ئیسلام‌و ڕۆژئاوا لەکڵاوڕۆژنەی کتێبەکەی دانیال نۆرمانەوە

نالی پێنجوێنی
  2019-08-11     1232
کتێبەکەی دانیال نۆرمان، ئیسلام‌و ڕۆژئاوا( Islam and the West‌ Daniel Norman-) یەکێكە لەو دوو کتێبە گرنگەی کە لەسەدەی بیستەمدا لەبارەی پەیوەندی ڕۆژئاواو ئیسلام دەرچووەو دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە. 

چەندین نووسەری دیاری ڕۆژئاوایی‌و ڕۆژهەڵاتیی دیکەی وەك بەرنارد لویس‌، عەلی عیزەت بیگۆڤیچ، ئەبو عەلای مەودوودیی‌و چەندانی تر، لەژێرهەمان ناونیشان‌و هەمان تایتڵ، چەندین کتێبیان نووسیووە، بەڵام هیچ کام لەو کتێبانە هێندەی کتێبەکەی نۆرمان گرنگ‌و پڕبایەخ‌و دەنگدانەوەی نەبووە. زانکۆی (ئەندەبرە- Edinburgh) ساڵی ١٩٦٠بۆ یەکەمجار کتێبەکەی چاپکردووە، دواتر لە ساڵەکانی ١٩٨٠،١٩٦٦،١٩٦٢ لە هەمان زانکۆ، سێ جاری دیکە چاپکراوەتەوە. ساڵی ١٩٩٣یش زانکۆی (ئۆکسفۆرد- Oxford) کتێبەکەی چاپکردۆتەوە. 

گرنگی ئەو کتێبەی دانیاڵ نۆرمان لەوەدابوو، ئەوە یەکەمجار بوو، ناوەندێکی زانستیی‌و کەسایەتییەکی ئەکادیمیی‌ ڕۆژئاوایی،‌ بەشێوەیەکی بابەتیی‌و زانستییانە‌، کتێبێك لەبارەی پەیوەندی ڕۆژئاواو ئیسلام بنووسێ. 

ئەو توانی بەڕۆژئاواییەکان بڵێ، ئەو بانگەشەیەتان کە گوایە، دوور لە کاریگەری ئایدیۆلۆژیی‌و ئایینیی‌، تەنها بە گیانێکی زانستیی‌و بابەتییانە‌و بێ لایانانە خوێندنەوە بۆ بەرانبەرو دیاردەو ڕووداوەکان دەکەن، ڕاست نییە. دانیال نۆرمان، دوو ئامانجی لە نووسینی ئەم کتێبەدا هەیە. 

یەکەم، دداننانە بە کۆمەڵی ڕاستییداو ڕوونکردنەوەیەتی بۆ خەڵك‌، واتە ئامانجێکی زانستیی ڕووت‌، ئەوەش بە ئامانجە سەرەکییەکە ناو دەبات.‌ ئامانجی دووەمیش خستنەڕووی بڕێ چاوپۆشی‌و هەڵوێستی ئەو خەڵکانەی کە بەچاوی دوژمنکارانە لێیاندەڕوانین‌‌. ئەو دەڵێ، لە ڕووی ئەو دوو ئامانجەوە ئەمەوێ بە ئەوروپاییەکان بڵێم، کە شارستانییەتی ڕۆژئاوا، ڕۆژگارێك چۆن گیرۆدەی کۆمەڵی بیروبۆچوونی هەڵەو ناڕاست بووەو قبوڵیشی کردووە!. 

بۆیە جێی خۆیەتی، موسڵمانەکان گومانی ئەوە بکەن، ئەو بیرو بۆچوونە هەڵەو خراپانە، تەنها لێکتێگەیشتنێکی هەڵەو بێ ئامانج بووبێ!. نۆرمان، لە لاپەڕەی یەکەمی کتێبەکەیدا ئەم ڕستەیەی نووسیووە " گێڕانەوەی کوفر، مرۆڤی پێ کافر نابێ " دەڵێ هیوادارم، کە موسڵمانان توشی حەپەسان‌‌و ترس نەبن بەهۆی هەندێ لەو زانیاریی‌و هێرش‌و پەلامارانەی کە چەند سەدەیەکە لە ڕۆژئاوا، دەکرێتە سەر پێغەمبەرو ئایینەکەیان‌. 

