دوای هەڵمەتێکی چڕی کەناڵی BBC و تەواوی دەزگاکانی ماسمیدیای بەریتانی دەربارەی ڕۆڵی گەورەی کورد لە کاری نایاسایی و قاچاخچێتی، لای میدیای کوردی و کۆمەڵگای کوردی بۆ ماوەیەکی کورت لەچەند کورتە باس و سەرنجێک چەند کاردانەوەی خێراو سەرپەڕی لێکەوتەوە، هەڵبەت وەک تەواوی گرفتە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی تری دونیای ئێمە ئەم بابەتەش هیچ شوێنێکی جدی و گرنگی داگیرنەکرد، کۆی گشتی بۆچونەکان لەسەر ئەمە کۆک بون کە بەڵێ ئەمە فاکت و هەقیقەتێکی سادەیە، هیچ کەسێکی خاوەن هۆش و دەزگاو کەناڵە لۆکاڵەکانیش گومانیان لەم ڕۆڵە نەکردوە کە پەنابەری کورد یان کۆمەڵگای کوردی دەیگێڕێت، یانی بەمانایەکی تر ئەمە بەتەنیا دیاردەیەک نیە لە دیاردە کۆمەڵایەتیەکان بەڵکو ناسنامەی کەلتوری ئێمەیە لە خۆرئاوا، بەڵام ئەمەی جێگای پرسیاربو لەم کورتە گفتوگۆیانە بریتی بو لەمەی بۆچی میدیای بەریتانی بەتایبەت دەزگایەکی خاوەن پێگەی وەک BBC ئەم بابەتە وەک ڕوداوێکی ناوازە نمایش دەکات! لەکاتێکدا نە ناوازەیەو نەشاراوە، هەڵبەت ئەم پرسیارەش جگە لە چەند گاڵتەو گەپێکی ناخۆش هیچ پێکۆڵکاریەکی نەوروژاند، من لێردا زۆر بەخێرای دەمەوێت ئاماژە بە چەند سەرنجێکی کورت بدەم دەربارەی چیەتی بابەتەکە:
خاڵی سێنتراڵ کە پێویستە پێش تەواوی فاکتەکانی تر پێشبخڕێت بریتیە لەمەی ڕۆڵی کورد لە بازاڕی ڕەش یان ئەمەی کە پێی دەوترێت قاچاخچێتی بنەڕەتێکی دانپیانراوی هەیە لە کۆمەڵگای بەریتانی، خاوەن باگراوندێکی مێژویە کە بەرهەمی کارکردی گوتارێکی سیاسی و دونیابینیەکی فکریە، واتا لەبنەڕەتدا ئەم ڕۆڵە لادانێکی کۆمەڵایەتی یان ئەخلاقی نیە وەک ئەمەی میدیایی بەریتانی دەیەوێت نمایشی بکات، بەڵکو ڕێک بەپێچەوانەوە ئەم هەقیقەتە دەرەنجامی ڕێکەوتن و دابەشکاریە بۆ ڕۆڵو پێگەی کۆمەڵگاکانی خۆرهەڵاتی لەخۆرئاوا، بەشێوەیەکی ڕونترو سادەتر، ئەم دۆخە بەرهەمی دونیابینی لیبڕاڵ دێمۆکراسیە کە لەڕێگای ستراتیژیەتێکی قوڵ و هۆشیارانە لەماوەی زیاتر لە نیوسەدە کاری لەسەردەکات.
ستراتیژیەتەکە لەسەر دۆگمایەک هەڵچنراوە کە تادوا ڕادە ڕەگەزپەرستانەیە، ئەمیش بریتیە لەمەی کە کۆمەڵگاکانی خۆرهەڵات لە دونیای خۆرئاوادا پێوستە لە ژیانی ڵۆکاڵی دواکەوتوی خۆیان بژین و تێکەڵ بون و گەشەکردن بەرەو ئاستی کۆمەڵگای مۆدێرنی خۆرئاوا زەرورەتێکی کۆمەڵایەتی و ئینسانی نیە!. ئەم ستراتیژیەتیە لەڕێگای چەمکی Multiculturalism فرەکەلتوری نەخشێنراو لەڕێگای مانیفێستۆی سیاسی و ئابوری و کەلتوری پراکتیک کرا.
