ڕۆشنبیرت گەرەکە یان influencer !!

نەبەز ئەحمەد
  2025-04-20     194

دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی هاوشان بە مێژوی ڕۆشنبیر بونی هەیە کە بەیەک ئاستی هاوتەریب لەگەڵی گەشەدەکات، ئەمیش ڕقە لەم کاراکتەرە کۆمەڵایەتیە لەلایەن عەوام.

ڕۆشنبیر کە کارکردی کایەکەی ناچاری دەکات هەمیشە لەسەر چەقی هێڵی یەکتربڕی نێوان دەسەڵات، ئایدیاکان و کۆمەڵگا بوەستێت، ئەم پێگەیە شوێنێکی نایابی پێ بەخشیوە کە تاکە فیگەرە دەتوانێت ڕۆڵ و کارکردەیەکی هێندە سێنتڕاڵ و بەهێز بگێڕێت کە هیچ کاراکتەرو کایەکی کۆمەڵایەتی ئەم پێگە سێنتڕاڵەی نیە.

 هەڵبەت ئەم پێگەیە بەرهەمی کارکردەکەیەتی کە ناچارە تا ئەبەد بەیەک ئاست ئۆپۆزسیۆن بێت بۆ هەرسێ مێگا کایەکانی سەرەوە، ئەم ڕۆڵە کە ئێدوارد سەعید بە تێکدەرو شێوێنەری دۆخی ئامادە، یان فۆکۆ بە تێکشکێنەری ستراکچەری هەقیقەت و ڕاستی واقعی ئامادە ناوی دەبرد.

 لێکەوتەی ئەم کارکردە سەختە بریتیە لە کاراکتەرێکی کۆمەڵایەتی کە هەمیشە یاخی و پەراوێزنشین و نامۆیە، هەرگیز ناتوانێت پڕاگماتی یان دڵسۆزی سیستەم و دامودەزگابێت، ناتوانێت خۆگونجێن بێت لەگەڵ کەلتورو سیستمی کۆمەڵایەتی باڵادەست، ئەمانە مەترسیدارترین هەڕەشەن بۆ سەری بونی ، بۆیە ڕۆشنبیر مەحکومە بەمەی هەمیشە هانگاو بنێ بەرەو دەرەوەی دۆخی نۆڕماڵ و واقعی ئامادە، واتا هەوڵ و ماندوبونێکی بەردەوامە بۆ تێکشکاندنی سنورەکانی سیستمی باڵادەست.

بەکورتی ئەم چارەنوسە دۆخێکی سەختە بۆ هەر بونەوەرێکی کۆمەڵایەتی، بەڵام دەسکەوتەکەی زۆر نایابە کە بریتیە لە بەدەست هێنانی سحری داهێنان و توانای بەرهەم هێنانی مانا کە دواجار لەڕێگای پێگە ستراتیژیەکەیەوە تەواوی کایەکانی تر لەژێر هەژمونی ئەمدا پەیوەندی دەبەستن و جۆرێکیش لە هاوسەنگی بەدەست دێت، بۆیە هەر جۆرە بەلاداکەوتنێکی ڕۆشنبیر بریتیە لە شڵەژان لەم ناهاوسەنگیە کە لەدەرەنجامدا کایەیەک و لۆژیکێک باڵادەست دەبێت، وەک ڕونیشە لێکەوتەی ئەم دۆخە لەباشترین حاڵەتدا دۆگماتیزمە.

 بۆیە ڕۆشنبیر کەسێک نیە کە تەنیا خاوەن زانیارو مەعریفە بێت یان زانا، تێکنۆکرات و ئەکادمیست بێت!! ڕۆشنبیر کارکردەیەکەو ڕۆڵێکە، پێگەیەکە دەکەوێتە نێوان مێگا کایەکان و چەقی یەکتربڕینیانە. هەڵوێستێکە کە ئێدوارد سەعید پێی وابو بریتیە لە خۆپارێزی و خۆدورخستنەوە لە واقعیەتی باڵادەست کە ڕۆشنبیر بەسەرخۆیدا دەسەپێنێت. بەکورتیەکەی چەقی قورسای ڕۆشنبیر لە هەڵوێست و کارکردەکەیەتی کە نامۆبونیەتی لەنێو سیستەمی باڵادەست. هەڵبەتە لەڕوکاردا ڕەنگبێ جیاوازیەکی گەورە هەبێت لەنێوان تیۆرەی بیرمەندە ناسراوەکانی وەک گرامشی، بۆردیۆ، فۆکۆ و سەعید دەربارەی  پێگەی ڕۆشنبیر بەڵام خاڵی هاوبەش لای هەمویان بریتیە لە پاڕاستنی نامۆی بەرامبەر بە سیستمی باڵادەست و ڕەخنەکردن و بەرەنگاربونەوەی گوتارەکانی سیستەمە.

