دەربارەی پەرەسەندنی زمان و زیندەوەران 

د. شێرکۆ سوبحان
  2026-05-04     155

پرۆفیسۆری یاریدەدەر زانکۆی گەرمیان 

 

 زمانیش وەک زیندەوەران پەرەی سەندووە. وەک چۆن ئۆتۆمبێل، فڕۆکە، جلوبەرک، پێڵاو، سەروێن، گومەزی، مەکتەب، مزگەوت، کەنیسە، زانکۆ، بازاڕ، جانتا، خانوو .... هتد.. پەرەیان سەندووە، ئاواش زمان و زیندەوەران پەرەیان سەندووە. 

 

زمانیش وەک زیندەوەران تووشی لە ناو چوون دەبن، هەروەک چۆن بەپێی زانستی شوێنەوارزانی کۆن (ئارکیۆلۆجی) سەدا ٩٥ ی زیندەوەرانی سەرزەوی لەناوچوون، ڕەنگە بۆ زمانیش ڕاست بێت، بەڵام لەکۆندا کە زمانێک لەناوچوو، ئەگەر نووسرابێت یان دەماودەم نەگێڕدرابێتەوە بۆ نەوەکانی دوای خۆی، ئیتر وەک ئەوە وابێت نەبووبێت. 

زمان وەک زیندەوەران بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە، هەروەک چۆن بەردەوام گۆڕانکاری بۆماوەیی لە زیندەوەران ڕوودەدات، ئاواش زمان گۆڕانکاری بەسەردا دێت، تاوەکو لەگەڵ بارودۆخی سروشتی سەرزەویی خۆی بگونجێنێت، ئەگەرنا لەناودەچێت. هەروەک چۆن زیندەورێک ئەگەر خزمەت نەکرێت، ئاواش ئەگەر زمانێک خزمەت نەکرێت و بەکارنەهێنرێت، دواجار لەناو دەچێت.

 

خۆی نەزانین لە تیۆرەی پەرەسەندن (ئیڤۆلیوشن) واتا نەزانین لە کۆی کایەکان و تێنەگەیشتن لە ژیان و بوون. تێگەشتن لە پەرەسەندن واتا تێگەشتن لە پێشینەی هاوبەش (ڕەگی هاوبەش). هیچ زمانێک لە هیچ زمانێکی ترەوە نەهاتووە، بەڵکو هەر چەند زمانێک هەمان پێشینەی هاوبەشیان هەیە، بۆ نموونە ئەڵمانی و ئینگلیزی هیچیان بەهیچیانەوە نەهاتوون، بەڵکو هەردووکیان، پێش ئەوەی لەیەک جیا ببنەوە، هەمان ڕەگی هاوبەشیان هەیە. ئەمەش بۆ زیندەوەران ڕاستە، هەروەک چۆن مریشک و سوێسک لەیەکەوە نەهاتوون، بەڵکو هەردووکیان هەمان پێشینەی هاوبەشیان هەیە. هەروەک چۆن دوو ئامۆزا لەیەکەوە نەهاتوون، بەڵکو هەردووکیان هەمان ڕەنگیان هاوبەشیان هەیە کە باپیریان باپیریانە، بەڵام باوکیان جیاوازە. هەروەک چۆن دوو لقی درەخت لەیەکەوە نەهاتوون، بەڵکو هەردووکیان هەمان قەدیان هەیە. 

 

چی هەیە وەک خۆی مابێتەوە و بمێنێتەوە و لە پرۆسەی پەرەسەندندا نەبێت؟! ئایا تاوان و دزی و فێڵ و کاسپی و سەرمایەداری پەرەی نەسەندووە؟ چی پێویست بە سەلماندن دەکات، لەکاتێکدا ڕۆژانە خۆمان دەبینین شتەکان پەرەدەسێنن؟ ئایا پەیوەندی کۆمەڵایەتی و هاوڕێیەتی پەرەی نەسەندووە؟ داوەت و نان خواردن وەک ١٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا وەک خۆی ماوەتەوە؟ ئایا نەخۆشی پەرەی نەسەندووە؟ لە دایک بوون و ژیان و هەڵسوکەوت وەک خۆی ماوەتەوە؟ تاکە شتێک وەک خۆی ماوەتەوە ئەویش مردنە مردن! 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×