لەئاستی کەلتوریدا دۆگمای ڕێژەیی بونی کەلتورەکان ڕادیکاڵانە پیرۆزکرا، تەواوی زانکۆو دەزگا کەلتوریەکان گەشەیان بەم دۆگمایەدا کە کەلتورە خێڵەکی و پریمەتیڤەکان هیچ شتێکیان لە کەلتورە مۆدێرنەکان کەمتر نیە و هەر جۆرە رەخنەیەک لە بەهاو نۆڕمەکانی ئەم کەلتورانە ڕەگەزپەرستانەیەو سەر بە ئەخلاقیاتی کۆڵۆنیالیزمە.
دەزگا میدیایەکان و پارتە سیاسیەکان بایکۆتکردنی هەرجۆرە بۆچونێکی جیا لەم ئاراستەیان گەشەپێدا لەڕێگای ئەخلاقیاتی cancel culture and political correctness
بەمجۆرە لەڕوی کەلتوری، فکری و سیاسیەوە هیچ جۆرە تەگەرەیەک نەمایەوە بۆ پراکتیکردنی ستراتیژیەتەکە لەئاستی واقعدا. هەموجۆرە هاوکاریەک بەخشرا بۆ کۆمەڵگا خۆرهەڵاتیەکان بەرگری بکەن لەهەر جۆرە نۆڕم و بەهایەک تەنانەت ئەگەر دژو ناکۆکیش بن لەگەڵ بەها سەرەتایە مرۆیەکانیش.
بەڵام ئەم ستراتیژیەتە لەڕوی ئابوریەوە گرفتی جدی بەدواوەبو، چۆن لە بازاڕی مۆدێرن کە ڕەگەکانی قوڵ بەستراون بە بنەما کەلتوری و فکریەکانی مۆدێرنەتە شوێن بۆ جیهانبینی پڕێمەتیڤی بکرێتەوە کە هیچ بەرکەوتنێکی بەمۆدێرنتە نەبوە، چۆن چۆنی شوێنی مرۆڤێک لەم بازارە بکرێتەوە کە سەرەتاترین پرەنسیپە ئابوریەکانی ڕەت دەکاتەوە.
وەڵامە چاوەڕوانکراوەکە بریتی بو لەمەی پێویست ناکات میوانداری نێو بازاری مۆدێرن بکرێن، بەڵکو پێوستە بەجۆرێکیتر سودیان لێ وەربگیرێت ئەمیش لەڕێگای بەڕێوەبردنی زیادە و پاشماوەی بازاڕەکە کە بازاڕی ڕەشە، بەمەی ئەم بازاڕە هەقیقەتێکی تاڵی بازاڕی مۆدێرنەو شان بەشان لەگەڵی گەشەدەکات و بنەبڕکردنی مەحاڵە، بۆیە لیبڕالیزم وەک سروشتی هەمیشەیی توانی چارەیەکی کاتی بدۆزێتەوە و دەرەنجام و لێکەوتە ترسناکەکانی کارکردی خۆی پەردەپۆش بکات، بەمانایەکیتر لەشوێنی چارەکردنی قەیرانەکە، قەیرانێکیتر گەشەپێدا.
کۆمەڵگای کوردی لە بەریتانیا لەنێو ئەم ژینگە ناکۆکە ناسنامەی کەلتوری و پێگە ئابوریەکەی پێ بەخشرا. پەنابەرە کوردەکان کە ژمارەیان بە خێڕای گەشەی دەکرد بەتایبەت دوابەدوای هەڵایسانی شەڕی نێوخۆی کوردی لە باشور، لەگەڵ گەیشتنیان بەم وڵاتە تاکە هاوکاری و خزمەتێک پێشکەشیان کرابێت لەلایەن حوکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی بەریتانیا بریتی بوە لە پاڵنانیان بۆ نێو ئەم ژینگە کۆمەڵایەتیە داخراوە و بازاڕی ڕەش. هەڵبەت هیچ حوکومەتێک یان دەزگایەکی دەوڵەتی جێ پەنجەی تاوانیان لەدوای خۆیان جێ نەهێشت، بەمەی کارەکە پێویستی بەژداری ڕاستەوخۆ نەدەکرد، تاکە ئەرک بریتی بو لە چاوپۆشین لە لێشاوی ئەم خەڵکە بۆ باوەشی بازاڕی ڕەش و کاری تاوانباری. بەڵگەکان زۆر ڕون و ئاشکرابون، بۆ نمونە تاوەکو ئێستاش جیاوازیەکی گەورە بەدی دەکرێت کاتێک دەزگای کۆکردنەوەی باج بەدواداچون دەکات و سزای تاوانباران دەدات لەنێوان کەسێکی سپی پێستی بەریتانی و کوردێک، جیاوازیەکە هێندە ڕونو