ئەو سەرۆكەی لە تەمەنی 80 ساڵیدا دوای 7 جار كاندیدبوون بۆ چوارەم جار لە مێژووی كۆماری فیدڕاڵی بەڕازیلدا لەساڵی 1889وە هەڵبژێردرایەوە یە سەرۆك كۆمار.
یەکێک لە خاوەن نفوزترین و کاریگەرترین سیاسییەکانی ئەمریکای لاتین، کە بە "لولا" دەناسرێت و نازناوی "پیاوی دەوڵەت خاوەن زمانە زێڕینەکەی" پێ بەخشراوە.
لە ساڵی ۲۰۰۲ وەک سەرۆکی بەڕازیل هەڵبژێردرا، و لە ساڵی ۲۰۰٦ بەدەنگێکی زۆرەوە متمانەی پێ بەخشراوە. لە ساڵی ۲۰۱۸دا، پاش تۆمەتبارکردنی بە تێوەگلان لە دۆسیەکانی گەندەڵییەوە زیندانی کرا، بەڵام لە ساڵی ۲۰۲۱دا لەلایەن دادگای فیدراڵیی باڵاوە ئازاد کرا و تەواوی بڕیارەکانی سزادانی هەڵوەشێنرانەوە، ئەوەش لەبەر "ڕوودانی پێشێلکاری و هەڵە لە پڕۆسەی دادگاییکردنەکاندا". لە تشرینی یەکەمی ۲۰۲۲ جارێکی تر بە سەرۆکی بەڕازیل هەڵبژێردراوەتەوە و لە یەکی کانوونی دووەمی ۲۰۲۳دا بە فەرمی دەستبەکار بۆوە.
لە ئابی ۲۰۲٦دا، لە میانی کۆنگرەی گشتیی حزبی کرێکاراندا، خۆکاندیدکردنەوەی بۆ خولێکی نوێی سەرۆکایەتی ڕاگەیاند و چووە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانەوە بەرامبەر فلاڤیۆ بۆلسۆنارۆ. ئەنجامە سەرەتاییەکان پێشەنگبوونی ئەویان نیشان دا، کە دەیخاتە سەر لێواری بەدەستهێنانی چوارەمین خولی سەرۆکایەتی بە شێوەیەکی نەپچڕاو.
لەدایکبوون و پەروەردەبوون
لویس ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا لە ۲۷ی تشرینی یەکەمی ۱۹٤٥ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی بەڕازیل، بە دیاریکراوی لە شارۆچکەی گاران هۆنس لە ویلایەتی پێرنامبوکۆ لەدایک بووە. دایک و باوکی جووتیارێکی هەژار و نەخوێندەوار بوون و خاوەنی ٨ منداڵ بوون کە لویس حەوتەمینیان بوو.
خێزانەکەی ژیانێکی پڕ لە هەوراز و نشێو و قەیرانیان بەڕێکرد؛ باوکی لەگەڵ ئافرەتێک لە کەسوکاری خۆیاندا ڕایکرد و خێزانەکەی جێهێشت، ڕووی کردە کارکردن لە بەندەری سانتۆس لە ویلایەتی ساو پاولۆ و جارجارە بڕە پارەیەکی کەمی بۆ بژێویی ژن و هەشت منداڵەکەی دەنارد.
لە ساڵی ۱۹٥۰دا لولا بۆ یەکەم جار باوکی دی و لەوێ خوشک و براکانی ناسی کە ئەنجامی هاوسەرگیریی باوکی بوون لەگەڵ کچە خزمەکەیاندا. لەوێدا پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ "فری شیکۆ"ی برای باوکی دروست کرد کە چوار ساڵ لە خۆی گەورەتر بوو؛ فری شیکۆ گەورەترین کاریگەریی لەسەر ژیانی لولا هەبوو، چونکە ئەو بوو لولای بە بنەماکانی خەباتی سەندیکایی ئاشنا کرد.
لە ساڵی ۱۹٥۲دا، خێزانەکەیان بە بارهەڵگرێک بەرەو شاری گوارۆژا لە کەناراوەکانی ویلایەتی ساو پاولۆ کۆچیان کرد. لەوێ لولا ناچار بوو بە پێڵاو بۆیاخكردن و فرۆشتنی فولی سودانی لە شەقامەکاندا هاوکاریی بژێویی خێزانەکەی بکات.
