ئێستا لە ھەلومەرجێک و سەر دەمێکداین ( ٣٥ ساڵ ) بەسەر ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان دا تێدەپەڕێت، ڕاپەڕین ڕووداوێکی مێژووی بوو کە دوای جەنگێکی گەورە، جەنگی کەنداو دژی ڕژێمی بەعس لەناوچەکەدا ڕوویدا ئیتر لێرەوە کورد دەرفەتی بۆ ڕەخسا حکومەت و پەر لەمانی پێکھێنا. لەوکاتەوە تائێستا دەسکەوتی زۆر بەدەستھاتوون وەک پێکھێنانی حکومەت و پەرەپێدانی زانکۆکان و ئاوەدانیەکی بەرچاو لەھەمانکاتدا سەرەڕای ئەو ھەمووپیلانە توانیوویەتی لەسەر پێی خۆی بوەستێ ببێتە قەڵایەک بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان، ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەنموونە، بەڵام دەبێ باوەڕ بەوەش بکەین کە بێکەم وکوڕی نەبووە نەتوانراوە وەڵامی تەواوی پرسیارو خواستەکانی خەڵک بداتەوە بۆیە جێگای ڕەخنەشە . ئەوەی گرنگە بۆ ئێستا پێویستە خوێندنەوەیەکی نوێ بۆڕاپەڕین بکەین و سەر قاڵی گێڕانەوەی چیرۆکە کۆنەکانی ئەوسەر دەمە نەبین کە ڕاپەڕین تێیدا ڕویدا. نابێ یادی ڕاپەڕین تەنیا یادی ڕابردوو بێت و لە دوێنێدا بمێنینەوە بەڵکو دەبێت پەیامێکی لێ بەرھەم بێنین و ئێستاو ئایندەی پێ بخوێنینەوە، خۆ ئەگەر لەیادی ڕاپەڕیندا بەرەی ناوخۆیی کورد ڕۆحی ھاوکاری و بەرپرسیاریەتی ھەبێ دەتوانین لەناو ئەم شەڕ و ئاشووبەی بەرۆکی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گرتووە بەسەرکەوتوویی لێی دەرچین و کوردستان بگەیەنینە قۆناغێکی باشتر و ئارامتر ودادپەروەرتر کە تێیدا چیرۆکێکی نوێ بنووسینەوە کە لەتەک ئەم ھەلومەرجە جیھانی و ناوچەییەدا بێتەوە کە جیھان و ناوچەکە ژان دەیانگرێ بۆ لەدایکبوونی شێوە ژیانێکی نوێ لە ژیانی سیاسی وئابوری وکۆمەڵایەتی و ئاینی و جیۆپۆلەتیکی ، بۆیە دەبێت کورد خوێندنەوەیەکی نوێی ھەبێ کەبتوانێ لەتەک ئەو شێوە ژیانە تازەیەدا جێگای خۆی بکاتەوە ئەمەش بە یەکڕیزی وتەبایی بەرەی ناوخۆیی کورد دەبێت کە حزبەکان بە چەپ و نەتەوەیی و ئیسلامی یەوە ھاو ھەڵوێست و پاڵپشتی ھەرێمی کوردستان بن بۆ وەرگرتنی بڕیاری بوێرانە کە لەبەرژەوەندی ئەم قۆناغە سەخت و ھەستیارەدابێت و بیرو کردارمان لەسەرووی بەرژەوەندی سیاسی وئایدیۆلۆجی یەوە بێت چونکە لە دۆخێکداین ھەم دەرفەت لەبەردەستە و ھەم ھەڕەشە لەبەر دەرگایە لەدۆخێکداین وەک قارەمانێک لەناوفیمێکی ترسناکدا پێی لەسەر ئەڵغامێک دانابێت لێرەدا بیەوێ پاشە کشە بکات و پێ ھەڵگرێ ھەپرون ھەپرون دەبێت بۆیە پاڵەوانەکە ناچارە ڕیسکێکی وریایانە بکات بۆئەوەی لەودۆخە دەربازبێت ئێمە ئێستا لەدۆخی ئەو قارەمانەداین دەبێت لەھەر جوڵەیەک زۆر ھەستیارو بوێربین پێویستە ھەر تاکێکی کورد وابیر بکاتەوە لەدۆخی ئەوقارەمانەدایە ئەوقارەمانە چۆن لەخەمی دەربازبوندایە پێویستە ھەر کوردێک لەخەمی ئەوەدابێت چۆن ھەرێم لەم دۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکە دەربازبێت بۆیە با لەیادی ڕاپەڕیندا چۆن بەھەمو مانەوە ڕاپەڕینمان سەر خست ئێستاش بە ھەمو مانەوە دەسکەوتەکانی بیپارێزین و چیرۆکی ڕاپەڕینێکی نوێ بنوسینەوە کەبۆ ئێستاو داھاتووی نەوەکانیشمان ببێتە چیرۆکی سەر کەوتن و شانازی بەوھیوایەی لەکاتی نووسینەوەی ئەم چیرۆکە دا ئەقڵ لە مۆڵەت نەبێت و ئامادەیی تەواوی ھەبێت بۆ ھەر گۆڕانکارییەک کە ڕودەدات وەک یاریی چیەکی لێزان بەشداربین بە گیان و ورەی ڕاپەڕینی ١٩٩١ وە تەباو ھاوکاری سەر خستنی کوردستان بین.