ڕۆڵــــی خێرو سەرفیترەو زەکات، لەئــــابـوریدا

ســــەرکۆ یونس
  2022-04-12     521

لەمانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا، موسڵمانان بەگشتی زەکاتی ماڵ وداراییەکانیان دەردەکەن، لەهەمانکاتدا خێری خێرمەندانیش بەردەوامە، هەروەها سەرفیترەی موسڵمانان، کەواجبە لەسەر هەموو تاکێکی موسڵمان، تایبەتە بەم مانگە دەردەکرێت. هەموو ئەمانە کاریگەریان هەیە لەسەر ئابوری، بازاڕ جموجوڵ پەیدا دەکات.

ئایینی پیرۆزی ئیسلام، ئایینی تەواوکاری کۆمەڵایەتی یە. زەکات، ئەرکێکی دارایی خواییە لەسەر موسڵمانان، کاریگەری لەسەر تاک وخێزان و کۆمەڵگاو تەنانەت دەوڵەتیش هەیە، زەکات جیاوازە لە باج، زەکات ئەرکێکی ئایینی پابەندییە، شەرع دیاری دەکات، بەڵام باج، سەپێنراوێکی زۆرە ملێ ی حکومی یە، بەیاسا وەردەگیرێت، خۆدزینەوەو ڕاکردن لەباج، یەکێکە لەشێوازەکانی دەربازبوون لەباج، بەڵام لەزەکاتدا، هیچ جۆرە لادان و خۆدزینەوەیەک نی یە.

خێرکردن لەئیسلامدا، یەکێکە لەعورفە جوانەکان، موسڵمانان خێروسەدەقەکانیان دەخەنە ئەم مانگەپیرۆزەوە، بەوپێ یەی کەبەزیاتر دەنوسرێت، هەربۆیە زۆربەی هاونیشتمانیان لەم مانگەدا، بەشێک لەداراییەکانیان بەخێرو سەدەقە، خەرج دەکەن. هەرئەمەش جموجوڵ لەبازاڕەکان دروست دەکات و خواستی هەمووەکی زیاتر دەبێت، بەتایبەت لەسەر خواردن وخواردەمەنی و شیرینیەکان.

زەکاتی سامان ودارایی، لەئیسلامدا، یەکێکە لەبنەماکانی ئیسلام، پێویستە موسڵمان پابەند بێت بەم ڕوکنە سەرەکییەی ئاینی ئیسلامەوە، لیژنەکانی فەتوا، بەپێ ی کات و شوێن و واقیع، ڕێژەی زەکات لەسامان ودارایی دیاری دەکەن، بەهەمان شێوە قەبارەی زەکات گەورەیە، لەئابوری ئیسلامیدا پێگەیەکی گەورەی هەیە، دەرکردنی زەکات لەماڵ و دارایی، کاریگەری هەیە لەسەر دابەشکردنەوەی داهات لەدەستی سەرمایەداران ودەوڵەمەندانەوە بۆ دەستی چینی هەژاران، بەمەش جیاوازی چینایەتی لەکۆمەڵگادا کەمدەکاتەوە.
لەلایەکی ترەوە، زەکات، بازاڕەکان ئەبوژێنێتەوە و داهاتی خێزانەهەژارەکان زیاد دەکات، خواست لەسەر شمەکی بەکاربردن زیاد دەکات، بەمەش بازاڕ جموجوڵ و گەرمی بەخۆوە دەبینێت.

سەرفیترەی ڕەمەزان، ئەرکێکی ترە لەسەر موسڵمانان، کەپێویستە لەسەر هەموو تاکێکی موسڵمان، لەمانگی ڕەمەزاندا بیبەخشێت، سەرەڕای کەمی ڕێژەکەی، بەڵام بەبەراورد بەقەبارەی دانیشتوان زۆرە، بەهەمان شێوە کاریگەری دەبێت لەسەر داهاتی تاک و خێزانەکان و بڕی خواست زیاد دەکات.

