بازرگانی دەرەکی، بۆ هەر هەرێم و وڵاتێک، پێوەرو ئاماژەیەکی گەورەی ئابوری دەخاتەڕوو، ئاستی بەرەو پێشچوونو گەشەپێدان نیشان دەدات.
تەرازووی بازرگانی دەرەکی، لەهەردوو لایەنی هاوردەو هەناردە پێکدێت، هاوسەنگی ئەم تەرازووە، گرنگە بۆ ئابوری نیشتمانی، بەڵام ئەگەر لایەنی هەناردە گەورەترو قورستر بێت، ئەوا لەبەرژەوەندی وڵات دەبێت، بەپێچەوانەیشەوە ئەگەر لایەنی هاوردە قورسترو گەورەتر بێت، ئەوا کورتهێنانەوهەموو کورتهێنانێشکیش بەزیان لەسەر ئابوری دەشکێتەوە.
ئابوری هەرێم، لەماوەی دوو دەیەیی ڕابردودا، لەهەموو دۆخێکدا، هەمیشەو هەردەم تای تەرازووی هاوردەمان قورسترو گرانتر بووە، بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانی ناوخۆ، پشت بەهاوردەکردن بەستراوەو لەئێستادا زیاتر لە(%90) پێداویستی سەبەتەی خۆراکو خواردەمەنیو جلوبەرگو زۆربەی کەرەستەکانی بیناسازیو پرۆژەکانو کشتوکاڵو هتد، هاوردە دەکرێت.
بێگومان، هۆکارەکانی ئەم لاسەنگییە لەتەرازوی بازرگانی هەرێمدا، زۆرو جۆراوجۆرن، لێرەدا بەکورتی تیشک دەخەینە سەر هەندێکیان:
1- نەبوونی سیستەمێکی جێگیری پەیڕەوکراوی ئابوری لەهەرێمدا، تا ئێستاش نازانرێت، سیاسەتی ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەکام ئاراستەیە، ئایا پەیڕەوکاری سیستەمی سەرمایەداری وئابوری بازاڕە یان سۆشیالیستی یان تێکەڵاو، لەدوای ساڵی 2003 ەوە، هەرێمی کوردستان کەوتەناو گێژاوی ئابوری ئیقلیمی وجیهانییەوە، سنورەکانی هەرێم بەتەواوەتی بەڕووی شمەکوکاڵای جیهاندا کرانەوە، هەرئەم کرانەوەیە، هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ لەناوبردن و داتەپینی ئابوری هەرێم.
2 - وابەستەبوونی ئابوری حکومەت، بەداهاتی کرێخۆری(الریعی) یەک سەرچاوە(نەوت) گوێنەدانو گرنگی نەدان بەکەرتەکانی تری ئابوری بەگشتی، کەرتی کشتوکاڵو پیشەسازیو گەشتیاریی بەتایبەتی.
3 - پەیڕەوکردنی بێ بنەمای سیستەمی سەربەستی بازرگانی، کەمکردنەوەی باجی گومرگیو گوێنەدان بەهاوردەکردنی بێ سنوری شمەکوکاڵاکانو خنکاندنی بازاڕەکانی هەرێم، بە بەرهەمی هاوردەکراوی وڵاتانی دراوسێو جیهان، بەنرخێکی گونجاوو کەمتر لەنرخی بەرهەمی ناوخۆ، سەرئەنجام نەمانی خواست لەسەر بەرهەمی ناوخۆو زیادبوونی خواست لەسەر هاوردەکراوەکان.
4 - گەندەڵی ئیداریو ئابوری، بەداخەوە لەماوەی 30 ساڵی حکومڕانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمدا، گەورەترینو بەربڵاوترین دیاردەی گەندەڵی بەهەموو جۆرەکانییەوە تەشەنەی کردووە، هەر ئەم دیاردە ترسناکەش، کاریگەری لەسەر ئابوری کردووە، بەفیڕۆدان لەسامانو دارایی هەرێمدا گەشتوەتە بەرزترین ئاست.
5 – دەست تێکەڵ کردنو دەستوەردانی سیاسییەکان لەلایەنی ئابوری، بەتایبەت بازرگانی، سنوری تێپەڕاندووە بەجۆرێک، بەدەگمەن سیاسیەکی باڵادەستی هەرێم هەبێت، کە هاوبەش یان بازرگان یان سەرمایەدارو بزنسمان نەبێت، ئەمەش خراپترین بارودۆخە کە ئابوریوسیاسەت پێیگەشتووە.
