ڕاگری پێشووی کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان
بەشی سێیەم
ڕاگری سێیەم (ساڵانی ٢٠٢٢ تا ٢٠٢٥):
بە پشتیوانی پزیشکانی کۆلێج د.شێرکۆ کرا بە ڕاگری کۆلێج. ساڵی یەکەم د.سیروانی (ڕاگری ژمارە یەک) و ساڵی دووەم د.زەید (ئێسک و شکاوی) کران بە سەرۆکی لیژنەی تاقیکردنەوەکان. گشت پزیشکانی کۆلێج و مامۆستایان بەشداربوون لە لیژنەی تاقیکردنەوەکان. لیژنەی زانستی پێک هاتبوون لە د.اومێد و د.سیروان و د.هیوا. ئەم لیژنەیە سیستەمی نوێی پزیشکیان وا چنی ئێستاش کەس ناتوانێت لێی دەرچێت!
دیسان هەوڵدرا هەڵگری بڕوانامەی دیبلۆمی پیشەیی پزیشکی بهێنرێت بۆ کۆلێج، بەڵام لیژنەی زانستی ڕێگەی نەدا!
گواستنەوەی فەرمانبەر:
هەموو هەفتەیەک ڕاگرایەتی داواکاری گواستنەوەی فەرمانبەری دەکرد لە کۆلێجەکانی تر بۆ کۆلێجی پزیشکی. هەرچی چۆن بێت کۆمەڵێک نێردران. لەوانە کاک کاروان، کاک خلیل، م.ڕیاز، م.احمد اکرام، م.سنور، م.بەیدا، ئاڵا خان، شیرین خان. دواتر وەزارەت کۆمەڵێک گرێبەستی دامەزراند و هەندێک نێردرا بۆ کۆلێجی پزیشکی، لەوانە: کاک مەریوان، حەیات خان، م.امجمد، سنور خان، شەرمین خان، م.بیلال. کاک مهدی و کاک حسێن ماستەریان لە ئێران تەواو کرد و گەڕانەوە و وەک فەرمانبەر لە کۆلێج دەست بەکاربوونەوە.
لەسەر دەمی ڕاگری ژمارە سێ، ئەم خاڵانەی لای خوارەوە ڕێگری بوون بۆ پێشکەوتنی کۆلێج:
١- داواکاری دەرەوەی یاسا و کارگێڕیی: بۆ نمونە ناردنی خوێندکاران بۆ سلێمانی لەدەرەوەی کارگێڕیی و بە پەیوەندی کەسێتی و مانەوەی خوێندکاران لە بەشی ناوخۆیی و خوێندنی وانەی پراکتیکی لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی. ڕاگرایەتی و لیژنەی زانستی پێداگریان کرد کە دەبێت لە ڕێگەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی تەندروستییەوە میوانداری خوێندکاران بۆ سلێمانی بکرێت.
٢- داوای نایاسایی دەوام کردن لە هاویندا بە بێ تەکلیفی هاوینە: ڕاگر و لیژنەی زانستی پێداگریان کرد بە تەکلیفی مامۆستایان بە پێی یاسای خزمەتی زانکۆیی، کە تێدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە مامۆستا لە هاویندا پشووی فەرمی هەیە، یان دەبێت تەکلیف بکرێت یان لە پشوودا بێت. ئەمە هەر نەکرا، هەتا وەزارەتی خوێندنی باڵا (بەڕێز د.ئارام) خۆی فەرمانی بە تەکلیفی مامۆستایان کرد.
٣- نەبوونی پەیکەری کارگێڕیی کۆلێج: ڕەزامەندی نەدەدرا بە دانانی یاریدەدەری ڕاگر. چەندین جار ناوی د.زەید پێشنیار کرا بۆ سەرۆکایەتی زانکۆ و ڕەت دەکرایەوە. تا دوای ساڵێک ئینجا ڕەزامەندی درا بۆ ماوەی (شەش مانگ) بە وەکالەت!! داواکاری کردنەوەی بەشەکانی کۆلێجی پزیشکی تا سەرۆکی زانکۆی ژمارە چوار درێژەی کێشا! هەر جارێک بە بیانویەک ڕەت دەکرایەوە، یان درەنگ دەگەیشتە وەزارەت، یان لە وەزارەت بەدواداچوونی بۆ نەدەکرا.
