سەرەقەڵەمێك بۆشەریفی هەژاریی و دکتۆر سەباحی غالب

نالی پێنجوێنی
  2021-01-24     546
بابەتەکانی هەردوو بەێزان( کاك شەریف هەژاری: ١- چەند سەرەقەڵەمێك لەسەر هۆزی هەمەوەند لەبەڵگەنامەکانی بەریتانیادا، ٢- لەشەریف هەژارییەوە بۆ دکتۆر سەباحی غالب. دکتۆر سەباحی غالب: سەرەقەڵەمەکانی کاك شەریف هەژاری)م خوێندەوە، چەند تێبینییەکم لا گەڵاڵەبوو، پێمخۆشبوو ئاراستەی هەردوو بەڕێزانی بکەم.
یەکەم، لەکۆنەوە وتراوە، ئەوە سەرکەوتووکانن کەمێژوو لە بەرژەوەندیی خۆیان دەنووسنەوە. مەرج نییە، هەموو ئەوەی لەبەڵگەنامەو ئەرشیفی ئینگلیزەکان لەسەر هۆزی هەمەوەند، شێخ مەحمود، هەر ڕووداوێکی دیکەی مێژوویی کوردستان و ناوچەکە تۆمارکرابن، وەك تاکە سەرچاوەو ڕاستیی حاشاهەڵنەگر تەماشای بکەین و بێ لێکۆڵینەوە وەریبگرین. ئاشکرایە، زۆرێك لە ڕۆژهەڵاتنناس و گەڕیدەو لێکۆڵەرە ڕۆژئاواییەکان، کەسانی کاربەدەست و دەستڕۆیشتوی سەربازیی و موخابەراتیی دەوڵەتەکانیان بوون. ڕاپۆرت و بەڵگەنامەو دۆکۆمێنتەکان بۆ بەرژەوەندیی و مەرامی سیاسیی و سەربازیی خۆیان  نووسیوەتەوەو تۆمارکردووە. بۆیە، ناکرێ بۆ خوێندنەوەو تێگەیشتنی ڕاست و درووست لەو ڕووداوانە، یان بڕیاردان و هەڵوێست وەرگرتن لەبارەیانەوە، وەك تەنها سەرچاوە لێیان بڕوانین. بەڵگەنامەو سەرچاوەی هەموو تەرەفەکان و ئەوانەی ڕۆڵیان لەو ڕووداوانەدا گێڕاوە گرنگ و پێویستن. ناکرێ، پڕۆسەی ڕۆژهەڵاتناسیی، لای کەم، لە سێ سەدەی ڕابردوودا، وەك پڕۆسەیەکی زانستیی و ئەکادیمیی ڕووت تەماشابکرێ و بکرێتە تاکە سەرچاوەی پشتڕاستکردنەوەو سەلماندنی ڕاستییەکان. بیرمەندێکی گەورەی وەك ئێدوارد سەعید، لەکتێبە بەناوبانگەکەیدا- ڕۆژهەڵاتناسیی- Orientalism - تەواوی ئەو پرۆسەیە دەخاتە ژێر پرسیارو گومان. ئامانجی پرۆسەکە لە چوارچێوەی پیلانی ڕۆژئاوا بۆ کۆلۆنیالکردنی ڕۆژهەڵات دادەنێت. بەداخەوە، دیدو تێڕوانین و تێگەیشتنی زۆرێك لەکادیمیست و ڕۆشنبیرانی کورد، لەو ڕووەوە زۆر سەرەتایی و سادەو بێ ئاگایی پێوەدیارە. هیوادارم هەردوو بەڕێزان کاك شەریف هەژاری و دکتۆر سەباحی غالب، بەوپێیەی، لەناو ئەرشیف و بەڵگەنامەکانی ئینگلیزدا کاردەکەن، بەوردی ئەو کتێبەی ئێدوارد سەعید بخوێننەوە. تا بەرچاو ڕوونتر لە پرۆسەی ڕۆژهەڵاتناسیی بڕوانن و تێیبگەن. بێگومان، باسی هۆزی هەمەوەند، یان شێخ مەحموودی حەفید، ئەڵقەیەکی ئەو پڕۆسەیەن و خوێندنەوەیشیان لەو سیاقە بەدەر، هاوکاریی بەدەست هێنانی ڕاستییەکانمان ناکەن. بەڕێز کاك شەریف هەژاری، کە ئەو بەڵگەنامانە وەردەگێڕێ و لەدووتوێی کتێبدا چاپیان دەکات، یاخود وەك خۆی ئاماژەی پێدەدات، کە لە چوار زانکۆی کوردستان وانە دەڵێتەوە، ئەگەر، تەنها لەژێر ڕۆشنایی ئەو بەڵگەنامانەدا خوێندنەوەو شرۆڤەی ڕووداوەکان بکات، پێناچێ هەموو گۆشەنیگاکانی ڕاستیی ڕووداوەکان پەی پێبەرێت و بەقوتابیانی بگەیەنێت. ئەوسا ڕۆڵی ئەو، وەك ئەو کەسە سەلەفییە دەبێت، کە هەر خەریکی نەقڵکردنی دەقەکانە، ناتوانێ لەسیاق و واقیعی ئەمڕۆدا خوێندنەوەی سەردەمیانەی بۆ بکات تا تەواوی گۆشەنیگای ڕاستییەکان بۆ خوێنەر ئاشکرا ببێ.
