ھێرش بۆسەر کورد ڕووداوێکی تازەنیە بگرە بووەتە ڕۆشنبیری ئایدیۆلۆژی و ئاینی دەستەبژێری سیاسی نەتەوەی سەردەست وداگیرکەر لەناوچەکەدا، ئیتر لێرەوە ئاگایی داگیرکەر و داگیرکراو دەکەونە شەڕی بەردەوام. داگیرکەر لەپێناوی سڕینەوەی داگیرکراودا دەجەنگێ و داگیرکراو لەپێناوی شووناس و مانەوەدا دەجەنگێ، لەمێژوودا شەڕو ھەوڵی جینۆسایدکردنی کورد نوێ نیە، سەدان نموونەی حەڵەبمان ھەیە لە مێژوودا ھەر جارەو بەناوێکەوە ھەوڵی قڕکردنی کورد دراوە زۆربەی پەلامارو فەرمان و قڕکردنەکان لەژێر پەردەی ئایندا بووە، ھێرشەکەی ئەمجارەی سەرشاری حەڵەب بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکان ،دەبێت جگە لەویژدانی مرۆڤایەتی ویژدانی موسوڵمانی کورد تووشی شۆک بکات کاتێک داگیرکەران بەدەنگی (اڵلە و اکبر ) پەلاماری براکوردەکانیان دەدەن لەحەڵەب . ھیچ لەو نەتەوانەی بەناوی ئاین ھێرش دەکەنەسەر کورد، لەکورد خودا پەرسترنیین.
لەو ماوەیەدا لەکەناڵێکی تەلەفزیۆنی وڵاتێکی دراوسێ کەزۆرینەی موسوڵمانە لەبازاڕدا پرسیار لەخەڵکەکەی دەکرا نوێژ چەند فەرزە بە گاڵتەوگەپەوە دەیانوت نازانین یان دەیان پرسیاریان لێ دەکردن قورئان چەند جوزئە ھەردەیانوت نازانین یاخود سەبارەت بەنوێژ دەیانوت نانا بەڵام لەکوردێکی ھەژار بپرسی ھەمو ڕوکنەکانی ئاینی ئیسلامت بۆ شی دەکاتەوە کەچی ئەمانە خۆیان بە ئیماندار دەزانن و کورد بەبێ ئیمان ئەوان بەئاشکرا دەستی ئیسرائیل وئەمریکا ماچ دەکەن ئاساییە، بەڵام ئەگەر کورد وەڵامی سڵاوێکی ئیسرائیل و ئەمریکا بداتەوە ئەوە لەدین دەرچووە من زوو وتومە لەگەمەی سیاسیدا دیندارو بێ دین نیە بەرژەوەندی ھەیە ئەوە ئێمەی کوردین باجی ئەو باوەڕە ناسیاسیەی خۆمانمانداوە لەمێژودا تائێستا چونکە لەسیاسەتدا دەبێت یان لەسەر مێز بی یاریت پێبکەن یان لەدەووری مێز بیت یاری بکەیت یان دەبێت ھەڕەشەبیت یان دەرفەت. بۆیە ئێستا لەچاوەڕوانی گۆڕانکاری ناوچەکەدا دووژمن ھەموو ڕێگایەک دەگرێتە بەر بۆئەوەی کورد لەسەر مێزبێت بۆئەوەی ھەر بەژێر دەستەی بمێنێتەوە ھێرشی سەر حەڵەب نموونەیەکە.
بۆیە دەبێت کورد ھەڵوێستی لەسەر بنەمای مرۆڤایەتی وکوردبوون یەک بخات ھیچ ئایدیۆلۆجیاو ئاڵایەکی حزبی وبەرژەوەندییەکی تایبەتی پاڵنەر نەبێت تەنھا کورد بوون و مرۆڤ بوون نەخشە ڕێگای بێت ڕاستە وڵاتان بەدوای بەرژەوەندیدا دەگەڕێن، بەڵام ناتوانن کوشتنی منداڵ و ھاوڵاتی بێ تاوان بەڕەوا بزانن ئەگەر ئەم بنەمایە لەدەست بدەین ئیتر جیاوازی لەنێوان قوربانی وجەلاددا نامێنێ، بۆیە دەبێت ھەوڵی دیبلۆماسی چڕکەینەوەو لەڕێگای خۆپیشاندانی ھێمنانەوە ڕەوەندی کوردی ھەموو پارچەکان ڕای گشتی ئەوروپاو ئەمریکا وشیارکەنەوە کەنەتەوەیەک دوێنێ داعشی شکاند ئەمڕۆ قڕ دەکرێ و زلھێزەکانیش بێ دەنگن ھەروەھا ھەوڵبدرێ میدیا جیھانیەکان ھەواڵی قڕکردنی کورد لەحەڵەب بەجیھان بگەیەنن لەھەمان کاتدا نابێ ھەڵچونی کوێرانە بمانگرێ ودەبێ بەوردی لەم شەڕە تێ بگەین کە شەڕی بێبەشکردنی کوردە لەگۆڕانکاریەکان و مانەوەی بەژێر دەستەیی.
کەواتە دەبێت سەر بەخۆیانە سەر بەخۆمانبین باوەڕ بەئیرادەی خۆمان بکەین چونکە ھەڵوێستی بێ سەر بەخۆیی دوایی بەجێھێڵراوین، بۆیە دەبێت لەسەر حەڵەب و ڕووداوی دیکەی ستراتیجی پێویستە ھەڵوێستێکی سەر بەخۆ و وشیارانەی درێژ خایەنمان ھەبێت ئاگاشمان لە ھاو پەیمانیی فریودەرانەشبێت ، ڕاستە ئێمە دوێنێ قوربانی مێژوو بووین بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ سەر بەخۆ ویەکگرتوو بین دەتوانین ببینە دەنگی ئاشتی لەناوچەکەدا ئەگەر ئەوان بەزمانی چەک قسەدەکەن ئێمە لەپاڵ بەرگریدا بەزمانی مرۆڤ دۆستانەوئاشتی قسە بکەین لەھەمانکاتدا پێویستە ھەموو ئاین وئاینزاکانی کوردستان خەڵک وشیارکەنەوەو ئەم ھێرشانە بەستەمکارانەبناسێنن و بەرگری ڕەواش پیرۆز بکەن و دەبێت ئەوە نیشانی جیھان بدەین کە حەڵەب تاقانەی کورد نیە بەڵکو تاقانەی مرۆڤایەتیە تاقانەی ھەموو ئەوانەیەکە خاوەن باوەڕو ویژدانن بۆیە پێویستە کورد لەنێوان ھەست و وشیاری وھۆشدا لەنێوان مرۆڤایەتی و سیاسەتدا ھاوسەنگی دروست بکات ئەوە ھەڵوێستێکی شکۆمەندانە نیشاندەدەین دەبێ تێبگەین بۆ ھەموو دۆخێک تەنھا یەکگرتوویی و ئەقڵانیەت فریامان دەکەوێت ، لە کۆتایدا ھێرش بۆ سەر حەڵەب ھێرشی ناڕەوای داگیرکەرو شەڕی بەرگری ڕەوای نەتەوەی داگیر کراوە .