دەستخۆشی‌و پێشنیارێك بۆ کۆمەڵ

نالی پێنجوێنی
  2021-03-02     859
لەبارەی کۆنگرەی کۆمەڵەوە ئاماژە بەچەند خاڵێك دەدەم: 
١. لابردنی پاشگری ئیسلامیی، دەستپێشخەرییەکی باش و بوێرانەو جێی دەستخۆشییە. گۆڕانکاری و نوێبوونەوە نیشانەی زیندوویی و بەردەوام بوونە. هەمیشە هەنگاوی یەکەمی چارەسەری کێشەو گرفتەکان لەدەستنیشانکردنی کەموکووڕی و ئاریشەکانەوە دەستپێدەکات. ڕووداوەکانی دەیەی ڕابردووی ناوچەکە، بەدیاریکراوی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبیی، شکستی ئەو ڕاپەڕین و شۆڕشانە لەلایەك، سەرلەنوێ قایمبوونی پێگەی دیکتاتۆرەکان لەلایەکی دیکە، ڕووداوگەلێك بوون، دەکرا ئیسلامییەکان بیکەنە وێستگەیەکی گرنگی بەخۆداچوونەوە. ڕۆشنبیرو ئەهلی فیکرو خاوەن دیدەکانیان، لێکۆڵینەوەی وردو خوێندنەوەی نوێ بۆ کاری سیاسیی و قسەی جددی و بڕیارو هەنگاوی بوێرانەو پێوست بۆ بەخۆداچوونەوە بنێن. بەداخەوە، ئێمەی کورد یەکێکین لەو گەلانەی کە لێکۆڵینەوەو شرۆڤەی زانستیی ئەکادیمیمان زۆر کەمە، کام لێکۆڵینەوەمان لەسەر شکستی کۆماری مەهابادو ئاشبەتاڵی ساڵی ١٩٧٤ کردووە؟! بۆیە هەڵەکان چەندبارە دەکەینەوە؟ بۆ ئیسلامییەکان، بەهاری عەرەبی ڕووداوی گەورەی سەدەبوو. زۆرێکیان نەیانتوانی وەك پێویست سوود لەو ڕووداوانەدا وەربگرن و بەخۆداچوونەوە ئەنجام بدەن؟ گۆڤاری فۆرین پۆلیسیی لەو بارەوە دەڵێ: لێکەوتەو کاریگەریی بەهاری عەرەبیی تەنها لە سنووری ئەو وڵاتانەدا نەوەستا، بەڵکو، پەڕیەوە بۆ ئەوروپاو لەزۆر ڕووەوە کاریگەریی لەسەر سیاسەتەکانی ئەوروپا دانا.
٢. گۆڕینی ناوەڕۆك لەگۆڕینی ناو گرنگترە. کرانەوەو گۆڕانکاری و نوێبوونەوە، پێوستی قۆناغ و سەردەمەکەن. ناکرێ، بەفیکرو تێگەیشتن و خوێندنەوەی ڕابردوو، ئەمڕۆ سیاسەت بکەین و چاوەڕێبین بەرهەمی زیاترو باشترمان دەستکەوێ. میکانیزمی کاری ئیداریی و بەڕێوەبردن هەمیشە لەگۆڕاندایە. عەقڵییەتی تەقلیدی و ڕواڵەتگەرا، زیاتر دەرەوەی شتەکان دەبینێ و ناوی بەلاوە گرنگترە تا ناوەڕۆك و زۆر خۆی بەبیرکردنەوەوە ماندوو ناکات. دەستکاریکردن و گۆڕێنی ئەو عەقڵییەتەی کە لەڕابردوودا دەژی و لەڕۆژگارو سەردەمەکەی دابڕاوەو بەئاسانی تێناگات زەحمەتە. چونکە ئەو جۆرە عەقڵیەتە، بەرگ و ناوێكی دینی دەپۆشێ و بەلایەوە گۆڕانکاری دەچێتە خانەی لادان و خراپە. ساڵانێك، نوێنەرانی ئەو عەقڵییەتە ڕواڵەتگەراو تەقلیددییە، پاشگری ئیسلامییان لە هەموو کارو حەرەکەو هەڵسووکوتێکیان دەنا، حیزبی ئیسلامیی، ڕێکخراوی ئیسلامیی، ڕاگەیاندنی ئیسلامیی، نووسەرانی ئیسلامیی و دەیان ئیسلامیی دیکە!. بێ ئاگا لەوەی کە چۆن زەمینەی دابەشبوون و جەمسەرگەری کۆمەڵگەکانیان بۆ دوو بەرەی دژ بەیەك، ئیسلامیی و عەلمانیی، ڕەخساندووە. ئەو عەقڵییەتە ڕواڵەتگەرایە، کاتێك کە خانمێك لەشاشەی تیڤییەکەوە دەبینێ، تەماشای بەهرەو توانا، ئەداو ئیلقا، شتە جەوهەریەکانی ناکات، تەنها چاوی لەوەیە، کە سەرپۆشەکەی بەسەرسنگیا شۆڕبووبێتەوەو بەرزایی سەرسنگی شاردبێتەوە، نەوەك سۆزو خەیاڵی جەنابیان بفڕێنێ!! دەستکاریکردنی ئەو جۆرە عەقڵییەتە، کەئازادیی دەرکەوتنی خانمێکی باڵاپۆشیشی زەوتکردوە، لەگۆڕینی ناو گرنگترە. 
