هێزی پـــــــارە

ســــەرکۆ یونس
  2023-07-03     308

پارە، مێـژوویەکی دێرینی هەیە، باس لە 5000 هەزار ساڵ لەمەوپێش دەکرێت، کەگەلی میزۆپۆتامیا پارەی (شێکل)یان دروستکرد.
پارە، هۆکارە نەک ئامانج، بەپارە دەتوانین پێویستیەکانی خۆمان و کەسانی دەوروبەرمان دابین بکەین، پارە گرنگە بۆ ژیان، بەتایبەت لەجیهانی ئەمڕۆدا دەتوانین بڵێن، بەبێ پارە ژیان ئەستەمە!

ووتەیەکی باو هەیە، کەدەڵێت، پارە هەموو شتێک نی یە، بەڵکو بەبێ پارە هیچ شتێک بوونی نی یە، پارە وسامان وەسفکراوە بەوەی کەجوانی ژیانی دونیایە، دەروون ئارام دەکاتەوە و ناوچاو و ڕوخساری کەسانی ناشیرین ئەدرەوشێنێتەوە، وە ئەگەر پارە نەما ئەوا هەموو هاوسەنگییەکان تێک دەدات، هەروەها بزوێنەری زۆربەی شتەکانە و ئەستوونی سەرەکی گەشەپێدانی ئابورییە.
پارە، ئەگەر بەباشی خەرجبکرێت ئەوا خۆشبەختی دەهێنێت و قەبارەی پارە پەیوەندییەکی راستەوانەی لەگەڵ خۆشبەختی دەروونی هەیە، پسپۆڕانی دەروونی لەتوێژینەوەکانیاندا گەشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کەپارەی زۆر و بەبەها لەکاتی خەرجکردنیدا خۆشبەختی خاوەنەکەی بەدەستدەهێنێت ودەروونی کەسەکە ئارام دەکاتەوە.

بەبوونی پارە، دەتوانیت هاوسەرگیری بکەیت لەگەڵ ئەو ئافرەتەی کەدڵخواستە، بەپارە لەکۆشک و ڤێلاو بەرزاییەکانی شار دەتوانیت نیشتەجێ بیت، وە دەتوانیت ببیت بەخاوەنی باشترین یەختی دەریایی و ئۆتۆمۆبیلی گرانبەها وتەنانەت فرۆکەی تایبەتیش، هەروەها دەتوانیت پێگەی کۆمەڵایەتی بەرز بەدەست بهێنیت.

بەپارەو سامان، دەتوانیت بفڕیت ئەگەر باڵی مێشوولەیشت نەبێت، لەپێناو پارەدا ویژدان دەکڕێت و دەفرۆشرێت، هەروەها بەهۆی پارەوە هەڵوێستەکان لەماوەی شەو وڕۆژدا دەگۆڕێت. بزوێنەری پیلانەکانەو خۆراکی ململانییەکانە وکڕیاری پاڵپشتی و لایەنگرییەکانە، لەهەمانکاتدا تێکدەری ڕێکەوتنەکانە، لەلایەکی ترەوە گەورەترین هۆی شەڕو داگیرکاری وڵاتانە...

بەپارە بڕوانامە دەکڕیت، دەتکات بەخاوەن پێگەی زانستی، جووڵە بەخەم وخەفەتەکان دەکات و هەروەها بیانووی دزی و خیانەتکردن لەسپاردەکانە.
هەر پارەیە وێنەی سەر روخسارەکان بەدڵتەنگی و بزە دەردەخات، هەر پارەیە مرۆڤ چاوەڕێ ی دەکات بەئارامگرییەکی زۆرەوە. پارە چارەسەری فشارەکانی ژیان دەکات وبەهۆی پارەوە داواکارییەکانی خێزان دابین دەکرێت.

بەهۆی پارەوە مرۆڤ جوان دەبێت و دەستکاری ڕووخسارە ناشیرینەکان دەکرێت، بەکورتی پارە رووخسار ئەدرەوشێنێتەوە.


هەر پارەیە، مرۆڤەکان دەخاتە کونجی زیندانەوە، بۆ هەندێ کەس تەندروستی ولەشساغی دەهێنیت و بۆ کەسانی تریش نەخۆشی ودەردو مەینەت.
پارە، وڵات ئاوەدان دەکاتەوە هەر بەپارە وێرانی دەکات، لەپێناو پارەدا گەنجان ڕوو لەکۆچ و غوربەت دەکەن و جیاکەرەوەی خێزان و پەرتبوونی ماڵەکانە.

هەر پارەیە، هۆکاری سەرەکی درۆکردن و دووڕوویی لەکۆمەڵگادا، بۆ پارەیە هەڵپەو پەلامار و ڕێگرتن و شەودزی.


هەروەها بەهۆی پارەوە، گەشەسەندن و ئەرکەکان زۆر دەبن، هۆکاری گەندەڵی یە ولەپێناویدا زوڵم و ستەم سەرهەڵدەدات.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×