٢- دەکرێ ئەو پرسیارە بوروژێنین، بۆچی ئینگلیزەکان ئەوەندە گرنگیان بەهۆزی هەمەوەند داوە؟ ئایا هەر لەبەر ئەوە بووە کە شەڕی عوسمانییەکان کردوەو ملیان بەدەسەڵاتەکەیان نەداوە؟ یان ئەو گرنگی پێدانە، زیاتر لەچوارچێوەی خواستی ئینگلیزەکان بۆ هاندانی هۆزو تیرەکان دژ بەدەوڵەتی عوسمانیی بووە. خۆ ناکرێ بڵێین، لای هەمەوەندییەکان بیری نەتەوەیی و درووستکردنی دەوڵەت لەسەردەمی شێخ مەحموود گەشاوەترو لەپێشتر بووە؟ کاك شەریف کەدەڵێ: شێخ مەحموود هەڵەبوو کە شەڕی ئینگلیزەکانی کرد! کتومت، قسەو بۆچوونی ئینگلیزەکان دووبارە دەکاتەوە! بێگومان، ئەوەش نووسینەوەی مێژووە بەگوێرەی بەخواست و بۆچوونی (کۆلۆنیال). دەکرێ بڵێین کە هەڵوێستی شێخ مەحموود لەوەوە سەرچاوەی گرتبێ کە مەرام و خواستی ئینگلیزەکانی زانیوەو متمانەی پێنەکردوون. هیچ دوور نەبوو، گەر شێخ بەگوێی ئینگلیزەکانی بکردایە وەك (شەریف  کوڕی حوسینیان لێدەکرد، کە بەناوی شۆڕشی عەرەبی گەورەوە، دژ بە دەوڵەتی عوسمانی هانیانداو هاوکارییان کرد، دواتر، کاتێ کەمال ئەتاتورك دەوڵەتی خەلافەتی هەڵوەشاندەوە، کاریان بەو نەماو پشتیان تێکرد. ئەو ئەمارەتەشی لەدەستچوو کە باب و باپیرانی سەدان ساڵ فەرمانڕەواییان دەکرد. بەڵکو ئینگلیزەکان ناچاریان کرد ئاوارەی قوبرس بێت. سەرەنجام تاساڵی ١٩٣٠ لەوێ ژیاو پەشیمان بوو لەمتمانەکردنی بەئینگلیزەکان و بۆی دەرکەوت کەهەڵەی کردووە.
٣- جێێ خۆیەتی کاك شەریف و هەر ئەکادیمیست و توێژەرێکی کورد، ئەوە بەهەند وەرگرێ کە ئەو ڕۆژگارە دەوڵەتی عوسمانی وەك خەلافەت و دەوڵەتێكی ئیسلامیی فەرمانڕەوای ناوچەکە بووە. لەکاتی شرۆڤەکردن و خوێندنەوەی ڕووداوەکان ناکرێ سۆزو پاڵنەرە ئایینییەکەی کوردو شێخ مەحموود نایدە بگرین. لەو ڕؤژگارەدا گەلانی ناوچەکە، وەك دەوڵەتێکی کۆلۆنیالیستی ئایینیی مەسیحیی تەماشای ئینگلیزەکانیان کردووە، نەك وەك ڕزگارکەرو فریادڕەس. داگیرکاریی و هاتنی ئینگلیزەکان، لەچوارچێوەی ئەو ململانی دوورو درێژەی ڕۆژئاوی مەسیحیی و ڕۆژهەڵاتی ئیسلامیی وێنا کراوە. ئەوەتە، کاتێ ئیتالییەکان لەدوای کۆنگرەی بەرلین، لەلایەن فەرەنساوە چرای سەوزیان بۆ داگیرکردنی لیبیا بۆ هەڵدەکرێ. ئیتالییەکان وایانلێکدایەوە کە لیبیاییەکان ڕووبەڕوویان ناوەستنەوە. چونکە ئەوان لەژێر فەرمانڕەوایی عوسمانییە تورکەکان دەریان دەهێنن و ڕزگاریان دەکەن. ئەوان، تەنها ڕەهەندە ناسیۆناڵیستییەکەیان لەبەرچاوگرت و وایانزانی لیبیاییەکانیش هەمان تێڕوانینان هەیە. بەڵام، دواتر لیبیاییەکان شؤڕشیان هەڵگرساند و دوو دەیە شەڕی ئیتالییەکانیان کرد. ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێ کە ئەو ڕۆژگارە، ڕەهەندو پاڵنەرە ئایینەکە بەسەر پاڵنەرە ناسیۆناڵیستیەکەدا زاڵبووە. دەکرێ هەڵوێستی شێخ مەحموود بەرانبەر ئینگلیزەکان هەمان خوێندنەوەی بۆ بکرێ. جگە لەوەش، بێگومان، کە شێخ مەحموود و کورد، متمانەیان بەئینگلیزەکان نەکردووە.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×