٤- کارگێڕیی زانکۆ: چەند جارێک داوای دابەشکردنی هۆڵەکانی خوێندن و دووبارە دابەشکردنەوەی فەرمانبەران کرا، بەڵام یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕیی و دارایی نەیتوانی ئەمە ئەنجام بدات. تەنانەت لیستی مووچە لە ژێر دەستی ڕاگرەکان دەرهێنرا و خرایە سەر سەرۆکایەتی زانکۆ. هەروەها بەشێوەیەکی نایاسایی دەوامی فەرمانبەر کرا بە دوو ڕۆژ، بە بیانووی درەنگ هاتنی مووچە. ئەمەش وای کرد، دەرماڵە و سەرەمووچەی هەندێک مامۆستا دوا بکەوێت و دواتر هەر نەدرێت.
کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی مامۆستایانی کۆلێج:
ڕاگرایەتی بە ئامادە بوونی زۆرینەی مامۆستایان و پزیشکانی کۆلێج، کۆنگرەی رۆژنامەوانیان ئەنجام دا. یەک کەناڵی تیڤی ئامادە نەبوو ڤیدیۆکەی بڵاوبکاتەوە! لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیەکە، زۆربەی کەناڵەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بانگهێشت کرابوون بە عیلمانی و ئیسلامی! لە کۆنگرە ڕۆژنامەییەکە ئەوە خرایە روو کە کۆلێج لەڕووی کارگێڕیی و دارایی و یاساییەوە پشتگوێخراوە. دواتر سەرۆکی زانکۆ، بە بێ پرسی خۆی نەبێت، ڕێگەی نەدا بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بۆ ناوی کەمپی زانکۆ. بەڵام چاوپێکەوتنەکانی ڕاگر و خوێندکاران لە دەرەوەی زانکۆ بەردەوام بوو!
خۆپیشاندان و بایکۆتی خوێندکاران:
کێشەکان زۆر کەڵەکە بوون. خوێندکاران بەهۆی کەمی ستاف و نەبوونی تاقیگەی پزیشکی و دانپێدانان و نەخۆشخانەی فێرکاری بۆ ماوەی دوو مانگ بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد. زۆر کەسایەتی و لایەن هانی خوێندکارانیان دەدا و بەکاریان دەهێنا دژی کۆلێج! بەڵام دواتر خوێندکاران تێگەشتن و هەندێک لە داواکارییەکانیان لە وەزارەت جێبەجێ کرا، بایکۆتیان شکاند.
ڕاگرایەتی کۆلێج و لیژنەی زانستی لە کاتی بایکۆتی خوێندکاران، خەریکی ئەم هەوڵانە بوون، کە زۆربەی داواکارییەکان لە ژێر فشاری ڕاگرایەتی و مامۆستایان و خوێندکاران و هەوڵی ڤەرمانبەران گەیشتنە ئەنجام:
١- گواستنەوەی پزیشک: دوو لیستی پزیشکان کە ١٤ پزیشکی پسپۆڕی تێدابوو، لە ڕێگەی کۆلێجەوە، ئاڕاستەی سەرۆکایەتی زانکۆ کرا. هەموو جار لە جیاتی ئەوەی ئاڕاستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بکرێت، بەڵکو ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان دەکرا!! لە ژێر فشاردا و لە کۆبوونەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی تەندروستی و ڕاگری کۆلێج لە دیوانی وەزارەتی تەندروستی لە هەولێر، بڕیار درا گواستنەوەیان بۆ ئەنجام بدرێت. بەڵام دواتر تەندروستی گەرمیان وای کرد بڕیارەکە بە مەرج جێبەجێ بکرێت. مەرجەکانیش وایکرد نیوەی ئەو ١٤ پزیشکە پەشیمان ببنەوە و گواستنەوەی ڕاژەیان بۆ کۆلێج نەگەشتە ئەنجام.
