دروست کردنی شار و کۆنترۆڵ کردنی سەگی بەرەڵا 

د. شێرکۆ سوبحان
  2025-05-11     101

دروست کردنی شار و شارەوانی: بە بێ سیستەمی ڕیسایکڵین ناکرێت هیچ سیتسەمێکی تەندروستی پاکژ بەردەست بێت کە لەگەڵ دنیای مۆدێرندا بگونجێت. تەنها ڕیسایکڵین بەس نیە، با سەدان یاسای نەهێشتنی سەگی بەرەڵا و یاسای پاراستنی ئاژەڵانیشت هەبێت، بە بێ سیستەمی مۆدێرنی شارەوانی ناکرێت شار دروست بکرێت. شار کاتێک دەبێتە شار کە کارگێڕیی شار و شارەوانی عەقڵێتێکی مۆدێرن بەرێوەی ببات! واتە گشت لایەنەکانی شار پێویستە لە یەک پاکێجدا کۆبکرێنەوە. ناکرێت تۆ بێی بڵێیت شار دروست دەکەم، کەچی ترافیک و مۆڵەتی شۆفێریی لە نزمترین ئاستدا بێت! لە شاردا ناکرێت شۆفێر بە شێوەیەک هەڵسوکەوت بکات کە هیچ ئەخلاقێکی شۆفێری قبوڵی نەکات! هەتا هاتوچۆی پیادەش دەبێت شێوازێکی شاری بێت. ناکرێت هەموو بۆ مزگەوت ڕابکات و لە هاتوچۆ و ڕێگا و باندا ئەوەی خوا پێی ناخۆش بێت ئەنجامی بدات! ناکرێت تۆ بڵێی من شار دروست دەکەم و کەچی زانکۆکەت خوێندکار مانگێک دەوامی تێدا نەکات و کەس قسە نەکات! خۆی ئەمانە هەمووی پەیوەندی بەیەکەوە هەیە. من لە زانکۆدا کەرامەتم پارێزراو نەبێت، چۆن بتوانم کاری زانستی ئەنجام بدەم و کێشەی خەڵک و شار چارەسەر بکەم؟! واتا ناکرێت تۆ بێی بڵێی من تەنها ئەو لایەنە چاک دەکەم. شتی وا نیە، هیچ خۆت ماندوو مەکە. هەموو شتێک دەبێت بە یەک پاکێج بێت. ئێستا بۆ نموونە ئێمە باسی سەگی بەرەڵا دەکەین، کە کێشەیەکی ئێجگار گەورەیە و پەیوەندیی بە شارەوانی و زانکۆ و هاتووچۆوە هەیە. 

کۆنترۆڵ کردنی سەگی بەرەڵا تەنها کێشەیەکە لەو کێشە گەورانەی کە ڕووبەرووی شار دەبێتەوە، ئەمەش پێویستی بە لایەنی یاسایی و مرۆیی و ڤێتێرنەری شاردارییەوە هەیە. 

لایەنی مرۆیی: پێویستە لە ناوبردنی سەگی بەرەڵا بە ڕێگەیەک بێت کە لەگەڵ ستانداردی جیهانی و کۆدی ئەخلاقی (ئیتیکی) پاراستنی ئاژەڵاندا یەک بگرێتەوە.

لایەنی ڤێتێرنەری: پێویستە بەڕێوەبەرایەتی و بنکەی ڤێتێرنەری گشت شار و شارۆچکە و شارەدێیەکان پاڵپشتی تەواو بکرێن لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و تەندروستی و شارەوانی و ناوخۆوە. 

لایەنی یاسایی: پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پەرلەمانی کوردستانەوە یاسایەک دەربکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی لە ناوبردنی سەگی بەرەڵا بەشێوەی مرۆڤانە و یاساییانە و تەندروستانە

 ناکرێت تۆ بڵێی من شار دروست دەکەم کەچی لایەنی ڤێتێرنەری ئەوەندە فەرامۆش کراوە کە کورتکراوەتەوە بۆ چارەسەری ئاژەڵ بە تاک، لەکاتێکدا لە شاری مۆدێرندا، ڤێتێرنەری ڕۆڵی گرنگی لە ئابووری وڵاتدا هەیە بە کۆنترۆڵ کردنی نەخۆشییەکانی ناو ئاژەڵان و چاککردنی بەرهەمی ئاژەڵی و نەهێشتنی گواستنەوەی نەخۆشییە مرۆژەڵییەکان لە ئاژەڵ بۆ مرۆڤ. ناکرێت پەیوەندی نێوان تەندروستی و ڤێتێرنەریی لە لیژنەیەک کۆبکرێتەوە. ئەمە بە قسەی من نیە کە پیشەکەم پزیشکی ڤێتێرنەریە، بڕۆ سەیر بکە لە شاردا ڤێتێرنەریی چیە و چۆنە؟! زانکۆ تا ئێستا ناتوانێت جیاوازی لە نێوان و پیشە و پسپۆریدا بکات، تۆ ئێستا هاتووی دەتەوێت بڵێی شار دروست دەکەم؟ شار دەبێت ڕێگای خۆشگوزەرانی تێدا بێت کە شارنشین لە ڕووی دەروونیەوە ئاسوودە بێت. ئێستا تۆ دێی دەڵێیت سەگی بەرەڵا کۆنترۆڵ دەکەم؟ 

گریمان هەرچی سەگی شار هەیە لە داڵدەیەک کۆکردەوە و پزیشکی ڤێتێرنەری بە نەشتەرگەری هەموو سەگەکانی بێ پیت و نەزۆک کرد. ئایا ئەمە جارێک شێوازێکی ئیتیکی ڕێگە پێدراوە؟! بابڵێن ڕێگە پێدراوە. سەگی گوندەکان و دەست و کێو چۆن کۆنترۆڵ دەکرێن؟ ئەی دوایی ئامۆزاکانی سەگ خۆ وا بێدەنگ لێی دانانیشن؟ مەبەست لە گورگ و گورگاز و رێوی و ئاژەڵی کێوییە. ئەی چۆن لەگەڵ ئەمان هەڵسوکەوت دەکەیت؟ باشە ئێمە چیمان لەشاری دەچێت؟! شۆفێر کاتێک بەردەوام سەغڵەتی بۆ هاوشۆفێرانی دروست دەکات؟ دواکاندار کە نازانێت چۆن باقی پارە بە لۆچ و پۆپی بداتە دەست کڕیارەوە بە شێوەی ناشارستانی؟! چۆن پێم بڵێن کە تۆ نەزانیت لە سەرەدا جوان ڕیز ببیت، چۆن چۆنی دەتەوێت شار دروست بکەیت؟ شار بە عەشایەر چۆن درووست دەکرێت؟ زانکۆیەک نەتوانێت خوێندکارێک سزا بدات لەسەر غیاباتی و قسە ووتن بە مامۆستایەکی، چۆن چۆنی شار دروست دەکرێت؟! کە یاسا بەرقەرار نەبێت، چۆن چۆنی خاوەن پیشە بتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات؟! 

بە داوای لێبووردن بۆ خوێنەران ناتوانم ئەم بابەتە بگەیەنم بە دەرنجام، هەتا شار نەبێت بە شارێکی مۆدێرن کە لایەنی یاسایی و مرۆیی و ڤێتێرنەری و شارەوانی و تەندروستی و زانکۆ و خەڵکی تێدا شارییانە هەڵسوکەوت نەکەن!!! 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×