خۆناسی کورد و دوژمن ناسی

غازی حەسەن
  2023-08-03     431

پرسیارێکی زۆر سادە، بۆچی لەهەموو تەنگەژە و کارەسات و کێشەیەک دەڵێن (کورد دوژمنەکانی ناناسێت، یان پێویستی بە ناسینی دوژمنەکانی هەیە)؟ ئەمە بۆچی ئایا بەڕاستی ئەمە نیشانە و ڕەمزە بۆ چۆنیەتی لەخۆگەیشتن و شارەزایی و گونجاو بیرکردنەوەی تاک و گروپەکانی کوردە، یان جۆرێکە لە خۆدزینەوە و ڕاکردن لە بەرپرسیاریەتی لەنێو تونێلی تاریکی نەزانین و دواکەوتندا.

پرسیاری من ئەوەیە، ئایا ئەگەر کەسێک و گروپێک و نەتەوەیەک لە خودی خۆی نەگەیشتبێت، دەتوانێت لە دوژمنەکانی یان لەوانی دیکە بگات؟.

من پێم وایە کاتی ئەوە هاتووە بە ئازایەتی و لەخۆبردوویی زۆرەوە دان بەهەڵەکانی خۆماندا بنێین، دوژمنەکانمان کە دەیانەوێت لەناومان ببەن، مەرج نییە ژێرکەوتن و پاشەکشەی ئێمە و کەموکورتییەکانیمان هەمووی ئەوان هۆکار بن، بەتایبەتی لەو بابەتەی پەیوەندی بە خۆناسین و خودناسییەوە هەیە. ئێمە خۆمان دەخەینە خەرەندێکی هەزار بەهەزار ئەگەر پێمان وابێت (خودناسینی خۆمان) هۆکارەکەی تەنیا دوژمن و ناحەزانی کوردە. ڕەنگە لەڕووی دەروونییە بتوانم بڵێم دوژمن کەسایەتی تاکی کوردیان وا لەت و دابەش و شێواندووە، وزەی بیرکردنەوەی لاواز و لەڕ بێت، بەڵام ئەمە نابێتە سەرتاپای هەموو ئەو هۆکارانەی لەم خەرەندەدا ببینە هەزار پارچە و هەپڕوون بەهەپڕوون بین.

کەسایەتی کورد شێواوە، دوژمن وەکو ستراتیژێکی هەمیشەیی نەیهێشتووە هەست بەسەربەخۆیی بکات، لەزەت لە کەسایەتی بەهێزی سەربەخۆ بکات، حزبەکانیش لەدوای ڕاپەڕین هەرچی لەسەردەمی شۆڕشی چەکداری دروستیان کردبوو، هەموویان بەقوربانی ململانێی دەسەڵات و کۆکردنەوەی دەنگ و توندکردنی جڵەوی بیرکردنەوە و فکر کرد، تا گەیشتۆتە ئەوەی تاکی کورد هەموو (وزە و کەسایەتی و بیرکردنەوە و  فکری خۆی) لەداهات و پارە پێناسە بکات. من گلەیی لە هاووڵاتی ناکەم ئەم پرۆسەیە لەسەردەمی بەرەی کوردستانی لە گومرگەکان دەستی پێکرد و شەرعیەت بە گەندەڵی و لرفکردن و گیرفان پڕکردن و قەرەبووکردنەوەی سەردەمی پێشمەرگایەتی درا، تا گەیشتۆتە ئەوەی ئەم دۆخە بەداهاتی زۆر و نەوت و پڕۆژە گومانلێکراوەکانی بەرهەمهێنان و دروستکردنی گوندی هاوچەرخ و بازرگانی بەشێوەیەک، کە زیان بەتەندروستی و بژێویی و خواردن و کەلوپەلی بەکارهێنراوی هەمەجۆریش بگەیەنێت.

دەگەڕێمەوە سەر پێویستی (خودناسی و خۆناسی کورد)، بۆ گرنگە و لەچ بوارێک گرنگە بایەخ بەم بابەتە بدەین، پێش دوژمناسی پێویستە خودی خۆمان بناسین. دەکرێت بەکورتی بڵێم: سەرەتا بپرسە بڕیار و خووڕەوشت و دابونەریتەکانمان بۆچی؟ ئەگەر بۆ کردە و بیرۆکەکانت وەڵامی لۆژیکی و مەعقوڵت هەبێت، ئەوە دەبیتە خاوەنی ڕێچکە و ڕەوشێکی گونجاو. زانین و ناسینی خود واتە ناسینی هەڵچوون و پاڵنەرەکانی نێو دەروون و ناخی خۆت، کە بۆ ساڵانێکی درێژ لەگۆشەیەکی گەرم و نەرم و تاریکدا خۆی شاردۆتەوە.

