غوروری پێشکەوتنو چاوچنۆکی لیبراڵیزم
نالی پێنجوێنی
2020-03-19   1022
۱ـ بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوڵاتانی ئەوروپا، غوورووری ئەورپاییەکانی بەسیستەمە سیاسیی، ئابووریی، ئیداریی، سەربازیی و تەندرووستییەکەیانی تێکشکاند.
۲ـڤایرۆسی کۆرۆنا ئاشکرای کرد، کە تەنها تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو و چەکی ئەتۆمیی و مۆدێرن، ناتوانێ ئاسایشی مرۆڤ و کۆمەڵگەکان دابینبکات. هەندێ جار، خۆپاراستن و وریایی و خۆبەدوورگرتن، ئەو چەکە سادەو سەرەتاییانەن، کە سەلامەتی بۆ مرۆڤ فەراهەم دەکەن.
۳ـپەتای کۆرۆنا، ئەوەیشی سەلماند، بێباکی و خەمساردی بەرانبەر ئازارو دەرو مەینەتی خەڵکانی تری سەر گۆی ئەم زەوییە، کارەساتێکی ئەخلاقیی گەورەیە. سیستەمی سەرمایەداریی و لیبراڵیزم، کە مرۆڤ لەبەها ئینسانییەکان دووردەخەنەوە، ناکرێ لەپێناو بەرژەوەندی کۆمپانیاو وڵاتانی زلهێزی دنیا، یان لەپێناو باڵادەستی و خۆشکگوزەرانی و پێشکەوتنی لایەنی ماددی و دەوڵەمەندبوونی تاقمێك، پرنسیپە ئایینیی و ئەخلاقیی و مرۆییەکان، نادیدەبگرین و لەبیریان بکەین. ئەوسا، ناچاردەبین هەموو پێکەوە باجی ئەو سەرپێچییانە بدەین و ببینە قوربانیی.
٤ـ دەرکەوت ڤایرۆسی کۆرۆنا سنوورەکان ناناسێ، جیاوازیی ئایینیی و ئەتنیی و ڕەگەزو ڕەنگەکان ناخوێنێتەوە، جیهانی پێشکەوتوو جیهانی دووەم و جیهانی سێیەم و دواکەوتوو لەیەک جیاناکاتەوە. تەکنۆلۆژیاو پێشکەوتن ناتوانێ بەری بگرێ.
٥ـ ئەو ڕێکارە توندوتۆڵ و خێرایەی وڵاتی چین گرتنیەبەر کەسەرچاوەی سەرهەڵدانی پەتاکەبوو، گەر بەدیوێکیدا نیشانەی زیرەکی و خەمخۆری هەستپێکردنی مەترسی پەتاکەبووبێ. ئەوا بەو دیوەکەیدا دەیان پرسیارو گومان لە هۆکاری سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە دەوروژێنێ؟ ئایا چۆن بەو خێراییە چینییەکان دەرکیان بەمەترسی و کوشندەیی ئەو ڤایرۆسەکرد، لەکاتێکدا کەپێشینەی نەبوو؟! ئەگەر بڕوا بە لێکدانەوە پیلانگێڕییەکانیش نەهێنین و تەسلیمی ئەو بۆچوونە نەبین کە ئەوە دەستکردی مرۆڤ خۆی بێت!.
٦ـ ڤایرۆسی کۆرۆنا، دیوە لاوازو دیوە ئەنانیی و خۆپەرستییەکەی مرۆڤی باشتر ئاشکرا کرد. زۆرێك لە کۆمپانیاکان، ئەوکاڵایانەی کە دەترسان ڕۆژێک بۆیان ساغ نەبێتەوەو ئێکسپایەر ببێت، ئێستا بەنرخی چەند بەرانبەر بەخەڵکی دەفرۆشن. وڵاتان کێبەڕکێیانە، کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا، کێبڕکێی ئەمریکادەکەن تا خۆیان پێشەنگبن و دەزییەک بەرهەمبهێنن و چارەسەرێک بۆ نەخۆشییەکە بدۆزنەوەو لەڕێیەوە زۆرترین سەرمایەو قازانج بەدەستبهێنن. خەڵک هەموو ڕاکەڕاکەیانە، یەکێ بۆ زەمیلەیەک خۆراک، یەکێ بۆ دەستەیە کلینسی توالێت، یەکێ بۆ دەمامک و ماسکێ، یەکێ بۆ بتڵێ دەرمانی تەعقیم و دیتۆڵێ. هەموو دەیانەوێ خۆیان بپارێزین. ئەوەتە مرۆڤەکان لەیەکتر هەڵدێن! بەدەستی خۆیان، خۆمان کەرەنتینەدەکەن! فراوانی دنیا، بەڕووی خۆیاندا بەرتەسکەدەکەنەوەو دایدەخەین. بەڕاستی مرۆڤ سەلماندی هەرچەندە پێشکەوتووبێ بەڵام هەر لاوازو زەعیفە(خلق الإنسان چعیفا).
۷ـ هەموومان دەزانین بەهۆی کارێکی سەقەت و هەڵەی مرۆڤەوە وامانبەسەردێت. تۆ بڵێی ئەم پەتایە ببێتە خاڵی وەرچەرخانی بیرکردنەوەی مرۆڤ، فێری ئەوەببین سنوورێ بۆ چاوچنۆکی مرۆڤ و لیبراڵیزم و سەرمایەداریی بکێشین. تۆ بڵێی بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا بگەڕێین، مۆرۆڤ بۆ ئەوەندە بێباکەو بەدەستی خۆی ژیان لەخۆی تاڵدەکات؟ تۆ بڵێی ئەو نهێنی و حیکمەتە خواییەمان بۆ ئاشکراو ڕۆشنبێتەوە کەئێمەی مرۆڤ بۆچی خولقاوین و لەپێناوی چیدا تێدەکۆشین؟. فریشتەکان سەریان لەوە سوڕماو پرسیاری ئەوەیان کرد. ئەی پەروەردگارا، تۆ مەخلوقێ (مرۆڤ) لەسەر زەویدا دەکەیتە جێنشین کە ئاشووب بەرپادەکاو خوێن دەڕێژێ؟! خوای باڵادەست و زانا، لەوەڵامدا فەرمووی، ئەوەی من دەیزانم ئێوە نایزانن. ئاخۆ کەی مرۆڤ لەو نەزانییەی خۆی حاڵی دەبێ؟ دەست لەغووروورو بێباکی و چاوچنۆکی هەڵدەگرێ.