حەوت پزیشک لەوانە د.ئاسۆ احمد عبداللە (نەشتەرگەری)، د.سیروان عوسمان (نەشتەرگەری مێشک و دەمار) ، د.سافیناز (ژنان)، د.مەیس (چاو)، د.هێمن نوری (قوڕگ و لووت و گوێ)، د.نەوشیروان (نەشتەرگەری)، د.تارا (مناڵان) گواستنەوەیان بە مەرج بۆ سەر کۆلێج کرا. مەرجی نایاسایی لە لایەن تەندروستی گەرمیانەوە سەپێنرا. مەرجەکانیش بریتی بوون لە تەنسیبی ناچاریی بۆ نەخۆشخانەکان، سزادانی هەر پزیشکێک کە پابەندی دەوامی تەندروستی نەبێت ئەگەر چی لە زانکۆش التزامی هەبێت!
تەندروستی گەرمیان ڕێگری دەکرد لە گواستنەوەی پزیشکان، ئەگەرچی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران و هەردوو وەزارەتی تەندروستی و خوێندنی باڵا و زانکۆی گەرمیانیان هەبوو، هەر بۆیە ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دا لەسەر پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان بە هۆکاری جێبەجێ نەکردنی فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بەو گواستنەوەی ڕاژەیە و بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەڵام ئەنجامی ئەم لیژنە لای من نەزانراوە!
د.شاخاوان لەتیف گواستنەوەی ڕاژەی لە پزیشکی ڤێتێرنەری زانکۆی سلێمانی بۆ سەر میلاکی کۆلێج کرا.
٢- نەخۆشخانەی فێرکاری: هەر لە ژێر فشاردا، نەخۆشخانەکانی گەرمیان بە فەرمانی وەزارەتی تەندروستی کران بە نەخۆشخانەی فێرکاری. وەزیری خوێندنی باڵا (بەڕێز د.ئارام) بڕیاریدا بە خەرج کردنی بڕێک پارە بۆ دروست کردنی هۆڵێکی خوێندن لە ناو یان نزیک نەخۆشخانەی گشتی کەلار. بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان ڕایگەیاند کە شوێنیان نیە، دواتر پێشنیار کرا سەرووی هۆڵی نەشتەرگەری ناو نەخۆشخانە بکرێت بە هۆڵەکە، بەڵام ئەمە لەڕووی ژمێریارییەوە گونجاو نەبوو، لەبەرئەوە بینایەک نابێت سەر بە دوو وەزارەت بێت! دواتر ڕاگری ژمارە سێ بە داوای لە شارەوانی کەلار کرد کە پارچە زەوییەک لە نزیک نەخۆشخانە بۆ هۆڵەکە دابین بکات. بەڵام نەیتوانی دابینی بکات. دواتر داوای زەوییەک کرا بۆ بینای کۆلێج و نەخۆشخانە، ئەوەش دابین نەکرا. ڕایگەیاند کە زەوی لە نزیک شار نەماوە!!
٣- تاقیگەی پزیشکی: دوای دوو ساڵ لە فشار و قەیرانی دارایی. دواجار وەزارەتی دارایی (کاک ئاوات شێخ جەناب)، بە هاوکاری م.بێستون (سووتە) بڕیاردرا بە خەرجکردنی ٨٤ ملیۆن دینار بۆ جێ بەجێ کردنی پرۆپۆزەڵی تاقیگەی پزیشکی لە لایەن کۆلێجەوە داواکاری بۆ کرابوو.
٤- تاقیگەی لێهاتووی پزیشکیی: دەرخستەی ئەم تاقیگەیە چەندین جار ئاڕاستەی سەرۆکی زانکۆی ژمارە ٣ کرا، بەڵام بە ئەنجام نەگەشت. وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی (بەڕێز د.ئارام) لەسەر بودجەی خۆی نزیکەی ١٠٠ ملیۆن دیناری تەرخان کرد بۆ کڕینی ١٩ ئامێری پزیشکی بۆ خوێندکاران کە تێیدا لەبوارەکانی کلینیک و نەشتەرگەری و فریاگوزاری سودی لێ ببینن.