6 - دامەزراندنی بەلێشاوی دەستیکاری کشتوکاڵیو دانیشتوانی گوندەکان، لەدامودەزگاکانی حکومی بەگشتیو سێکتەری ئەمنیو پێشمەرگە بەتایبەتی، جارێکی تر، کەرتە ئابورییەکان تووشی ئیفلیجی بوون، بەتایبەت کەرتی کشتوکاڵ، لەپێش ساڵی 2003 دەتوانین بڵێن، هەرێمی کوردستان، سەرەڕای هەموو ئاستەنگو گەمارۆکان، لەلایەنی بەرهەمی دانەوێڵەو سەوزەو میوە، لەئاستی خۆژێنیدا بوو، بەڵام بەبڕیاری هەڵەی دامەزراندن، ئەم کەرتەش لەناوبرا.
7 - سەرەڕای بێ پلانی حکومەت، نەبوونی بودجەو هاوکاری نەکردنی جوتیارانو گوندنیشیان، نەبوونی یاسای پاراستنی بەرهەمە ناوخۆییەکانو گرنگینەدان بە بەرهەمی ناوخۆ، بەربەستی سەرەکی ئەم بوارەن.
هەموو ئەمانەو چەندین هۆکاری تر، بوونەتە هۆی داتەپینی ئابوری هەرێمو سەرئەنجام زیادبوونی هاوردەکردنو کەمبوونەوەی بەیەکجاری هەناردەکردن.
لەواقعی ئابوری هەرێمدا، کەرتی بازرگانی باڵی بەسەر سەرجەم کەرتەکانی تری ئابوریدا کێشاوە، لەبازرگانیشدا، هاوردەکردن باڵادەستەو قازانجهێنەری بێ زیانی خێرای بازرگانانو سەرمایەدارانو سیاسیەکانە.
بەشێوەیەک، ئەندامانی ژوورە بازرگانییەکانو کۆمەڵەو یەكێتییەکان، ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە، دەتوانین بڵێین سەرجەمیان بازرگانی هاوردەکارن!
ئەگەر سیاسەتی ئابوری هەرێم، بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا گومانی تێدا نییە، لەئایندەیەکی نزیکدا، تووشی گەورەترین داتەپینو داڕووخانی ئابوری دەبینو هەرێم دەکەوێتە ناو گێژاوێکی قورسو گرانو ڕێژەی هەڵاوسان بەرزترین ئاستی پێوانەیی تۆمار دەکاتو ڕێژەی هەژاری هەتا بێت زیاتر دەبێت، دیاردەی بێکاری بەرۆکی زۆربەی تاکو خێزانەکان دەگرێتەوەو سەرئەنجامی ئەمەش کۆمەڵگای کوردی تووشی لەیەکترازانی زیاتری کۆمەڵایەتیو سیاسی دەبێت، دوور نییە، ئاژاوەو دزیو ڕاووڕووتو دیاردە نەشیاوەکانی ناباوی کۆمەڵایەتی پەرەبسێنێت.
هەرچیمان هەیە لەناو بازاڕەکانی هەرێمدا هاوردە کراوە، ئەوەی هەیە لەبەرهەمی ناوخۆ دەگمەننو بەشی پێویستی ناوخۆ ناکاتوهەر زوو تەواو دەبن، جارجار گوێبیستی هەوڵەکان دەبین بەهەناردەکردنی هەندێ شمەکی دیاریکراوی وەک (پێستەو کەلوپەلی لەکارکەوتوو) داهاتی فرۆشراوی ئەمانە، هیچ زیادەیەک ناخەنە سەر داهاتی هەرێم.
بەگشتی کۆمەڵگای کوردستان، کۆمەڵگایەکی بەرخۆرو بەکاربەری تەواوە، تاکەکانی کۆمەڵگا هەرداهاتێکی نەختینەییان دەستدەکەوێت (مووچە) پێویستییەکانیان ڕاستەوخۆ لەبازاڕەکاندا بەشمەکو کاڵای هاوردەکراو پڕدەکەنەوەو داهاتەکان دەچێتە گیرفانی ئابوری وڵاتانی ئیقلیمیو جیهانییەوە.
بەپێی داتاکان، مانگانە بڕی (894) ملیار دینار قەبارەی مووچەی فەرمانبەرانو مووچەخۆرانە.
هەربۆیە، لێرەوە پێویستە لەسەر خەمخۆرانو نیشتیمانپەروەران، بەجدی بیر لەئایندەی هەرێمودانیشتوانەکەی بکەنەوە، بەپەرۆشیەوە کار بکەن بۆ هەستانەوەی ئابوری داتەپیوی کەرتە ستراتیژییەکانی کشتوکاڵو پیشەسازیو گەشتیاری بەتایبەتی.