میدیا بەگشتی ھەر لەتەلەفیزۆن و ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان، لەسەردەمی جەنگدا ئەرکێکی نیشتیمانی و ئەخلاقی و پیشەییان دەکەوێتە ئەستۆ، چونکە لەکاتی جەنگدا تەنیا ئەرکیان گواستنەوەی ھەواڵ و زانیارییەکان نیە، میدیا ھۆکارێکی کاریگەری ناو جەنگەکانەو ھێزی ئاراستەکەری ڕای گشتی یە، ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی ھەیە لەبەرزکردنەوە یان ڕوخاندنی ورە و باوەڕی خەڵکدا، دەتوانێ پەشێوی و نائارامی لە دەرونی کۆمەڵگادا بەئاسانی دروست بکات و دەشتوانێ ڕێگا لەئاشوب بگرێت، چونکە میدیا جگە لەوەی ھەواڵەکان دەگوازێتەوە لەھەمان کاتدا دەشیانکات بەواقیع، بۆیە پەیوەندی نێوان میدیا و جەنگ پەیوەندیەکی ئاڵۆزە و میدیا دەکرێ تەواوکەری جەنگ بێت، ببێتە ھۆکاری سەرکەوتن بۆ مێژوو، بۆیە میدیا ئەرکی زۆر و گرنگی لەئەستۆدایە، لێرەدا بەکورتی لەچەند خاڵێکدا دەیخەمەڕوو.
١- گواستنەوەی ھەواڵ و زانیاری بە ھوشیاری و ڕاستگۆیی و دوور لەلایەنگیری و پیشەییانە بێت.
٢- نیشاندان و پێشێلکارییەکانی جەنگ دژ بە مافی مرۆڤ.
٣- گەیاندنی دەنگی ستەملێکراو زیان لێکەوتوانی جەنگ و نیشاندانی چیرۆکەکانیان بەڕای گشتی جیھان.
٤- شیکردنەوەو تەفسیری ڕووداوەکانی جەنگ بەھاوسەنگی، بۆ ئەوەی خەڵک وەک خۆی لەڕووداوەکان تێ بگات.
٥- ڕێگا گرتن لەزانیاری درۆ و چەواشەکارانە کەئامانجی تێکدانی دەروونی خەڵک و ئاشتی کۆمەڵایەتیە بەتایبەتی میدیای کوردی، دەبێت بەرپرسیارانە لەسەر ئەم خاڵە ڕاوەستێ چونکە گەلی کورد شەڕێکی دەروونی ھەمەلایەنەی لەسەرە.
٦- پاراستنی بەھا مرۆیی و ئەخلاقیەکان و ڕێزگرتن لەکەرامەتی خەڵک. خۆ دورخستنەوە لەنیشاندانی توندوتیژی .
٧- تۆمارکردنی ڕووداوەکان وەک خۆی بۆ ئەوەی لەداھاتوو سودی لێ وەرگیرێ بۆ بریاڕدانی مێژوو .
لەکۆتایدا دەبێت میدیای کوردی ئەوە بزانێ ئەگەر چی ئێمە بەشێک نین لەجەنگ بەڵام کە جەنگ نزیکت بوو ئەو بەشێکە لەتۆ، بۆیە گرنگە خۆپارێزی لەجەنگ بەزمانێکی ئەقڵانی .