لەسەر ئەوەش سەرزەنشتم نەکەن، کە بۆچی لەم کتێبەدا، هەندێ لەو سووکایەتی‌و تەشهیرو وتە ناشیرینانە دەگێڕمەوە. من ناتوانم، لەم کتێبەدا، تەواوی هەڵوێست‌و قسەی ڕۆژئاواییەکان لەبارەی ئیسلامەوە، هەر لەسەدەی هەشتەمی زاینییەوە تا ئەمڕۆ، بخەمەڕوو. لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا بەناوی وەحی- الوحی، ئەوە دەخاتەڕوو، بابەتی وەحیی، جیاوازی سەرەکی نێوان ئیسلام و مەسیحییەتە. خوێندنەوەی ئیسلام و مەسیحییەت بۆ  ماهییەتی پێغەمبەرایەتیی‌و حەزرەتی عیساو سێیەی پیرۆز جیاوازە، مەسیحییەکان دەڵێن جولەکەکان بۆ بەدەستهێنانی میراتی پێغەمبەرایەتیی، حەزرەتی عیسایان لە خاچ دا، بەڵام  موسڵمانەکان دەڵێن، تاکە سەرچاوەی وەحی تەنها لای خوداوەیە، خۆی بڕیار دەدات کە بەکێی ببەخشێ. 

تێکڕای پێغەمبەران لەو سەرچاوەیەوە نیاگایان بۆ هاتووە، موحەمەدیش کۆتا پێغەمبەربووە. مێژوونووسە‌ مەسیحییەکان هەرچەندە باش لەو بارەیەوە لە ئیسلام حاڵین، بەڵام بە ئەنقەست ئەو ڕاستییانە دەشێوێنن. هەندێ لەو مێژوونووسانە دەڵێن، موحەمەد باسی ئەوە دەکات وەحیی بۆ دێت، ئەوە بۆ خۆ دەربازکردن بووە لەو فێیەی کە تووشی دەبوو. 

هۆکارێکی مەنتقی دیکەش ئەوەبوو، دەیویست ئەو بابەتە بۆ گەیشتن بە پلەوپایەو سەڵتەنەت بەکار بهێنێ. ئەوان، چیرۆکی بوحیرای ڕاهیب-قەشە بە ئارەزوی خۆیان دەشێوێنن. نووسەر دەڵێ، هەردوو مێژوونووس‌و شارەزای لاهوت ‌ "ڤێتری" و "ڕیکۆلدو" دەڵێن: موحەمەد ویستی لە ژێر پەردەی دینا پاشایەتی دەستکەوێ‌و لەو ڕێەیەوە هەم لە هەژاریی ڕزگاری بوو، هەم توانی ناوبانگ‌و دەوڵەمەندی بەدەست بهێنێت. 

ئەوان، بەتەواوی مێژوو دەشێوێنن‌و تەشهیرو سوکایەتییەکەیان دەگاتە ئەو ئاستەی بڵێن، موحەمەد، لە ڕێی کۆمەڵێ چەتەو ڕێگرو دزەوە، دراوسێ‌وخزمەکانی هەراسان کردبوو، ترسی لە ناوچەکەدا بڵاوکردبوەوە. هەموو ئەو گێڕانەوانەی ژیاننامەی موحەمەد باسدەکەن، دوو بۆچوون بەسەریاندا زاڵە، یەکەم، موحەمەد کەسێکی توندوتیژو شەڕانگێزبووە. دووەم، موحەمەد ئادەمییەو مرۆڤێکی شەڕخوازە. "سان پێدرۆ"ی مەرجەعی زۆرێك لە ئەوروپاییەکان دەڵێ: شەیتان فێڵی لە موحەمەد کردووە، باسکردنی وەحیی لەلایەن موحەمەدەوە، بۆ ئەوەیە کە خۆی وەك پیرۆزو خاوەن دیین لەقەڵەم بدات، ئەگینا ئەو لای عەرەبەکانیش سومعەیەکی خراپی هەبوو. دەڵێ: ئاخ موحەمەد، هیچ کام لە پێغەمبەرەکان وەك تۆ، ئەو کۆت‌و بەندانەی لەسەر ئافرەتان هەبوون سووكی نەکردووە. 

