کورد و پێکدادانەکانی  ئێستا 

فارس نەورۆڵی
  2025-06-14     164

  شەڕی ئەم جارەی نێوان ( ئیسرائیل-ئێران) چی بە ناوچەکە و ئێمەی کورد دەدات؟ھەر چۆنێک بێت ئەم جەنگە نەخشەیەکی نوێ لەگەڵ خۆیدا دەھێنت و ئیتر ھێزەکانی ئەم ناوچەیە ھیچیان وەکو خۆیان نامێننەوە و ھەندێکیان دەبن بە مێژوو و ھەندێکیشان بۆ دەیان ساڵی تر باڵ بەسەر ناوچەکەدا دەکێشن... لەگەڵ ئاماژەیە بەکۆتایی ھاتنی جەنگی غەزە، دەبینین جەنگی ئیسرائیل و ئێران پێیی نایە قۆناغێکی ترسناکەوە و دەبێت یەکێکیان بەلایەکدا بکەون... ئەگەر ئەم شەڕە بەردەوام بێت ئەوا ھیچ گومانێک ھەڵناگرێت ھەموو ناوچەکە دەگرێتەوە و دوورنیە جەنگی جیھانی سێیەمی لێ نەکەوێتەوە و تەواوی جیھان بگرێتەوە، کاریگەری سیاسی و ئابوری و ژینگەی خراپ لەتەک خۆیدا دێنێت، بەتایبەتی ئەگەر چەکی ئەتۆم بەکار بھێنرێت، لەلایەکی دیکەوە پێشبینی دەکرێ ئەم شەرە لەکورتترین کاتدا کۆتایبێت و ئامانجێکی سیاسی دبلۆماسی ھەبێت بۆ گفتوگۆکانی ئێران ئەمریکا  ھەر چۆن بێت داھاتوی ناوچەکە ھەموی دەگۆڕێ، بۆیە دەبێت حکومەت و ئۆپۆزسیۆن لە ھەرێمی کوردستان زۆر ھەستیار و وشیارانە مامەڵە بکەن، چونکە ئێمە نزیکایەتییەکی جوگرافی و فەرھەنگیمان لەتەک ئێران ھەیە و بەشێک لەکورد و خاکی کوردستان لەناو ئێران دایە کەلەدیدی منەوە ڕاو سەرنجی کورد لەم خاڵانەدا خۆی بەرجەستە بکات ..
١- بەھێزکردنی بەرەی ناوخۆ، چونکە ھەلومەرجێک ھاتوەتە پێش ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات یەک ئەرکیان ھەیە لەم قۆناغەدا  ئەویش دورخستنەوەی شەڕ لەھەرێم و دابین کردنی ژ یان وگوزەرانی خەڵک  .
٢- لەڕێگای دبلۆماسی و میدیاوە بە  ھەردو بەرەی شەڕ بڵێ ئێمە لەبەرەی شەڕنین و خواستمان ئاشتیە.
٢- پێویستە عێراق و ھەرێم خوێندنەوەیەکی نوێیان بۆ پەیوەندیەکانیان ھەبێت.
٣- پێویستە میدیای کوردی لەخۆیەوە تێنەکەوێت، ھوشیاربێت خۆی نەکاتە لایەنگری ھیچ بەرەیەک وەک واقیع ھەواڵەکان بگوازێتەوە شیکردنەوەو بەدوادا چونی بۆ بکات .
٤- ھەرێم ھەموو ئامادەکارییەک بکات بۆ لێکەوتەکانی ئەوشەڕە.
 ٥- دەبێت ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات یەک ڕۆڵیان ھەبێت ئەویش ڕۆڵی نیشتیمانییە ، دواجار دەبێت ھەموو لایەنەکان بزانن ئەمە شەڕە شەڕی چارەنووسێکە کە گۆڕانکاری خێرا بەدوای خۆیدا دەھێنێت، ئەمە شەڕە بەپلەی ئیمتیاز بۆ گۆڕینی ھەندێک دەوڵەت و گروپی جیاجیایە، بۆیە نابێت ھیچ لایەک بەھەڵە ڕەخنە و بۆچوونی بێ ناوەرۆک  دژی ھیچ بەرەیەکی شەڕەکە ئاراستەبکات، ئێستا ھەرێم دوو دامەزراوەی ھەیە سەرۆکایەتی ھەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت ئیتر لای تۆ ماوە بەسەرچوە یان بەسەرنەچووە   دەبێت وەک واقیعی حاڵ مامەڵە بکرێت پێویستە سیاسیانە ھەموو لایەنەکان و لێکەوتەکانی شەڕەکە بخوێننەوە، سیاسەتیش تێگەیشتنە لەواقیع وەک خۆی، واقیع ئەوەمان پێ دەڵێ بەرەی ناوخۆیی کوردی پێویستی بەیەکانگیرییەک ھەیە ئەگەر کاتییش بێت .دەبێت کورد لەم ھەرێمەدا کار بۆ خۆگونجاندن بکات لەگەڵ ئەم جەنگەدا کە بێگومان دەبێت ئەو ئامانجەمان ھەبێت تا دەستکەوتی گەورە   بۆ ئایندەی خۆمان بەدەست بخەین دواجار دەبێت بزانین شەڕ سێ پیتە (ش. ە . ڕ)  بەڵام ھەر پیتێکی ھەزاران کاولکاری و ماڵ وێرانی لەتەک خۆیدا دێنێت بەوھیوایەی شەڕ نەگاتە ئاستێک ناوچە کە بەتەواوی وێرانکات .

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×