ڕاگری پێشووی کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان
بەشی یەکەم
ڕاگری یەکەم (ساڵی ٢٠١٨ تا ٢٠٢٠):
پێشنیاری دانانی ڕاگر:
کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان ساڵی ٢٠١٨ دامەزرا، لەسەردەمی سەرۆک زانکۆی ژمارە یەک فەرمانی وەزاری بۆ کردنەوەی کۆلێجەکە دەرچوو. لەسەردەمی سەرۆک زانکۆی ژمارە دوو، د.سیروان محمد امین بە ڕێککەوت کرا بە ڕاگری کۆلێج! پێشوەخت، ناوی سێ دکتۆری بەشی بایۆلۆجی کە تێیدا د.سیروان محمد امینی لە کۆتاییدا تێدابوو، پێشنیار کرا بوون بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا. لە وەزارەتیش، پاش هەڵسەنگاندنی سی ڤی ئەو سێ دکتۆرە، بە بێ ئەوەی خۆی ئاگای لێ بێت، د.سیروان وەک ڕاگر دەست نیشان دەکەن. کە فەرمانی وەزاری دێتەوە، هەمووان تووشی شۆک دەبن، لەبەرئەوە بەزۆری ناوی پێشنیار کراوی یەکەم پۆستی پێ دەدرێت، بەڵام ئەمجارە وەزارەت ناوی کۆتا (د.سیروان) هەڵدەبژێرن و دەیکەن بە ڕاگر! تا ئێستا وردەکاری ئەمە لای من نەزانراوە!
دەست بەکاربوونی ڕاگری ژمارە یەک:
د.سیروان وەک یەکەم ڕاگر دەست بەکاردەبێت، پێشنیاری د.شێرکۆ نریمان سبحان دەکات بۆ یاریدەدەری ڕاگر. هەردووکیان میلاکی بەشی بایۆلۆجی کۆلێجی پەروەردە بوون، بە تەنسیب خرانە سەر کۆلێجی پزیشکی. لە قاتی دووەمی بینای کۆلێجی زانست چەند ژوورێکیان دەدرێتێ کە بۆ کارگێڕیی و خوێندن و تاقیگە، لە پەنجەی دەست تێپەر نەکات! ئەوان بە پاککردنەوەی تەپوتۆزی ژوورەکان دەست پێ دەکەن و بە دامەزراندنی سیستمی نوێی پزیشکیی و پەیکەری کارگێڕیی و تاقیگەکانی توێکاریی و لێهاتوویی و کۆرۆنا و پزیشکیی و کۆمپیوتەر و بۆردی زیرەک (سمارت بۆرد) و کارکردن بە گروپ (گرووپ ۆرک) و لیستکردنی کۆلێج لە ڕێکخراوە جیهانییەکان بە ئەنجام دەگەیەنن.
پەیکەری کارگێڕیی کۆلێج:
سەرەتا ڕاگرایەتی کۆلێج، بەشەکانی نوسینگەی ڕاگر و کارگێڕیی و خۆیەتی و گەنجینە و تۆمار و ژمێریاریی پێکهێنا، وەزارەتی خوێندنی باڵا (سەردەمی بەڕێز د.یوسف گۆران) بڕێک داهاتی بۆ کۆلێج خەرج کرد کە نزیکەی ٦٥ ملیۆن دینار بوو، کە توانرا پێداویستییەکانی پەیکەری کارگێڕیی کۆلێج پڕبکاتەوە. پێنج فەرمانبەری میلاک لە بەشەکانی تری زانکۆوە گواسترانەوە بۆ کۆلێج (کاک چیا، کاک کامەران، کاک هێرش، کاک مهمدی، والیە خان). سەرۆکی زانکۆ ٧ فەرمانبەری بە گرێبەستی مانگانە بۆ کۆلێج دابین کرد. لەوانە کاک مەریوان، ساکار خان، دێکان خان، سۆما خان، دەریا خان، کاک محمدی سایەق ، باجی فەهیمە. ئەم فەرمانبەرانە زۆربەیان، هەر یەک بە گوێرەی توانا و شارەزایی خۆیان، زۆر بە ڕێک و پێکی کاری خۆیان ئەنجام دەدا.
