هەژاری، دەردێکی بەردەوام

ســــەرکۆ یونس
  2021-01-11     910
لــــەعێراقی نوێ دا،ڕۆژ لەدوای ڕۆژ،قەیرانە ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان،بەردەوام لەهەڵکشاندان،بەبێ ئەوەی هەوڵێک هەبێت بۆ چارەسەرکردنیان،هەر دیاردەیەو سەرهەڵدەدات وزیاتر کۆمەڵگا تووشی داڕمان و لێکترازان دەکات.
هەژاری،وەک دەردێکی ئابوری و کۆمەڵایەتی،بەڕۆکی ژیانی نزیکەی یەک لەسەر چواری دانیشتوانی عێراقی گرتووە، ساڵ لەدوای ساڵ، ڕێژەکە بەرزتر دەبێتەوە.
لەساڵی(2020)دا ولەپاش سەرهەڵدانی کۆرۆناڤایرۆس و ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ، لەسەرجەم شاروشارۆچکەکانی عێراقدا،دەرئەنجامی خۆپاراستن لەڤایرۆسەکە،کۆمەڵگای عێراقی تووشی دەردێکی بێ دەرمان بوویەوە کەئەویش بێکارییە.
ڕێژەی بێکاری لەعێراقدا،بەرزبوەتەوە بۆ نزیکەی (40%)ی دەستی کاری کۆمەڵگا، ئەمەش بوو بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی هەژاری.
بەپێ ی ئامارەکان ڕێژەی هەژاری بەتێکڕا نزیکبووەتەوە لە(31.6%)ی دانیشتوان،واتە نزیکەی (11 ملیۆن و 400 هەزار) کەس لەعێراقدا لەژێــر هێڵی هەژارییەوە دەژین.لەهەندێ پارێزگای باشوردا (50%)تێپەڕاندووە.
لەم چەند خاڵەدا،هۆکارە سەرەکییەکان، بەکورتی دەستنیشان دەکەین:
یەکەم :- سەرهەڵدانی کۆرۆناڤایرۆس و لێکەوتەکانی، قەدەغەی هاتوچۆ و ڕاوەستانی جموجوڵی بازرگانی نێوان شارو پارێزگاکان،بێکاربونی ڕێژەیەکی بەرزی کارکەران لەکاری تایبەت و کۆمپانیاکان و کاروچالاکی ناوبازاڕەکان.

دووەم:- دابەزینی نرخی نەوت لەبازارەکانی جیهاندا،بێ گومان ئەمەش بەهۆی بڵاوبونەوەی کۆرۆناڤایرۆسەوە،نرخی بەرمیلی نەوت، بۆ کەمترین ئاستی جیهانی دابەزی وخواست تاڕادەی نەمان کەمبوویەوە،هەرئەمەش بووبەهۆی کەمبونەوەی داهاتەکانی عێراق و دەرئەنجام داهاتی تاک بەڕێژەی (22%) دابەزیوە.

سێ یەم:- بوونی دیاردەی گەندەڵی لەزۆربەی جومگەکانی حکومڕانی دەوڵەتدا،بەجۆرێک هیچ کارێک بەبێ پێدانی بەرتیل و نەبوونی واستە، جێ بەجێ ناکرێت.
بەپێ ی لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتیەکان، عێراق، لە ڕیزبەندی گەندەڵترین وڵاتانی جیهاندایەو پلەی (12)ی گرتووە!

چوارەم:- لەدوای ساڵی(2003)ەوە، هاتنە سەرحکومی سەرکردە عێراقیەکان، نزیکەی (365)ملیار دۆلار لەسەروەت وسامانی عێراق، دیار نەماوە و لەلایەن چینێکی سیاسی گەندەڵکارانەوە، بەفیڕۆ دراوە.

پێنجەم:- کێشمەکێشەسیاسی و ناکۆکییەمەزهەبی و تایفییەکان،باری سەرشانی هاوڵاتیانی عێراقی، قورستر کردوە،سەرەڕای هەموو ئەو شەڕانەی بەهۆی گروپە توندئاژووەکانەوە، ژێرخانی ئابوری عێراق، توشی خراپترین داڕمان بووەتەوە.بەجۆرێک نەبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک کارەباو ئاوی خاوێن، بەڕێژەیەکی کەم دەگاتە دەست دانیشتوان،واقعی ژیان وگوزەرانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشور سەلمێنەری ئەم ڕاستیەن.

شەشەم:- دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی،جارێکی تر بارگرانی سەرشانی چینی مامناوەندو هەژارانی قورستر کردوە،چونکە دینار لەدوای لەدەستدانی بەهاکەی بەڕێـژەی (20%) توانای هێزی شت کڕینی زیاتر دادەبەزێت،لەگەڵ هەڵاوسانی بازاڕدا خواست وئارەزوی هەژاران کەمتر دەکاتەوە،سەرئەنجام ناتوانرێت پێویستییەکان پڕبکرێنەوە،بەمەش ڕێژەی چینی هەژاران زیاتر دەبێت و ژنانیش باجی قورسی ئەم بارودۆخە دەدەن.
لەلایەکی ترەوە،پشکی بودجەی سەربازی و ئاسایش لەعێراقدا زۆرترین بڕی بۆ تەرخان دەکرێت،بەجۆرێک زۆرترین بەشەبودجە، بۆ بەرگری و ناوخۆ وحەشدی شەعبی تەرخان دەکرێت!

هەموو ئەمانەو چەندین هۆکاری تر،بوونەتە هۆی زیادبونی ڕێژەی هەژاری لەعێراقدا،بەپێ ی ڕاپۆرتەجیهانیەکان. ئایندەی عێراق، زیاتر دژواتر دەبێت، جیاوازی چینایەتی، نێوان دەوڵەمەند و هەژاران، فراوانتر دەبێت، لەهەمانکاتدا ڕێژەی هەژاری نزیک دەبێتەوە لە(60% بــــۆ 70%)ی دانیشتوان!
خۆشبەختانە، تاڕادەیەک پارێزگاکانی هەرێم بەبەراورد بەپارێزگاکانی تر،ڕێژەیەکی کەمتری هەژاری تێدایە،بەڵام ئەمە مانای ئەوە نی یە، کەهەژاری لەهەرێم نی یە، بەڵکو هەیە و ئەگەر بارودۆخی ئابوری، سیاسی، بەم شێوەیە بەردەوام بێت،ڕێژەی هەژاری لەهەرێمیش وەک ناوچەکانی تری عێراق، لەهەڵکشاندا دەبێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×