عەشــــقی هــــاووردەکــــــراو!

ســــەرکۆ یونس
  2022-02-15     530

لەسەردەمی کرانەوەی کۆمەڵگاکان ونەمانی سنوری نێوان وڵاتان، بەگشتی و سنوری پەیوەندییەکان و ئاشنابوون بە کلتوری گەلانی تر بەتایبەتی، هەموو ڕووەکانی ژیان گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
بێ گومان جیهانگیری بەگشتی و جیهانگیری لەبواری ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری و کلتوری گەلاندا، دیارترو گەورەترو کاریگەر ترە.
لەم بوارەدا، سینەماو دراماجیهانییەکان، ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لەو کۆمەڵگایانەی کەبەبێ بڕینی قۆناغەکانی جیهانگیری، ڕاستەوخۆ کەوتنەناو جیهانی یەک گوندییەوە.


کۆمەڵگای کوردی، لەدوای کرانەوەی بەڕووی لایەنەکانی جیهانگیری دا، بەگشتی و جیهانگیری ئابوری و کلتورو ڕاگەیاندندن بەتایبەتی. هەر زوو وابەستەو ژێردەستە بوو، تاک و خێزان و کۆمەڵگا بەجارێک کەوتنەژێر کاریگەری کلتوری وڵاتان.
چاولێکەری بووەتە سیمای ناسینەوەی کۆمەڵگای کوردی و ڕەسەنایەتی لەکلتور و داب ونەریتەکۆمەڵایەتییەکان نامۆ بوون، جلی کوردی و ڕێورەسمەکۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکان تەنها لەچەند ڕۆژێکی دیاری کراودا، بەرچاو دەکەون.

چاولێکەری و وابەستەبوون بە جیهانگیری ڕاگەیاندن، بەچەند قۆناغێکدا تێپەڕی کردووە، سەرەتا و لەدوای ڕاپەرینی ساڵی 1991 ەوە تا 2003 قۆناغێکی سەرەتایی کرانەوەکە بووە.

پاشان لەدوای ڕووخانی ڕژێم، بەیەکجاری کرانەوەی کۆمەڵگای کوردی بەڕووی تەکنۆلۆژیا و هۆکارەکانی ڕاگەیاندندا، لەدەیەیی دووەمی هەزارەی دووەم، بەهۆی بڵاوبونەوەی تۆرەکۆمەڵایەتییەکان بەگشتی فەیسبووک و ئینێستاگرام و سناپچات و یووتووبەوە، بەیەکجاری کلتوری کۆمەڵگا تەسلیم بەم هۆکارانە بوو، زۆربەی هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی زانیاری و کات بەسەربردن سوود لەم هۆکارانە دەبینن بەبەراورد بەتیڤی وڕادیۆکان.
لەچەند ساڵی ڕابردودا، سەرهەڵدانی تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تووک، بارودۆخەکەی زیاتر ئاڵۆزتر کرد و ڕێژەی بەکارهێنەرانی ئەم ئەپە بەرزبووەیەوە بەتایبەت لەناو چینی گەنجانی نەوەی دووەمی دوای ڕاپەریندا.

کێشەکە لەوەدایە، لەعێراق و هەرێمی کوردستان، ئەم ئەپانە کۆنترۆڵ ناکرێن، خەڵک ئازادانە مۆبایلی زیرەک و سەرجەم ئەپەکان بەکاردەهێنن بەبێ یاسا و ڕێنمایی یەکان. خێزان و دایبابانیش، ناتوانن کۆنترۆڵی بارودۆخەکە بکەن.

ئەوەی کە دەمانەوێت، قسەی لەسەر بکەین بابەتی عەشقی جاران و عەشقی ئێستای سەردەمی تەکنۆلۆژیایە.
دەردی عەشق، دەردێکی سەختە، ئەویش تەنها عاشقێکی ڕاستەقینە هەستی پێدەکات، ژیانکردن لەدووری مەعشوقەوە بۆ عاشق گەلێک دژوارە، بەڵام لەناچاریدا ئارام دەگرێت، هەروەک کەسێک کەلەبێ ئاویدا ماوەتەوە وناچارە کەتینویەتی قبوڵ بکات، بەهیوای ئەوەی کەقومێک ئاو بخواتەوە.

