وەڵامی ئێمە لەکوێداین؟ پێچ و پەنای ناوێت ئێمە لە دۆخێکی ھێجگار چەقبەستووی سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیری و کێشەی جۆراو جۆرداین، کە ھۆکاری دەرەکی و ناوخۆیی ھەیە، بۆیە ئێمە لەپاشەکشەیەکی ترسناکی سیاسی و ئابوری و ھەڵوەشاندەوەی کۆمەڵایەتیداین، کەس نیە ئەم ڕاستیە نەزانێ. سەبارەت بەوەی چیبکەین کورد دەڵێ (دۆست ئەوەیە دەمگرێنێ ) بۆیە پێویستە ئەوەی زاری گۆ دەکات زمانی دەگاتە گوێچکەی ھەر کەسێک لەم وڵاتە کارێکی بەدەستە لەھەر پۆست و پلەیەکدا بێت، لە دەسەڵاتبێ یاخو ئۆپۆزسیۆن، پێیان بڵێت برادەرینە لە دۆخێکی خراپداین بیر بکەنەوە، چارەسەریبکەن ھەتا وەک کەشتییەکەی تایتانیکمان بەسەرنەھاتووە، ئەوەی دەبێت ئێستا ھەنگاوی بۆ بنێین کورت و پوخت لەم خاڵانەدا خۆی دەبینێتەوە.
۱- پەیوەندی نێوان حزبەکان
پەیوەندی حزبەکان لە ھەردوو ئاستی ناوخۆی حزبەکان خۆیان و پەیوەندییان لەتەک حزبەکانی دیکەدا نا تەندروستی و نازانستی یە، لەنێو حزبەکانیشدا پەیوەندی پارتی و یەکێتی کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر کۆی کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری وڵات. مێژووی ناکۆکی یان جیاوازی پارتی و یەکێتی کۆنە، جارجار چارەسەرێکی ھێورکەرەوەی پێ دەبەخشن، بەڵام چارەسەرێکی یەکجارییان نەکردووە، کە شێوازی ململانێکە لە گومانەوە بگۆڕن بۆ حەقیقەت، واتە حەقیقەتی دیموکراتی و باوەڕ بە ئەنجامەکانی بۆ وەرگرتن و دەستاو دەستکردنی دەسەڵات، ئێستا پارتی و یەکێتی لە دۆخێکدان پێکەوە ناژین و بەبێ یەکتریش ناژین ، بۆیە ئێمە ھەر لەخولانەوەداین و پرۆسەیەکی گونجاو ناخەینە سەر ڕێگا، کەواتە پارتی و یەکێتی دەبێ کێشەکانی نێوانیان لە دەرەوەی تیۆری پیلانگێڕی چارەسەر بکەن و دواتر لەتەک حزبەکانی دیکەدا ڕێگایەکی نوێ بۆ ئیدارەدانی جیاوازییەکان دیاری بکەن.
۲- پێناسەکردنەوەی سروشتی پەیوەندیەکانی ھەرێم و بەغدا
ململانێکانی ھەرێم و بەغدا لەسەر داھاتی نەوتی و نا نەوتی و مادەی ١٤٠ بەردەوامە، کە دەبوو دەستور دادوەر بوایە لەم جیاوازیانەدا، بەڵام دەستور ناھێننە سەرمێزی گفتوگۆ، لێرەدا پێویستە ھەرێمی کوردستان یەک دیدی ھاوبەش بۆ گفتوگۆ ھەبێت، کە لە خزمەتی ھەرێمی کوردستاندا بێت نەک ھەر حزبە و بۆ خۆی بۆ دروشمبازی بروات بۆ بەغدا و بە خەڵک بڵێ بۆ موچە چووم کەچی موچەش نادرێ.