بەم شێوەیە پەیوەندی ڕۆشنبیر بە کۆمەڵگاوە پەیوەندیەکی پارادۆکسیکاڵە لەیەککاتدا لەگەڵی بیردەکاتەوە و داهێنانی پێشەکش دەکات، لەهەمانکاتدا خۆپارێزی دەکات و دژی دەوەستێتەوە. هەڵبەتە ئەم جۆرە پەیوەندیە لەئاستی واقعی و رۆژانەیدا ئاسان نیە هەرس بکرێت، بۆیە کردەی ڕاستەقینەی ڕۆشنبیر بریتی نیە لە بەژداری ڕاستەوخۆی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەرهەم هێنانی وەڵامی خێراو ڕۆژانەیی بەڵکو بریتیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ هزرو بیرکردنەوەی سیستماتیکی و تیۆرو چەمکەکان، بەمانایەکی تر پەیوەندی ڕۆشنبیر لەگەڵ کۆمەڵگا تەنیا لەڕێاگی کتێبەوە دەتوانرێت ئەگەری بونی هەبێت و داهێنەرانە بێت، وەک ئەدۆرنۆ لە گوزارشتێک دەربارەی ڕۆشنبیر دەڵێ بیرکردنەوە و داهێنان بریتی نین لە کاردانەوەی دەستبەجێ بەڵکو بیرکردنەوەی داهێنەرانە بریتیە لە بەرەنگاربونەوەی ئەم دەسبەجێیە.

ئەم ڕۆڵو پێگەیە کە نامۆی و گومانی بەردەوام لە سیستەمی باڵادەستی هزری و ئەخلاقیاتی گشتی دەکاتە فۆرمی دیاری کاراکتەری ڕۆشنبیر، هەمیشە هاوشانە لەگەڵ گەشەکردنی گومان و ڕق لەم کاراکتەرە کۆمەڵایەتیە لای سایکۆلۆژیای دەستەجەمعی. هەڵبەتە ئەم کاردانەوەیە پێشبینیکراوە لای بەشی زۆری تیۆریە سایکۆلۆژیەکان، بۆنمونە هێنری تاجفێل یەکێک لە دیارترین تیۆریستەکانی سایکۆلۆژیای ناسنامەی کۆمەڵایەتی لەشیکاری پرسیاری بۆچی کۆمەڵگا هەمیشە ڕۆشنبیرەکانی بە ئەوانیتر پێناس دەکات و وەک هەڕەشە سەیریان دەکات؟ هۆکارەکەی بۆ هەمان ڕۆڵی بنەڕەتی ڕۆشنبیر دەگێڕێتەوە کە هەڕەشە لەسەر بونیاتی ئەم نۆڕم و ئایدیانە دروست دەکات کە کۆمەڵگا لەسەری وەستاوە و کە لەهەمان کاتدا سەرچاوەی پێدانی ناسنامەیە بەتاکەکان، چونکێ تاک لەڕێگای بونی بە ئەندامی گڕوپ ناسنامە بۆخۆی بەردەست دەخات و هەر هەڕەشەیەک بۆسەر گڕوپ ڕاستەوخۆ هەڕەشە دروست دەکات بۆسەر ناسنامەی تاکەکان. هەڵبەتە تیۆرەی تریش پاڵپشتی ئەم دەرەنجامە دەکەن وەک تیۆرەی ئیدامەدان و هێورکردنەوەی دڵەڕاوکێ لە سایکۆلۆژیای دەرونشیکاریدا کە تاک لەڕێگای بەژداری لەگڕوپ و تەبەنیکردنی ئایدیاو باوەڕەکان هێڵێکی بەرگری لەدژی هەڕەشەی ڕاستەقینەی نائارامی و دڵەڕاوکێ دروست دەکات کە هەڕەشەیەکی جدی و ئەبەدیە لەبونیاتی سایکۆلۆژیای مرۆیی. ڕۆشنبیر لەڕێگای ڕەخنەکردن و دەسکاریکردنی ئەم سیستەمە لە ئایدیاو و باوەڕەکان، تاک دەخاتەوە بەردەم هەڕەشەی دڵەڕاوکێ بۆیە فیگەری ڕۆشنبیر هاوشانە بە فیگەری هەڕەشەو مەترسی. هەڵبەتە نیتچە زۆر پێش ئەم تیۆرانە کورترو چڕتر هەمان دەرەنجامی هەڵێنجابو کاتێ دەیوت ڕۆشنبیر نائارامی و بزاوتێک بەئاگادێنێت لەناخی مرۆڤی ئاسایی بۆ ڕزگاری بەڵام ئەم بزاوتە نائاسودەی دروست دەکات لەناخی مرۆڤی ئاسایی چونکێ ئەم مرۆڤە حەز بەئاگاهێنانەوەی ناکات و نایەوێت و ناوێرێت لەدژی گوێڕایەلی یاخی بێت بۆیە ڕۆشنبیر نوێنەرایەتی دۆخێک دەکات کە کۆمەڵگا ناتوانێت و ناوێرێت ئەنجامی بدات و ئاسودەگی کاتی لەدەست بدات، بەمەش رق لەم کاراکتەرە دەبێتە تاکە کاردانەوەی کۆمەڵگا.