٥- پەیکەری کارگێڕیی کۆلێج: پاش هەوڵدانی زۆر لەسەردەمی سەرۆکی زانکۆی ژمارە ٣ لە ساڵانی ٢٠٢٢ تا ٢٠٢٤ هەوڵدرا ئەنجومەنی کۆلێج پێک بهێنرێت، بەڵام هەرجارە و بە بیانویەک سەری نەدەگرت. کە سەرۆکی زانکۆی ژمارە ٤ هات، ئیمزای لەسەر سەرۆکی بەشەکان کرد. ئەنجومەنی کۆلێج پێک ھاتبوو لەمانە: د.شێرکۆ نریمان سبحان (ڕاگر)، د.زەید جعفر سادق (یاریدەدەری ڕاگر)، د.اومێد احمد محمد (سەرۆکی بەشی فێرکردنی پزیشکی)، د.سیروان محمد امین (سەرۆکی بەشی زانستە بنچینەییەکان) و د.هیوا پێنجوێنی (سەرۆکی بەشی زانستە کلینیکییەکان).
دواجار پەیکەری کارگێڕیی کۆلێج تەواو پێکهێنا. م.خالد کە پێشتر لە تۆماری کۆلێج ڕۆڵێکی کاریگەری بینی، کرا بە لێپرسراوی سکرتارییەتی ڕاگر. لە هۆبەی تۆمار د.هیوا و م.احمد و م.ڕیاز و م.ڕۆز ڕۆڵێکی کاریگەریان بینی لە تۆمار و وەرگرتن و گواستنەوەی خوێندکاران. دواتر م.امجد و م.بیلالیش بە شێوەی فەرمانبەری گرێبەست لە تۆمار دامەزران.
کاک سیروانی ژمێریاری کرا بە لێپرسراوی هۆبەی خزمەتگوزاری. پێشتر کاک چیا بۆ ماوەی ساڵانێکی زۆر لێپرسراوی هۆبەی کارگێڕیی بوو، خزمەتێکی زۆری کرد، بەڵام لەبەرئەوەی فەرمانبەری گرێبەست بوو، وەک لێپرسراو نەمایەوە.
لێپرسراوی هۆبەکانی تر بەم شێوەیە بوون: م.احمد (هۆبەی دڵنیایی جۆری)، م. سنور (هۆبەی ئامار و ئای تی)، د.اسۆ فڵامرز (هۆبەی تۆمار)، د.دیار (هۆبەی تاقیگەکان)، د.شاخەوان لەتیف (هۆبەی زانستی و خوێندنی باڵا).
٦- پرۆسەی دانپێدانان: لیژنەیەکی سێ کەسی پێکهێنرا لە کۆلێج کە بریتی بوون لە د.اومێد و د.سیروان محمد امین و د.ئاسۆ فڵامرز کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە کۆلێجی پزیشکی زانکۆی کوردستان بەشدارییان کرد لە ۆرکشۆپی دانپێدانانی کۆلێجە پزیشکییەکانی عێراق لە لایەن ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ دانپێدانانی کۆلێجە پزیشکییەکانی عێراق (NCAMC). کە هاتنەوە ۆرکشۆپیکی سێ کاتژمێریان لە کۆلێج ئەنجامدا، سەرۆکایەتی زانکۆ بانگ هێشتا کران، تەنها یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی (د.یادگار) ئامادە بوو! زانیاری ۆرکشۆپەکە لە بابەتێکدا لە سایتی ئاوێنە خرایە روو.
https://www.awene.com/article?no=21329&auther=1512
٧- لیستکردنی کۆلێج لە ڕێکخراوە جیهانییەکان: کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیان لە کاتی خۆپیشاندان خوێندکاران و ئەو کێشانەی باسکران، لە ڕێکخراوی جی ئێم سی بریتانی (GMC) و ڕێکخراوی جیهانی کۆلێجە پزیشکییەکان (WDOMS) لیست کرا.