دوابەدوای شۆرشە تاقەت پڕوکێنەکەی مەزرای ئاژەڵان، کە بەخوێنی چەندان مریشکو قەلو پەلەوەرو ئاژەڵی دی هاتەدی، دەستەی بەرازەکان توانیان وەک سەرکردایەتی کودەتاکە شوناسی خۆیان بکەن، هەر ئەوە بووە ئەو سەلکە بزوتەی کەدواتر سەری زمانی هەموو ئەو دەنگە دلێرانەی پێ سوتێنرا، کە باسیان لەمافو ئازادی ژیانێکی عادلانە بۆ هەمووان دەکرد.
بەرەی مەزرا دامەزراو سەرکردایەتی بەرازەکان بوونە ئەو چرایەی هەر ئەوەڵ هەڵبژاردنەوە پڵیتەیان تێدانەبوو. شۆرش سوڕاو وەک کورتان کەوتە بەرزگو ئیدی لەبەر ئەمنی قەومی ساوایی ئەزموونەکە دەستی بۆ نەبرا. فەساد تەنگی بەکێڵگەکەی ئاژەڵان هەڵچنی هەرکەسێک تانەی بدایە، بەدەستی دەرەکیو لەباربردنی ئارامی گا گەلەکەیان تۆمەتبار دەکرد. سەرکرایەتی بەرازەکان وایان ئەوان ئیقناع کردبوو، دۆخەکە هەرچۆنێک بێت، ئەگەر بەمەرگی برسیەتی ئەوانیش بێت، باشترە لەوەی پێشتر هەیانبووەو دەبێت فەخریان هەبێت بەو حوکمەی کە هەیانە. دوای ئەوەی کە گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە فەخریان نییە؛ بۆشکاندنی ئیرادەی تاک بەتاکی ناو مەزراکە، مەکتەب سیاسی بەرازەکان بڕیاریاندا دادگایەک بخەنە سەرپێ، دادوەر مەرج بوو بەرازی تەزکیە بۆکراوبێت، تا بتوانن ئاڕاستەی داد بەرەو ئەو ئاقارە ببەن، کە شکۆو ئیرادەی چی ئاژەڵە بیشکێنن!
سەرەتا لەچەند بەرازێکی باوەڕپێکراوی خۆیانەوە دەستیان پێکردو ئیعترافی مەسنوعییان پێکردن، دواتر دایانن لەدار. دوابەدوای ئەوان چەندین مریشکی ڕەشوڕوتو چاوگێڕی بەویقاریان دایە دەزگای ئاسایشو هێزی نیشتمانی تا دانپێدانێکی دەستو خەت جوانیان پێبدەنو ئەوانیش لەبەرچاوی هێزی گەلە بزن بیخوێننەوەو خۆیان بە خیانەتکار وەسف بکەن.
ئیدی لێرەوە سەرۆک بەراز دەبێتە ئەندازیاری ئارامیو پێکەوەژیانی چی پەلەوەرە لە کێڵگەیەدا، سەرۆک چیدی سازشی لەسەر قوتی جوجەڵەوئەو هێلکە نەتروکاوانە نەکرد کە چاوەڕێی ژیانێکی شکۆمەندانەیان دەکرد. ئاوابوو سەرۆکەکەیان، بۆ ئەبەد خۆچەماندنی هیچ ئاژەڵێکی بۆ دەرەوەی کێڵگەکە قبوڵ نەکرد.
دادگا، بۆ مارەبڕینی مریشکێک لە کەڵەبابێک، بۆ مراندنی قەلێک لە سجلی ئەحوال شەخسی، بۆ تەڵاقی جوانەگایەک لە مانگایەک زۆر وردکاربوو لە مەیدانی ئاژەڵانی جۆرج ئۆرێل. لەدەرەوەی ئەو دەعوایانە، چووپێک بوو بەکەیفی دەستەی بەرازەکان ڕادێنرا.
جوعە وتەنی: ئێستا کێ ئەزانێ ئێمە لەکوێین؟! لە مەزرای ئاژەڵانین یان لەکوردستانین؟!
Orwell, G. (1996). Animal Farm. London: Penguin Books. 7th edition (Original work published 1945)