عەبدی ڕێچکەی قازی دەگرێت؟

د. شێرکۆ سوبحان
  2026-01-22     142

دیارە بنیاتنانی (کۆمەڵگەی دیموکراتیک) لەسەر بنەمای (برایەتی گەلان) بۆ ماوەی ١٥ ساڵ و (کۆماری مەھاباد) لەسەر بنەمای (دەوڵەتی نەتەوەیی کورد) بۆ ماوەی ١١ مانگ، لە ڕووی مێژووییەوە هاوشێوەیی زۆری تێدا بەدی دەکرێت. بەڵام لەڕووی واقیعی و ئایدۆلۆژییوە بەراورد کردنیان ئەستەم دەبێت. ئەمیان لەسەر بنەمای برایەتی نێوان گەلانی کورد و عەرەب و سریانیە، ئەویان لەسەر بنەمای نەتەوەیی کورد بووە. هەردووکیان لەلایەن زلهێزەکانەوە بەکارهێنراون. ئەمانیش ویستوویانە لەڕووی سیاسیەوە زلهێزەکان بەکاربێنن بۆ پیادەکردنی ئایدۆلۆژیای خۆیان، چی دەوڵەت نەتەوە بێت یان برایەتی گەلان. 

 

لێرەدا، بە لەبەرچاوگرتنی سیاسی ئەمریکا و تورکیا لەلایەک، و هۆکاری هۆزگەرایی لەلایەکی ترەوە، بە شێوەیەکی زۆر سادە و ڕووکەشانە سێ سیناریۆ هەیە کە یەکێکیان بۆ کورد وەک نەتەوە ڕەنگە زۆر زیانی دەبێت، بەڵام دوو سیناریۆکەی تر کۆمەڵگەی دیموکراتیک و برایەتی گەلان وەک ئایدۆلۆژیا شکست دێنێت، بەڵام کوردی تێدا نابێتە قوربانی و لەناوچوون و لەدەستدانی جوگرافی. 

 

سیناریۆی یەکەم: شەڕکردن و بەرخودان تا دوا فیشەک. بەداخەوە ئەم سیناریۆ ئەگەری زۆری هەیە ببێتە هۆی قڕکردن و جینۆساید و ڕاگواستنی گەلی کورد، باشترین بەڵگە عەفرینە، کە شەڕکردن بووە هۆی لەدەستدانی عەفرین بۆ هەتا هەتایە. یاخود هاوشێوەی کۆبانێ دژی داعش کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێنە دەنگ و فیدرالی جوگرافی بەدەست بهێنن. 

 

سیناریۆی دووەم: هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە لە ناو سوپای سووریادا. ئەمە دەبێتە هۆی لە باربردنی فەلسەفەی (کۆمەڵگەی دیموکراتیک و برایەتی گەلان) و جێگرتنەوەی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسیی و عروبە. لەم سیناریۆیەدا پێشەواکانی هەسەدا کار لەسەر فەرمانی ١٢ ی سەرۆکی کۆماری سوریا بکەن کە تێیدا کەمێک مافی کوردی تێدا دراوە. بەڵام لێرەدا ڕەنگە زۆربەیان ببنە قوربانی گرتن و دادگاییکردن و تۆمەت بۆ دروست کردن لەلایەن دەزگای هەواڵگری سوریاوە. 

 

سیناریۆی سێیەم: هەسەدە وەک پەکەکە چەک دابنێ و ڕێگەیان پێ بدرێت بە ئارەزوو مەندانە ووڵات جێ بهێڵن.

 

پێ دەچێت سیناریۆی کۆتایی پرگماتیکی و لۆجیکیانە بێت. چونکە هەم سەرکردایەتی هەسەدە و هەم ڕۆڵەی کورد بە زیندوویی دەمێننەوە. ڕاستە ئەمە شکستێکی تاڵە وەک خواردنەوەی ژەهر وایە. بەڵام لەڕووی سیاسیەوە شکستێکی کاتی دەبێت، و باشترە لە کارەسات و جینۆساید و سڕینەوەی جوگرافیای کوردستانی ڕۆژئاڤا. 

 

بیریشمان نەچێت، فەلسەفەی بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و برایەتی گەلان، لەسەر بنەمای ئارەزوومەندانە و قبوڵکردنی یەکدی و پەیمانی کۆمەڵایەتی نێوان کانتۆنەکان و خەڵکی عەشایر دروست بووە. کە خەڵکی عەشایر ڕازی نەبن بەم فەلسەفەیە، بە زۆر نابێت. بەڵام لەفەلسەفەکەش مافی بەرگریی کردن دراوە بە هەسەدە تا دەگاتە ئامانج. 

 

بۆیە هەردوو کۆماری مەھاباد و ڕۆژئاڤا هەردووکیان لە نێوان دوو ڕێیانی دژ بەیەک و دوو زستانی سەختی هاوشێوەدان. بەڕای من هەر کام سیناریۆ هەڵبژێرن، فەلسەفەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بۆ هەتا هەتایی وەک زیندوو دەمێنێتەوە و ڕەنگە لە داهاتوودا دووبارەش ببێتەوە. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×