 یەکێک لەستراتیژیەکانی سیستەمی ئەخڵاقیاتی باڵادەست بەتایبەت لە کۆمەڵگا تڕادشناڵ و دواکەوتو تۆتالیتاریەکان خستنەگەڕی ئەم ڕق و قینەیە لەڕێگای گوتارێکی لەڕوکار سادە لەناوەڕۆک ڕیاکارانە کە بریتیە لە بانگەوازێکی دڵسۆزانەو خەمخۆرانە بۆ ڕۆشنبیر تا بەژداری دەمەتەقێکانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان بێت یان پۆستێکی بیرۆکراتی وەربگرێت یان ئەوەیە بەژداری ڕاستەوخۆی سیاسەت بکات لەپێناو بەرژەوەندی گشتی!! هەڵبەت ستراتیژەکە ڕونە کە ئامانج تیادا لەباربردنی هەژمون و مەترسی ڕۆشنبیرە لە کۆمەڵگا، لەهەمان کاتیشا نمایش کردنی ئەم وەهمەیە کە ژینگەیەکی لەبار فەراهەم بوە بۆ دیبەت و بیروڕای ئازاد گوایە بیروڕاو گوتارەکان لە دیبەتدان لەگەڵ یەکتری و پێویستە ڕۆشنبیر بەژداری ئەم فەزا ئازادەبکات.

