موچە لەسەردەمی کۆرۆنادا
نالی پێنجوێنی
2020-03-31   750
زۆربەی حکومەتو دەوڵەتان، بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، ناچاربوون باری نائاساییو لەناکاو ڕابگەیەنن. داوا لە هاووڵاتییان دەکەن لەماڵەکانیان بمێننەوەو خەمی موچەو لەدەستدانی کاریان نەبێت. حکومەت لەپارەی پاشەکەوتکراو، قەرەبووی ئەو کۆمپانیاو خەڵکانە دەکاتەوە کە زیانیان لێکەوتووە. ماڵی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش.
حکومەتی هەرێم، بەپێچەوانەی هەموو دنیا، لەبری قەرەبووکردنەوەوی خەڵك، دەیەوێ دەستکاری موچەی فەرمانبەران بکات! دەڵێن بەغدا بەشە موچەی هەرێمی ناردووەو حکومەت دابەشی ناکات!.
سەرەتاییترین مافی خەڵكو ئەرکی حکومەت، دابینکردنی موچەو خزمەتگوزارییە. هەر دەسەڵاتو حکومەتێك ئەو دوانەی بۆ دابین نەکرا، شکستخواردوو بێکەڵكەو شایەنی مانەوە نییە. هەرێمی کوردستان، داهاتو سامانێکی سرووشتیی زۆری هەیە. بەڵام دەسەڵاتدارانەکەی، بێپلانو عەقڵی ئیدارییو دەوڵەتدارییان نییە. (نئۆم چۆمسکی-Noam Chomsky دەڵێ: شتێك بەناوی دەوڵەتی هەژارەوە بوونی نییە، ئەوەی هەیە، حکومەتی شکخواردووە لە ئیدارەدانی سامانی وڵات.
بیستونۆ ساڵە، دوو زۆنە حیزبییەکەی هەرێم، بە ڕوئیاو دیدێکی حیزبیی بەڕێوەدەبرێ. بەهۆی غیابی ڕوئیایەکی دەوڵەتدارییو نەبوونی سیستەمێکی ئابووریی شەفاف، داهاتی کوردستان بە سێ لادا ڕۆشتووە:١- بەشێکی چووەتە خەزێنەی حکومەت، دواتر بەگوێرەی ویستو بەرژەوەندی دەسەڵاتداران خەرجکراوە.٢- بەشی دووەم، بۆ کارو پرۆژەی لاوەکیی، بەگەندەڵی، لە بەرژەندیی حیزبو شەخسەکان بەفیڕۆ دراوە.٣- بەشی سێیەم، بۆ کۆمپانیاکانی هەردوو حیزب ڕۆیشتووە. لەزۆنی کەسك، کۆمپانیاکانی یەکێتیی. لە دەڤەری زەردیش کۆمپانیاکانی پارتیی. سەرمایەی ئەو کۆمپانیایانە، دەیان ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، بگرە سەتانیش.
وەزیرە گۆڕانخوازەکەی دارایی، باشتر لە ئێمە، ئەو ڕاستییە دەزانێ. ئەمڕۆ ڕۆژی تەنگانەیە، با فراکسیۆنی پارتییو یەکێتییو گۆڕانو باقی فراکسیۆنەکانی تر، گەر خۆیان بەنوێنەری خەڵک دەزاننو نوێنەری حیزب نین، فشار بۆ حکومەتو ئەو جووتە حیزبە بهێنن، تا ئەو داهاتە دزراوانە، بگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت. ئەوسا، حکومەت بە زیادەوە موچەی بۆ دابین دەکرێت. با وەزیری دارایی، بڕیارێك لەبەرژەوەندی خەڵک بدات، هەڵوێستێکی مەردانە بۆ خۆی حیزبو حکومەتەکەی تۆماربکات.
ئەگەر ئەوەشی پێناکرێت، هەر ناچارە دەستکاری موچەبکات، هەڵوێستێكی مەردانەترو خۆنەویستانەتر بنوێنێ، ئیعتیبارێك بۆ خۆییو دەسەڵاتداران بگێڕێتەوەو لای خەڵك خۆشەویستیان بکات. دەستکاری موچەی پلەباڵاکانو ئەوانە بکات کە لەسەروی دوملیۆن دینارەوە وەردەگرن، نەك موچەخۆری ئاساییو هەژار. پلەباڵاکانو ئەوانەی موچەی باشیان هەیە، بەوە هیچیان لێنایەتو پێیانەوە دیاری نادات.
دەستبرن بۆ موچەو قووتی خەڵكی کەمدەرامەتو هەژار ستەمێکی ئاشکراو ناڕەوایە، بۆچی خەڵکی هەژار، باجی بێپلانیو بێبەرنامەیی توێژی دەسەڵاتداران بدەن؟ باخۆیان باجی هەڵەو شکستەکانیان بگرنە ئەستۆ. جێی خۆیەتی، موچەخۆرانی ئاسایی ڕازینەبن دەستکاری قووتیی ڕۆژانەی مناڵەکانیان بکرێ. هەموو شێوازێکی مەدەنییانە دژ بەو ستەمە بگرنەبەرو دەنگی ناڕەزایی بەرزبکەنەوەو قبوڵنەکەن یاری بەشکۆیان بکرێ.