٣- چارەسەرکردنی گرفتی ئابوری
نەبوونی موچە کاریگەری زۆر خراپی لەسەر بنیادی کۆمەڵایەتی کردووە و بەردەوام ڕێژەی جیابوونەوەی ھاوسەرەکان لە زیادبووندایەو پرۆسەی ھاوسەگیری لەپاشەکشەدایە، ئەمەش کاریگەرییەکانی بۆ ماوەیەکی دوور بە خراپی لەسەر کۆمەڵگە دەمێنێتەوە. لە ھەمانکاتدا خەڵک باوەڕ و متمانەی بە پرۆسەی سیاسی ھەرێم نامێنێ بەداخەوە لێرەدا ئۆپۆزسیۆن لەبری نیشاندان و خستنەڕووی چارەسەر دێت ئیستغلالی دۆخەکە بۆ بانگەشەی حزبی دەکات، بۆیە چڕکردنەوەی داواکاری کورد لە موچەدا گورزێکی کەمەرشکێن لەھەرێم دەدات بێ جیاوازی.
٤- پێکنەھێنانی حکومەت
دواکەوتن و پێکنەھێنانی کابینەی نوێ سومعەی سیاسی ھەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و ناوخۆیی لەکەدار دەکات و دەیخاتە ژێر پرسیارەوە، بۆیە چەند پێکھێنانی حکومەت دوا بکەوێت کورد باجی زیاتری دەدات.
٥- ئازادییەکان .
جیھان لە دامەزران و پێکھێنانی پەرلەمان و حکومەتی کوردستاندا چاوەڕوانی ئەوەیان لە کورد ئەوە بوو، لەپرۆسەی دیموکراتی و ئازادیەکاندا ببێتە نمونەی باڵا بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، من شیکردنەوەی بۆ ناکەم تەنھا ئەوە نەبێ دەڵێم با پرسیار لەخۆمان بکەین ئێستا لەکوێداین؟
٠٦ پەیوەندی دپلۆماسی :.
پێویستە ھەرێم ئەوپرسیارە لەخۆی بکات پەیوەندی دپلۆماسی ھەرێم لەئاستی جیھان و ناوچە کە لەچی دۆخێکدایە ؟
٠٧ گۆڕانکارییەکان :.
جیھان باس لەگۆڕانکاری خێرادەکات لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست نابێ ئێمە لەدۆخی ئەوشیعرەدابین کەدەڵێ ( دنیا لەچاوەڕوانی و شیرین تەشی دەڕێسێ ) پێویستە ھەموحیزبەکان ھەست ھەستیاری و بەر پرسیاریەتی ئەم قۆناغە بکەن لەناوخۆ چی جیاوازیەکیان ھەیە ئەوەلەخانەیەک داینێن بەرامبەر ئەگەری گۆڕانکارییەکان یەک گوتار بن .
٠٧ یەک حکومەت یەک نیشتمان یەک ھێز٠
ئێمە ھەتا ئێستا لەدۆخی دوو ئیدارەیی و دوو بڕیاریداین لەکاتێکدا دروشمی ھەموو لایەنەکان لەبانگەشەدا ( یەک حکومەت، یەک نیشتمان، یەک ھێز) بەردەوامی ئەو دۆخەو یەکنەگرتنی ھێزە جیاجیاکانی ھەرێم و نەسڕینەوەی ئاسەواری دوو ئیدارەی ھەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی ھەرێم و لەبەردەم ڕەشەبای گۆڕانکاریەکاندا تەفروتونا دەبین، لێرەدا ھەر حزب و کەسایەتیەک و دۆستێکی ئەم نەتەوە مەزڵومە کارێک بکات لەم قۆناغە داخراو دابڕێنەرەدا کورد دەرباز بکات دەچێتە دڵی مێژوەوە .ئیتر ئەوە وەک دەڵێن ئەسڵی کێشە کەو ڕێگای چارەسەرییەکەیە، کە پێویستی بە ئەنتی تێز ھەیەو پێویستی بە ئەنتی ڤایرۆس ھەیە کە دوژمن ڤایرۆسەکانی ھێناوەتە جەستەی نیشتیمانەوە ئەمەش پێویستی بە خۆ ڕەخنەگرتن و یەک گوتاری ھەیە.