دوای سێ ساڵ، دایک و باوکی لە یەکتر جیا بوونەوە و لولا لەگەڵ دایکیدا ڕووی لە شاری ساو پاولۆ کرد. کە گەیشتە تەمەنی ۱۲ ساڵی، لە دوکانێکی وشکەئوتوو، وەک دەستگێڕ، پێڵاوبۆیاخكەر، گەیاندنکاری جلی ئوتووکراو، یاریدەدەری نووسینگە و دواتریش لە کارگەیەکدا کاری کرد کە لەوێدا ڕووداوێکی کارکردنی بەسەر هات و پەنجە گچکەی دەستی چەپی لەدەست دا.
لە ساڵی ۱۹٦۹دا، لولا هاوسەرگیری لەگەڵ ماریا کرد کە خوشکی نزیکترین هاوڕێی (جاسینتۆ ڕیبێرۆ دۆس سانتۆس) و کرێکارێکی ویلایەتی میناس گێرایس بوو. لە ساڵی ۱۹۷۱دا و لە مانگی حەوتەمی دووگیانیدا، ماریا تووشی پەتای هەوکردنی جگەر بوو؛ لە کاتی نەشتەرگەریی قەیسەریدا کە پزیشکەکان بۆ ڕزگارکردنی دایک و کۆرپەلەکە ئەنجامیاندا، بەداخەوە هەردووکیان گیانیان لەدەست دا.
لە ساڵی ۱۹۷٤دا، لە پەیوەندییەکیدا لەگەڵ هاوڕێی ئەوکاتی بە ناوی مێریام کۆردێرۆ، کچێکی ببوو بە ناوی لۆریان. لە هەمان ساڵدا، لولا هاوسەرگیری لەگەڵ ماریزا لێتیسیا ڕۆرکۆ کاسا کرد کە بێوەژنێک بوو، و سێ منداڵیان پێکەوە بوو.
لولا و هاوسەری دووەمی زیاتر لە ۳۰ ساڵ پێکەوە ژیان، تا ئەو کاتەی ماریزا لە ۲ی شوباتی ۲۰۱۷دا بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە کۆچی دوایی کرد.
لە ساڵی ۲۰۱۷دا، لولا "جانیا"ی ناسی و پەیوەندییەکەیان بە نهێنی مەیەوە تا ساڵی ۲۰۱۹، کە ئەوکات لولا سزای زیندانیکردنی لە کورێتیبا (پارانا) بەهۆی تۆمەتی گەندەڵییەوە بەڕێ دەکرد (کە دواتر سڕدرانەوە). لولا و جانیا لە ۱٨ی ئەیاری ۲۰۲۲دا بە فەرمی هاوسەرگیرییان کرد.
خوێندن و پێگەیشتن
دا سیلڤا لە پۆلی دووەمی سەرەتاییدا لە خوێندن دابڕا، ئەوەش بەهۆی بارودۆخی سەختی دارایی خێزانەکەیەوە کە ناچاری کرد لە تەمەنی ۱۲ ساڵیدا دەست بەکارکردن بکات. لە شەقامەکانی ساو پاولۆدا کاری جۆراوجۆری دەکرد، لە پێڵاوبۆیاخكردن و خۆشکردنی پێستە تا کارکردن لە بەنزینخانەکان و فرۆشتنی میوە و سەوزە.
دواتر وەک میكانیکی ئۆتۆمبێل کاری کرد، پاشانیش دوای تەواوکردنی خولێکی سێ ساڵەی تەکنیكی بووە پسپۆڕ لە بواری کانزاکاریدا، کە ڕێگەی پێ دا لە "کارگەی ڤیس ماترا" کار بکات؛ هەر لەوێشدا بوو کە پەنجەیەکی دەستی چەپی لەدەست دا.
