ئازادی لەکوێ نیە؟ لە تەیراوا یان لە قالاوا؟ 

فارس نەورۆڵی
  2025-11-04     302

 چەند ڕۆژێکە لە میدیاکانی ئەم ھەرێمەدا  پرسیارێک زەق دەکەنەوە دەڵێن ئازادی لەکوێ نیە یان ئازادی لەکوێ ھەیە (ھەولێر یان سلێمانی) لەڕاستیدا وروژاندنی ئەم پرسیارە جۆرێکە لە نا وشیاری ئەو کەس و لایەن و دەزگاو سایتانە، ئەگینا ئێمە لە ھەرێمی کوردستان لەچاوی جیھاندا بە کوردستان دەبینندرێن و بە ھەرێمی کوردستان ناو دەبنرێین، نەک لە ئاستی گەڕەکدا یاخود ئەو چەمکە وێرانکەرەی زۆنی (زەرد و  سەوز)  لەبیری  کۆمەڵگەی کوردیدا ئازادی ڕەگی خۆی ھەیە، بۆیە بەدرێژایی مێژوو خەباتی بۆ ئازادی کردووە، کارەساتەکە ئەوەیە ھەرکاتێک دەستی گەشتووە بە ئازادی نەیزانیووە چۆن سود لە ئازادی وەربگرێت و ھاتووە بەدەستی خۆی ئازادی شێواندووە، دەیان نموونەمان لە مێژووی کورددا ھەیە. پرسیارێک لەبەرامبەر ئەو پرسیارەی لەکوێ ئازادی نییە؟ جارێ دەبێ پرسیاری ئێمە ئەوەبێ ئازادی چیە؟ ئایا تێگەیشتی کۆمەڵگەی کوردی بۆ ئازادی چیە؟ یان میدیای چەواشە مەبەستی لە وروژاندنی ئەم پرسیارە چیە؟ ئەگەر بمانەوێ بە کورتی لەئازادی بگەین، ئازادی واتە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ئەوەی تاک و کۆمەڵگە بەکراوەیی و ئازادانە ڕای خۆیان دەربڕن گوزارشت لە بیروباوەڕی  خۆیان بکەن، لە جیھاندا  فەزای ئازاد بنەمایەکی سەرەکی کۆمەڵگەی دیموکرات و کراوەیە، بەبێ فەزای ئازاد ھیچ کۆمەڵگەیەک تەندروست نیەو تاکی تەندروست و بەرھەم ھێن دروست ناکات، چونکە ستەمکاری بۆخۆی کۆمەڵگا دەکاتە نەخۆشخانەیەکی گەورە نەک کۆمەڵگایەکی ڕاقی، ئەمەش پێمان دەڵێ سیستەم گەشەی کۆمەڵگە دیاریدەکات و پێت دەڵێ ئایا ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی کەوتووە یاخود سەرکەوتووداین ، لەبیریشمان نەچێت دەسەڵات و سیستەم بەرھەمی ڕۆح و وشیاری کۆمەڵگایە. دەمەوێ ئەوە بڵێم لە وڵاتانی دیموکراتدا ناکرێ شارێک ئازادی ڕێیدابێت و شارێک سەرکوتکردنی ئازادی، ئایا لە کام شاری گەورەی ئەمریکا بەریتانیا فەرەنسا سوید لە شارێک ئازادی ھەیەو لە شارێک ئازادی نیە، بۆیە پێویستە لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە دەیوروژێنن  ( ئازادی لە ھەولێر نیە یا لە سلێمانی) دەبێ پێیان بڵێین ئەو پرسیارە ھی ئەقڵی وشیار نیە ئەقڵیەتی شەڕەگەڕەکە، چونکە لە دەرەوەی کورد ئێمە بە ھەرێمی کوردستان دەبینن، ئیتر ئازادی لە قالاوا نەبێت و لە تەیراوە نەبێت یاخود ھەبێت ئەوە ئەوانی دەرەوەی ماڵی کوردی لە شکستی ئەقڵی کوردی یا دروستی ئەقڵی کوردیداو لە ھەرێمی کوردستاندا دەیبینن، نەک لە تەیراواو قالاوا، بۆیە تکاتە واز لە زەقکردنەوەو جیاوازی ئەم زۆن و ئەو زۆن بھێنن و لێ بگەڕێن تاکی کورد دوای دەیان ساڵ لە بەدبەختی با بتوانێت گوزارشت لە بیر و باوەڕی خۆی بکات، چونکە ئەوە ئازادی خۆیەتی دواجار ھەموو بەربەست و کۆتەکان لادەبات و ھەر دەگاتە جێ.
 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×