دواتر یەکەمەکانی زانکۆ دامەزران، هەندێکیان نێردران بۆ کۆلێج، لەوانە: کاک محمد جمعە، ڕۆزە خان، کاک حسێن، کەژاڵ خان.ئەم فەرمانبەرانەش ئەرکی خۆیان لەسەردەمی ڕاگری دووەم و سێیەم بە باشی دەکرد.
دامەزراندنی هۆڵی کۆمپیوتەر و سمارت بۆرد: بە داهاتەکەی وەزارەت ٢٠ کۆمپیوتەر و ٣ بۆردی زیرەک (سمارت بۆرد) دابینکران. دواتر کۆمپانیای گاسپرۆمی ڕووسی ٢ سمارت بۆردی پێشکەشی کۆلێج کرد، لەبەرئەوە پێشتر لەساڵی ٢٠١٧ توێژینەوەیەکی مەیدانی لە کاتی بنیاتنانی سەنتەری توێژینەوە، بۆ کۆمپانیاکە ئەنجامدرا، کە تێیدا ڕاگری و یاریدەدەری ڕاگر ئەو کات لە بەشی بایۆلۆجی مامۆستا بوون بەشدارییان تێدا کردبوو. هەروەها ویستیان بەردەم کۆلێج بکەن بە باخچە، زانکۆ ڕازی نەبوون بە بیانووی ئەوەی کە ناتوانن ئاوی بدەن!
پرۆگرامی خوێندنی پزیشکیی تێکەڵکێش:
ڕاگری کۆلێج و یاریدەدەری ڕاگر و چەند مامۆستایەکی کۆلێجی پەروەردە، د.سامان محمد امین و د.ایاد پاڵانی، و دوو پزیشکی تەندروستی گەرمیان، د.سۆران (مناڵان) و د.شاخەوان مەحلان (نەشتەرگەری) بەشداری ۆرکشۆپی سلێمانیان کرد. دواتر بێجگە لە دوو پزیشکەکە کە سەرقاڵ بوون، چوار کەسەکەی تر بەشدارییان لە کۆنفرانسی دهۆک کرد. ئەم ۆرکشۆپ و کۆنفرانسە بووبە سەرەتایەک بۆ بنیاتنانێکی سەرەتایی سیستەمی کۆلێجی پزیشکی تێکەڵکێش (ئینتیگرەیشن). شایانی باسە، زانکۆی دهۆک و کوفە، پرۆگرامی خوێندنی پزیشکییان لە زانکۆی لیستەری بریتانی وەرگرتبوو، کە سیستەمێکی نوێی پزیشکییە کە تێیدا بابەتی کلینیکی و زانستی پزیشکیی بنچینەیی پێکەوە بە تێکەڵکێش، فێری خوێندکار دەکرێت.
وەرگرتنی خوێندکاران:
ساڵی یەکەم ٣٤ خوێندکار وەرگیران. وەرزی یەکەم بە هەوڵی کۆمەڵێک مامۆستا لە کۆلێجی پەروەردە و چەند پزیشکێک لە تەندروستی گەرمیان زۆر بە جوانی و بێ کێشە بەڕێوە چوو.
لیژنەی تاقیکردنەوەکان:
د.شێرکۆ کرا بە سەرۆکی لیژنەی تاقیکردنەوەکان. وەرزی یەکەم بەرنامەی قەڵا (د.خالد پاڵانی فرۆشتبووی بە زانکۆ) بۆ لیژنەی تاقیکردنەوەکان بەکارهێنرا. مامۆستایانی کۆلێجی پەروەردە (د.سامان و د.ایاد پاڵانی و د.دیار اکبر و م.مریوان محمد ساڵەح) لە لیژنەی تاقیکردنەوەکان کاریان کرد. ڕاگر خۆی ئەندام نەبوو، بەڵام زیاتر لە ئەندامەکان کاری دەکرد! هەندێک لە ئەندامانی لیژنە زۆر بە جدی کاریان نەدەکرد!
