هەرێمی کوردستان، لەدوای ساڵی 2003 ەوە، بازاڕەکانی بەڕووی بەرهەمی جیهانیدا واڵاکرد، یەکێک لەهۆکارەکانی جیهانگیری ئابوری پەیڕەوکرد.
هەرێمی کوردستان، لەپێش 2003 ەوە، جۆرێک لەخۆپارێزی ئابوری هەبوو، بەتایبەت لەڕووی بازرگانییەوە، پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ لەڕێگای باج و ڕسوماتی گومرگییەوە، سەرەڕای گەمارۆی ووڵاتانی دراوسێ و عێڕاق و دوو ئیدارەیی و ناکۆکی و شەڕی ناوخۆ، هەرێمی کوردستان تا ڕادەیەک خۆژێنی ئابوری هەبووە، کەمتر پشتی بەهاوردە دەبەست.
لەئێستادا، سیاسەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان، پەیڕەوی بازاری ئازاد و سەربەستی بازرگانی یە، کەلەهەموو بارودۆخێکدا لەبەرژەوەندی ئابوری هەرێم نیە، جگەلەوەی کە بەرهەمهێنان ناوخۆ هەرێم توانای وەڵامدانەوەی خواستی ناوخۆی نییە، ئەگەر هەشبێت، بەرهەمی ناوخۆ ناتوانێت کێبڕکێ ی بەرهەمی هاوردەکراو بکات، بەناچارییەوە هاوردەی پێداویستییەکان ئەکەین، تەرازووی بازرگانی هەرێم لاسەنگە و قەبارەی هاوردەی پێداویستیەکانی هاووڵاتیان و حکومەت دەیان ئەوەندەی هەناردەیە!(بێگومان بەبێ هەناردەی نەوت و غازی سروشتی)
هەرێمی کوردستان، لەڕووی سامانی سروشتی و کەرتی کشتوكاڵی و سەرچاوەکانی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی لەئاستێکی پێوانەیی باشدایە، بەڵام بەهۆی خراپ ئیدارەدان و نەبوونی پلانی زانستی و واقعییەوە، نەتوانراوە سوودی تەواویان لێ وەربگیرێت.
لەلایەکی ترەوە، هەرێمی کوردستان، لەئێستادا ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە6 ملیۆن کەس، خۆشبەختانە، ڕێژەی چینی خاوەن بڕوانامە وکەسانی پسپۆڕ زۆرە، بەڵام بەهۆی دامەزراندنی بێ شوماری دەستی کاری کشتوکاڵی و پیشەسازی ( پێش ساڵی ٢٠١٤) لەدامودەزگاخزمەتگوزارییەکانی ناوخۆ وپێشمەرگەو فەرمانگەکانی تردا، دەرئەنجانی ئەم سیاسەتە حزبییە، بەرهەمی کەرتی کشتوکاڵ بەرەو کەمبونەوە ڕۆشت، خەڵکی کوردستان بوونە شارنشین و گوندەکان ڕوو لەچۆڵبوون و زەوییەکان بێ جوتیار مانەوە، تا گەشتینە ئەو ئاستەی بۆ پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆی هەرێم، تا رێژەی سەروو 90% (جگە گەنم) پشت بەهاوردەی دەرەکی دەبەسرێت.
حکومەتی هەرێم، یەک ملیۆن و 295 ههزار و 109 کەس مووچەخۆری هەیە، مانگانە بۆ مووچە، پێویستی بەنزیکەی 895 ملیار دینارە، هاوردەکردن بەڕێژەی زیاتر لە 90% خۆی لە خۆیدا کارەساتەو ئەم ڕێژەیە ساڵ لەدوای ساڵ زیاتر دەبێت! بەمانایەکی تر، ڕێژەیەکی گەورەیی داهاتی تاک وخێزان وحکومەت، ڕاستەوخۆ دەچێتە دەرەوە.
سیاسەتی بازرگانی هەرێم، بۆ سەرجەم شمەک وکاڵای بەکاربردن وخانوبەرە و کارەبایی و پیشەسازی و هەموو بابەتەکانی تر، کرانەوەیە بەڕووی کەلوپەلی هاوردەکراو لەوڵاتانی ئیقلیمی و جیهانەوە.
هەرچەندە سیاسەتی بازرگانی دەرەکی، ناوەندییەو بەغدا داڕێژەری ئەم لایەنەیە، بڕیارو ڕێنمایییەکان لەحکومەتی ناوەندییەوە دەردەچن، ئابوری عێراقیش بەدەست ئەم قەیرانە گەورەیەوە گیرۆدەیە، بۆ پڕکردنەوەی پێویستیەکان، هاوردەی شمەک و کاڵاکان بەڕێژەی (90%) زیاترە..
