پرۆفیسۆری یاریدەدەر زانکۆی گەرمیان
ئاماژە پێکردن یان سایتەیشن:
سایتەیشن واتە بەکارهێنانی توێژینەوەی ئەوانی تر لە توێژینەوەی زانستیدا. بە واتایەکی تر، کاتێک توێژەر توێژینەوەیەک دەنوسێت، پێویستە سایتەیشن بۆ توێژینەوەکانی پێشووی خۆی بکات کە لەو بوارەدا ئەنجام دراون. زۆرجار ژمارەی زۆریی سایتەیشن بۆ بەنرخ دانانی توێژینەوە دادەنرێت. تەنانەت وەک پێوەرێک دادەنرێت بۆ ئاست بەرزی توێژەر و خەڵاتکردنی و دۆزینەوەی هەلی کار لە جیهاندا.
دیاریکردنی ئاست (ڕانکینگ) ی زانکۆکان و توێژەران:
لە جیهاندا پێوەرەکانی وێب ماتریک پشت بە ژمارەی سایتەیشن دەبەستێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی زانکۆکان. لە کوردستان، زۆری ژمارەی توێژینەوە و سایتەیشن وەک پێوەرێکی گرنگ دادەنرێت بۆ دیاریکردنی ئاستی توێژەر، کە ئەمەش دواجار مایەی گاڵتە جاڕی دەبێت، زیاتر لەوەی پێوەرێکی دادپەروەرانە و ئەکادیمی و زانستی بێت، لەبەرئەوە زۆری ژمارەی سایتەیشن، نەک هەر توێژەر بەرەو داهێنان نابات، بەڵکو ڕۆحی داهێنانی تێدا دەکوژێت، بە شێوەیەک توێژەر ئەوەندە خەریکی کۆکردنەوەی ژمارەی سایتەیشنە، ئەوەندە بیر لە داهێنان ناکاتەوە.
ئایا سایتەیشن پێوەرە بۆ داهێنان؟
لێرەدا سێ نموونەی زانای بەناوبانگی جیهان دێنمەوە کە بۆچوونی جیهانیان بەتەواوی گۆڕی کە ئەوان یەک یان دوو توێژینەوەیان گرنگیان وای کرد ببنە خاوەنی بەنرخترین خەڵات لە جیهاندا:
یەکەم: ئەنیشتاین، دوو توێژینەوەی دنیای گۆڕی کە ئەو کات سایتەیشنی نەبوو، واتە کەس بەکاری نەهێنا، کەچی دوایی خەڵاتی نۆبڵی لە فیزیا وەرگرت. دوو توێژینەوەکەش یەکێکیان لەسەر وزە و بارستە بوو. ئەوی تریان لەسەر هەڵسوکەوتی فۆتۆنی ڕووناکی بوو. ڕەوتی زانستی فیزیا لە جیهاندا لەسەر ئەم دوو توێژینەوە گۆڕانکاری بەسەرهات.
دووەم: پیتەر هگز، کە تەنها بە یەک توێژینەوەی خەڵاتی نۆبڵی لە ساڵی ٢٠١٣ لە فیزیا وەرگرت، کە لە توێژینەوەکەدا لە ساڵی ١٩٦٠ پێشبینی تەنۆلکەی خودایی (God particle) کرد. ژمارەی توێژینەوە و سایتەیشنی ئەم زانایە بە قەد توێژەرە نایابەکانی زانکۆی گەرمیان نابێت!!
سێیەم: ماری برانکۆ، کە خەڵاتی نۆبڵی پزیشکی لە ساڵی ٢٠٢٥ لەگەڵ دوو زانای تر وەرگرت. ئەم زانایانە توانیان وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە کە بۆچی خانەکانی لەش هێرش ناکەنە سەر خودی لەشی خۆمان؟! دوای دەیان ساڵ ئەم توێژینەوانە، نەک هەر سایتەیشنی بۆ نەدەکرا، بەڵکو لە جیهاندا بڕوایان پێ نەهێنرابوو.
