پڕۆفیسۆر لەفەلسەفە
ڕەگی ئاکاریی زۆڵایەتی، زۆڵچیەتی، زۆڵیزم
هەی زۆڵ! واتە هەی نامەرد، هەی بێباک دەرهەق بە وڵات، خاک و خێزان و ئایین و کولتوور. وەکیدی، هەی زۆڵ، سەرتاپای گوتنەکە ئاوازێکی توڕەتوڕە، پەست تائەوپەڕی لەخۆدەگرێت.
هەی زۆڵ! ئەمە بە کێ دەگوترێت؟ بەمانا باوەکەی بەو کەسە دەگوترێت لە پەیوەندییەکی ناشەرعی لەدایکبووبێت؛ گوایە بێ ئەسڵ و فەسڵە و کەس هیچ لەبارەی ڕەچەڵەکییەوە نازانێت. بەواتایەکی دی، زاراوەی زۆڵBastardدەدرێتە پاڵ کەسێک(منداڵێک) لە دایک و باوکێک لەدایکبووە لە دەرەوەی پەیوەندی هاوسەرگیریی؛ پەیوەندیەکی نافەرمیی/نایاسایی، لێ (هەی زۆڵ)ەکەی ئێمە ئەو واتایە لەخۆناگرێت.
لە جیهانی ئیستادا، لە زۆربەی کۆمەڵگە هاوچەرخەکانا، زاراوەی زۆڵ زۆرترین جار وەک سووکایەتییەکی ڕاستەوخۆ، قێزەوەن و هێرشبەردنەسەر کەسێک بەکاردەهێنرێت، کە پێمانوایە ئەو کەسە ناپاک و نامەردە. ئەمەو جگەلەوەی وشەکە لە دیوی دەرەوە پڕپڕە لە گاڵتەجاڕیی و بێبەهاکردن.
کوێ داڵدەی زۆڵەکانە، یان شوێنی بەرهەمهێنانی زۆڵیزمە Bastardism؟ بێگومان کۆمەڵگە نەک دارستان، نێوخەڵک نەک کێو و بیابانەکان. ئا، کۆمەڵگا، ئەو جێگایەی سیاسەت، ئەدەب و هونەر(شانۆ، موزیک، شیعر، رۆمان، سینەما و..)،ڕاگەیاندن، ڕەوشت و چی و چی بەرهەمدێنێت.
ئەو کەسە کێیە، کە بە زۆڵ ناوزەددەکرێت؟کەسی زۆڵ کەسێکی خراپەکار،بەدکار، قۆڵبڕ، داوێنپیس، بێبار، نمەکحەرام، بێمتمانە، سپڵە و چی و چی دەگەیێنێت. بەس لە ڕواڵەتدا وانییە!!
سەیرەکە لەوەدایە، زۆڵی کۆمەڵگەی گەندەڵ و ئاکارئاوابوو ئامادەنییە بێ پارە و پەرپوت و داماو دەردەکەوێت. زۆڵی نوێی کۆمەڵگەی ئێمە(و ئەوانیتریش) بەرهەمی ئاوابوونی ئاکار، هەڵوەشانەوەی شیرازەی هاوسێیەتی، هاوڕێیەتی و ئەمەکدارییە. کۆمەڵگەی لەم جۆرە،ترسناکیی و کارەساتباریی لەڕووی کۆمەڵایەتی و دەروونیەوە لەگەڵ خۆی دێنێت و زۆڵەکانی والێدەکات هەموو وەک کولتوورۆلۆگ (کولتوورناس) دەرکەون، هەموو ڕاڤە دەکەن( هەر بێ ڕاڤەشین)، هۆنراوەی هەست بزوێن دەنووسن (هۆنراوە لە گەرووی یەکدی دەدزن)، داکۆکی لە واتای ئازادی و وڵاتپارێزی دەکەن (بکوژی ئازادیی و خاکپارێزیشن)، ڕۆماننووسی وەک پەتا بڵاوبوەتەوە(مۆدەیەتی تۆ ڕۆمانووس بیت).
زۆڵی کۆمەڵگەی ناوبراو، دەتوانێت بیرەوەرییە ژەنگاویە پڕ نامەردیەکانی خۆیمان وەک فاکتەی مێژوویی پێبفڕۆشێتەوە، زۆڵەتیەکەی زۆڵ پشتئەستورە بە چەمکی کولتوور؛ بەناوی کولتوورەوە زۆڵایەتیت لەتەکدا دەکات،فاوەندەیشن و خانە و ماڵی کولتووریت بۆدەکاتە شوێنگەی گوتنی ڕاستی، وەک بڵێی ئەم (واتە زۆڵ)دایکی ڕاستییە. گشت هەموو ئەوانە ئەوەمان پێدەڵێم، کە زۆڵی هەنووکە زۆڵە داماو و بەدبەختەکەی جاران نییە، کە زۆڵایەتی لە شتی بچوک بچوکدا دەبینییەوە.
