتانی کەنداودا خانەوادەی ئەمیر و پاشاکان چۆن دەبنە خاوەنی دەسەڵات و پارە، لە عێراقدا کوڕی بەرپرسەکان دەبنە ملیۆنێر و خودی بەرپرسەکان لەهیکەوە دەوڵەمەند دەبن و وەزیر و پەرلەمانتار دەبنە خاوەنی ملیۆنان دۆلار بەچ یاسایەک و کەسیش ناتوانێت سزایان بدات، ئایا لە هەرێمی کوردستاندا دەوڵەمەند بوون هیچ لێپرسینەوەیەکی سیاسی و یاسایی بەرانبەر دەکرێت!. یان هەموویان بەستراونەتەوە بە دونیای بەدگومانی دیموکراسیییەوە. جیهانی ئێستا بە دەستوور دیکتاتۆر دروستکردن و بە یاسا دەوڵەمەند بوونی نایاسایی و ئابڕووچونی سێکسی و سیاسی زۆری تێدایە، لەهەندێک شوێن دەتوانرێت قسە لەبارەی ئەم دۆخانە بکرێت و کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردن و دواڕۆژی کارەکتەرەکان و گوتاری وڵاتەکە بەگشتی هەبێت، لەهەندێک شوێنیش بەپێچەوانەوە قسەکردن لەم شتانە وەکو ەهڕەشە بۆ سەر شکۆ و یەکپارچەیی نیشتمان سەیر دەکرێت.  پێم وایە (بایدن) لەدۆخێکی دەروونی و سیاسی و ئابووری خراپ دایە، ڕکابەرەکەشی  (ترەمپ) بەهۆی دادگاکانەوە هاندەر و دەنگدەر و لایەنگری پتربووە. دوور نییە کوڕەکەی (بایدن) سەری باوکی بخوات و پێگەکەی لاواز بکات، ئەمەش دوور نییە بێتە ڕێگەخۆشکەر بۆ ئەوەی کۆمارییەکان پێگەی سەرۆکی وڵات بەدەست بهێننەوە.    

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×