 هەڵبەت لەخۆرهەڵات هیچ پێویست بە گەڕان و پشکنینێکی ورد ناکات تا ساختەیی ئەم بۆچونە ڕەت بدرێتەوە بەمەی هەمەچەشنەیی میدیا و زۆری کەناڵە جیاوازەکان و بەژداری لە سۆشیاڵ میدیا هەرگیز نیشانەی ئازادی نیە بەڵکو لەبنەڕەتدا نیشانەی نەبونی ئازادیە بەمەی تەواوی تاکەکان و گڕوپە بچوکەکان بەهۆی نەبونی دەرفەت ناچارن مینبەر بۆخۆیان دروست بکەن. فرێد هاڵیدەی شارەزی بواری خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لەسەرنجێکی وردیدا دەربارەی گەشەی نائاسای و زۆربونی کەناڵ و دەزگا میدیایەکان لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست ئاماژە بەمە دەکات کە لەبنەڕەتدا کاری سەرەکی ئەم دەزگایانە بێکاریگەرکردنی بینەرو خوێنەرە چونکێ بەژداری هاوڵاتیان بەبێ باگراوندێکی کەلتوری و هۆشیاریەکی سیاسی لەم نێوەندەدا تەنیا بەژداریەکی پاسڤانەو یەکسەرە، مرۆڤەکان لەم نێوەندەدا ڕۆڵیان وەرگرو بێکاریگەرە. هەڵبەتە ئەم شیکاریەی هاڵیدەی بۆ جیهانی ئۆنڵاینیش ڕاست دەردەچێت چونکێ نەبونی ئازادی لە جیهانی واقعی و نەبونی دەزگاو گڕوپی سەربەخۆ لە ژیانی واقعی بەدڵناییەوە ڕەنگدانەوەی هەیە لەسەر جیهانی ئۆنڵاینی، مرۆڤێکی هۆشیارو بەژداریکەرێکی ڕاستەقینە هەرگیز لەخۆیەوە لە جیهانی ئۆنڵاین لەدایک نابێت. قسەکردن لەسەر جیهانی ئۆنڵاین بەبێ قسەکردن لەسەر بارودۆخی واقعی وەک ئەمە وایە قسە لەسەر ئاین بکەیت بەبێ قسەکردن لەسەر واقعی کۆمەڵایەتی و ئابوری وەک دەزانین دەرەنجامەکەی بریتیە لە بیرکردنەوە لە ئاین لەڕێگای ئاین.

ئەم بۆچونەشی کە نمونەی ستایلی سۆکرات دەهێنێتەوە شارەزاییان لەم قۆناغە مێژوی و فەلسەفیە هێندە سادەو ساکارانەیە وا نمایش دەکەن سۆکرات influencer بوەو ڕۆژانە بەرخوردی لەگەڵ خەڵکی سادەو ئاسای بوە و گفتوگۆی ئاسایی لەسەر شتە سادەکانی ژیان لەگەڵ جەماوەر کردوە و هیچ جۆرە دیبەیتێکی سیستماتیکی و هزریانەی جدی پێوسیت نەبوە. هەڵبەتە سۆکرات هەرگیز خیانەتی لەپێگەی ڕۆشنبیری خۆی نەکرد، بەڵکو پڕەنسیپە بنەڕەتەکان ئەم دایهێنا، لەکاتێکا لە ئەسینا سیستمی دێمۆکراسی باڵادەست بو سۆکرات دەیتوانی بببێت بە سیاسی و فیگەرێکی گشتی، یان لە ئاگۆرا لەشوێنی ئاستەنگی و بەرەنگاربونەوەی بیروباوەڕەکانیان دەیتوانی تەکنیکی سیاسیانە بەکاربەرێت بۆ بەدەست هێنانی ڕەزامەندی و کۆکردنەوەی زۆرترین جەماوەر بەدەوری خۆی، لەکاتێکا پێش ئەم هیچ نەریتێکی جدی نەبو ڕێگا لەمە بگرێت، لە شوێنی ئەمەی بەرەنگاری هاوڵاتیان بێتەوە و هانیان بدات بۆ گەشەدان بەئەرگۆمێنتی دژ، دەیتوانی ئاسان ڕەزامەندیان بەدەست بێنێت. بەڵام سۆکرات رەتی ئەمەی کردوە لەبەرامبەردا خۆی شوێن و پێگەی خۆی دیاریکرد و سیستماتیکیانە رەتی پڕەنسیپی باڵادەستی کردوە، بەتەواوی خۆی دادەبڕێت لەم پڕەنسیپی کارکردنە، لەدژ وەستانەوە و گەشەدان بەئەرگۆمێنتی دژ دەخاتە شونی ڕەزامەندی و باوەڕ، تا ئەو پەڕی دژایەتی گەشە بە ناکۆک و جیاوازی دەدات، بۆیە کارکردی سۆکرات یەکەم هەوڵو ئامادەکاریە بۆ بەرهەم هێنانی ڕۆڵ و پێگەیەک کە کاری سەرەکی دژ وەستانەوەی ئەمەی کەهەیە نەوەک چاکردن و پینەکردنی لەڕێگای بەژداری ڕۆژانە، ڕێبازی ئەم هێندە ڕادیکاڵە تەنانەت دەسبەرداری ژیانی تایبەتی و خێزانی خۆشی دەبێت وەک پڕەنسیپێک دژ بە ئەخلاقیاتی زاڵ، بەکورتیەکەی سۆکرات پێگەی ڕۆشنبیر لەمە رزگار دەکات کە هاوشانی سیاسیەک لە ئاگۆرا قسە بۆ جەماوەر بکات و بەدوای ڕازیکردن و باوەڕهێنان بێت بە هاوڵاتیان، واتا کارکردی سۆکرات بریتیە لە ڕەتدانەوەی پڕەنسیپی ئاگۆرا کە هاوشانەکەی لە دونیای مۆدێرندا بریتیە لە ماس میدیاو سۆشەل میدیا، لەشوێنی ئاڵوگۆرکردنی بیروڕا و بەرهەم هێنانی وەڵامی خێراو ڕەزامەندانە، سۆکرات گەشەی بە پڕەنسیپی پێداگری لەسەر دژایەتیەکان و فراوانکردنی سنوری جیاوازی گوتارەکان و ئاستەنگ و دژایەتی سیستمی ئەخلاقیاتی باودا کە دواجار بون بە ڕۆڵی بنەڕەتی ڕۆشنبیر، وەک خۆشی ئاماژەی پێدەکات هۆشیاری ڕاستەقینە لەوێوە دەستپێدەکات کە ڕەزامەندی عەوام کۆتایی دێت. بۆیە ئەم بانگەشە و داوایە ریاکارانەیە کە تەنیا سەرنج دەخاتە سەر ئامادەی فیزیکی سۆکرات لە ئاگۆرا بەبێ ئاماژەدان بەم پرەنسیپانە کە دواجار بون بەهۆی سەرهەڵدانی ڕقو کینەیەکی سەخت لای کۆمەڵگا کە وەک دەزانین چیرۆکەکە چۆن کۆتای هات. بۆیە دەتوانین بڵێین بەدڵناییەوە ئەگەر قرار بێت شتێک بونی هەبێ بەنێوی ڕۆشنبیری ئۆنڵاینی ئەوا لە توخمی سۆکرات نیە، بەڵکو زیاتر نزیکە لە توخمی دۆناڵد تڕەمپ.   