بۆ ئەوەی ئابوری هەرێم، لەم بارودۆخە بێتەدەرەوە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم هەنگاوانە بنێت:-
* پێداچوونەوە بەسیاسەتی بازرگانی دەرەکی، بەشێوەیەک لەبەرژەوەندی ئابوری هەرێم ودانیشتوانەکەی بێت، گەڕانەوە بۆ سیاسەتی پاراستنی بازرگانی و بەرهەمی نیشتمانی، باشترین هەنگاوە.
* گرنگی دان بەئاوەدانی گوندەکان و گەڕانەوەی دەستی کار بۆ زەویە کشتوکاڵیەکان، ئەویش بە پێشخستنی ژیانی خەڵکی گوندو هاندانی مادی و مەعنەوی جوتیاران و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ گوند وەک شارەکان.
* هاوڵاتیانی هەرێم، بەڕێژەیەکی گەورە بەکاربەری بەرخۆرن، بۆ ئەوەی بتوانرێت جارێکی تر، هاونیشتیمانیان بکەونەوە سەر کار، بەگشتی و دەستی کاری کشتوکاڵی بەتایبەتی، زۆر گرنگە پەیڕەوی لەسیاسەتی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی بکرێت.
* هاندانی خەڵک بۆ گرنگیدان وبەکاربردنی بەبەرهەمی ناوخۆو دوورکەتنەوە لەبەکارهێنانی بەرهەمی هاوردە، بەتایبەتی بەروبومی کشتوکاڵی.
* کەمکردنەوەی باج، لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی و پیشەسازی ناوخۆ، تا بتوانێت کێبڕکێی بەرهەمی دەرەوە بکات.
*دەرئەنجامی بازاڕی ئازاد، دەیان کێشەو قەیران بەرۆکی ئابوری هەرێم و دانیشتوانەکەی بووەتەوە، وەک هەڵاوسان و بێ بازاڕی لەلایەک، لەلایەکی ترەوە چەندان ئاریشەو کێشەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی وەک نەخۆشییەکانی شێرپەنجە.
* لەئێستادا سەرەکیترین کێشەکانی جوتیاران و خاوەن بەرهەمەکان، ساغنەکردنەوەی بەرهەمەکانیانە، هەربۆیە گرنگە پەیڕەوی سیاسەتی پاراستنی بازرگانی بکرێت، ڕێژەیەکی زۆری جوتیاران بەرهەمەکانیان بۆ ساغ نابێتەوە، بەبەردەوامی لەزەرەروزیاندان، تەنانەت تێچوونی بەرهەمهێنانیان دەستناکەوێتەوە.
* هەوڵی جدی بدرێت، بۆ دۆزینەوەی بازاڕ لەبازاڕەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق. لەهەمانکاتدا، پێویستە بتر لەبازاڕی دەرەوە بکرێتەوە، بەتایبەتی ئەوروپا و وڵاتانی کەنداو.
*هۆشیاری ئابوری نەتەوەیی زۆر گرنگە، پێویستە هەوڵی بڵاوکردنەوەی و چەسپاندنی هۆشیاری ئابوری نەتەوەیی بدرێت، بۆئەوەی هیچ نەبێت لەبری کڕینی بەرهەمی هاوردەکراو، بەرهەمی ناوخۆیی بکڕێت، بەگشتی و بەروبومی کشتوکاڵی بەتایبەتی.
*چاودێریکردنی بازاڕ لەڕووی نرخ و کواڵیتی شمەکەکان، زیادکردنی باجی گومرگی لەسەر شمەکی هاوردەکراوی هاوشێوە، بۆئەوەی نرخی هاوردەکراو بەرزببێتەوە و خواستی لەسەر کەمببێتەوە.
*کردنەوەی کارگەی پیشەسازی بۆ بەرهەمەکشتوکاڵییەکان بەگشتی و کارگەی ڕۆن، چونکە لەلایەک زەوی کشتوکاڵی لەباروگونجاوە و لەهەمانکاتدا بڕی بەرهەمیش زۆرە.
ناکرێت، هەتا کۆتایی حکومەتی هەرێم، خاوەنی سیاسەتی بازرگانی نەبێت، لۆژیک نی یە، بۆ هەموو شتێک چاومان لەدەرەوە بێت، تەنانەت بۆ پێداویستیەسەرەتاییەکانی بەکاربردن.
بۆئەم هەنگاوە، ئیرادەیەکی نەتەوەیی دەوێت و پێویستمان بە بڕیارێکی سیاسی گشتگیرە، بەپاڵپشتی حکومەت و لایەنەپەیوەندیدارەکان، تاهەرێمی کوردستان لەم بارودۆخە نالەبارەی ئابوری دەربازی ببێت.