نەوت بەرامبەر خزمەتگوزاری
ســــەرکۆ یونس
2020-11-07   773
نرخی نەوت بەهۆی دەرئەنجامەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ نزمترین ئاست دابەزی و ئابوری ودارایی ئەو وڵــاتانەی کەنەوت پێکهێنەری بودجەو داهاتی نەتەوەییانە تووشی گەورەترین مەترسی بوونەوە و وڵاتێکی وەک عێراق لەدوو مانگی ڕابردوودا نەیتوانی لەکاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران بدات و ناچار پەنای بردووەتە بەر قەرزکردن.
ئابوری عێراق بەهۆی دەرهاویشتەکانی کۆرۆناو سنوردارکردنی هەناردەی نەوت لەلایەن ڕێکخراوی ئۆپێک پڵەسەوە توانای دارایی کەمی کردوە و لەئێستادا سەرەڕای نەبوونی یاسای بودجە و حکومەت داوای قەرزی زیاتر لە پەرلەمان دەکات.
لەلایەکی ترەوە بەهۆی زۆری خەرجیەکانی حکومیەوە بەگشتی و خەرجی بەگەڕ بەتایبەتی کەمانگانە تەنها بۆ مووچە پێویستی بەنزیکەی (5)ترلیۆن و چوار سەد ملیار دینار هەیە .
حکومەتی عێراقی بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە لەماوەی ڕابردوودا لەگەڵ هەریەکە لە ئەردەن و میسر چەندین ڕێکەوتنیان ئیمزا کردوە لە بوارەکانی ووزە و خزمەتگوزاری وبازرگانی و پیشەسازی و وەبەرهێنان کە تێدا عێراق نەوت دابین دەکات بۆ ئەردەن و میسر بەنرخێکی ڕەمزی و لەبەرامبەردا هەریەکە لەو وڵــاتانە خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن بە عێراق.
لەیەکێک لەبەندەکانی ڕێکەوتنەکەدا هاتووە پێویستە عێراق هێڵی بۆری نەوت بۆ ئەردەن ڕابکێشێت و نەوتی پێویست بۆ ناوخۆی ئەردەن بەنرخی گونجاو دابین دەکات کەنزیکەی (150)هەزار بەرمیل ڕۆژانە بۆ پاڵاوگەی (زەرقاو) و پاشان ئەگەر پێویست بێت لەو هێڵەوە عێراق دەتوانێت نەوتەکەی هەناردەی بازاڕەکانی تر بکات لە سنورەکانی ئەو وڵــاتەوە و لەئایندەدا نەوت لەو هێڵەوە بگاتە میسر.
لەحاڵەتی ئاسایدا و بۆ جێ بەجێکردنی ئەم پرۆژەیە پێوستی بە (3 بۆ 5)ساڵ هەیە و بەتێچوونی زیاتر لە (8)ملیار دۆلار.
یەکێک لەسوودەکانی ئەم هێڵەنەوتیە ئەوەیە کەعێراق سەرچاوەی هەناردەکردنی دەبێت بە سێ سەرچاوە لەهەر حاڵەتێکی ناسەقامگیری سیاسی نێوان عێراق و تورکیا ئەمە دەبێتە جێگرەوەی هێڵی بوری نەوتی جیهان و دەریای ناوەڕاست.
لەلایەکی ترەوە میسر پێویستی بە نەوتی هاوردەکراو هەیە بۆ پێویستی ناوخۆ و کەرتی پیشەسازی دەتوانێت لەڕێگەی (عەقەبە)وە کەئاسان و خێراتر دەبێت وەک سەرچاوەکانی تری هاوردەکردن ، دەتوانن لەئایندەدا وێستگەی پاڵاوتنی نەوت دابمەرزێنن ئەمەش بەهایەکی بەرزی زێدە دەخاتە سەر ئابوری هەردوو وڵــات و دەرفەتی هەلی کاری نوێ و پاڵپشتێکە بۆ گەشەپێدانی زیاتری ئابوری میسر.
یەکێکی تر لە بەندەکانی ئەم ڕێکەوتنە ڕاکێشانی هێڵی کارەبایە لەنێوان هەرسێ وڵاتدا و زیاتر لەم لایەنەوە خواستی عێراق لە کارەبا دابین بکرێت و لەکاتی پێویستیدا ئاڵوگۆڕ بکرێت.