عاشقانی ئەم سەردەمە، کەلەپرۆسەی خۆشەویستی و عەشقبازیدا سەرکەوتوو نابن، تووشی داروخانی دەروونی و هەندێجار کەسایەتی دەبنەوە، سەرگەردان، بێ ئارام، بێ حەوسەڵە و بێ ئۆقرە دەبن و بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییەدەروونییە، پەنادەبنە بەر جێگرەوە و هەر زوو پەیوەندییەکی تر دادەمەزرێنن کەزۆر بەئاسانی دەست پێ دەکەن و دەچنە قۆناغەکانی عەشقبازییەوە.
هەربۆیە، دەتوانین بڵێن، ڕەمزێک نەماوە بەناوی عەشق، هەمووان گیرۆدەی کات بەسەربردن و حەزێکین، کەحەزوئارەزووی جنسی زیاتر زاڵـــە.

تەکنۆلۆژیا، ڕۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوە دەبینێت لەسەرهەڵدان و بەیەکگەشتن و بەستنەوەی دوو دڵ، هەندێجار دڵی کوڕێک و چەند دڵێکی ڕەگەزی بەرامبەر، جارناجارێکیش بەپێچەوانەوە!
ئەم شۆڕشی تەکنۆلۆژیا و ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، بەشێوەیەک کارئاسانی دەکات، کەکۆتری نامەبەری جاران ئەوکارەی پێ نەکراوە.

عاشقانی کۆن، کەسەرکەوتوو نەدەبوون لەمەیدانی عەشقبازیدا، ئەوا ڕوویان لەسەحراوکەژو کێو دەکردو ڕوو بەسەحرا وپشت لەشار دەڕۆشتن، لەم بوارەدا، شاعیری کوردان(جلال مەلەکشا) لەغەزەلی فیراقا دەڵـــێ;

ئەگەر چی زەخمی دڵ ناسۆرە قەد داوای دەوا ناکەم
بە داوی شیوەن و ناڵین مەگەر دولبەر بە داوا کەم

نەماوە باوی عیشق و ناوی دڵ، بازاڕی دڵداری
سەری خوم هەڵگرم دەرچم بڕۆم و ڕوو لە سەحرا کەم

بەڵام عاشقانی ئێستا ڕوو لەکافی و باڕ و نێرگەلەخانە و هەندێ جار قومارخانەکان دەکەن، داخی دڵ و دڵشکانیان بە مەیی و سەرمەستکردن دەردەبڕن.
هەموو ئەمانە، ئەمانباتەوە بۆ ناونیشانی بابەتەکەمان(عەشقی هاوردەکراو) وەک چۆن سەرجەم کەرەستەو پێداویستیەکانی ژیانمان هاوردەیە، هەرواش پێداویستی دەروونی و خۆشەویستیمان، هاوردەکراوە، لەڕێگای تەکنۆلۆژیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە.
هەندێجار لێرەو لەوێ، گوێبیستی داستانی نەشازی عەشق وخۆشەویستی کوڕان وکچانی مەملەکەت دەبین، کەدوورە لەکلتوری کوردەواری و دابی کۆمەڵگاوە، بەداخەوە جارجار کارەساتی دڵتەزێنی نەخوازراو ڕوودەدات، کەبەجارێ جەرگ ودڵ دەکەن بە دڵۆپێک ئاو!

چیرۆکی مەرگاوی هەندێ لەکوڕان و کچان، لەماوەی ساڵانی ڕابردودا، هەموومانی تووشی دڵەخورتێ و ڕاچڵەکین کردوو، کەلەمێژووی دوورو نزیکی کۆمەڵگادا دەگمەن بوون.

سەردەمی نوێ ی تەکنۆلۆژیا، هەموو شتێکی گۆڕیوون و زۆر هەستیشی پێ ناکەین، کلتور و دابی کۆمەڵایەتی و نان و خواردن وخواردەمەنی و جلوبەرگ و هەڵسوکەوت وپەیوەندییەکۆمەڵایەتییەکان، لەسەرووی هەموویانەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×