ئاشکرایە کە ئێستا بۆتە بەڵگەیەکی بەهێز لەدەستی ڕاستڕەوەکان ڕۆژانە دەیان کەیسی سەیرو سەمەرە بڵاو دەکرێنەوە کە چۆن دەوڵەت دوو جۆر لەسیستمی هەیە یەک بۆ کەمە نەتەوەکان و یەکیش بۆ خەڵکی سپی پێستی بەریتانی. ئەم چاوپۆشینە وەک ستراتیژ دەرفەتی گەورەی کردۆتەوە لە خۆ دزینەوە لەباج و بەژداری کاری قاچاخ و بەدەستهێنانی پارەیەکی زۆر لەماوەیەکی کەم. لەدەرەنجام کەلتوری گەیشتن بە بەریتانیا لەلایەن کورد هاوشان کرا بە زەنگین بونێکی ئەفسانەیی، بەجۆرێک کورد بون لە بەریتانیا شەرمێکی گەورەیە گەر سامانێکی زۆرت کۆ نەکردبێتەوە، لەمەش شەرمەزارتر ئەوەیە کورد بیت و بتەوێت ڕۆڵی هاوڵاتیەکی باش بگێڕیت، ئابڕوچونیشە باج بدەیت بە دەوڵەت.
ئەم دەسکەوتە کاتی و کورتمەودا داراییە بەتەواوی چاوبەستەی پەنابەری کوردی کرد کە زیانە دورمەوداکانی ببینێت، ئەم هەڵە ستراتیژیە وای لێکرد کە پێگەی بون بە ئەندام و هاوڵاتیەکی ڕاستەقینەی بگۆڕێتەوە بە پەسەندکردنی پێگەی نامۆیەک لەدەرەوەی کۆمەڵگا و مانەوە وەک کەمینەیەکی نەویستراو کە ئامادەیە هەر کارێکی ناشرین و نەویستراو بکات لە پێناو بڕێک پارەدا ( هەڵبەت وێناندنەکە لێرەدا زۆر ڕەگەزی دژە جولەکەی لەخۆیدا هەڵگرتوە کە پێوستە گفتوگۆی جدی لەسەر بکرێت).
ئێستا دەتوانین وێنە گەورەکە ببینین، لیبڕالیزم بە پێدانی ئەم ڕۆڵە بە میلەتانی خۆرهەڵاتی لە خۆرئاوا بەتایبەت لەبەریتانیا نەوەک پەردەپۆشی قەیرانەکانی خۆی کرد بەڵکو لەهەمانکاتدا کارتێکی نایابیشی گارانتی کرد بۆ بەکارهێنانی لەدۆخی تڕۆپکی قەیرانەکاندا. ئەم دونیابینیە بە هێشتنەوەی کەمە نەتەوەکان لەدەرەوەی کۆمەڵگا وەک کەمینە و بەژداری نەکردنی ڕاستەقینەیان دەرفەتێکی ئاسانی ڕەخساندوە بۆ ئامادەکردنیان بۆ ڕۆڵی قوربانی لەساتی پێویست لەپێناو شاردنەوەو پەردەپۆشکردنی قەیرانە ئەبەدیەکانی خۆیدا، بەمەی قەیرانەکان هەمیشە پێوستیان بەقوربانیە و نامۆکانیش هەمیشە باشترین کاندیدن بۆ ئەم ڕۆڵە.
پەنابەری کوردی بەڕێژەیەکی ڕەها کەوتۆتە ئەم داوەی ئەخلاقیاتی لیبڕالیزمی ئابوری، وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد، کورد بون لە بەریتانیا بریتیە لە بەژداری نەکردن و مانەوە وەک نامۆ لەدەرەوەی کۆمەڵگا و تێوەگڵان تا دوا ئەندازە لە کاری نایاسای. لە ئێستاشدا کە لیبرالیزمی ئابوری سوڕێکی ئاسایی قەیرانە ئەبەدیەکانی خۆی ئەزمون دەکات ناچارە قوربانیەک بدۆزێتەوە بۆ پەردەپۆش کردنی هەقیقەتەکە، من نامەوێت زیادەڕۆی بکەم ئەم دۆخە بچوێنم بە بارودۆخی پێش جەنگی جیهانی دوهەم و گەشەی فاشیزم، بەڵام مرۆڤ ناتوانێت نیگەران نەبێت کاتێک گوێی لەسەدای دەنگی زۆرینەی کۆمەڵگای بەریتانی دەبێت چۆن بەیەک تۆن و ئاواز دەزریکێنن کە تەواوی قەیرانەکانی کۆمەڵگا ئەم پەنابەرو کەمە نەتەوانەن کە باج نادەن و سەرقاڵی کاری نایاساین و ئامادەنین تێکەڵی ئەم کۆمەڵگایە ببن.