ژمارەی سایتەیشنەکانی ماری برانکۆ بە قەد توێژەرە نایابەکانی زانکۆی گەرمیان نیە کە زانکۆ خەڵاتیان دەکات! بە هەر سێکیان، سایتەیشنیان بە قەد سێ توێژەری زانکۆی دایک نابێت! کەواتە ژمارەی سایتەیشنەکان گرنگ نیە، بەنرخی توێژینەوە گرنگە تا چەند سودی بۆ مرۆڤایەتی دەبێت. هەربۆیە لێرەدا زۆری ژمارەی سایتەیشن ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبێتەوە.
ڕەخنەکان لە سایتەیشن:
سایتەیشنی خودی: گرنگی دان بە زۆری ژمارەی سایتەیشن، وا دەکات توێژەران سایتەیشنی ناپێویست بۆ توێژینەوەکانی خۆیان بکەن، بەمەبەستی زۆربوونی ژمارەی سایتەیشن.
سایتەیشنی هاوڕێیانە: کۆمەڵێک توێژەر کۆدەبنەوە بە ناوی هەرەوەزیی زانستی، ڕێک دەکەون کە توێژینەوەکانی یەکتر سایتەیشن بکەن. توێژینەوەمان لە گەرمیان لەسەر نەخۆشی زامی بەغدادی ئەنجام داوە کە زیاد لە ٥٠ جار لە گشت کیشوەرەکانی جیهانەوە سایتەیشن کراوە. لە ئیکوادۆرەوە سایتەیشنی بۆ کراوە، کەچی توێژەرێکی تری دەڤەری گەرمیان، پاش ئێمە توێژینەوەی هاوشێوەی ئەنجام داوە و لە توێژینەوەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە یەکەم جارە لەناوچەکەدا توێژینەوە لە سەر نەخۆشییەکە ئەنجام دەدرێت، بە بێ ئەوەی سایتەیشن بۆ توێژینەوەکەی ئێمە بکات!!
سایتەیشنی هەڵە: توێژەران بە هەڵە سایتەیشن بۆ توێژینەوەکانی ئەوانی تر ئەنجام دەدەن کە پەیوەندی زانستی و لۆژیکی نییە.
سایتەیشنی نەرێنی: ڕەخنەی نەرێنی لە توێژینەوەیەک وا دەکات ژمارەی سایتەیشنی زۆر بێت، کە خۆی لە ڕاستیدا توێژینەوەکە گرنگ نیە، بەڵام ڕەخنەکان وا دەکەن سایتەیشنی نەرێنی زۆر بێت، بەمەش وا دەزانرێت کە توێژینەوەکە گرنگە.
سایتەیشنی کەسانی بەناوبانگ: هەندێک توێژەر بەناوبانگ دەبن، ئەمەش وا دەکات توێژینەوەکانی زیاتر سایتەیشن بکرێن، بێ ئەوەی ناوەڕۆکی توێژینەوەکانی بەنرخ بێت.
نادادپەروەری لە نێوان بوارەکان: هەندێک بوار هەیە، بۆ نمونە ماتماتیک، ژمارەی سایتەیشنی کەمترە لە بواری پزیشکی، کە ئەمەش دەبێتەهۆی نادادپەروەری، لەکاتی بەروارد کردنی دوو توێژەر لە دوو بواری جیاوازدا.
دەرەنجام: بۆمان دەردەکەوێت زۆری ژمارەی سایتەیشن وەک پێوەرێک بۆ بەنرخ دانانی توێژینەوە و خەڵاتکردنی توێژەر، جگە لە کوشتنی داهێنان و خۆدەرخستن شتێکی ئەوتۆ ناهێنێتە کایەوە کە بەرەو داهێنان شۆڕمان بکاتەوە، بە پێچەوانەوە وا لە توێژەر دەکات دوور بێت لە داهێنان و هەر سەرقاڵی کۆکردنەوەی ژمارە بێت. هەر بۆیە زۆری ژمارەی سایتەیشن و فاکتەری کاریگەریی، لەیەک کاتدا مایەی نیگەرانی و گاڵتەجاریشە بۆ توێژەران. هەق وایە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەم گاڵتەجاریە ڕابگرێت. لە یاسای خوێندنی باڵادا هیچ باسی ژمارە نەکراوە، تەنها باسی توێژینەوەی ڕەسەن کراوە. ناکرێت ڕێنمایی دژی یاسا دەربکرێت، بەڵکو پێویستە ڕێنماییەکان توێژەر بەرەو داهێنان ببەن.