کوردستانو روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا
نالی پێنجوێنی
2020-03-25   920
بۆ قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە ئاماژە بەدوو خاڵ دەدەم:
۱ـ لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتەسەرخەت و کۆمەڵێ ڕێکاری توندوتۆڵ و خێرای گرتەبەر. بێگومان، بەدەمەوەهاتنی خێرای حکومەت و گرتنەبەری ئەو ڕێکارانە، کارێکی باش و شارستانیی بوو، تا ئاستێکی باشیش ڕێی لەتەشەنەسەندنی پەتاکەگرت. ئەرکی هاووڵاتیانیشە، لەپێناو سەلامەتی خۆیان، ڕێنمایی و ڕێکارە تەندرووستی و یاساییەکان بەباشی جێبەجێ بکەن. ئەوروپاییەکان، هەرچەندە لەکوردستان پێشکەوتووترن، بەڵام، چونکە لەسەرەتاوە وەك مەترسییەکی جددی لەپەتاکەیان نەڕوانی و خەمساردبوون بەرانبەری. بەداخەوە، ئێستا باجێکی قورسی ئەو شلگیریەیان دەدەن، ئاگری ئەو پەتایە بەخێرایی لەخەرمانی ژیان و گیانیان بەربووەو ئۆقرەی لێبڕیوون. بەو پێیەی هەرێمی کوردستان، هاوسنووری وڵاتی ئێرانە، ئێرانیش یەکێکە لەو وڵاتانەی بەخراپی دەرگیری ئەو پەتایەبووە. ئەگەر بەخێرایی ئەو ڕێکارە توندوتۆڵە نەگیرایەتەبەر، ئەگەری ئەوە زۆربوو، پەتاکە زۆر بەخێرایی تەشەنەبکات و کارەسات بقەومێ. ئاشکرایە، کە سیستەمی تەندرووستی هەرێمی کوردستان وەك پێویست نییەو دواکەوتووە. سوپاس بۆ خوا، ئەوە یەکەمجارە دەسەڵاتدارانی هەرێم لەکاتی قەیران و گرفتەکاندا بەخێرایی بێنەسەرخەت و ڕووبەڕووی کێشەکان ببنەوە. بەردەوام هاووڵاتیان ڕەخنەی ئەوە لەدەسەڵاتداران دەگرن کە بۆ چارەسەری کێشەوگرفتەکانیان زۆرخەمساردن، خزمەتگوزاری شایستەو پێویستیان پێشکەش ناکەن.
۲ـ خاڵێکی تر کە لێرەدا ئاماژەی پێدەدەم، هەڵوێستەکردنە لەسەر سەرسوڕمانی نوێنەری(ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانیی-WHO لەعێراق) کەبەلایەوە سەیرە لەهەرێمی کورستان و عێراق، کەسانێک هەڵگری ڤایرۆسەکەن، بەڵام توشی نەخۆشییەکە نەبوون و نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان نییە!.
لێرەدا من دەمەوێ ئاماژە بە ڕاستییەك بدەم، خوای پەروەردگار، لەشی مرۆڤی بەشێوەیەکی جوان و سەرسوڕهێنەرو تەواو درووستکردووە، سیستەمێکی بەرگری باشیشی پێبەخشیووە. ئەوەی لەو ڕووەوە تێبینم کردوەو ئەندازەیەکی باشیش بەدواداچوونم بۆ کردوە، ساڵانێکە خولیای کۆکردنەوەی زانیاریم لەو بوارەداو خۆ ڕۆشنبیرکردن و پێشخستنی فەرهەنگ و سیستەمی خۆراك کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە تەندرووستیمانەوەهەیە، بەپێویست و گرنگ دەزانم. بەگوێرەی وتەی پسپۆڕانی تەندرووستیی و شارەزایانی بواری خۆراك، هەندێ خۆراك و گژوگیا هەن، ڕۆڵێکی یەکجار گرنگ لە بەهێزکردن و پتەوکردنی سیستەمی بەرگری لەشماندا دەگێڕن. سوپاس بۆ خوا، تائەمڕۆش خانمانی دەستڕەنگینی کورد، ئەندازەیەکی باش پێی ئاشنان و بۆ تاموچێژی زیاترو ڕازانەوەی سفرەکان دەیکەنە ناو خواردن و بەکاری دەهێنن. هەر کەس دەیەوێ سیستەمی بەرگری لەشی پتەوو بەهێزبێت، بادرێغی لەبەکارهێنانی ئەم خۆراکانە نەکات و بەردەوام بەکاریان بهێنێ(ڕەشکە، شمڵی، مێخەك، سمڵ، تەرخون، هەزبێ، زیرە، بەهارات، حێل، دارچینی، تۆڵەکە، تۆوی کەتان، سەلبای، جاترە، سیر، پیاز، زەعتەرو دەیان گژوگیای دیکە کە لێرەدا هەموویانم بیرنایەتەوە) ئەوەی کەمن تێبینیم کردووە، سیستەمی خۆراك و مەتبەخی کوردیی و تەبخی کوردەواریی، کەلەبابوباپیانمانەوە بۆمان ماوەتەوەو ئاشنای ئەو گژوگیاو خۆراکانەیەو تائەمڕۆش بەزۆری بەکاریدەهێنین. ئەوەی مایەی نیگەرانی و جێی قسەلەسەرکردنە ئەوەیە، کە بەداخەوە، سیستەمی خواردن و مەتبەخی کوردەواری لە بەکارهێنانی(چەوری و خوێ و شیرینیی)دا ئیسافی زۆر دەکات. ئەو سێ خۆراکە، مەترسی زۆر بۆ تەندرووستی مرۆڤ درووستدەکات و بوەتە بەڵا بۆ زۆرکەس.
ئەوروپاییەکان، بەهۆی سیستەمی خواردنی فاستفودو خواردنی خێراو کەمی چێکردنی خۆراك لەماڵەکانیان، بەزۆری لەو گژوگیاو شتە بەسوودانە دوورکەوتوونەتەوەو لێی بێبەشن. دەکرێ ئەو سەرسوڕمانەی نوێنەری ڕێکخراوی WHO لەوەدابێ کە بە سیستەمی خۆراکی کوردەواری و مەتبەخی عێراقییەکان شارەزا نییەو نازانێ بەو هۆیەوە سیستەمی بەرگری لەشیان زۆر بەهێزە. تاوەك بابوباپیرانمان گرنگی بە سیستەمی خۆراك و تەبخی کوردەواریی بدەین، ئەو گژوگیاو خۆراکانە بەکاربهێنین. بەلاتانەوە سەیرنەبێ، سیستەمی بەرگی لەشمان زۆر بەهێزبێت بەسەر کۆرۆناو هەموو ڤایرۆس و بەکتریایەکدا زاڵبێت و لەنەخۆشی پارێزراو دەبین.