کەناڵی BBC وەک گەورەترین دەزگای میدیای و کەلتوری لەم وڵاتەدا بە ناوهێنانی کورد وەک هاومانای تاوان و قاچاخچێتی، درێژە پێدەری هەمان ئەم ستراتیژیەتەی سەرەوەیە و هەنگاوێکیش کرداریانە دەچێتە پێشەوە کە قوربانی پێوستە ناو و ناسنامەکە و تاوانەکەشی دیارو دەستنیشانکراو بێت. لەم ڕێگایەوە ئەم گوتارەی کە بانگەشەی ئەمە دەکات کەمینەکان یان پەنابەران هۆکاری سەرەکی قەیرانەکانن هەنگاوێک دەچێتە پێشەوەو لە ئایدیایەکی گشتی و ئەبستراکت دەبێتە گوتارێکی کۆنکرێتی بەم شێوەیە:
بازاڕی ڕەش و کاری نایاسایی ژێرخانی هەڕەشەی جدیە لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی، بەمەی ئەم بازاڕە دەرەفەتی گونجاوی دروستکردوە بۆ نامۆکان درێژە بە کاری نایاسای و تاوان بدەن و هەڕەشە لەسەر بەشە تەندروست و باشەکەی کۆمەڵگا دروست بکەن، بۆیە مەترسیەکە لەبنەڕەتدا کۆمەڵایەتیە نەوەک ئابوری بەتەنیا. کوردەکان کە ڕۆڵەکەیان بەرچاوە بەمەی بەئاشکراو لە های ستریت بەژداری ئەم بازاڕەدەکەن ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە گەشەدان بەم بازاڕە بۆیە کوردەکان هەڕەشی مەترسیدارن لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی!.
گوتارەکە بەم شێوەیە لە ستراتیژیەتی دەوڵەت بو بە تاوانێک لەئەستۆی گروپێک لەگڕوپەکانی کۆمەڵگا کە باشترین کاندید بون بۆ ئەم ڕۆڵە. لێردا من نامەوێت لەژێر گوتاری ساختەی هەستی خۆ بەقوربانیکردن هەوڵی بێگوناهی کورد بدەم لە گێڕانی ئەم ڕۆڵەو تا دەگات بە ناساندی وەک تاوانبار، بەڵکو ئەم هەوڵە سەرەتایانە بریتیە لە دەرخستنی ئەم پڕۆسێسە پڕ لە لقوپۆپی پێچاوپێچی ستراتیژیەی کە لەماوەیەکی زەمەنیدا گەشەی کردو گەیشت بەم شێوەیەی ئێستای.
