پرۆفیسۆری یاریدەدەر زانکۆی گەرمیان
بە پێی یاسای ڕاژەی زانکۆیی (ژمارە ٢٣ ی ساڵی ٢٠٠٨) ی عێراق کە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پابەند دەکات بەو یاساییە، لەبەرئەوەی ئەم یاسایە لە لایەن سەرۆکی کۆمارەوە واژۆ کراوە، پشووی هاوینە وەک پشووی ئاسایی سەیرکراوە و پێویستە لە ماوەی ٦٠ ڕۆژی پشووی هاوینە (١-٧ تا ١-٩) مووچەی تەواو (راتب کامل) بە مامۆستایانی زانکۆ بدرێت. مووچەی تەواویش بریتییە لە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵەکان.
بە پێی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت (ژمارە ٢٢ لە ساڵی ٢٠٠٨) ی عێراق، دەرماڵەی مەترسی بەستراوەتەوە بە ناونیشانی پیشەیی مامۆستاوە، نەک پسولەی سەندیکا و ئامادەبوونی لە نەخۆشخانە و تاقیگەکان.
بەپێی یاسای ڕاژەی شارستانی (ژمارە ٢٤ لە ساڵی ١٩٦٠) نابێت لە پشووی فەرمی و ئاسایی دەرماڵەی فەرمانبەر ببڕدرێت.
ئەوەی جێگای سەرنجە، لە زانکۆکانی کوردستان (بە تایبەت ئەوەی من ئاگادارم لە زانکۆی گەرمیان) ساڵانە بە بیانوی پشووی هاوینە، دەرماڵەی مەترسی مامۆستایان دەبردرێت. دەرماڵەی مەترسی و خۆتەرخانکردنی زانکۆیی و بڕوانامە و نازناوی زانستی، ئەمانە دەرماڵەی جێگیرن، لە پەرلەمانەوە بە مامۆستا دراوە. کەس ناتوانێت بە نوسراوێک یان ڕێنماییەک بیبڕێت. ئەم دەرماڵانە پەیوەندی بە بڕوانامەوە هەیە. پێویستە کەسانێک لە شوێنی هەستیاری زانکۆکان دابنرێت کە لە بڕوانامە تێ بگات، با خۆی بڕوانامەکەی هەرچی بێت!! دەرماڵەی مەترسی کەسانی تەکنۆکرات دایناوە تۆ (چیت) بێی داوای خشتەی ئامادە بوونی دکتۆر بکەیت لە نەخۆشخانە؟؟!! خەرجکردنی شایستەی دارایی لە پشوودا، جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ حکومەتەکانی پابەند کردووە کە نابێت لە پشوودا ببڕدرێت، دووبارە تۆ چیت؟! نەک کێیت!!
ئەم لێبڕینە سەرلەبەری نایاساییە، وە لەکاتی سکاڵای هەر مامۆستایەک لە دادگای کارگێڕیی، دەبێت سەرۆکی زانکۆ، یاریدەدەری کارگێڕی و بەڕێوەبەری ژمێریاری بەرپرسیارێتی هەڵگرن، لەبەر ئەوەی لیستی مووچەی مامۆستایانی زانکۆ لە دەسەڵاتی کۆلێجەکان دەرکراوە و خراوەتە ئەستۆی سەرۆکایەتی زانکۆ.
سەرەڕای ئەمانەش لە پشووی هاویندا (١-٧ تا ١-٩) بە بێ تەکلیف کردنی مامۆستا بۆ ڕاسپاردنی کار (تاقیکردنەوە، تەسڵیح، هتد) یاسا ڕێگا نادات مامۆستا دەوامی پێبکرێت یان یەک خولەک کار بۆ زانکۆ بکات! تەکلیف کردنیش تەنها دوو ساڵ بەسەر یەک دەبێت، ساڵی سێیەم نەک سەرۆکی زانکۆ، بەڵکو تەنها وەزیر بە ڕەزامەندی مامۆستا خۆی دەتوانێت تەکلیفی مامۆستا بکات بۆ ڕاسپاردنی کارێک بەرامبەر بە شایستەیەکی دارایی کە لە ٧٥ سەعاتی کاتژمێری زێدەگی زیاتر نەبێت.