ھەندێک کات کە بابەتێک دەبێتە قەیران و کێشە و زۆر دووبارە دەبێتەوە و بەردەوام قسە ی لەسەردەکرێت بەڵام بێ چارەسەر دەمێنێتەوە ئیتر مرۆڤ ھەست دەکات واتای نەماوە گەیشتووە تە ئاستتی بێمانای . ئالێرەدا کۆمەڵگە دەچێتە حاڵەتی بێ چارەی دەڵێن دەبێ لە سفرەوە دەستپێ بکەینەوە. بەڵام لێرەدا “سفر” واتای مانادانەوەی نیە بەبێمانایی یان ڕاستکردنەوەی خوارو خێچییەکان بەڵکو دەستپێکردنی نوێی تێگەیشتن و ڕێکخستنەوەی بناغە فیکرییەکانە پێویستی بەوە ھەیە لەپێش سفرەوە دەست پێبکەین.
پرسیار ەکە ئەوەیە ئایا ئێمە گەیشتووینەتە سفر ؟ ، یان ھێشتا پێش سفرین؟ یان بە واتایەکی دیکە ئایا کۆمەڵگا دەتوانێت لە سفرەوە دەست پێبکاتەوە لەناو ئەو ھەمو قەیرانە قوڵانەدا ؟ یان پێش ئەوەی بگەینە سفر دەبێت پرۆژەی نوێ و ھاوبەشمان ئامادە کردبێت ؟ بەبێ خۆ ئامادەکردنێکی پێشوەختە بما نەوێ ھەر لەسفرەوە دەست پێبکەینەوە وەک یاری مارو پەیژە دە چینەوە بەر دەمی مارەکە چونکە ئامادەکاری پێویست نەکراوە؟ گەیشتن بە سفر بۆ خۆی پێویستی بە ئامادەکاریی فیکری و مادی ھەیە. دەبێت ھەموو ئامرازەکانی سەرکەوتنی پرۆژەیەک ئامادە بکرێن، پاشان بەرەوسفر بڕۆین و لە سفر ەوە دەست پێبکرێتە وە و ببێتە خاڵی نوێی دەسپێک و ڕێڕەوی پرۆژەکان.
لە فەلسەفەدا سوکرات باوەڕی وابوو کە گەیشتنی ڕاستەقینە لە خۆناسینەوە، دەست پێ دەکات واتە “خۆت بناسە”. ئەم خۆناسینە دەبێتە بناغەی ئەوەی کە مرۆڤ بتوانێت بەرەو تێگەیشتنی دروست بجوڵێت. چونکە بێ خۆناسین ھیچ ھەنگاوێک ئەگەری سەر کەوتنی نیە، واتە دەبێ پرۆسەی خۆناسین تەواوکەین دواتر بڕیار وەر گرین چی بکەین و بەرە کوێ بڕۆین ؟ بەبێ ئەو خۆناسینە ناتوانین لەحەقیقەتی ئەوانی دیکە تێبگەین ، ھیچ پرۆسەیەک ڕون نابێت کە بمانگەیەنێتە ئەو شوێنەی کە دەمانەوێ بۆی بڕۆین عارفێک دەڵێ بەھاوڕێکانی ( ئێوە ھەر باسی کوفری گەورە دە کەن ، بەڵام جارێک باسی گەورەیی کوفرتان نەکردوە. کوفری گەورە ئەوەنیە ،کە مرۆڤ خودا نە ناسێت، بەڵک و ئەوەیە ، کەمر ۆ ڤ خۆی نە نا سێت» ئایا خودا لەدڵی خۆ نە ناسێک دەنا سرێتەوە؟ ئایا خۆ نەناس دەتوانێ ببێتە خواناس ؟ ) بۆ یە فەلسەفەو عیرفان پێمان دەڵێن خۆمان بناسین ئەگینا ناتوانین ھیچ بناسین .
ھەروەھا لە نموونەی ئەشکەوتەکەی ئەفلاتونەوە :.دەبینین کە مرۆڤ لە بینینی تارمایەکانەوە دەجوڵێت بۆ گەیشتن بە حەقیقەتی شتەکان و بۆ گەشتن بەڕوناکی ئەم گواستنەوەیە دەکرێت وەک وشیاریەکی پێش سفر لێک بدرێتەوە ، واتە تێگەیشتن لەفەزای خۆت و دەووروبەر لەکۆن ونوێ ، نەک سڕینەوەی ھەموو شت.
لە دیدی فەیلەسوفانەوە، “بەرەو سفر” واتە تێگەیشتن دواتر دەست پێکردن چونکە بەبێ تێگەیشتنی قووڵی خۆمان. لەوانی دیکە تێناگەین ،کاتێک کۆمەڵگا یەک بە قووڵی خۆی نەناسێت، ئامادەیی ئەوەی نییە کە بەرەو ژیانی ئازاد و بڕیاردانی سەربەخۆ بجوڵێت.