خودناسی سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ ئەوەی بەهێزیی و لاوازیی خۆمان بناسین. ئەمە لە کردەوەدا مرۆڤ دەخاتە سەر ڕێچکەی بیرکردنەوەیەکی قووڵ و کاریگەر.

کۆمەڵگەی ئێمە خەریکە دەبێتە کۆمەڵگەیەکی دابەشبووی حزبی، خووڕەوشت و نەریتی لایەنە سیاسییەکان ڕەواندنەوەی ناخ و دەروونیانە، تووڕەیی، ڕق، کاردانەوەی بێ بیرکردنەوە، بیرۆکەی یەکتر فتکردن و سڕینەوەی یەکتر، پەنا بردنە بەر دوژمن نەک وەکو کارتی بەکارهێنراو، بەڵکو بوونە کارتی بەکاربراو، مەترسییەکانی خۆ نەناسین بەهێزتر دەکەن.

چۆن خۆمان بناسین، یان چۆن کارێک بکەین پێش ئەوەی دۆسەتە دوورەکانمان، یان گەڕیدەکان و چاودێرە بیناییەکان وەسفمان بکەن، ئێمە خۆمان خۆمان وەسف بکەین، تەنای وای لێهاتووە بێژین ئەوان لە خودی خۆمان باشتر ئێمە دەناسن. ئەمەش پەیوەندی بە کۆمەڵێک هۆکار و هەنگاوەوە هەیە، لەوانە:

 متمانە بوون بەخۆ و چۆنیەتی دروستکردنی خەون و شتەکان ئاڵۆز نەکرێت و هەموو کاتمان بە شتێک مژۆل نەکەین و ئاشکراکردنی داهێنان و لێهاتووییەکانی مرۆڤ و بایەخدان بە خود و زانینی هاندەرە ناوەخۆییە دەروونییەکان. وەکو (دینیس ویتنی) دەڵێت هێز خواستەکانمان هەڵدەسوڕێنێت لەنێو ئەو شتانەی پاڵنەرن و هەڵسوکەوتمانن. (فرانسیسی)یش بڕوای وایە چارەنووسی مرۆڤ لەنێو دەستی خۆی دایە.    

لەتەک ئەوانەشدا پێویستە  بایەخ بە (بەهاکان بدەین، کە بریتین لە هاوکاریی و لێکگەیشتن و ڕێزگرتنی ئەوانی دیکە) و ( بایەخدان بە هەست و نەست و هیواکان و ئەو شتانەی دەبنە مایەی سەرنج ڕاکێشان) و (ناسینی مەزاج، کە دەرخەری ئەوەیە ئایا ئەو کەسە کەسێکی ئارامە، یان هەڵچوو و تووڕە). (ئەوە دیار بکات تۆ لەچ کاتێک بەیانی، نیوەڕۆ، یان ئێوارە ئارەزووی کارکردنت هەیە) و (ئامانجەکان دیار بکە) و (لەهەمووشی گرنگتر خاڵی لاواز و بەهێزی خۆت دیاریی بکە). ئەمانە بەسێکن لەو هەنگاوانەی دەتوانرێت بەسادەیی کەسایەتی و چۆنیەتی بیرکردنەوە و پێکهاتەی دەروونی و ڕەفتار و فکری کەسەکان و گروپەکان بناسین.  