دڵنیایی جۆری:
د.شێرکۆ کرا بە لێپرسراوی دڵنیایی جۆری کۆلێج، بە هاوکاریی د.ڕاماڵ ( بەشی کیمیا-کۆلێجی پەروەردە) سیستەمی دڵنیایی جۆری کۆلێج دانرا.
تۆماری خوێندکاران:
م.بەختیار کرا بە لێپرسراوی تۆمار، بەڵام لەبەرئەوەی کە شارەزایی کارگێڕیی نەبوو، هیچ شوێن دەستی دیار نەبوو! زۆربەی کارەکانی تۆمار ڕاگر و یاریدەدەری ڕاگر و فەرمانبەرانی گرێبەست ئەنجامیان دەدا. هەر بۆیە ساڵی دووەم ڕەزامەندی نەدرا لە کۆلێج بمێنێتەوە.
ساڵی دووەمی خوێندن، م.دیلمان (بەشی کوردی کۆلێجی پەروەردە) کرا بە لێپرسراوی تۆماری کۆلێج، لەگەڵ فەرمانبەرە گرێبەستەکان، ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕا لە دانانی بناغەیەک بۆ تۆماری خوێندکاران و غیابات و دۆسیە و وەرگرتن و گواستنەوەی خوێندکاران.
گواستنەوەی پزیشک:
لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٨، ٧ پزیشکی پسپۆر گواستنەوەی ڕاژەیان لە تەندروستی گەرمیانەوە بۆ سەر میلاکی کۆلێج کرا، ئەوانیش د.عدنان (نەخۆشییەکانی دڵ) د.اومێد (مێشک و دەمار)، د.حسێن (هەناویی)، د.شاخەوان (نەشتەرگەری)، د.باقی (نەشتەرگەری)، د.بشری (ژنان) و د.ئارام (نەشتەرگەری) کە دواتر بەهۆکاری کێشەی نەخۆش ،گواستنەوەی ڕاژەی بۆ زانکۆی سلێمانی کرا. د.سەیوان و د.تیشک و د.خوزەیر دەست بەکار نەبوون. د.مسعود (هەناوی)، د.هۆشمەند (هەناوی)، د.سۆران (مناڵان)، د.زەید (ئێسک و شکاوی) وەک وانەبێژی تیۆری و پراکتیکی وانەیان وتەوە. هەندێک دکتۆری تریش خۆبەخشانە لە نەخۆشخانەکانی کەلار بەشدار بوون وەک د.دلێر (نەخۆشیەکانی پێست). ئەم دکتۆرانە ڕۆڵێکی گرنگیان بینی لە وانە وتنەوە و بەرەوپێشچوونی سیستەمی نوێی پزیشکی. بەتایبەت دکتۆر اومێد تا ئێستا ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە بەرەوپێشچوونی سیستەمی نوێی پزیشکی.
سەردانی کوفە:
د.سیروانی ڕاگر و د.اومێد و د.ایاد پاڵانی و د.سامان و د.هێمن خورشید (پزیشکی دەروونی) و م.مەریوان محمد ساڵەح سەردانی کۆلێجی پزیشکی زانکۆی کوفەیان کرد. ئامانج لەم سەردانە بریتی بوو لە زیاتر تێگەیشتن و بەرەو پێشچوونی سیستەمی نوێی پزیشکی و تاقیگە و گروپ ۆرک. دیسانەوە ئەم سەردانە کاریگەری زۆری کردە سەر تێگەشتن لە سیستمی کۆلێجی پزیشکی.