بەداخەوە، لەهەرێمدا بەهۆی نەبوونی دەزگایەکی فەرمی حکومی، نەبوونی متمانە لەنێوان دەسەڵات و سەرمایەداران و دەوڵەمەنداندا، نەتوانراوە سوودی تەواو لەداهاتی زەکات و سەرفیتەرە وەربگیرێت.
پێمان وایە، ئەم شێوازەی دەرکردنی زەکات و بەخشینی بەهەژاران بەشێوەی تەقلیدی، ئامانجە ئابوری وکۆمەڵایەتییەکان بەدەست ناهێنێت.
وەرگرتنی داهاتی زەکات بەم شێوەیە، لەلایەن هەر حزب و لایەن و دەستە وتاقم و ڕێکخراوێک، پاشان بەخشینەوەی بەسەر چیینەموستەحەقەکاندا، کاریگەری ئەوتۆی نابێت، سەرەڕای گەورەیی قەبارەی داهاتەکان.
لەلایەکی ترەوە، گرنگە ئەو کەسانەی کەزەکات دەردەکەن لەماڵ وسامانەکانیان، بیدەن بەکەسانێکی دەستپاک و بەئەزمون.

لەلایەکی ترەوە، بەهۆی نەبوونی داتاو زانیاری تەواو بۆ چینە هەژاروکەمدەستەکان، زۆربەی جار، ناڕوونی و دووبارەکردنەوە و پەراوێزخستنی تێ دەکەوێت.

زەکات، هەژاری کەم دەکاتەوە، بەمەرجێک بەتەواوەتی دەربکرێت و ببەخشرێت بەکەسانێک کەشایستە بن، واباشترە زەکات، بەشێوەی سەرمایەی ڕاستەقینە بدرێت، وەک کڕینی ئامێرێک بۆ کارکردن و خستنەسەر کاری هەژاران و دەستگیرۆییان لەپڕۆژەی بچوکدا، بۆئەوەی لەساڵانی داهاتوودا، ئەم کەس وخێزانانە لەبازنەی هەژاری دەربچن، ببنە خاوەن کاری خۆیان.


زەکات و هاوشێوەکانی وەک خێرو سەرفیترە، کاریگەری ئەوتۆیان لەسەر ئابوری بەگشتی و سێکتەرەکانی بازرگانی و بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆر وبەکاربردن هەیە، لەهەمووی گرنگتر گەرمکردنی بازاڕەکانی هەرێمە، لەئێستادا کەبەداخەوە بەهۆی دواکەوتنی مووچە و نەبوونی بودجە بۆ وەبەرهێنان و نەبوونی کار و بەرزی ڕێژەی بێکاری و کەمی داهات، کەئابوری هەرێم بەدەستییەوە دەناڵێنێت، زەکات و خێروسەفیترە، ڕۆڵی گەورە دەبینێت بۆ بوژانەوەی بازاڕەکان.

لێرەدا، بەکورتی باسی هەندێ لەکاریگەرییەئابورییەکانی زەکات دەکەین:-

یەکەم:- زەکات، بەشداری دەکات لەباشکردنی ئاستی بژێوی تاک و خێزانەهەژارەکان، لەڕووی فێرکردن وتەندروستییەوە، تاک وخێزانەکان، دەتوانن بەشێوەیەکی کاتیش بێت، پێداویستییەکانیان بەدەست بخەن.
دووەم:- ئەرکی سەرشانی دارایی حکومەت سووک دەکات، لەڕێگای هاوکاریکردنی هەژاروکەمدەست وپیروپەککەوتوان، بەمەش کاریگەری باشی هەیە لەسەر بودجەی ساڵانە وخەرجی بیمەی کۆمەڵایەتی و پیروپەککەوتوان و بەساڵاچووان، لەسەر حکومەت کەم دەبێتەوە.

سێ یەم:- بەدەستهێنانی دوبارە دابەشکردنەوەی داهات وسامان لەکۆمەڵگادا، زەکات، بۆ خۆی هۆکارێکە بۆ دادپەروەری ئابوری و جیاوازی چینایەتی بەرتەسک دەکاتەوە.

چوارەم:- هاوکاری وەبەرهێنان دەکات، چونکە ئەو کەسەی پارەوسامانی هەیە، پێویستە بیخاتەکارەوە، بەمەش بەسوود دەشکێتەوە بۆ ئابوری دەوڵەت، هەلی کار دەرەخسێنێت و بەرهەمهێنان زیاد دەکات.

پێنجەم:- زەکات وئەمن و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ دەوڵەت بەدەست دەهێنێت، چونکە هەژاری ونەبوونی سەرچاوەی سەرهەڵدانی تاوانن، زەکات بەرهەڵستی تاوان دەکات بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ.

کەواتە، بەشێوەیەکی گشتی، خێروزەکات وسەرفیترە، جگەلە دەرئەنجامی کۆمەڵایەتی و ئایینی، کاریگەری ئابوری گرنگی دەبێت، لەسەر تاک وخێزان و کۆمەڵگا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×