ئێمە نەک وەکو تاک، بەڵکو وەکو نەتەوە و  دامەزراوە و حزبە سیاسییەکان و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان پێویستمان بەوە هەیە خودی خۆمان بناسین و گرنگی بە ناخ و دەروون و پێکهاتەی خۆمان بدەین، ئەگەر خۆمان نەناسین، زۆر قورسە بتوانین لاوازیی و هێزی خۆمان، هەڵسوکەوت و ڕەوشت و نەریتمان بەرانبەر ئەوانی دیکە و دوژمنەکانمان دیار بکەین. چ سیستەمێکی حوکمرانیمان هەیە و سیستەمی ئابووری و بەرهەمهێنان و بازاڕمان چییە؟ چۆن دەبێت حزبێکی چەپ و ئیسلامی و سۆشیال دیموکرات و نەتەوەیی و کوردستانی و لیبرال و عەلمانی و چی و چی هێج سنوورێکی جیاکەرەوەیان لەنێواندا نەبێت. ڕۆشنبیر و خێل وەکو یەک بەدوای یەک ئامانجەوە بن، بڕوانامەدارەکان نەخوێندەوار و گەندەڵ بن، گەندەڵی بەیاسا بەڕێوەبچێت، زۆر کەس بەپێی پسپۆریی و شارەزایی خۆیان بەرپرس نەبن، بەڵکو بەپێی خزمخزمێنە و شڕەخۆریی و ماستاوچیەتی و خۆبەستنەوە بە کەسە یەکەمەکان پێگەیان پێ بدرێت.  

لەئەنجامی خۆ نەناسیندا هەندێک پێیان وایە ئەوانە دەتوانن لاوازیی کورد بقوۆزنەوە بۆ بەکارهێنانی کورد و مافەکانی لەنێوەخۆ و هەشیانە لەدەرەوە بۆ ئەوەی سازش لەسەر مافەکانی کورد بکات. کۆیلەکردنی تاک، بەواتای خۆناسین نا، بەڵکو بەکارهێنانی وەکو کردەی چەواشەکاریی بەنموونە کێشەی (سیاسەتی سەربەخۆیی نەوت و مووچە لەنێوان هەرێم و بەغدا و ڕاکردن بۆ باوەشی بەغدا وەکو ڕزگارکەر و چارەسەر نەک هەر خودناسی نییە، بەڵکو خودکوژییە). سەپاندنی سیستەمێک لەسەر بنەمای خۆ لەبیرکردن و داتەپاندن و داڕماندنی ناخ و دەروون بینا کرابێت، پرۆسەی زانست و پەروەردە و ئەخلاق و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە باوەکان لەناو دەبات، هەر کاتێک پرۆسەی زانست کەوتە ژێر پرسیار و  گومانەوە، دەبێت بزانین کە خودناسی و خۆناسی لەقەیرانێکی مەترسیدار دایە.

کورد وەکو نەتەوە و خاک پێویستە خۆی بناسێت و بزانێت لاوازیی و بەهێزیی بوون و پێگە و کاریگەریی و کارتێکراوەکانی لەکوێن و چۆنن. ئەم سەردەمە بەسەرچوو هەموو شکان و لاوازیی و پاشەکشە و خیانەتێک ببەستینەوە بە دڕندەیی و فاشیەت و بنەماکانی هێزی داگیرکەرەوە، نەخێر لەئەنجامی لاوازیی متمانە بەخۆبوون و لاوازیی لەبیرکردنەوە و پاشکۆبوونی کەسایەتیی و بایەخ نەدان بە داهێنەران و کەسانی پسپۆری پیشەیی، خۆ بەستنەوە بە هێزی عەشیرەت و گروپکاریی و ناوچەگەریی و خۆشباوەڕیی بە دوژمنەکان، وا نیشان دەدەین، کە هەموو خراپەکاریی و لاوازیی و شکانێک تاوانی دوژمنەکانە، نەخێر ئەی پیاوی ژیر وانییە، ئەگەر خودناسی و خۆناسی بەوردی پەیڕەو بکرێت و بەکاربهێنرێت بۆمان دەردەکەوێت، دوژمن نییە دۆخ و پرۆسە و دەروونی (خیانەت)ی دروستکردووە، نەخێر ئەوە خودی تاک و گروپی کوردە، هێندە ڕاڕاو و بێ متمانە و لاواز و پاشکۆیە لە فکر و بڕیار و بیرکردنەوەدا شانازی بە خیانەت و خۆبەستنەوە بەدوژمن دەکات و ناحەزە مێژووییەکانی خۆی بە ڕزگاری خۆی دەزانێت، ئەمە وەهمێکی ژیرانەیە، چونکە نەزانانە تووشی خودناسی بووە. نەک هەر ئەوە دەیەوێت لەڕێگەی بەتیرۆزەکردنی ئەم کردەوە شەرمەزارکەرە هەموو شتێک بکاتە قوربانی ڕق و تۆڵەکردنەوە و کاردانەوەی کاتی و حزبایەتی و گەڕان بەدوای شتی بچووک و بێ کۆتایی و هەموو کاتەکانی بە جووینەوە و دووبارەکردنەوەی دوێنێ دەکوژێت.