Influencer فیگەرێکی دونیای ئۆنڵاینە لەگەڵ گەشەکردنی سۆشیەل میدیا سەری هەڵداوە کە بریتیە لە کاراکتەرێک کاتێک بە کۆکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە هەوادارن لەدەوری ئەکاونتەکەی ناوبانگو کاریگەری بەدەست دێنێت لەڕێگای دروستکردنی گوتاری ڕۆژانەو پەخشکردنی بیروڕاکانی بۆ بەدەستهێنان و ڕەزامەندی فۆلۆوەرەکانی. دەکرێت بڵێین ڤێرژنێکی نوێی کاراکتەری سیاسیە بەڵام فۆڕمێکی نەرمترو هەمەچەشنەتری هەیە. چونکێ لەیەک کاتدا دەتوانێت بانگەشە بکات بۆ بیروڕایەکی سیاسی و کەلوپەلێک و مۆدێکی جلپۆشین و ستایلێکی ڕەفتارو تا ئەمەی چۆن لەتەوالێت دابنیشیت. ئەم کاراکتەرە گفتوگۆناکات و کاری بە ئارگیۆمێنت سازیەوە نیە، ڕەچەڵەکی هیج شتێکی بۆگرنگ نیە، ئامانجی یەکەمین و دواهەمینی ساخکردنەوەی بیروڕاکانی و بەرهەمەکەیتی. لە بنەڕەتدا ستراتیژیەتێک بو بۆ بەبازارکردنی کەلوپەلەکان لەڕێگای کاریگەری دروستکردن لەسەر خوڕەوشت و ڕەفتاری بەکارهێنەران، دواتر لەگەڵ گەشەکردنی خێرای لە ئێستادا کاریگەریەکەی پەڕیوەتەوە تەاوای بوارەکانی تر. لەیەک کاتدا ڕۆڵی ڕۆشنبیر، سیاسی ، چالاکوان، فرۆشیارو بازرگان دەگێڕێت. 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×