دەوام کردن لە پشووی هاویندا، غەدرێکی ئاشکرا لە فەرمانبەر 

د. شێرکۆ سوبحان
  2026-07-19     73

پرۆفیسۆری یاریدەدەر زانکۆی گەرمیان 

 

پاش ئەوەی لە بابەتی پێشوودا ڕوونمان کردووە چۆن زانکۆکانی کوردستان (بە تایبەت زانکۆی گەرمیان) غەدر لە مامۆستا دەکەن، ئەمەش بێ گوێدانە یاسای ڕاژەی زانکۆیی و شارستانی، لە پشووی هاویندا دەوام بە مامۆستا دەکەن و دەرماڵەی دەبڕن کە یاساکانی پەرلەمان پێی داون. 

 

لێرەدا ڕوونی دەکەینەوە کە چۆن سەرۆکی بەش و بەڕێوەبەر و لێپرسراوی هۆبەکانی کارگێڕیی فەرمانبەران تەکلیفی هاوین دەکرێن، بەڵام شایستەی دارایی ٧٥ کاتژمێریان بۆ خەرج دەکرێت.

 

 ئەوەی جێی سەرسوڕمانە کە سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرەکانی (زانستی و کارگێڕی) و ڕاگرەکان خۆیان مووچەی دوو قات وەردەگرن لەو مانگەی تەکلیف دەکرێن کە ئەمە بە پێی یاسا هەقی خۆیانە. بەڵام خۆ یاساکە هەق بە بەڕێوەبەر و سەرۆکی بەش و لێپرسراوی یەکە کارگێڕیەکانی زانکۆ دەدات کە ئەوانیش بە هەمان شێوە مووچەی دوو قات وەرگرن! بە چی لۆجیکێک ئەم جیاوازییە دەکرێت؟ !

 

هەر بەپێی یاسای ڕاژەی زانکۆیی ژمارە ٢٣ ی ساڵی ٢٠٠٨، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی (ژمارە١٠٩٠٤ ) ئاڕاستەی زانکۆکانی کردووە لە ٢-٧-٢٠٢٦، زانکۆکانی ناچار کردووە کە مووچەی دوو قات بۆ لێپرسراوی یەکە کارگێڕیەکان خەرج بکرێن. هەر بەپێی یاساکە، بەڕێوەبەر، سەرۆکی بەش و لێپرسراوی هۆبە یەکەی کارگێڕین. سەرەڕای ئەمانەش، فەرمانبەری ئاسایی ١٢ مانگە دەوام دەکات، سوپاس و پێزانین و خەڵاتکردنی یاسایی بەگوێرەی پێویست نیە. هەر دەڵێن قەیرانی داراییە، کەچی زانکۆکانیش تا دێت داهاتیان زیاتر دەبێت و خوێندکاری پاراڵێل زیاتر دەبێت. مووچەش لە بەغداوە دێت! 

 

لە ئەنجامدا، بە پێی لۆجیک، یان دەبێت یاساکە بۆ هەمووان وەک یەک بێت، یان نابێت جیاوازی بکرێت. واتا یان دەبێت هەمووان ٧٥ کاتژمێر تەکلیف بکرێن، یان هەمووی دەبڵ مووچە. بۆیە پێویستە خولێک لە زانکۆکانی کوردستان بکرێتەوە بۆ فێربوونی لۆجیک، ئەمەش بۆ ڕێگە گرتن لە نادادپەروەری. 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×