گروپ و تاکی کوردی بەشی زۆری کاتی خۆی بە شتی لابەلای کاتی و نیمچە مردووی دووبارە سەرف دەکات، ئەو نایەوێت ناخ و دەروونی خۆی بناسێت، کە ئەم ناسینە دەبێتە هۆکار بۆ وەسفکردنی هەڵوسکەوت و ڕەفتار و سیاسەت و بیرکردنەوەکانیشی.

خۆسەپاندن، بەپاشکۆکردنی ئەوانی دیکە، گەڕاندەوەی سیستەمی خێلەکی و دیوەخان و داڕشتنەوەی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ئینتما بۆ هۆز و خێل، لەجیاتی ئینتما بۆ نەتەوە و نیشتیمان، ئینتما بۆ دەستکەوتی دارایی و ئیداریی لەجیاتی ئینتما بۆ سەرکەوتنی کێشە و دۆزە نیشتیمانییەکان، بەدەستهێنانی بڕوانامەی باڵا لەپێناو زیادکردنی مووچە، نەک زیادکردنی مەعریفە و عەقڵ وایکردووە خودناسی و خۆناسی لای تاکی کورد ببێتە شتێکی لەبیرکراو.

هیچ کاتێک درەنگ نییە، هەرچەندە کاتی زێڕینی زۆرمان لەدەست داوە، پێش دوژمناسی پێویستە خۆمان بناسین و بزانین لەناخماندا، لەدەروونماندا، لە هەڵسوکەوت و ڕەفتار و بیرکردنەوەماندا چ هەیە، تاکو خۆمان نەناسین، ناتوانین دوژمنەکانیشمان بناسین. دووجۆر دوژمنیش هەیە دوژمنە داگیرکەرەکان، ڕکابەرە نەخۆشە ناوەخۆییەکان.

ئەوەی دووەمیان کاریگەریی یەکجاری زۆری لەمێژووی کوردستاندا دروستکردووە، بەجۆرێک، کە کورد ئەمە بە (دەردە کورد و خۆخۆریی و مۆرانە و لە زاراوەی سیاسیشدا بە خیانەت) ناو دەبەن. لە کتێبەکانی مێژوودا ئەوەمان زۆر لاڕوونە، کە هۆکاری تێکشکانی بزاڤ و شۆڕش و دەسەڵات و ئیمارات و هێزە کوردییەکان بەشی زۆریان لەئاکامی ئەم خۆخۆریی و ناکۆکییە ناوەخۆیی و نەگونجانی هۆزەکان لەگەڵ یەکتر و دەست تێکەڵکردنی ژێراو ژێر بووە لە گەڵ دوژمن، نەک دڕندەیی دوژمن، بەپێچەوانەوە چەندە دوژمن فشار و هێزی بۆ سەرکوتی تاکی کورد پتر بەکارهێنا بێت، کاردانەوەی تاکی کورد دە هێندە خۆڕاگرانەتر بووە. ئەوەی تاکی کوردی پەریشان و تێکشکاو کردووە، ناکۆکی و خۆخۆریی و نەبوونی دادپەروەریی و شتی شیاو لە جێگەی شیاو بووە، ئەوەی ئێستا وای لەتاکی کورد کردووە ڕقی لەسیاسەت بێت و دروشمی بۆ شەریف نیشاندانی دەسەڵاتی بەغدا بەرز بکاتەوە، پەیوەندیی بە خودی لایەنە سیاسییەکان و دەسەڵاتی کوردستانەوە هەیە. پێویستە خۆمان بناسین، بۆ ئەوەی دوژمنەکانمان بناسین.        

https://mawdoo3.com/%D9%83%D9%8A%D9%81_%D8%A3%D8%B9%D8%B1%D9%81_%D9%86%D9%81%D8%B3%D9%8A_%D9%88%D8%A3%D9%81%D9%87%D9%85%D9%87%D8%A7

https://www.bankalmaelumat.com/2023/04/what-is-self-knowledge.html

Meg Selig, Know Yourself? 6 Specific Ways to Know Who You Are

https://www.psychologytoday.com/us/blog/changepower/201603/know-yourself-6-specific-ways-know-who-you-are

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×