هەڵبژاردن و خەرجییە بێ سنورەکانی

ســــەرکۆ یونس
  2021-10-06     668
عێراق، نزیک دەبێتەوە لەوادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە، کەبڕیارە لە(10) ئۆکتۆبەر ئەنجام بدرێت، لەناو کێبڕکێیەکی توندی لایەنەسیاسیەکاندا، لەگەڵ پەیڕەوکردنی یاسای هەڵبژاردنی تازە، کەپشت دەبەستێت بەچەند بازنەیەکی هەڵبژاردن، لەناوخودی هەرپارێزگایەکدا.

بەپێچەوانەی هەموو خولەکانی پێشووی هەڵبژاردنەوە، بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لە مانگێک پێش وادەی هەڵبژاردنەکانەوە دەستی پێ دەکرد، ئەمجارە بانگەشە لە 3 مانگ پێش وادەی هەڵبژاردن دەستیپێکردو بەردەوامیش دەبێت تا 24 کاتژمێر پێش ڕۆژی هەڵبژاردن، کەپێ ی دەوترێت بێ دەنگی هەڵبژاردن.

بێگومان بەهۆی زۆری ماوەی بانگەشەوە، بارگرانی وتێچوونی زۆر لەسەر کاندیدان و لایەنە سیاسییەکان دەوەستێت. لەکاتێکدا یاسای عێراقی هیچ سەقفێکی بۆ خەرجی بانگەشە دیاری نەکردووە.

خەرجییەکی بێ سنوور!

تائێستاش دۆسیەی خەرجییەکان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن لەعێراقدا، جێگای سەرنج و لێکۆڵینەوەی زۆرێک لەچاودێرانی بواری ئابورییە، لەگەڵ نەبوونی میکانیزمێک بۆ دیاریکردنی خەرجیەکان کەدەبێت کەس ولایەنەکان بەکاریبهێنن.

هەر لەم بارەیەوە ووتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەلبژاردنەکان لەعێراق، جەختی کردەوە کە یاسای عێراقی هیچ سنورێکی دیاری نەکردووە بۆ خەرجی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان. هەروەها کۆمیسیۆن ناتوانێت چاودێری بڕی پارەی خەرجکراوی لایەن وکاندیدەکان بکات لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا.

پەرلەمانی عێراقی یاسای لایەنەکانی لەساڵی 2015دا دەرکرد لەم یاسایەدا هیچ برگەو ماددەیەکی باسی چۆنیەتی پارەدارکردنی لایەنەکان ناکات و لایەنەکان سەربەستن لەبڕو چۆنیەتی خەرجکردنی سامانەکانیان.
گومانی تێدا نی یە، نەبوونی یاسایەک بۆ دیاریکردنی خەرجکردنی پارە، لەهەڵمەتی هەلبژاردندا دەبێتەهۆی پەنابردنی لایەنەکان بۆ دەستکەوتنی پارە لەسەرچاوەی دەرەکییەوە.

زۆربەی زۆری وڵاتان، بەیاسا بڕی پارەی خەرجکراویان دیاریکردووە، کەپێویستە لایەنەکان و کاندیدەکان لەماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا لەڕێگەی کردنەوەی حسابی بانکییەوە، ئەمەش لەیاسای ئەحزاب و یاسای تازەی هەڵبژاردنی عێراقیدا باس نەکراوە.
دیارینەکردنی بڕی پارەی خەرجکراو بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، دەبێتەهۆی پەنابردنی زۆرێک لەلایەنەکان بۆ سەرچاوەی پارەدارکردنی دەرەکی وئیقلیمی، بێ گومان ئەمەش لەداهاتوودا ڕەنگدانەوەی سلبی دەبێت لەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران.

بەهۆی دەستکراوەیی لایەنەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و کێبڕکێ ی لایەنەکان و کاندیدەکان، وادەکات نزیکەی (150) ملیۆن دۆلار خەرج بکەن.
بەشێکی تێچوونەکانی لایەن وکاندیدەکان، بۆ لەچاپدانی پۆستەرو ریکلام و کەمپینەکان دەبێت.
لەلایەکی ترەوە، بەهۆی زۆری ماوەی بانگەشەوە، زۆرێک لەلایەن وکاندیدەکان، پارەیەکی زۆر خەرج دەکەن، ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر کۆی پارەی تەرخانکراو بۆ بانگەشەکان.
لەم نێوەندەدا، لایەنەسیاسیە گەورە وکاندیدەدەوڵەمەندەکان سوود لەم کاتە دەبینن، بەپێچەوانەی لایەنەسیاسیە بچوکەکان.

سەرچاوەی پارەدارکردنی لایەنەکان
ئاشکرایــــە، سەرچاوەی پارەدارکردنی کوتلەو لایەنەسیاسییەکان لەدوو ڕێگاوە دەبێت، یان ئەوەتا پارەدارکردنیان دەرەکی یە لەڕێگای وەبەرهێنانی دەرەکی سامانی حزبەکان و هاوکاری وڵاتانی ئیقلیمی ڕاستەوخۆ، یان پارەدارکردنی ناوخۆ، کەلەڕێگای پارەو سامانی سیاسی و گرێبەستەحکومییەکان وقۆستنەوەی دامودەزگاکانی دەوڵەت و پڕۆژەبازرگانییەکانی لایەنەکانەوە دەبێت.

