بایکۆتی کاڵای ئێرانی، لەنێوان واقیع و دروشمدا

ســــەرکۆ یونس
  2024-01-21     326

دەرئەنجامی هێرشەکانی شەوی 15 ی یەک لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر و ماڵی بازرگان و سەرمایەدار پێشڕەو دزەیی، کەشەهید و برینداری لێکەوتەوە. کاردانەوەی لێکەوتەوە و دوای زنجیرەیەک خۆپیشاندانی هاوڵاتیان لە هەولێر و دهۆك.
ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و دهۆك، داوا لەبازرگانان و هاوڵاتیان دەکات بایکۆتی کاڵای ئێرانی بکەن و چیتر بازرگانی لەگەڵ ئێراندا نەکەن و پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەڵپەسێرن.
ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت تیشکی بیخەینە سەر بابەتی بایکۆتکردن و هەڵپەساردنی بازرگانی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا.
هەرێمی کوردستان، سێ خاڵی بازرگانی نێودەوڵەتی هاوبەشی لەگەڵ ئێراندا هەیە ( حاجی ئۆمەران، باشماخ، پەروێزخان) چەندین خاڵی سنوری لاوەکی و ڕێگاکانی قاچاغی و کۆڵبەری.
مامەڵەی ساڵانەی بازرگانی هەرێم و ئێران لەسەروو دوو ملیار دۆلارە و هەرێم بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانی ناوخۆیی بەڕێژەیەکی گەورە پشت بەئێران دەبەستێت، بۆ نمونە لە مەرزی حاجی ئۆمەرانەوە ڕێژەی 94% هاوردەیە بۆ هەرێم و تەنها ڕێژەی 6% هەناردەی هەرێمە بۆ ئێران، هەروەها زۆربەی دوکان و مارکێتەکان سیخناخن بە کاڵای ئێرانی لەباش و خراپ.
هەروەها خاکی ئێران بۆ هەرێم، ڕێگایەکی سەرەکی ترانزێدی وڵاتانی ترە، هەر لەوڵاتانی ئۆراسیا و وڵاتانی کەنداو و باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، بەسەدان کاڵاو کەلوپەل بەخاکی ئێراندا تێدەپەڕێت بۆ هەرێم.
ئەم هەڵمەتە لەكاتێكدایە بەپێی ڕاپۆرتی دەستەی ئاماری هەرێمی سەر بەوەزارەتی پلاندانان، باس لەوە دەكات كە ڕێژەی هەڵاوسان لەبازاڕەكانی هەرێمدا بەرەو هەڵكشان ڕۆشتووە و هاوڵاتیانیش بەبەردەوامی گلەو گازەندەیان لەبەرزی نرخەكانە.
پێمان وایە، بایکۆتکردنی بازرگانی لەئێستادا قورسە و ئابوری هەرێمی كوردستان پێویستی بەكاڵای ئێرانییە بەگشتی و کاڵای میوە و بابەتەکانی ووشکە بەتایبەتی. لەلایەكی ترەوە كێشەگەورەكە خودی ئابوری هەرێمە، چونكە تائێستا هەرێم نەیتوانیوە و پێمان وایە بەم سیاسەتە ناتوانێت هیچ نەبێت بەرهەمی ناوخۆیمان بۆ خۆژێنی هەبێت.
هەروەها دروشمی بایكۆتی كاڵا بەم خێرایە ناكرێت، چونكە لەبازرگانیدا هەمیشە گرێبەست و ڕێكەوتنامەی دوو لایەنە هەیە و ئەنجامدەدرێت، هەر بایكۆتكردنێك لەمامەڵەی بازرگانی دەرەكییدا كاتی پێویستە، بەڕۆژ و هەفتەو مانگ بەدینایەت.
لەلایەكی ترەوە جێگرەوەی ئێران هەروا كارێكی ئاسان نی یە و لەكاتێكی كەمدا پەیدا نابن، چونكە زۆربەی وڵاتان سیاسەتی بازرگانی دەرەكی خۆیانیان ڕێكخستووە و لەگەڵ وڵاتانی تردا مامەڵە دەكەن و ناكرێت بەیەكجار و لەیەككاتدا سەرجەمی مامەڵەی بازرگانی هەرێم لەگەڵ ئێراندا بپچڕێنرێت و ڕوو بكرێتە وڵاتێكی تر.
ئەوەشمان لەبیر نەچێت ڕاستە هەرێمی كوردستان، بازاڕێكی گونجاو و لەبارە بۆ ساغكردنەوەی كاڵائێرانییەكان، لەهەمانكاتدا بازرگانانی هەرێمیش سوود و كەڵكیان لەبازرگانی لەگەڵ ئێراندا بینیوە و ئاسانكاری زیاتری تێدایە چونكە هاوسێ یە و تێچوونی گواستنەوەی كاڵاكان بەكەمترین تێچوون دەگەنە هەرێم و بەمانایەكی تر، تێچونی گواستنەوە هەرزانە و كاریگەری ئەوتۆو بەرچاوی نەخستووەتە سەر كۆی گشتی نرخەكان.
بایكۆتكردنی بازرگانی یەكێكە لەفشارەئابورییەكان بۆ بەرپەچدانەوە و سەركۆنەكردن. بەڵام بۆئەوەی باجی ئەم كارە نەکەوێتە سەر شانی هاوڵاتیان و دانیشتوانی هەرێم، پێویستە بە ووریاییەوە بڕیار بدرێت چونكە لەلایەك ئابوری هەرێم خۆی لاوازە و توانای بەرگەگرتنی قەیرانی زیاتری نییە و لەلایەكی ترەوە بەهۆی قەیرانی نەبوون و دواكەوتنی مووچەو بودجەوە، بارگرانیەكی گەورەو قورس لەسەر شانی تاك و خێزان و كۆمەڵگەیە.
ئەوەشمان لەبیر بێت، ئەزموونی ریفراندۆمەکەی 2017 و دەرئەنجامەکانی بازارەکانی هەرێمی كوردستانی سەراوژێرکرد، هەر لەبەر ئەم هۆکارانە، پێویستە بەلۆژیکی واقیع، مامەڵە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا بکرێت، ڕێگای دیبلۆماسی و گفتوگۆ باشترین بژاردەیە.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×