تۆ ئەو قانونانەت لەلایەن خوداوە بۆ نەهاتووە. هەندێ لە مێژوونووسەکان دەیانوت، موحەمەد مردووەو خراوەتە گۆڕو هیچ پیرۆزییەکی نییە، بەڵام عیسا چووەتەوە بۆ ئاسمان. نۆرمان دەڵێ یەکێکی دیکە لەو پڕوپاگەندانەی مەسیحییەکان لە ئەوروپا بڵاویان دەکردەوە ئەوە بوو، کە موسڵمانەکان بێ حورمەتی بە کەنیسەو شوێنە پیرۆزەکانی ئەوان دەکەن. 

لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەدا نۆرمان باس لەوە دەکات کە پەیوەندی ڕۆژئاوا بەئیسلامەوە توندوتیژی زۆری بەخۆیەوە بینیووە، قەشە "بێرنارد" و زۆرێك لە ڕابەرانی کڵێسا، هێرشی خاچپەرستانیان وەك شەڕی پیرۆز-موقەدەس لەقەڵەم دەدا. "ڕۆدێریك"ی مێژوونووسیش دەیوت موحەمەد ئیسپانیای گومڕاکردووە. 

بۆیە، زۆر گران بوو کەسێك لە ڕۆژئاوا، زانیاری ڕاست‌و درووستی لە بارەی ئیسلامەوە دەستکەوێت. کتێبەکەی دانیال نۆرمان، خوێندنەوەو قسەکردنی زۆرتر هەڵدەگرێ‌، لێرەدا بواری زیاترمان نییە. کتێبخانەی کوردیی لەو جۆرە نووسینانەدا هەژارە. هیوادارم،  کەسێك، بۆ زمانی کوردیی وەربگێڕێ. تا خوێنەری کورد، لەو زانیارییانە‌ بێبەش نەبێت‌و لە پڕوپاگەندەی ناحەزو دوژمنان شارەزابێت. 

خودا یاربێ، لە نزیکترین دەرفەتا، بابەتێك بۆ ناساندنی دووەمین گرنگترین کتێب کە لەو بوارەدا نووسراوە، وەك دوانەی کتێبەکەی نۆرمان دەیبینم، تەرخان دەکەم.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سەعدی پیرە: یەكێتی هەڵوێستی لەبارەی بڕیارەكەی پارتی بۆ بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردن دەبێت
شاسوار عەبدولواحید: پێشنیار بۆ پارتی و یەكێتی دەكەم ماوەیەك ئۆپۆزسیۆن بن
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی: به‌شداری هه‌ڵبژاردنێک ناكه‌ین بە نایاسایی و نادەستوری بەڕێوەبچێت
شه‌ش خاڵ بۆ نه‌بونی متمانه‌ به‌ "هه‌ژماری من" ئاشكراده‌كرێت
مامۆستایانی ناڕازی بۆ دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز: هەژماری من رابگرن و راستەوخۆ لیستی موچە بنێرن بۆ بەغدا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: نیگەرانین لە راگەیەندراوەكەی پارتی بۆ بایكۆتی هەڵبژاردن
وەزارەتی دارایی ھەرێم بڕیاری دا، جیاوازیی مووچە و دەرماڵە بۆ بەشێك لە فەرمانبەران خەرج بكرێتەوە
بەیاننامەی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم سەبارەت بەمووچە
ئەدهەم بارزانی: كار لەسەر بەلاڕێدابردنی دۆخەكە دەكرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەكرێت
هێمن هەورامی: بڕیارەكەی پارتی بۆ راستكردنەوەی ئەو هەڵەیەیە كە عێراقی لە فرە پێكهاتەوە بەرەو تاك پێكهاتە بردوە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×