گومانمان نییە، کە هەموو کۆمەڵگەیەک زۆڵی خۆی هەیە، زۆڵەکان توخمی تایبەتمەندی کولتووری و شارستانی نەتەوەکانیش لەگەڵ خۆدا هەڵدەگرن.بەڵام ئەوە گشت کۆمەڵگە زۆڵناکات. زۆڵاویبوونی تاکەکانی کۆمەڵگە لەم قسانەمان وەک دەرئەنجامی ئاوابوونی ئاکار تەماشادەکەین. بۆ؟ چونکە کاتێک ئاکار نامێنێت بوونی هەموو شتێک شیاوە. ئەو زۆڵەی لە تێکڕای ئەم دێڕانە بەرباسدەخرێت ئەو کەسەیە، کە مرۆڤێکی ئاکارنزم، بێ باک و بێمروەتی بەدکارە. چونکە زۆڵ دەکرێت بێ پرنسیپ و بێ متمانە و داوێنپیسیش بێت. مخابن لەم جۆرەمان زۆر زۆرە و لە چەشنی زۆڵە دیارەکانی کۆمەڵگەشن.
ئەی زۆڵیەتی چییە؟زۆڵیەتی کردەیە، بەرهەمی داتەپانی ئاکارە. زۆڵی کۆمەڵگەی تازەی ئێمەی کورد و کۆمەڵگەی جیهانیی زۆڵەکەی سەدەکانی ناوەڕاست و دواتر نییە. زۆڵی سەردەمی ژیری دەستکرد بە چەن زمانێک قسەدەکات، شارەزای تەکنەلۆژیای زانیاریی و فاشیۆن و مۆدە. زۆڵ لە ڕووی جێندەریشەوە بە ڕەگەزێکەوە تایبەت نییە. زۆڵە فێمنیستیی واهەیە ناچاردەکات سوپاسی پیاوی پاتریاڕکاڵ(باوکسالار) بکەیت.
لە کۆمەڵگەی نوێی دونیا زۆڵ هەر بازرگان و سیاسیی ناگرێتەوە، نا. زۆڵ دەکرێت ئاشقێکی سەمەرەبێت، لافی ڕۆماننووسی و توێژەری مێژوویی و موزیسیانیش لێدات.
بۆ لایسەرەوە گلەیی ئەوەمان لە کۆمەڵگا کرد کە زۆڵمان بۆبەرهەمدێنێت؟ لەبەرئەوەی ئێستای کۆمەڵگە بەجۆرێکە بەرەو بێ ئاکاریی هەنگاودەنێت، ئاکار (ئاکاریبوون) خەریکە دەبێت بە عەیبە؛ ووردە ووردە شەرمدەکەیت ئاکاریی بیت. ئەمە نیشانەیە لەسەر ئەوەی، قسەکردن لە ئاوابوونی ئاکار لە دەستپێکێکی چاکدایە. لەبەرئەوەی پرسیاری بەها بۆ زۆڵ گرنگیی نییە ئەمە ئەوەمان لا بەڵگدار دەکات کە بێ ئاکاریی، ئاوابوونی ئاکار، ڕەنگدانەوەی گەورەی لەسەر سەرهەڵدانی دیاردەی زۆڵیەتی لە کۆمەڵگە داناوە.
ڕاستە مێژووی زۆڵیزم لێرەوە دەستپێناکات، بەڵام زۆڵە تازەکانی کۆمەڵگەی ئێمە(و ئەوانی دی)زۆریان خستوەتەسەر خەرمانەی ئەو مێژووە ناساغە. زۆرێکیش ڕەنگە پێیانوابێت زۆڵ و زۆڵیەتی بابەتێک نییە بۆ لێکۆڵینەوە لە نێوەندی ئەکادێمیی،بۆیشە زانکۆکانمان لەوبارەوە پەیڤیان بەرهەمنەهێناوە.
مرۆڤی زۆڵ کۆمەڵگە بەرەو نەهامەتی و داڕمانی رەوشتیی و بێهیوایی دەبات. کە دەستدەداتە سیاسەت یان بازرگانی یان کولتوور نیشتیمان و خێزان و پەروەردەی لا بێمانایە. زۆڵ تەنها لە خەیاڵی ناساغ و نەگریسی خۆیەتیی؛ ڕۆمانووس بێت یان سەرمایەگوزار، شێوەکار بێت یاخود سیاسەتەوان، .... یان..... . بۆ زۆڵ گشت شتێک یەکسانە بە بەرژەوەندی؛ سوود و دەستکەوتەکان لەکوێ بن زۆڵ لەوێیە. زۆڵ نە نەتەوەی بەلاوە گرنگە نە ئایین، نە خاکی لا مەبەستە نە ناسنامە؛ زۆڵ کەسێکە خۆی لا سەرووی گشت شتێکە.
وابڕوات زۆڵیزم دەبێت بە ئاکار؛ زۆڵیەتیی داگیرماندەکات، زۆڵنەبیت ناتوانی نە سیاسەت بکەیت، نە سەرمایەگوزاریی، نە عاشقبیت و نە هەستناسک، نە کولتووریی بیت و نە پەیڤێک بخەیتە سەر سەرمایەی کوتووری شار/ نەتەوە.
سەرنج: لە دوو نووسینی کورتدا(زۆڵ و زۆڵناسی، زۆڵە ژورنالیست)،کە ساڵانێک لەمەوبەر لە ماڵپەڕی(ئاوێنە)بڵاوبووەوە زۆڵایەتیمان لە نێوەندی ئەکادێمیی، سیاسیی، پەروەردە و تەندروستیی و ڕاگەیاندندا بەرباسخستووە.
لینکی دوو بابەتەکە لێرە دادەنێم:
زۆڵ و زۆڵناسی، زۆڵەکانی نێوەندی سیاسی، ڕوناکبیری و ئەکادێمی
https://www.awene.com/article?no=17859&auther=1435
زۆڵە ژورنالیست
https://www.awene.com/article?no=18564&auther=1435