سەرەڕای دژایەتیی باوکی بۆ خوێندنی منداڵەکانی، لولا لە کۆمەڵگەی خوێندنگەی مارسیلیۆ خوێندی. لە ساڵی ۱۹٦۰دا دەستی بە بەشداری لە خولەکانی بەرهەمهێنانی بەرنامەی خزمەتگوزاریی پیشەیی پیشەسازیی نیشتمانی بەڕازیل کرد و توانی ببێتە میكانیک لە کۆمپانیای کانزاکاریی "پارا فۆسۆس مارتی". لە ساڵی ۱۹٦۳دا بڕوانامەی لە میكانیکی دارتاشی و خڕاتیدا بەدەست هێنا.
ئەزموونی سیاسی
لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، بەڕازیل بوژانەوەیەکی ئابووریی بەخۆیەوە دی کە توێژی کرێکار سوودی لێ نەبینی. لەو سەردەمەدا لولا هێشتا بە قووڵی تێکەڵی سیاسەت نەبووبوو، بەڵام دوای کارەساتی لەدەستدانی هاوسەر و منداڵەکەی، ڕووی لە خەباتی سەندیکایی کرد تا لەو ڕێگەیەوە خەمە کەسییەکانی لەبیر بباتەوە.
لە ساڵی ۱۹٦۷دا، وەک کرێکارێک لە کۆمپانیای "پیشەسازییەکانی ڤیلاریس" لە ساو بێرناردۆ دی کامپۆ کاری دەکرد و پەیوەندی بە یەکێتیی پیشەسازییە کانزاییەکانەوە کرد بە ڕێبەرایەتیی براکەی، فری شیکۆ کە ئەندامی حزبی کۆمۆنیستی بەڕازیلی (PCB) بوو. لە ساڵی ۱۹٦۹دا بووە جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی "ساو بێرناردۆ دۆ کامپۆ و دیادیما"، و لە ساڵی ۱۹۷٥دا بووە سەرۆکی یەکێتییەکە.
زۆر خێرا لولا بەهرەی خۆی وەک وتاربێژ و دانوستانکارێکی لێهاتوو نیشان دا. بە ڕوخسارە ئاڵۆسکاوەکەی، ڕیشی چڕ و قژی پەشێوییەوە، بووە کەسایەتییەکی دیاری سەندیکاکان؛ ئەمەش دەسەڵاتدارانی تەنگەتاو کرد و لە سەردەمی ڕژێمی سەربازیدا چەندین جار بۆ ماوەی کورت خستیانە زیندانەوە.
لولا توانی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە خەباتی سەندیکاییدا دروست بکات؛ سەندیکاکانی لە دامەزراوەی پاشکۆی حکومەتەوە گۆڕی بۆ بزووتنەوەیەکی سەندیکایی بەهێز و سەربەخۆ. گەورەترین مانگرتنی کرێکارانی لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی بیستەمدا لە ناوچەی پیشەسازیی ساو پاولۆ ڕێکخست - مانگرتنێک کە لە مێژووی بەڕازیلدا، بە تایبەت لە ژێر حوکمی سەربازیی ساڵانی ۱۹٦٤ تا 1985دا، وێنەی نەبوو.
دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی سەربازی کەوتنە شوێنپێهەڵگرتنی، و لە سەرەتای ساڵی 198۰دا لەگەڵ دەستەیەک لە ڕێبەرانی سەندیکاکاندا بێ بڕیاری دادگا دەستگیر کران.
ئەم سەرکوتکاری و پەلامارە ئەمنییانە وایان لە لولا کرد لە سەرەتای ساڵی 1980دا بە تەواوی ئاڕاستەی خەباتی خۆی بەرەو سیاسەت وەربگێڕێت؛ چونکە گەیشتبووە ئەو باوەڕەی بەبێ دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی تر و ڕاکێشانی کارئەکتەرە ئابوورییە گەورەکانی ناوخۆ و دەرەوە، ناتوانێت بگاتە دەسەڵات. سەرڕای ئەوەش، هەمیشە بە وەفاداری بۆ داواکاریی هەژاران، بەرگریکردن لە پاکدەستی و دژایەتیکردنی گەندەڵی لە دامەزراوەکانی حوکمرانیدا مایەوە و توێژە چەوساوەکانی هان دەدا بەشداری لە ژیانی سیاسی لە وڵاتدا بکەن.