ئەم ستراتیژیەتە لە ئێستادا باشترین خزمەت و پاداشت پێشکەش بەم سیستەمە دەکات کە ڕوبەڕوی قەیرانی جدی ئابوری و کۆمەڵایەتی بۆتەوە بەتایبەت دوای کۆڤێد. هەڵایسانی ئابوری و نزمی کرێی کار و کەمی دەرفەتی کار بونەتە ئاڵنگاری جدی کە لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردو هیچ حوکەمەتێک نەیتوانیوە چارەیەکی مام ناوەند بدۆزێتەوە، بەشی زۆری ئابوریناسان و دەزگا زانستیەکان قسە لەسەر ئەمە دەکەن کە دۆخە ئابوریەکە زۆر هاوشێوەی دۆخی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕبردو دەکات کە لەدەرەنجامدا مارگرێت تاتچەر گۆڕانکاریە ڕادیکاڵەکانی سەپاند و کاریگەری و دەرەنجامە نێگەتیڤە کۆمەڵایەتیەکانی تا ئێستاش قورسایان لەسەر کۆمەڵگا هەیە و نەتوانراوە زیانەکانی قەرەبو بکرێنەوە. ئەو کات قوربانیەکانی سیستەم بریتی بون لە کرێکاران و چینە هەرە هەژارەکەی کۆمەڵگا کە وەک بەربەست نمایشکران و لەدەرەنجامیشدا بە دڵرەقترین شێوە سزای ئابوری و کۆمەڵایتی دران. ئێستاش لەهیچ کەس شاراوە نیە کە قوربانیەکان دەبێ لەم کەمە ئیتنیک و پەنابەرانە بێت کە بەقەوڵی سیاسیەکان بونەتە سەڕەتانی کۆمەڵگا! تەواوی ئاماژەکانیش ئەوەمان پێدەڵێن سیاسیەکان و خەڵکی عەوام ناوێک و ناسنامەیەکیان پێویستە ڕاستەوخۆ پەنجەی تۆمەتی بۆ درێژ بکەن، کە بەگوێرەی بەڵگەکانیش وەک لەسەرەوە باسمان کرد لەڕێگای ئەم هەڵمەتە میدیایەی کە دەست پێکراوە لە ئێستادا کورد کاندیدی سەرەکیە.
بەداخەوە لەم گفتوگۆیانەی لە میدیای کوردی و بەریتانی دەکرێن بەهیچ شێوەیەک کەس نەی پرسی بۆ لەماوەی نزیک بە چوار دەیەی ڕابردو دامودەزگا دەوڵەتیەکان هیچ جۆرە سەرەداوێکیان نەبوە دەربارەی بەژداری کورد لەم بازاڕە، ئایا هیج مرۆڤێکی خاوەن هۆش باوەڕ بەمە دەکات کە دەوڵەتی بەریتانی لە تەواوی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر لە خودی دەەلەتانی ناوچەکە ئاگاداری وردترین ڕوداو زانیاریە و دەتوانێت دەستنیشانی هەر کەسێکی مەترسیدارد بکات لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی لە لاتەریکترین جوگرافیاکانی جیهان بەڵام نەیتوانیوە ئاگاداری ئەم هەڕەشە جدیە بێت لەنێوخودی وڵاتەکەی!
پرسیارێکیتر لەمەش گرنگتر کە دەبوایە بەتایبەت میدیای کوردی بی وروژاندایە، بۆ تەنیا نێوی کورد هاوشان کرا لەگەڵ کاری نایاسای لەکاتێکا گڕوپو ئیتنیکەکانی تریش بێ بەری نین لە بەژداری لەبازاڕی ڕەش و پشکی شێر لە قازانج و سەرمایەکە بەر ئەمان کەوتوە نەوەک کورد، بەجۆرێک ئەم کارانەی کورد دەیانکات ڕێژەی دەستکەوتنی پارەو سامانەکە بە بەراورد بەمان زۆر کەمترە، یانی بۆ هەمو کەس ڕونە ئەم پارەو داهاتەی لەڕێگای مامەڵەی مادە هۆشبەرەکان بەدەست دەهێنرێت کە لەلایەن کۆمەڵێک گڕوپ و ئەتنیکیتر کۆنتڕۆلکراوە زۆر زیاترە لەم بڕە پارەو سامانەی لەڕێگای فرۆشتنی جگەرەو ڤەیپ دەستدەکەوێت، زیانە کۆمەڵایەتیەکانی کۆکاین و جگەرە بەراورد ناکرێت، بەڵام ئەمە بۆ هیچ کەس گرنگ نەبو لەناکاو کورد کرا بە مەترسیدارترین بونەوەری کۆمەڵایەتی.
بۆیە لە ڕێگای گەنگەشەی ئەم پرسیارانەوە دەکرا ئاڕاستەی گفتوگۆکە کەمێک سودمەند بوایە نەوەک تەنیا رەتدانەوەیەک سادەو نالۆژیکیانە، لەشوێنی پرسیاری ئەمەی کە کوردەکان خەریکی چین لەبەریتانیا (کە لە ڕاستیدا پرسیارەکە بریتیە لەمەی بۆ قاچاخچێتی و کاری نایاسای دەکەن)، دەبوایە ئەم پرسیارە بوروژێنرایە:
بۆچی بازاڕی ڕەش بۆتە چارەنوس و تەنیا دەرفەت بۆ کوردەکانی بەریتانیا ؟