یەکێتیی بەرەو کوێ؟!

نالی پێنجوێنی
  2020-06-01     733
حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕوئیایەکی نوێی بۆ سیاسەت و حیزبایەتی، جیاواز لە ڕوئیا تەقلیدیی و باوەکەی ئەو سەردەمە، داهێنا. لەو دەمەدا، ڕوئیای حیزبایەتی و سیاسەت، بەدەست پارتییەوە لەداڵانەکانی بنەماڵەو خێڵدا گیریخواردبوو. مام جەلال و هاوڕێکانی ئەو دیدەیان ڕەتکردەوەو کۆمەڵێ درووشمی نوێیان بۆ حیزبایەتی و شۆڕش بەرزکردەوە. تاڵەبانیی خۆی وەك سەرکردەو سیاسییەکی بەئاگاو دیپلۆماتکارێکی شارەزا، لەگەڵ کۆمەڵێ لە هاوڕێکانی، بەتوندی بەگژ بەبنەماڵەکردنی سیاسەت و حیزبادا چوونەوە. ئەو کارەی ئەوان، بۆ ئەو ڕۆژگارەی کۆمەڵگەی ئێمەو گۆڕەپانی سیاسیی و خەباتی شاخ، شتێکی تازەو داهێنانێکی گەورە بوو. یەکێتیی، کۆمەڵێ چەمکی نوێ داهێنا، بانگەشەی بۆ یەکسانیی و ماف و ئازادیی دەکرد، بۆ بەدەستهێنانی ئەو درووشمانە، سەرلەنوێ شۆڕش بەرپاکردەوە. بێگومان، ئەوەی یەکێتیی لەو ڕۆژگارەدا کردی، کەم نەبوو. ئەو فەزڵەش، بەپلەی یەکەم، بۆ ڕابەری ئەو حیزبەو سەرکردەو هاوسەنگەرەکانی دەگەڕێتەوە. سیاسییەکانی سەردەمی شاخ و شۆڕش، هەڵگری ڕوئیای جوان و پێشکەوتنخوازانە بوون، بەگژ دواکەوتوویی کۆمەڵگەی ئێمەدا دەچوونەوەو دەیانویست بیگۆڕن. ئێستا، دوای نیزیکەی نیوسەدە لەو مێژووە، کادێرو نەوەی نوێی حیزب، تێگەیشتن و ڕوئیاو دیدیان بۆ سیاسەت و حیزبایەتی، ئەزموون و خوێندەوارییان، نەك هەر وەك نەوەی پێشو، کامڵ و پێنەگەیشتووە نییە، بەڵکو سیحری دەسەڵات و حکومڕانیی، ڕوئیای تەڵخکردوون. پشتیان لەڕێبازو ڕێچکەو دیدو درووشمەکانی باوکە ڕۆحیی و سەرکردە پێشکەوتوخوازەکانیان کردووە. دوای نزکەی نیو سەدە تەمەن، گۆڕانکاری و پێشکەوتنی گەورە لەدنیاو هەندێ ڕواڵەتی پێشکەوتن لە کۆمەڵگەی ئێمە، تازە یەکێتیی تەوریسکردنی سیاسەت و حیزبایەتی پێڕەودەکات و ئەو بیرە زیندوو دەکاتەوە، کە خۆی لەڕابردوودا دژی دەوەستایەوە!! کادێرە دەستڕۆیشتووەکانی ئەمڕۆی یەکێتیی، کەپێڕەوی تەوریسکردنی حیزب دەگرنەبەر، یەکێتیی دەکەنە کۆپیی ئە و حیزبە تەقلیدییانەی، کەلەڕابردوودا دژی وەستان و دەیانویست یەکێتی لەوان جیاوازبێت، بەوکارەشیان، ڕەنجی ڕابەرو مامۆستاکانی پێش خۆیان بەبا دەدەن.
لەچەندساڵێکی کەمدا، دوو سەرکردەی دیار، مام جەلال و نەوشیروان مستەفا، لەباشووری کوردستان کۆچیی دواییان کرد. دوای خۆیان، هاوڕێ و قوتابی و نەوەکانیان، نەریتی تەوریسی حیزبیان زیندووکردەوە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی، بێڕەحمانە، ڕەخنەی زۆر لەو سەرکردانە بگیرێ. هەرچەندە ئەو سەرکردانە لەژیاندا زۆر دژی ئەو دیاردەیە بوون. ئەگەر بەشێکی زیندووکردنەوەی ئەو دیاردەیە، بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، کە هێشتا لەدنیای ئێمەدا، حیزب بەدەستگایی نەبووەو دەسەڵاتەکان بۆ ئۆرگانەکان شۆڕنەبووەتەوە، کە ئەوە کاری سەرکردەکان بوو دەبوایە لە ژیاندابیکەن. لای ئێمە، هێشتا حیزب وەك دەستگایەك تەماشاناکرێ کە کۆمەڵێ کەسی شیاو بەهەماهەنگی بەڕێوەی بەرن، پێکەوە کار بۆ بەجێگەیاندنی کۆمەڵێ پرنسیپ و دنیابینی بکەن. كاراکتەرە حیزبییەکان، عەقڵییەتی باوکسالاریی و خێڵەکیی بەسەریاندا زاڵە، لەو جۆرەعەقڵییەتەدا، حیزب یانی کاریزما، یانی باوكێك کە قسەی کۆتایی بۆ ئەو دەگەڕێتەوەو هەر خۆی خاوەن بڕیارە. ئەوەش ڕێ بۆ ئەوە خۆشدەکات، تەواوی جومگەکانی هێزو دارایی لای سەرکردەکان کۆبێتەوەو لەدەستی ئەواندابێت. دوای مردنیشیان نەوەکانیان مامەڵەیەکی ماددیی ڕووت لەگەڵ سەرمایە ڕەمزیی و حیزبییەکانیان بکەن، دەورووبەرەکەشیان بێدەنگبن و هیچ نەڵێن و خۆیانی لێکەڕکەن. سەرەنجام، نەوەی کوڕەکان، حیزب و خەبات و سەرمایەڕەمزییەکانی باوکیان بەمیراتی خۆیان دەزانن، وەك کاڵایەك تەماشای دەکەن. ئەوە ئەگەر لەلایەکەوە، نیشانەی ڕەجاڵی و دواکەوتوویی نەوەکانیان دەربخا. لەولایشەوە، نیشانەی ئەوەیە کە کۆمەڵگەی ئێمە، چۆن بۆ دواوە گەڕاوەتەوە. پەروەردەی سەقەتی نیو سەدەی حیزبایەتی چی بەسەرهێناوین، لەوەش خراپتر، سێ دەیەی دەسەڵاتی کوردیی، چۆن بووەو لەکاروانی پێشکەوتن دایبڕیووین. کام کۆمەڵگەی زیندووی دنیا، نزیکەی نیوسەدە لەمەوبەر دژی کارێك بووبێت، ئێستا دوای ئەو هەموو گۆڕانکاریی و پێشکەوتنانە، گەڕاوەتەوە سەر هەمان شت. حیزبی کوردیی و نوخبەی حیزبیی ئێمە، خەڵك بەرەودوا دەگێڕنەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×