لەسەر بنەمای ئەم بیرۆکەیە، توانی سەندیکاکان، ڕۆشنبیران و نوخبە ئایینییە جیاوازەکان لە چوارچێوەیەکی سیاسیی یەکگرتوودا کۆ بکاتەوە و یەکەم حزبی سۆشیالیستی لە مێژووی وڵاتدا بە ناوی "حزبی کرێکاران" (PT) دامەزرێنێت.
بە تێپەڕبوونی کات، حزبەکە هەڵوێستی سیاسی و ئابووریی واقیعیانەتری گرتە بەر کە لەسەر بنەمای گۆڕینی ڕیشەیی دەسەڵات نەبوو، بەڵکو لەسەر بنەمای "ڕەخساندنی زەمینەی لێکگەیشتن لە نێوان دژەکاندا" دامەزرابوو.
لە ساڵی ۱۹۹۲دا، پشتگیریی لە لادانی سەرۆک میلۆ کرد کە تۆمەتبار کرابوو بە دۆسیەی گەندەڵیی جۆراوجۆر، تا لە کۆتایی هەمان ساڵدا ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا.
لولا دەستی کرد بە چەسپاندنی بیرۆکەی گەیشتن بە سەرۆکایەتیی بەڕازیل. لە ساڵی ۱۹۹٤دا خۆی کاندید کرد، بەڵام لە خولی یەکەمدا دۆڕا. لە هەڵبژاردنەکانی ۱۹۹٨دا جارێکی تر هەوڵی دایەوە و دیسان لە خولی یەکەمدا سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا. بەڵام ئەم دوو جارە خۆکاندیدکردنە بووە هۆی بەرزبوونەوەی پێگەی سیاسیی بە شێوەیەکی بەرچاو، بە تایبەتی دوای ئەوەی حزبی کرێکاران بووە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی ئۆپۆزسیۆنی بەڕازیل.
لە ۲۷ی تشرینی یەکەمی ۲۰۰۲دا، لولا خەونەکەی هێنایە دی و لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا بە ڕێژەی. 61.5 ٪ی دەنگەکان (بە بەهای ٥۱ ملیۆن دەنگ) سەرکەوتنی بەدەست هێنا و بووە یەکەم سەرۆکی چەپڕەو کە لە دوای دامەزراندنی یەکەم کۆمار لە ساڵی 1889ەوە سەرۆکایەتیی بەڕازیل بگرێتە دەست.
لە ۳۰ی تشرینی یەکەمی ۲۰۰٦دا، لولا بۆ خولی دووەم و کۆتایی (بەپێی دەستوور) بە ڕێژەی زیاتر لە60٪ ی دەنگەکان هەڵبژێردرایەوە. خولی سەرۆکایەتییەکەی لە سەرەتای کانوونی دووەمی ۲۰۱۱دا کۆتایی هات، لە کاتێکدا هێشتا خاوەنی جەماوەرییەکی بێوێنە بوو کە زیاتر لە 80% ی خەڵکی پشتیوانییان دەکرد. سەرەڕای ئەوەش، چەندین داواکاریی بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور ڕەت کردەوە تا وەک سەرۆک بۆ خولی سێیەم یان بۆ تەواوی ژیانی بمێنێتەوە، و دەسەڵاتی ڕادەستی دیلما ڕوسێف کرد کە بەپشتیوانیی گەورەی لولا سەرکەوتنی بەدەست هێنابوو.
لە سەردەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، بەڕازیل بوژانەوەیەکی ئابووریی بەرچاو بەخۆیەوە دی کە هاوكات بوو بە بەرزبوونەوەی نرخی کەرەستە خاوەکان. ڕێژەیەکی زۆری هاووڵاتیانی بەڕازیل لە ڕێگەی بەرنامە کۆمەڵایەتییەکانەوە لە هەژاری ڕزگاریان بوو و چوونە ناو توێژی ناوەندەوە؛ حکومەت ملیارەها دۆلاری بۆ لەناوبردنی هەژاری و جیاوازیی چینایەتی تەرخانكرد کە ساڵانێکی دورودرێژ باڵی بەسەر وڵاتدا کێشابوو.
