هۆشیاری ئــــــــاو

ســــەرکۆ یونس
  2022-07-16     121

ئـــــاو، دەرامەتێکی گرنگ و ستراتیژی ئابوری وسیاسی وکۆمەڵایەتی، هەموو گەل ونەتەوەیە.
ئاو سەرچاوەی ژیانە، بەبێ ئاو ژیان مەحاڵە، ڕەگەزی سەرەکی ژینگەیە، پێکهاتەی زۆربەی کاڵاوشمەکەکانە. لەهەمووی گرنگتر، لەشی مرۆڤێکی ئاسایی، نزیکەی زیاتر لە(%65) ئــــاوە.

هەرێمی کوردستان، سەرچاوەی ئاوی شیرینی زۆرە، بەڵام بەداخەوە نەتوانراوە بەتەواوی سوودی لێ وەربگیرێت، بەڵکو ڕێژەیەکی زۆری ئاوەکانی بەفیڕۆ دەڕوات، بەهۆی نەبوونی بەنداوی گونجاو لەسەر ڕوبارەکان.
ساڵانە قەیرانی کەم ئاوی لە شاروشارۆچکەکانی هەرێم سەرهەڵدەداتەوە، لەئێستادا بەهۆی ووشکەساڵییەوە بەشێکی زۆری گوندەکانیش تووشی کەمئاوی ونەمان و ووشکبوونی کانی وکارێزەکانیان بوون، بەتایبەت دەڤەری گەرمیان و دەشتی هەولێر.
بەباشی بەکارهێنانی ئاو، لەبابەتەگرنگەکانی ئێستای ژیانە، بەرپرسیارییەتی هەموو لایەکە لەپێناو پاراستنی دەرامەتەسروشتییەکان، هەربۆیە پێویستە بەهەڵسوکەوتی شارستانییانە ئاو بەکاربهێنین، تا بتوانین بەکەمترین تێچوون پێداویستی ئەم بارودۆخە بەدەستبهێنین.
دوورکەوتنەوە لەبەفیڕۆدانی ئاو، هەنگاوی یەکەمی هۆشیارییە، ئەم کارە زیاتر لەئەستۆی کابانی ماڵەوەیە، چونکە زیاتر ئەوان پەیوەستن بەکاروباری ماڵەوە.
دابەشکردنی تۆڕەکامی ئاوی شیرین لەکوردستاندا، بەڕێگای بۆری دابینکراوە، دەرئەنجامی بەدواداچوون پێمان وایە، لەهەندێ شارو شارۆچکەو گەرەکەکاندا، نادادپەروەری دابەشکردن هەیە. هەروەها زیاد بەکاربردنی ئاوی شیرین بۆ پاککردنەوەی ماڵ وپێداویستییەکان و ئۆتۆمبیل، ناهۆشیارییە و دەچێتە خانەی بەفیڕۆدانەوە، بەداخەوە سەرەڕای بێ ئاوی، هێشتا بەشێک لە ژنان، ئاوی پاک و شیرین بەفیڕۆ دەدەن!

بەدەستهێنانی ئاوی شیرین بۆ خواردنەوە، لەئێستادا یەکێکە لەگەورەترین کێشەوئاستەنگەکانی بەردەم حکومەتەکان، بەتایبەتی ووڵاتانی قاڕەی ئەفەریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. زۆربەی وڵاتان، بودجەی تایبەتیان بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە مەترسیدارە تەرخانکردووە، بەڵام کێشەکە زۆر لەوە گەورەترە چونکە لەئێستادا و دەرئەنجامی ووشکەساڵی، ئاوی ژێرزەوی تاڕادەیەکی زۆر دابەزیوە و بەسەدان مەتر قووڵایی ئینجا ئاو دەستدەکەوێت و کەمیشە.
لەلایەکی ترەوە، سەرجەم کەرتەئابورییەکان، بەبێ ئاو نایەنە بەرهەم، ئاو پێویستی سەرەکی کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزارو پیشەسازییە.
ئەرکی هەموولایەکە، هۆشیاری بەکاربردنی ئاو، بڵاوبکەینەوە بەنوسین و وتار و بەرنامەی ڕادیۆیی و تەلەفزیۆنی و کورتەڤیدیۆ بەتایبەت لەتۆرەکۆمەڵایەتیەکان.

بێ گومان، دەبێت لەوە تێ بگەین، کەدابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان بەگشتی، پێداویستی ئاوی پاک بەتایبەتی هەروا کارێکی ئاسان نابێت لەئایندەدا، بگرە ساڵ لەدوای ساڵ، قورسترو گرانتر دەبێت.
هەربۆیە، پاراستنی سامانێکی گرنگ وستراتیژی نیشتیمانی وەک ئاو، ئەرک و ئەخلاقــــە.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×