ساڵێکی تر هات و هێشتا هەڵەبجە بێ نازە

ســــەرکۆ یونس
  2023-03-17     281

*دوای 9 ساڵ بەسەر بەپارێزگابوونی ئەم قەزا دێرینەی عێراق، هێشتا دەیان وسەدان کێشەو دیاردە، بەرۆکی دانیشتوانی ئەم شارەو سنورەئیدارییەکەی بووەتەوە، وەک بێکاری و بێ بازاڕی و گۆشەگیری ئابوری وسیاسی و هتد.

* هەڵەبجە، کۆنترین قەزای ئێراق و تازەترین پارێزگا. لەهەر وڵات و لەلای هەر نەتەوە و میللەتێک، کەناوی کورد دێتە بەرباس، راستەوخۆ بەهەڵەبجە و کارەساتەکەی دەناسرێتەوە.
هەڵەبجە، لە2014 ەوە بەبڕیاری پەرلەمانی کوردستان کراوە بە پارێزگاو وا نزیکەی 9 ساڵە، هێشتا دامەزراوە کارگێری و خزمەتگوزاری بنەرەتییەکانی بۆ دابین نەکراوە وئەوەیشی هەیە بێ بینا وبێ میلاکن.
* خۆشبەختانە لە13ی ئازاری ئەمساڵ، ئەنجومەنی وەزیرانی ئێراقی فیدراڵ، بڕیاریدا کە هەڵەبجە وەک پارێزگای نۆزدەهەمینی ئێراق ناسێنرا، پرۆژەکە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت بۆ بەیاسایی کردنی..

*هەڵەبجە، لەنێوان بەرداشی ململانێ سیاسییەکانی هەرێم، بێ ناز کەوتووە، هەموو لایەنەکان خۆیان بەقەرزاری هەڵەبجە دەزانن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بێ نازترینی شارەکانی هەرێمە.

*پرۆژە ئابوری و خزمەتگوزارییەکان لەم پارێزگا بێ نازەدا، ئەگەر سفر نەبێت بێ گومان نزیکە لەسفرەوە، ئەوەی هەیە لێرەو لەوێ قیرتاوکردنی 500 مەتر و فراوانکردنی 350 مەتر و تێکەڵەڕێژکردنی یەک کیلۆمەترو هەندێ ووردە ئیشی تر کەبەگوێرەی دەرخستەکانیان، نابنە پرۆژە! بەپێ ی زانیارییەکان لەدوای 2014 ەوە هیچ پرۆژەیەک ئەنجام نەدراوە.

* 9 ساڵە هەڵەبجەییەکان داوا لەم لایەن و لەو لایەن و لەم دەزگا و لەو رێکخراوی خێرخوازی و لەم خواپێداوو لەو دەوڵەمەند دەکەن، کەهەوڵ بدەن سووکە پرۆژەیەک جێ بەجێ بکەن وهەلی کار برەخسێنن، تاچیتر گەنج ولاوەکانمان بێکار نەبن و تووشی دەیان دەردی ئابوری و کۆمەڵایەتی و دەروونی نەبن.

* هەڵەبجە، لەدوای نۆ ساڵ لەبریاری بەپارێزگابوونی هێشتا سیمای قەزاکەی جارانی زاڵترە تاسیماوتایبەتمەندی ناوەندی پارێزگایەک، مانگانە و ساڵانە بەدەیان ماڵ وخێزان هەڵەبجە بەجێ دەهێڵن و ڕوودەکەنە شارەکانی سڵێمانی و هەولێر، ئامارەکان مەترسیدارن..

* پرۆژەکان لەهەڵەبجەدا لەلایەن خوا پێداو ودەوڵەمەندەکانی خەڵکی ئەم شارەوە جێ بەجێ کراوە، زۆر زیاتر و قەبارەکەی گەورەترە تا پرۆژەکانی حکومی، لەنمونەی پرۆژەپەروەردەیی و خزمەتگوزارییەکانی بەڕێز ئاسۆی حاجی محمد بامۆکی و حاجی عابد هەورامی و براکانی و دکتۆر یاسین بیارەیی و شێخ عەلی شێخ عیزەددین و چەند بەڕێزێکی تریش.