شایانی باسە ئەم ڕێکەوتنە کەرتەکانی تری ئابوری و خزمەتگوزاری پەروەردە و کشتوکاڵ و بازرگانی و پیشەسازییش دەگرێتەوە.
لەبواری پەروەردە دەرفەتی هاریکاری هاوبەش لەلایەنی دابینکردنی کتێبخانەی دیجیتاڵی و پێشخستنی تاقیکردنەوەی ئەلیکترۆنی لەنێوان هەر سێ وڵاتدا خراوەتە ڕوو.
لەبواری کەرتی کشتوكاڵدا هەندێ پێشنیاری هاوکاری جیاواز پێشیناز کراوە لەوانە پرۆژەی تۆوی کشتوکاڵی و ئاڵوگۆری شێوازەکانی هاوکاری جوتیاران.
لەلایەنی کەرتی بازرگانی و پیشەسازییەوە دەرفەتی هاریکاری و پشتیوانی گرنگ هەیە لەلایەنی بازرگانی جۆراوجۆر و ئاڵوگۆری شمەک و کاڵا و دامەزراندنی وێستگەی جیاکاری و لەقوتونانی بەرهەمەکشتوکاڵییەکان و هاوکاری لە پیشەسازییە جۆراوجۆرەکانی تردا.
هەموو ئەم هەنگاوانەی عێراق بۆ دەربازبوونە لە ئابوری تاکجەمسەری نەوت و هەوڵدانە بۆ کردنەوە و دۆزینەوەی سەرچاوەی تری داهات و بەدەستهێنانی پاڵپشتی سیاسی و هەرێمایەتی بۆ حکومەتەکەی کازمی ئەژمار دەکرێت و هەوڵدانێکی عەرەبییانەیە بۆ خۆ دوور خستنەوە لە هەیمەنەی ئابوری وسیاسی ئێران.
ئەوەی جێگای سەرنجە لەم ڕێکەوتنە گرنگی نەدانە بە بەرهەمی ناوخۆی عێراق و لەکاتێکدا بەپێ ی ڕێکەوتنەکە عێراق باجی گومرگی لەسەر نزیکەی (371) کاڵای ئەردەنی لادەبات لەکاتێکدا ئەردەن تەنها (80)جۆر کاڵا بەرهەم دەهێنێت ئەمەش مانای تێکەڵکردنی کاڵای بیانی دێت لەگەڵ کاڵای ئەردەنی و لەبەرژەوەندی بازرگانەکانی ئەو وڵاتەیە و لەزیانی ئابوری عێراقە..
ئەمە لەکاتێکدا نزیکەی (5)ملیۆن دەستی کار لەعێراقدا بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنن و ڕێژەی بێکاری بۆ (40%) بەرزبووەتەوە و ڕێژەی (31.7%) دانیشتوانی عێراق لەژێر هێڵی هەژارییەوەن!
هەروەها بەپێ ی بەندەکانی ڕێکەوتنەکە ڕێگە دەدرێت بە کرێکارانی میسری بچنە ناو بازاڕەکانی عێراقەوە ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی کرێ ی کرێکار لەناوخۆی عێراق و چونکە کرێکاری میسری ئامادەن بەنیوەی کرێ ی ڕۆژانە کار بکەن.
ئەوەی تێبینی دەکرێت عێراق بەم بارودۆخە خراپەی ئابوری و داراییەوە لەوانەیە نەتوانێت ناوەڕۆکی ئەم ڕێکەوتنە سێقۆڵییە جێ بەجێ بکات و چونکە نەپارەی پێویستی لەبەردەستایە و نە ژینگەی سیاسی ناوخۆیی عێراق لەبارە بۆ ئەم پرۆژەیە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە عێراق نزیکەی (125) ملیار دۆلار قەرزاری ناوخۆ ودەرەکی یە و هێشتا داوای ڕێگەپێدانی بڕی (41) ترلیۆن دینار قەرزی تر دەکات بۆ پێدانی مووچە و خەرجییەپێویستیەکانیان.!!