پیازو کۆرۆنا
نالی پێنجوێنی
2020-07-28   585
هەزارو چوارسەد ساڵ لەمەوپێش، کەهێشتا کۆمەڵگەکان زۆر دواکەوتووبن و زانستیش وەك ئەمڕۆ پێشکەوتوو نەبوو. ئایینی ئیسلام، داوا لە شوێنکەوتوانی دەکات، هەرکەسێك پیاز، سیر، كنیواڵ یان هەر شتێكی دیکەی خواردبێ کەبۆنی ناخۆشی بێت. با نەچێتە مزگەوت و نوێژەکانی لەماڵەوە بخوێنێ (قال النَّبِيَّ ﷺ: مَنْ أَكَلَ ثُومًا أَوْ بَصَلًا، فَلْيَعْتَزِلْنَا-أَوْ فَلْيَعْتَزِلْ مَسْجِدَنَا- وَلْيَقْعُدْ فِي بَيْتِهِ) هەزاران ساڵە مرۆڤ ئاشنایەتی لەگەڵ پیازو سیرو ئەو جۆرە سەوزانەدا هەیەو بەکاری هێناوە، لێکۆڵینەوەکانیش ئەوەی دەرخستووە، کەمرۆڤ لەکۆنەوە سوودی لەو شتانە بینیوە، بەتایبەت بۆ کوشتنی ڤایرۆس و بەکتریا بەکارهێناوە.
دەکرێ بپرسین ئەی کەواتە ئیسلام بۆ داوادەکات، هەرکەس ئەو شتانەی خوارد با نەچێتە مزگەت؟ هۆکارەکەی ڕوونە، ئیسلام ئەوەندە ئایینێکی مرۆڤدۆست، مۆدێرن، ڕاقیی و جوانە، ئەوەندە بایەخی بەمرۆڤ داوەو ڕێزگرتنی لامەبەستە، ڕێگەنادا شوێنکەوتوانی بۆنی ناخۆشیان لێبێت، خەڵك لەو بۆنەی ئەوان بێزاربێت. با بۆئەنجامدانی فەریزەیەکی گەورەی وەك نوێژیش بێت.
لەم سەردەمی پەتای کۆرۆنادا، ئەگەر قیاس لەسەر ئەو فەرموودەیە بکەین، ئەوسا عەقڵییەتی دینداریی هەندێ کەسی ڕواڵەتگەرا، تێگەیشتنی سەقەتی هەندێ خەڵکی نوێژخوێن و نوخبەی دینداری کۆمەڵگەی ئێمە دەردەکەوێ. هەندێ بەپاساوی جۆراوجۆری هەڵەو لێکدانەوەی سەقەتی وەك: خودا هەرچی نەکات نابێت. یان: موسڵمان خودای لەگەڵە!، یاخود: خوا هەرچی لەچارەمان نووسیبێ هەر ئەوەیە! یان ئەو جۆرە فەتوایەی کەدەڵێ: هەرکەس بەکۆرۆنا بمرێ شەهیدە!
هەموو ئەو لێکدانەوەو تێگەیشتنە سەتحیی و خوارو خێچانە، هۆکارن تا هەندێ بابای نوێژخوین و نوخبەی دیندار، ڕێکارەکانی خۆپاراستن و گیانی خەڵك پاراستن، کە ئیسلام گرنگی زۆری پێداون، پشتگوێ بخەن و جێبەجێی ناکەن. ئەگەر عەقڵیەتی تەقلیدیی ئاییینداریی کۆمەڵگەی ئێمە، بەهۆی گرفتی نەخوێندەواریی و بێ ئاگایی و کەمی شارەزاییەوە. وای لە دەروێشێك کردبێ ڕێکارەکانی خۆپاراستن جێبەجێ نەکات و بڵێ: کۆرۆنا کار لەئێمە ناکات! ئەوا ئەمڕۆ هەندێ کەس و نوخبەی ئایینیی، کە تاڕادەیەك، گرفتی کەمی شارەزایی لەدەقەئایینییەکان تێپەڕاندووە.
نوخبەیەك، ئاشنایەتی بەزۆرێک لەدەقەکان هەیە بەڵام بەهۆی تێگەیشتنی ڕواڵەتی و تەقلیدیی و گرفتی بیرنەکردنەوە، لەمەقاسیدەکان و جەوهەرەکەی بابەتەکان دوورکەوتۆتەوەو هەر خەریکی گواستنەوەی ڕابردووە. ئەو جۆرە کەسانە هەمان هەڵەی دەروێشە نەخوێندەوارەکە، بەشێوازێکی دیکە دووبارە دەکەنەوە. بەپاساوی جۆراوجۆر، ڕێکارە تەندرووستییەکانی خۆپارستن جێبەجێ ناکەن!
لەوەش سەیرتر، بیستومە، دەڵێن کاکی ئیماندار بەباوەشێ ڕیشەوە، تووشبووی پەتای کۆرۆناو هەڵگری ڤایرۆسەکەیە، کەچی هەر خەریکی سەردان و ئەملاو ئەولای خۆیەتی! باکی بەژیانی خەڵکی دیکە نییە! مرۆڤ نازانێ ئەو جۆرە خەمساردی و گوێنەدانە لەکوێی دینەوە سەرچاوەی گرتووە! ئەوە کام جۆرە تێگەیشتنێکە کەوا لەمرۆڤ دەکات باکی بەژیانی خەڵکی دیکە نەبێ! لەکاتێکدا ئیسلام پێداگری لەوە دەکات، هەرکەس سیروپیازی خوارد، با لەخەڵك دوورکەوێتەوەو بەبۆنەکەی بێزاریان نەکات.
کەچی بابای دیندار! بۆمبی ڤایرۆسی کۆرۆنای هەڵگرتووەو بێباك بەو ناوەدا دێت و دەچێت! کاتێك مرۆڤ دووچاری تێگەیشتنی هەڵەو سەقەت و سەتحیی دەبێت، ئەوسا ئامانجە گەورەکانی دین پشگوێ دەخات، ئایینداریی دەبێتە کۆمەڵێ کاری ڕواڵەتگەرا، جەوهەری دین فەرامۆش دەکرێ و مەرگدۆستی جێگەی مرۆڤدۆستی دەگرێتەوە.