بۆیە پێویستە خۆمان ئامادە بکەین بەرەو سفر بڕۆین، بە تایبەتی لە ڕووی کولتوری و فیکری و پەروەردە . چونکە ئەگەر پێناسەکانمان لاواز بن یان ھەڵەبن بۆ چەمکە کان و بناغەی پەروەردەیەکی دروست ونوێمان دانەنابێت ئەوا جارێکی دیکە وەک ئێستا کۆمەڵگا بە خێرایی دەکەوێتە ژێر کاریگەری بیرۆکەی دەرەکی ئاخر ئەگەر لاوازی پەروەردەو کولتور نەبێت چی میللەتێک دێت وەسفی داگیرکەرانی خۆی بەشانازی بزانێ ئەمە ئەگەر لەرزۆکی کولتورو پەروەردە نەبێت چۆن جاشایەتی لەشەرمە زارییەوە دەگۆڕدرێت بۆ شانازی .کەواتە بۆ ئەوەی لە سفرەوە دەست پێبکەین، دەبێت ئامرازەکانی ئەو دەست پێکردنە ی پێش سفر ئامادەبکەین، نەک بەبێ بەرنامە دەست پێبکەین چونکە بێ ئامادەکردنێکی مەعریفی دەڕۆینەوە سەر ھەمان ڕێگا کۆنەکان .
کەواتە پێویستە پێناسەی چەمکە بنەڕەتییەکانمان بکەینەوە وەک ( پەروەردە ، ناپاکی، گەندەڵی، نیشتیمان پەروەری ،کوردبوون، وەزیفەی حیزب، وەزیفەی ئاین، وەزیفەی حکومەت ، وەزیفەی ڕۆشنبیر ، وەزیفەی میدیا ، وەزیفەی ئۆپۆزسیۆن ، وەزیفەی سەرکردە، دادپەروەری ، ھاوڕێ یەتی، چاکەی گشتی ) بۆئەوەی بزانین چیمان دەوێ . چونکە ئەمانە بناغەی دروستبوونی ھەر نەتەوەیەکن. ئەگەر پێناسەکان بێ فیکر و نادروست بن، ھیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێت سەر بکەوێت ئەگەر پرۆژەیەکی فیکری ستراتیجی ھاوبەش کۆیان نەکاتەوە ھەمیشە لەنزیک لوتکەدا دەخزێت بۆنمونە ھەموگەلی ئەمریکا سوپاو ئاڵا خاڵی ھاوبەشیانە چونکە پێیان وایە سیمبولی ئارامی و شکۆن بۆ ئەمریکا.
کێشەی سەرەکی ئەوە یە کە ئێمە تائێستا لەسەر خاڵێکی ھاوبەش ڕێکنەکەوتوین کەھەموومان بەموڵکی خۆمانی بزانین کێشەکەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە بناغەی ھاوبەشی تێگەیشتنمان بۆ پڕۆژەی ھاوبەش نیە. بۆیە ، دەبێت تێبگەین کە دەڵێین “پێش سفر” ئەمە بۆ سڕینەوەی مێژوو مان نیە ، بەڵکو بۆ خۆ ئامادەکردن بۆخستنە سەرڕێگای پرۆژەیەکی گەورە بۆ ڕاستکردنەوەو ڕێکخستنەوەی ھەموو ئەو شتانەیە کە پێویستن بۆ دروستکردنی ڕێڕەوی نوێی کۆمەڵگا بەرەو شێوە ژیانێکی نوێ کەتوانای بەرگە گرتنی ئاڵنگارییەکانی ھەبێت لێرەوە دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە پێش ئەوەی لەسفرە وە دەست پێبکەینەوە دەبێت ئامادەکاری پێش سفر بکەین بۆ ئەوەی کەلەسفرەوە دەسمان پێکرد بەھێزەوە بکەوینە سەرڕێگا لێرەدا ئێمەپێش ھەر جوڵەیەک پێویستمان بەگرێبەستێکی سیاسی نوێی ناوخۆی و پەیمانی شەرەف ھەیە ئەگەر باوەڕمان بەوچەمکانە ھەبێت ئەگەر ئەم بیر کردنەوەمان نەبێت و بیر کردنەوەکەش نە کەینە کردار ئەوا ھەر لە دۆخی سەر گەردانیدا دەژین و توانای دەرباز بونمان نابێت لەم دۆخە . بەوھیوایەی لە ناو بەرداشی ئەم جەنگەدا نە ھاڕدرێین بۆ ئەوەی ھیچ نەبێ لە دوای جەنگ پێناسە یەکی خۆمان بکەینەوە ! پرسیاریش لەخۆمان بکەین لە کوێ وە دەست پێبکەینەوە بۆ بنیاد نانێکی نوێی ؟