لولا نزمترین ئاستی مووچەی بەرز کردەوە و بەرنامە کۆمەڵایەتییەکانی فراوانترکرد تا توێژە هەرە بێبەش و هەژارەکانی وڵات بگرێتەوە، بە تایبەت لە ڕێگەی بەرنامەی "یارمەتیی خێزانی" کە نزیکەی ٤٤ ملیۆن کەس سودیان لێ بینی، ئەمەش خۆشەویستی و جەماوەریبوونی ئەوی لە ناوەندە هەژار و پەراوێزخراوەکاندا زۆرتر کرد.
لە زیندانەوە بۆ خولی سێیەمی سەرۆکایەتی
سەرەڕای ئەم دەستکەوتانە، سەردەمی حوکمرانیی لولا بێ ڕەخنە نەبوو؛ ڕەخنە لە پڕۆژە گشتییە تێچوو-بەرزەکان دەگیرا و گومان لە سوودەکانیان دەکرا، جگە لە پەیوەستبوونی ناوی هەندێک لە بەشداربووان بە فەزیحە و دۆسیە گەورەکانی گەندەڵییەوە.
یەکەم دۆسیە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیەکەیدا بوو لە ساڵی ۲۰۰٥، کە لە ڕاگەیاندنەکاندا بە "پێدانی مانگانەی گەورە" ناسرا؛ تێیدا پلانێکی نهێنی بۆ کڕینی دەنگی ئەندامانی کۆنگرێس ئاشکرا بوو، کە بووە هۆی سزادانی کەسە نزیکەکانی لولا و مەترسیی لەسەر هەڵبژاردنەوەی دروست کرد.
دۆسیەی دووەم لە سەردەمی سەرۆکایەتیی دیلما ڕوسێفدا ڕووی دا، کاتێک وڵات ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئابووریی گەورە ببووەوە؛ گەندەڵیی بەخشینی بەرتیل لە گرێبەستە ملیۆن دۆلارییەکانی کۆمپانیای نەوتی حکومی "پێترۆبراس" لەگەڵ کۆمپانیاکانی بیناسازیدا تەقیوەوە کە بە گەورەترین فەزیحەی گەندەڵی لە مێژووی ئەمریکای لاتیندا دادەنرێت. لولا تۆمەتبار کرا بە وەرگرتنی خزمەتگوزاری لە کۆمپانیا تایبەتەکانی بیناسازی و لە ساڵی ۲۰۱٨دا بە تۆمەتی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە لەلایەن دادوەر سێرجیۆ مۆرۆوە سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.
سەرەڕای ئەوەی لولا لە ڕاپرسییەکاندا پێشەنگ بوو، ئەم سزادانە ڕێگریی لێکرد بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ۲۰۱٨دا بکات؛ لەو هەڵبژاردنەدا (دوای لادانی ڕوسێف لە پۆستەکەی) جاییر بۆلسۆنارۆی ڕاستڕەو سەرکەوتنی بەدەست هێنا، و دوای ماوەیەکی کەم دادوەر مۆرۆی وەک وەزیری داد دامەزراند.
لولا ۱۹ مانگی لە زینداندا بەسەر برد تا لە ساڵی ۲۰۲۱دا لەلایەن دادگای فیدراڵیی باڵاوە ئازاد کرا و سزاكانی هەڵوەشێنرانەوە، ئەوەش بەهۆی "ڕوودانی پێشێلکاری لە پڕۆسەی دادگاییکردنەکەدا و بێلایەن نەبوونی دادوەر سێرجیۆ مۆرۆ".
لە ناوەڕاستی بارودۆخێکی ئابووریی ئاڵۆزی جیهانیدا، دوای سێ ساڵ لە پەتای کۆرۆنا و لە ژێر کاریگەریی شەڕی ڕووسیا لەسەر ئۆکرانیا و دابەزینی ئابووری کە ملیۆنان بەڕازیلی خستبووە ناو هەژاریەوە، لولا لە یەکی کانوونی دووەمی ۲۰۲۳دا بۆ خولی سێیەم وەک سەرۆکی بەڕازیل دەستبەکار بووەوە.