٣. مامۆستا عەلی باپیر بەدیلی هەیە. سەیرە، کەسی خاوەن پەیام و دیندارو فامیدە، وا لە سەرکردەو سیاسیی و کەسایەتییەك بڕوانێ، گوایە بەدیلی نییە! بۆ دەبێ کۆمەڵ لەسەرەتای کۆنگرەوە دەرگای کێبڕکێ و خۆپاڵاوتن بۆ کەسی یەکەمی حیزب دابخات؟. حیزب، دەستگایەکە وەك دەستگاکانی تر، بەڕێوەبردن و پێشخستن و سەرکەوتنی هەر دەستگایەك، وابەستەی فیکرو پلان و دیدو پڕۆفیشناڵی کەسەکانە. لەمڕۆدا سەرکەوتنی دامودەستگاکان وابەستەی پلان و عەقڵ و کاری دەستەجەمعین. لە کۆمەڵگە خێڵەکی و دواکەوتووەکان، کەسی یەکەمی حیزب، هەموو شتێکە، سەرۆك، ڕیسپی، فریادڕەس. لای هەندێ ئیسلامییش دەبێ عەللامە، ئیمامتابوور، خەلیفە، ئەمیر، ڕیشسپی و چی چی بێت! ئەو جۆرە عەقڵییەتە دانوی لەگەڵ ئیسلامدا ناکوڵێ، ئەوە زادەی کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی و دواکەوتووە. ئەوەتە، هەزارو چوارسەد ساڵ لەمەوبەر، ئیسلام ئەیەوێ ئەو عەقڵییەتە خێڵەکییە نەهێڵێ، پێغەمبەر د.خ، گەنجێکی لێهاتووی وەك "ئوسامەی کوڕی زەید" دەکاتە سەرۆکی سوپایەك، لەکاتێکدا کەدەیان گەورە سەحابەی وەك ئەبووبەکرو عومەر، وەك سەرباز لەناو ئەو لەشکرەدان! پێغەمبەر د.خ، دەیەوێ سەرکردە پێنگەیەنێ و بوار بۆ گەنجەکان بڕەخسێنێ تا متمانەیان بەتواناو بەهرەکانیان هەبێت. 
٤.ئێستە کۆمەڵ و یەکگرتوو، لەزۆر ڕوەوە جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە، ئەو فیکرە مەدەنییەی ڕۆژگارێك یەکگرتوو، بۆ کاری سیاسیی، تەبەنیی و باگەشەی بۆ دەکرد، لەلایەن زۆرێك لە ئەندامانی کۆمەڵ قبوڵ نەبوو. ئەمێستا، بەتێپەڕبوونی کات، کۆمەڵیش بەهەمان قەناعەت گەیشتووەو پێڕەوی دەکات، ئەگەر نەڵێم، خەریکە پێشی بداتەوە. کەواتە بەرژەوەندی باڵای ئەو دوو حیزبە لەوەدایە هەنگاو بۆ یەکگرتن بنێن. بەیەكگرتنیان، دەتوانن دەرگا بەڕووی زۆرێك لەو جیاوازی و کێبڕکێ و حەسادەت و حەساسییەتە حیزبییەدا دابخەن کە زۆرێك لەتواناکانیان بەفیڕۆدەدات. ساڵانێکە دووبەرەکی هۆکاری بەئاکام نەگەیشتنی خەباتی کورد بووە. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×