کاتی بایکۆتکردنی پەڕلەمانە
نالی پێنجوێنی
2020-05-08   792
هەڵگرتنی پارێزبەندیی(حصانة) لەسەر سۆران عومەر، چەند بارەکردنەوەی شکاندنی شۆکی پەڕلەمان و یاساو دامودەستگاکانە. پارتیی ئامادەنەبووەو نییە، ڕێز لەدامودەستگاکان بگرێ ئەگەر بەگوێرەی ویستی خۆی و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هەڵیاننەسوڕێنێ.
پێشتر، لەدێگەڵەی سنووری هەردوو زۆنە حیزبییەکە، شکۆی پەڕلەمانی کردە تەنەکەی خۆڵەکە، ڕێگەی لە سەرۆکی پەڕلەمان گرت بچێتە هەولێر. دەمێکە، لەهەرێمی (حیزبۆکراتیی و بنەماڵەیی) شکۆی پەڕلەمان و یاساو دامودەستگاکان دەشکێ، کەسیش هەڵوێستی نەنواند!
سەرۆکایەتی پەڕلەمان پشکی یەکێتییە، ئەی کوا هەڵوێستی ئەو حیزبە؟ چۆن ڕازی دەبێ شکۆی دەستگایەك کە پشکی خۆیەتی و سەرۆکەکەی لەوانە ئاوا بشکێ؟پارتیی چۆن توانی بێویست و ڕەزامەندی و گەڕانەوە بۆ سەرۆکی دەستگاکە! بڕیاری لەوشێوەیە بدات! یان ڕاستییەکەی ئەوەیە کە پارتیی پەڕلەمانیشی کۆنترۆڵکردووە! هەرچی بڕیارو یاسایەکی بوێ بەئارەزووی خۆی تێیدەپەڕێنێ.
ئەی کوا ڕۆڵ و شەراکەتی یەکێتیی و گۆڕان؟ کەی بینیتان جێگری سەرۆکی حکومەت(یەکێتیی)، یان وەزیرەکانی گۆڕان، بڕیارەکان بەسەر سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیراندا بسەپێنن؟! وەك ئەوەی جێگری سەرۆکی پەڕلەمان(پارتیی) دەیکات!؟ بۆچی یەکێتیی و گۆڕان ئاوا تەسلیمی ئەو واقیعە تاڵەبوون؟! ئەوە چۆن شەراکەتێکە!
ئێستا کاتی ئەوەیە یەکێتیی و گۆڕان بۆ سەندنەوەی شکۆی شکاویان لەبەردەم خەڵك و دەنگدەرەکانیان، هەڵوێستی جددی بنوێنن، بایکۆتی پەڕلامان بکەن و نەهێڵن پارتیی ئاوتکردنی ئەوانی بۆ بچێتەسەر.
کاتی ئەوەیە، حیزبەکانی تریش واز لەدرووشم و قسەبهێنن، هەمان هەڵوێستی بنوێنن، بایکۆتی پەڕلەمان بکەن تا کەمێك لای دەنگدەرانیان شکۆیان بۆ بگێڕێتەوە. کاتی خۆی بەدەنگی تەزویرو ساختە، پەڕلەمان پێکهات و ئەوان بێهەڵوێستبوون و دەستەوئەژنۆ لێیدانیشتن و تەسلیمی ئەو واقیعەتاڵەبوون.
بێگومان، پارتیی بۆ سەرقاڵکردنی خەڵك و لایەنەکان و بێدەنگکردنیان لەئاست پێنەدانی موچەو دیارنەمانی پارەی نەوت و پەردەپۆشکردنی شکست و خراپییەکانی دیکەی لەحکومڕانیدا، کەیسی سۆران عومەری هێناوەتەپێشەوە.
کاتی ئەوەیە لایەنەکان بەیەکەوە هەڵوێستیان هەبێت و ڕێ لەوەبگرن پارتیی ئەو پیلانەی بۆ بچێتەسەر، لەوەزیاتر سووکایەتیی بەیاساو دامودەستگاکان نەکات، حسابێک بۆ شەراکەتی یەکێتیی و گۆڕان بکات.
پارتیی دەیەوێ لەڕێی بێدەنگکردنی سۆران عومەرەوە هیچ دەنگێکی ڕەخنەگرو بوێر نەهێڵێ، خەڵك و لایەنەکان ببن بەدەروێشی دیوەخانەکەی ئەو.
کاتی ئەوەیە، خەڵك و لایەنەکان و نوخبەی ڕۆشنبیرو سیاسیی، بێدەنگ نەبن و بەدەنگی بەرز، بەو حیزبە بڵێن، ساڵانێکە، کاپتنێکی شکستخواردووی ئەو کەشتییەیە کە هەموومانی هەڵگرتووە، ئێستا بۆ بەرژەوەندییە حیزبیی و بنەماڵەییەکانی خۆی، خەریکە بەنوقمکردنی دەدات.