خولی چوارەم
لە ئابی ۲۰۲٦دا، لولا دا سیلڤا لە میانی کۆنگرەی گشتیی حزبی کرێکاراندا لە سەنتەری پێشانگاکانی "ئێكسپۆ سێنتەر نۆرت" لە باکووری ساو پاولۆ، خۆکاندیدکردنەوەی بۆ خولێکی نوێ ئەنجامدا. لە نێو ئامادەبوونی هەزاران لایەنگر و ڕێبەرانی حزبەکەدا، ئەمە حەوتەمین جار بوو بەشداری لە کێبڕکێی سەرۆکایەتیدا بکات و چوارەمین جار بوو هەوڵی گەیشتن بە دەسەڵات بدات.
لولا لە وتارەکەیدا سەرنجی خستە سەر پرسی سەروەریی نیشتمانی و جەختی کردەوە کە بەڕازیل ڕێگە بە هیچ لایەنێکی دەرەکی نادات دەست بەسەر سامانەکەیدا بگرێت؛ گوتی: "هیچ چینییەک، ئەمریکییەک یان فەرەنسییەک دەستکاری دەستکەوت و سەروەریی بەڕازیل ناکات بێ ڕێزگرتنی تەواو لە سەروەرییەکەمان." هەروەها بەڵێنیدا پشتیوانی لەپیشەسازییە بەرگرییە نیشتمانییەکان بکات ووەبەرهێنان لە کەرتە ستراتیژییەکاندا زیاد بکات، وەک بەشێکی دانەبڕاو لە پاراستنی سەربەخۆیی و بڕیاری سیاسیی وڵات.
ئەنجامە سەرەتاییەکان دوای جیاکردنەوەی 99.89ی دەنگەکان، سەرکەوتنی لولا دا سیلڤایان بۆ خولی چوارەمی نەپچڕاو پشتڕاست کردەوە، بە دەستهێنانی نزیکەی 52 %ی دەنگە دروستەکان بەرامبەر ٤٨٪ بۆ ڕکابەرە ڕاستڕەوەکەی، فلاڤیۆ بۆلسۆنارۆ.
فلاڤیۆ بۆلسۆنارۆ، ئەندامی ئەنجومەنی پیران و کوڕی سەرۆکی پێشوو جاییر بۆلسۆنارۆ، ڕەتیکردەوە دان بە ئەنجامەکەدا بنێت و ڕایگەیاند کە پەنا بۆ دادگا دەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکە.
خەڵات و ڕێزلێنانەکان
• وەرگرتنی خەڵاتی پرێنسیپای ئەستۆریاسی ئیسپانی بۆ هاوکاریی نێودەوڵەتی لە ساڵی ۲۰۰۳دا.
• بەدەستهێنانی خەڵاتی "پیاوی دەوڵەتی ساڵ" لە ساڵی ۲۰۰٦دا.
• وەرگرتنی خەڵاتی "لیخ ڤالێسا" لە ساڵی ۲۰۰۷دا بەپێزانیین بۆ هەوڵەکانی لە کەمکردنەوەی جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان و وەک داكۆكیکارێک لە لێکگەیشتنی ئاشتیانە و هاوبەشیی نێوان نەتەوەکان، بەتایبەتی لەڕێگەی بەهێزکردنی پێگەی وڵاتانی تازەگەشەسەندوو لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.
• بەدەستهێنانی خەڵاتی "فێلیکس هۆفۆت بۆینی بۆ ئاشتی" لە ساڵی ۲۰۰٨دا لەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆوە.
• وەرگرتنی مەدالیای "گران ڤێرمێل" لەلایەن شاری پاریسەوە.
• بەدەستهێنانی خەڵاتی "کۆمەڵگەی جیهانیی پەیوەندییەکان و زانیاری"ی سەر بە یەکێتیی نێودەوڵەتیی پەیوەندییەکان.
• لە ساڵی ۲۰۱۲دا خەڵاتی ڕۆزڤێڵتی بۆ ئازادییە چوارگۆشەییەکان (Four Freedoms Award) پێ بەخشرا.