ۆرکشۆپی کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان و کوفە:
لە هۆتێل لەندەن ئای، ۆرکشۆپێکی سێ ڕۆژە بەسەرپەرشتی ڕاگر و یاریدەدەری ڕاگر، بەشداری گشت مامۆستایان و پزیشکانی کۆلێج و تەندروستی گەرمیان و مامۆستایانی زاخۆ و کۆیە ئەنجام درا. د.محمد (ڕاگری کۆلێجی پزیشکی کوفە) و مامۆستایانی کوفە (د.حبیب و د.حسنات)، ۆرکشۆپەکەیان دەوڵەمەند کرد بە تاوتوێکردنی تێروتەسەلیی سیستەمی نوێی پزیشکی. ئەمەش وایکرد زیاتر لە سیستەمی نوێی پزیشکی ئینتیگرەیشن و تاقیکردنەوەکان ئاشنا بین و ڕۆژ بە ڕۆژ کۆلێج زیاتر پێش دەکەوت.
دامەزراندنی تاقیگە:
تاقیگەی توێکاریی: ڕاگرایەتی کۆلێج لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا (بەڕێز د.یوسف) کۆبوونەوە، بڕیاریدا هەرچی لەدەست بێت بۆ کۆلێج بیکات. سەرەڕای ئەو ٦٠ ملیۆن دیناری بۆ بنیاتی کارگێڕیی خەرجکرا، نوسراومان لە ڕێگەی بەڕێزیانەوە، ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی (کاک ڕێباز حەملان) کرد. بڕی ١٤٠ ملیۆن دینار تەرخان کرا بۆ ئامێری توێکاری ئەنەتۆماج و ١٠٠ مۆدێلی پلاستیکی. ئەمە سەرەتایەکی گرنگ بوو بۆ پراکتیزەکردنی سیستەمەکە لە تاقیگەکە.
تاقیگەی کۆرۆنا:
لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ و سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠، ڤایرۆسی کۆرۆنا هات و لەگەڵیدا سێیەم سەرۆکی زانکۆش دەست بەکاربوو.ڕاگری ژمارە یەک و یاریدەدەرەکەی هەم خەریکی ڕاگرایەتی بوون، هەم خەریکی بنیاتنانی تاقیگەی کۆرۆنا بوون. وەزارەت بڕیاریدا خوێندن بکرێت بە ئۆنلاین. بۆ کۆلێج زۆر ئاسان بوو، لەبەرئەوە هەر لەسەرەتاوە گوگڵ کڵاسڕوم بەکاردەهێنرا. بۆیە مامۆستایان گوگڵ كلاسڕووم و زووم و یوتیوبیان بەکارهێنا بۆ ووتنەوەی ئەو وانانەی کە بەهۆی کۆرۆناوە نەخوێنرابوون. مێژووی دروستبوونی تاقیگەی کۆرۆنا، چیرۆکێکی پڕ لە ناکۆکی و کێشمەکێش و دەربازبوون لە فرت و فێڵەکانی ناو زانکۆ و دەرەوەی زانکۆیە، کە ئێستا شوێنی باسکردن نیە!
وازهێنانی ڕاگر و یاریدەدەری ڕاگر:
پاش دوو ساڵ، کە نیو ساڵی کۆرۆنا و سەرۆک زانکۆی ژمارە سێی لەگەڵ بوو، بۆمان دەرکەوت کە کۆلێج هیچ گرنگی پێ نادرێت. هەروەها لەسەردەمی سەرۆک زانکۆی ژمارە دوو، ویسترا گواستنەوەی خوێندکاران بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان ئەنجام بدرێت. ڕاگری یەکەم و یاریدەدەرەکەی داوای بەخشینیان لە کارگێڕیی کۆلێج لە سەرۆک زانکۆی ژمارە سێ کرد. یەکسەر ڕەزامەندی دا! پێشنیاری د.سامان و د.دیار کرا بۆ ڕاگر و یاریدەدەری.