هەرچەندە سەرۆک وەزیرانی عێراق(موستەفا کازمی) ئاشکرای کردووە، کە نابێت لایەن وکاندیدەکان، دامودەزگای حکومی بقۆزنەوە لەبەرژەوەندی خۆیان وحزبەکانیان.
هەروەها کازمی ئاشکرای کرد، لەماوەی ڕابردودا هەندێ سکاڵا هەبوون لەبابەتی قۆستنەوەی موڵک وماڵی دەوڵەت لەلایەن هەندێ وەزیری کاندید وبەرپرسان کەپاڵپشتی سیاسیان هەیە لەحکومەتدا.
هەموو ئەمانە و پارەبەخشینەوە بەسەر لایەنگرو دەنگدەران و خێڵ وبنەماڵــەو عەشیرەتەکاندا، تێچوونەکانی بانگەشە گەورەترو زیاتر دەکەن.

خەرجی وبودجەی کۆمیسیۆن
خەرجی وتێچونی خودی کۆمیسیۆن و پرۆسەی دەنگدان لەرۆژی هەڵبژاردندا، گەورەترین تێچوون و خەرجییە لەسەر بودجەی گشتی عێراق و بارگرانییەکی ترە لەسەر شانی هاونیشتیمانیان.
بەپێ ی زانیارییەکان، هەڵبژاردنی 10 ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، بەنزیکراوەیی نزیکەی (250 بۆ 300) ملێون دۆلاری تێ دەچێت.
تێچوونەکانی هەڵبژاردن، دابەش دەبن لەنێوان کرێ ی کارمەندانی کاتی ڕۆژی دەنگدان و تێچونی کارتی دەنگدان و ئامادەکارییەکانی تری لۆجیستی لەوانە، ئامێرەئەلیکترۆنیەکان.

شایانی وەبیرهێنانەوەیە، کەیاسای بودجەی گشتی عێراق، بۆ ساڵی دارایی 2021 پارەدارکردنی بودجەی کۆمیسیۆنی گشتی هەڵبژاردنی بە بڕی (327.5) ملیار دینار،(224.3 ملیۆن دۆلار) دیاریکردووە.

کۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوو ساڵی 2018 نزیکەی (296) ملیار دینار عێراقی تێچوونەکەی بووە، واتە نزیکەی(224.6) ملیۆن دۆلار، بەپێ ی نرخی ئاڵووێری دۆلار بەرامبەر دینار لەوکاتەدا کە(1200 دینار بۆ هەر دۆلارێک بوو)

لەلایەکی ترەوە، بەهۆی لاوازی دەزگاکانی چاپ وبڵاوکردنەوە لەعێراقدا، چاپکردنی کارتی دەنگدان وکارتی بایۆمەتری، لەدەرەوە هاوردە دەکرێن، هاوردەکردنی ئامێری دەنگدانی ئەلیکترۆنی و ڕاهێنانی تیمەکان وکارمەندان و پرۆسەکانی تر، تێچون و خەرجییە لەسەر بودجەی تەرخانکراو.

بەپێ ی زانیارییەکان، تێچوونی تەنها یەک کارتی دەنگدان، نزیکەی (3) دۆلارە!

ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کەتێچوونی هەڵبژاردن لەعێراقدا زۆر بەرزە وناگونجێت لەگەڵ دەرهاویشتەکانی هەڵبژاردنەکاندا، هەر بۆ نمونە دوای دووساڵ لەهەڵبژاردنی خولی چوارەم، کابینەکەی دکتۆر عادل عەبدولمەهدی دەستی لەکارکێشاوە وخەرجییەکی زۆر لەسەر عێراق کەوت.

لەلایەکی ترەوە، بەهۆی گرێبەستی کۆمیسیۆن لەگەڵ (400) هەزار فەرمانبەری کاتی، تەنها بۆ رۆژی هەڵبژاردن، نزیکەی(41) ملیۆن دۆلار تێچوونیەتی.

ئەمەش وادەکات تێچوونەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختە، زیاتر لەبڕی بودجەی تەرخانکراوی کۆمیسیۆن زیاتر بێت، کەپەرلەمانی عێراقی بەیاسا بۆی دیاریکردبوو.

هەروەها لەپێناو سەلامەتی پرۆسەکە وبەدەستهێنانی ئامانجەکانی هەڵبژاردنەکە، حکومەتی عێراقی بەهەزاران کارمەند وپۆلیس و هێزەکانی ناوخۆ و تەنانەت هەندێ لەهێزەکانی سوپای عێراقی لەئامادەباشیدان، ئەمەش بێگومان تێچوونێکی ترە ودەچێتەپاڵ سەرجەم تێچوونەکانی ترەوە.


عێراق، لەئامادەسازیدایە بۆ چوونەناو پێنجەمین ئەزموونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە.

ئەم هەڵبژاردنە گرنگیەکی تایبەتی هەیە، بەوەی کە هەڵبژاردنێکی پێشوەختەیە ودەرئەنجامی هەموو ئەو خۆپیشاندانە بەرفراوانانە بوو، کەلەئۆکتۆبەری 2019 دەستی پێکرد وبەردەوام بوو، بۆ داواکاری چاکسازی باروگوزەران و کەمکردنەوەی گەندەڵی و ڕەخساندنی هەلی کار.

*ئابووریناس

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×