دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن وکاریگەری لەسەر بازاڕ

ســــەرکۆ یونس
  2021-09-23     722
ساڵی خوێندنی(2021-2022) سەرەڕای بڵاوبونەوەی کۆرۆناڤایرۆس، لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولدا دەستی پێ کرد.
نزیکەی 1 ملیۆن و 780 هەزار قوتابی و خوێندکار و 160 هەزار مامۆستاو وانەبێژ، لەسەرجەم قۆناغ و ئاستەکانی قوتابخانەحکومی و ناحکومییەکانی پەیوەست بەوەزارەتی پەروەردە دەستی پێکرد.

ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت قسەی لەسەر بکەین، کاریگەری پرۆسەی پەروەردەوفێرکردنە لەسەر بازاڕەکانی هەرێم بەگشتی و بازاڕی جلوبەرگ و پەڕاوگەو پێداویستیەکانی تری پرۆسەکە بەتایبەتی.
خۆشبەختانە، وەزارەتی پەروەردە، کەسوکاری قوتابی و خوێندکارانی سەرپشک کردووە لەکڕینی جلوبەرگ و پێداویستیەکان، بۆ ئەوەی بتوانن بەنرخێکی گونجاو دەستیان بکەوێت..
ئەمە سەرەڕای ئەوەی هێشتا پرۆسەی خوێندن لەزانکۆو پەیمانگاحکومی و ئەهلییەکان، بەتەواوی دەستی پێ نەکردووە، کەبەهەزاران خوێندکار ئەخەمڵێنرێن، بێ گومان ئەمانیش کاریگەری بەرچاویان لەسەر جموجووڵی بازاڕ وکرداری کڕین وفرۆشتن دەکەن.

بەداخەوە، هەلومەرجی ئابوری هەرێم و کەرتەئابورییەکان لەئاستی ئەوتۆدا نین کە بتوانێت وەڵامی خواستی پێداویستیەکانی قوتابی و خوێندکاران بداتەوە، ناچار پەنا دەبرێتە بەر هاوردەکردن لەدەرەوە بەگشتی و تورکیا وچین بەتایبەتی. ئەمەش کاریگەری خراپی ئابوری و بەرزی نرخ و تێچونی زیاتر، دەکەوێتە سەر شانی دایباب و تەنانەت بەزیان لەسەر ئابوری هەرێم دەشکێتەوە، بەدەیان ملیۆن دۆلار زیان لە ئابوری هەرێم وداهاتی خێزانەکان دەدات.
هەربۆیە، گرنگە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵبدات جێگرەوەی هاوردەکردنی پێداویستییەکانی پەروەردەو فێرکردن بدات و ژینگەیەک بخوڵقێنێت کەکێبڕکێ ی کۆمپانیاکان وکەرتی تایبەت بدات، بۆئەوەی بتوانێرێت پێداویستیەکان بەنرخێکی گونجاو بەدەستبهێنرێت.

لەلایەکی ترەوە، دەستپێکردنی ساڵی نوێ ی ناوەندەکانی خوێندن، کاریگەری ئابوری پۆزەتیڤی هەیە لەسەر گەرمبوون و زیاتربوونی جموجوڵی بازاڕ و کرداری کڕین و فرۆشتن.
هەروەها، بەهۆی هاتوچۆی قوتابی و خوێندکاران، هەلی کار بۆ ڕێژەیەک لەخاوەن تەکسی و پاسەکان دەخوڵقێنرێت، لەئەنجامدا دەبێتەهۆی دەستکەوتنی داهات بۆ هەندێ کەس.

دابینکردنی پێداویستیەکانی قوتابی وخوێندکاران، لەوڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر، جیاوازەو سیستەمی حکومرانی بەرپرسە لەم بوارەدا.
لەلایەکی ترەوە، وەزارەتی پەروەردە، کەسوکاری خێزانەکانی سەرپشک کردووە، بەوەی خێزانەکان ئارەزوومەندن کەمناڵەکانیان بەسیستەمی ئۆنلاین درێژە بەخوێندن بدەن، یان بچنەوە هۆڵەکانی خوێندنەوە، ئەوەی کەڕوونە، تائێستا زۆربەی قوتابی و خوێندکاران، ئامادەن بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن.

بەشێوەیەکی گشتی، کەرتی پەروەردەو فێرکردن، یەکێکە لەڕەگەزەکانی بەرەوپێشچوونی لایەنەکانی کۆمەڵایەتی و ئابوری وڕۆشنبیری کۆمەڵگا. دەرئەنجام ودەرهاویشتەکانی ئەم پرۆسە گرنگە، کاریگەری باشی لەسەر کۆی کۆمەڵگا دەبێت، بەمەرجێک بەیاسا وڕێکاری زانستی جێ بەجێ بکرێت.

لەکۆتایدا، هیوادارین پرۆسەکە بەسەلامەتی و بەوپەڕی هەستکردن بەبەرپرسیارییەتیەوە جێ بەجێبکرێت و ئامانجە پەروەردەیی و ئابوری وکۆمەڵایەتییەکان بەدەست بهێنێت..

*ئابووریناس

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×