دواجار گرێکوێرەی پرۆژەی ستراتیژی ڕێگا و پردی تووەقووت لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە کرایەوە و ئەمڕۆ لەسەردانی بەڕێزان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆک و چەند وەزیرێکی بەرێزی حکومەتی ھەرێم، بۆ هەڵەبجە. لەمەراسیمێکدا بەردی بناغەی پرۆژەکە دانرا و کۆتایی هێنا بە گرێکوێرەکە و هیوای بەخشییەوە بە هاونیشتمانیان و دانیشتوانی سنورەکە. شایانی باسە گوژمەی پرۆژەکە بە نزیکەی 31 ملیار دینار دانراوە و ماوەی 700 ڕۆژی بۆ دانراوە. خۆشبەختانە ئەمجارەیان بەگروتینێکی بەهێزەوە کاری لەسەرکراوە و بەووتەی دانا عبدالکریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێم، پارەی پێویستی بۆ دابینکراوە و هەردوو کۆمپانیای(سوراو وسەرسیر) پرۆژەکە جێ بەجێ دەکەن.
رێگهوبان و گواستنەوەی هاوڵاتیان و شمەك و كاڵاكان، بە گرنگترین هۆكاری سەرەكی دادەنرێن بۆ پەرەپێدان و گەشەسەندنی ئابووری بەگشتی و كەرتی بازرگانی و گەشتوگوزار بە تایبەتی، كورتكردنەوەی رێگهدوورەكان لە بازرگانی ناوخۆیی و دەرەكی هۆكارێكی راستەوخۆیە بۆ بەرەوپێشچوون و برەوسەندنی ئەم كەرتانە، خۆشبەختانە بە هەوڵ و ماندووبوونی خەمخۆران و دۆستانی هەڵەبجە، لە دوا ساتەكانی كابینەی هەشتەم، بودجەی تایبەت تەرخان كرا بۆ ئەم پڕۆژە ستراتیژیە و جێگای خۆیەتی سوپاسی تایبەتیان بكرێت.
بەپێویستی دەزانین گرنگترین دەرەنجامی ئەم پڕۆژە ستراتیژییە بخەینە بەرچاو بۆ ئەوەی لە گرنگی ئەم پردە ئاشنا بین.
یەکەم: بە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی كرانەوەی سنووری داخراوی پارێزگای هەڵەبجە كە پێشتر تەنها لە یەك رێگاوە هاتووچۆ دەكرا و هەر ئەم داخراوییەش گلەیی و گازەندەی دانیشتووانی ناوچەكە بووە، بۆیە پێمانوایە بە كردنەوەی ئەم پردە ستراتیژییە، سنووری هەڵەبجە رزگار دەكات لە داخراوی و گۆشەگیری بە ئەمەش هەڵەبجە دەبەستێتەوە بە سنوورێكی فراوانی پڕ چالاكی بازرگانی و كشتوكاڵی دەڤەری گەرمەسێر.
دووەم: ئەم پرۆژەیە دەبێتە هۆی گەشەپێدانی ئابووری بەگشتی و كەرتەكانی بازرگانی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار بەتایبەتی، چونكە وەك ئاشكرایە دەڤەری گەرمەسێر ژمارەیەك وەبەرهێنەر و بازرگانی چالاكی تێدایە و كار و چالاكی و پڕۆژەكانیان جێگای پێزانینە، لەم رێگەیەوە هەلیكار بۆ رێژەیەكی بەرچاو لە بێكارانی ناوچەكە پەیدا دەبێت، كە ئێستا هەردوولا بەدەست گرفتی بێكارییەوە دەناڵێنن.
سێیەم: لەلایەکی دیكهوه، بەهۆی بوونی رەگەزەكانی گەشتوگوزار لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و هەورامان، ئەم پردە دەبێتە دەرچەیەكی گرنگ و كاریگەر بۆ راكێشانی گەشتیارانی ناوچەی گەرمەسێر و تەنانەت پارێزگای دیالە و بەغدای پایتەختیش، ئەو رێگه دوور و درێژەی پێشوو كورت دەكاتەوە و ئاسانكارییەكی باش پێشكەش بە گەشتیاران دەكات.
چوارەم: برەوسەندنی لایەنی كۆمەڵایەتی هەردوولا (پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان) بەهۆی بوونی چەندین عەشیرەت و هۆز و تیرە لەمبەر و ئەوبەری سیروان، بێگومان بە كردنەوەی ئەم پردە ستراتیژییە، لایەنی كۆمەڵایەتی بەرەوپێشدەچێت و بواری خزمایەتی و كۆمەڵایەتی سنوورەكە گەشە دەكات، هاتووچۆی زیاتر دەكرێت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا پتەوكردنی كەرتەكانی ئابووری بەخۆوە دەبینێت.
پێنجەم: كەمبوونەوەی تێچووی گواستنەوەی ئەو شمەك و كاڵایانەی كە لە سنووری ئیدارەی گەرمیانەوە رەوانەی سنووری هەڵەبجە دەكرێت، بە تایبەت بەهۆی بوونی مەرزی پەروێزخان لەگەرمیان، وەك ئاشكرایە قەبارەی هاوردەكردنی كەلوپەلی ئێرانی لەو مەرزەوە گەورەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئاسان گەیشتنی كاڵاكان بە دەستی هاووڵاتیانی سنووری هەڵەبجە لەكاتێكی كەم و بە تێچووێكی كەمتر، لەهەمانكاتدا بەهۆی بوونی مەرزی باشماخ و مەرزی شووشمێ لە ناوچەكە و بوونی ئەم پردە رێگه ئاسان دەكات بۆ گواستنەوەی شمەك و كاڵاكان بۆ دەڤەری گەرمیان و ناوچەكانی دیكه.
هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەكان، بە پەرۆشەوە هەوڵی تەواو بدەن بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە و چاودێری لایەنی جێبەجێكار بكەن بۆ ئەوەی لە ماوەی دیاریكراوی خۆیدا، بە باشترین شێواز و دیزاین و باشترین كەرەسته جێبەجێبكرێت، تا بتوانین لەم رێگەیهوە هاونیشتمانیان سوود لەم پڕۆژە گرنگ و ستراتیژە ببینن.