*هەڵەبجە لەماوەی 9 ساڵی ڕابردودا لەبودجەی گشتی هەرێم، پشکی بۆ دانەنراوە، ئەو بڕە پارانەیشی بۆ دابینکراوە، شایانی باسکردن نین، چونکە دەرئەنجانی گەورەی نەبووە وواقعیش بەبەرچاومانەوەیە.

* ئومێدی زۆرمان بەپرۆژەی پردی تووەقووت بوو، بەڵام وا بۆ زیاتر لە 3 ساڵە تەنها لەسەر کاغەز نوسراوە و ئەویش جێ بەجێ نەکرا، هیوامان بەوە هەبوو کەهەڵەبجە تاڕادەیەک لەگۆشەگیری دەرباز بکات و دەرچەیەکی هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی بەڕووی ئەم شارە بێ نازەدا بکاتەوە، بەڵام بەداخەوە.

*هەڵەبجە، خاوەنی دوو مەرزی لاوەکی بازرگانی یە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا، مەرزی پشتە لەناحیەی بەمۆ و مەرزی شۆشمێ لەهەورامان، بەڵام لەبەرئەوەی ڕێرەوی هەردوو مەرزەکە بەناوەندی پارێزگاکەدا گوزەر ناکات، هیچ سوودێکی ئەوتۆی بۆ دانیشتوانی شارەکە نی یە، تەنانەت داهاتەکەیشی ناگەڕێتەوە بۆ هەڵەبجە، هەربۆیە گرنگە بەڕێوەبەرایەتی گومرگی پارێزگاکە بکرێتەوە.

* هەڵەبجە، پارێزگایەکی بێ قەزایە، هەرچەندە هەوڵ دەدرێت کەناحیەی خورماڵی دێرینەشار بکرێت بەقەزا و گوندێکی بناری سورێنیش بەناحیە، بەڵام هێشتا ئەمەش هەر بەڵێن و نوسراوی سەرکاغەزە.
* بۆ هەڵەبجە، باشترین چارەسەری کرانەوە و سوودی ئابوری تەنها مەرزی سازانە، کەتەنها 23 کلم لەناوەندی هەڵەبجەوە دوورە و ڕێڕەوی هاتوچۆکردنی بەناوەندی پارێزگاکەدا گوزەر دەکات.
*کردنەوەی فەرمانگە حکومیەکان ڕاستە هەلی کار دەرەخسێنێت بەڵام ئەمە نابێتە هۆی گەشەپێدانی ئابوری، گەشەپێدان بە وەبەرهێنان دەکرێت بوژانەوە بە کەرتی تایبەت دەکرێت.
*ئومێدەوارین ساڵی داهاتوو، هەموو ئەم خەم و کێشەو ئاریشانە لەم پارێزگا بێ نازەدا چارەسەرکرابێت و ئاهێک بەدڵ و دەروونی دانیشتوانی هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوودا بێتەوە.

* هەربۆیە، گرنگە لەساڵیادی ئەم کارەساتەگەورەدا، بەپرۆژەو خزمەتگوزاری ئابوری وکۆمەڵایەتی ئاوڕی جدی بدرێتەوە، بۆئەوەی هەڵەبجە بکەوێتە سەرپێ ی خۆی و چیتر باس لەنەهامەتی و دەردی سەرییەکانی دانیشتوانەکەی نەکرێتەوە.

*کردنەوەی فەرمانگە حکومیەکان ڕاستە هەلی کار دەرەخسێنێت بەڵام ئەمە نابێتە هۆی گەشەپێدانی ئابوری، گەشەپێدان بە وەبەرهێنان دەکرێت بوژانەوە بە کەرتی تایبەت دەکرێت.
 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×