دیدگای 2030 هەرێم، چەند سەرنجێک
ســــەرکۆ یونس
2021-06-10   933
حکومەتی هەرێم، لەڕێگای وەزارەتی پلاندانانەوە هەنگاوەکانی دەست پێکردوە، بەئاراستەی نوسینی یەکەمین دیدگای هەرێم تاساڵی 2030.
بوونی دیدگا، بۆ هەر حکومەت و دەوڵەتێک، گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، ئاراستەی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا دیاری دەکات، لەداهاتوودا بەمەبەستی بەدەستهێنانی ئامانجی ئابوری و کۆمەڵایەتی.
بەڵـــام بەشێوەیەکی گشتی دیدگا، زیاتر ئەو وڵات و حکومەتانە پەیڕەوی دەکەن، کەتاڕادەی جێگیربوون لەڕووی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و بابەتەکانی ترەوە، سەقامگیرو بێ کێشەو گرفتن..
ئەم هەوڵە جێگەی ئومێدە، بەڵام واقیعی ژیارو بارودۆخی ئابوری و سیاسی وکۆمەڵایەتی هەرێم، هەمیشەو هەردەم پڕ ئاریشەو گرفتو قەیرانە، هەروەها پێگەی جوگرافیای هەرێم لەناوچەکەدا و تەماح و مەترسی داگیرکاری وڵاتانی ئیقلیمی هەڕەشەیەکە کەنابێت لەبەرچاو نەگیرێت.
لەلایەکی ترەوە، پەیوەندی هەولێرو بەغداو بەردەوامی کێشە سیاسی و ئابوری و نەتەوایەتییەکان و ئیدارەدانی ناوچەکێشەلەسەرەکان، هەمیشە ئەو گرفتانەن، کەبەردەوامن بەبێ چارەسەرکردن ماوونەتەوە...
دیدگای هەرێم 2030، هەوڵێکە لەواقیعی ناهەمواری هەرێمدا، کەپێمان وایە ئەستەمە بەبەرهەم بێت و تەنها نوسینی سەر کاغەزەکان دەبێت، چونکە هەرێم، ئەگەر بەڕوخسار یەک ئیدارە و یەک حکومەت بێت، ئەوا لەواقیعدا دوو ئیدارەییەوە و بەئاشکرا ڕوون و دیارە.
ئاشکرایە، دەرکردن و پەیڕەوکردنی و جێ بەجێکردنی دیدگا، دەبێت لەلایەن دەستەڵاتی ڕەهای گشتییەوە بێت. کەپێمان وایە، لەهەرێمدا ئەو دەستەڵاتە بوونی نی یە، قورسە جێ بەجێ بکرێت، چونکە ئەوەتا بڕیارەکانی حکومەت لەهەندێ ناوچە ودەڤەر پەیرەو دەکرێت و لەهەندێ شارو ناوچە هەر بایەخی نی یە.
هەروەها، دیدگا پێویستە سیفەتی نەرمی نواندنی تەواوی هەبێت، بەهۆی خێرایی گۆڕانکاری و ڕووداوەکان و پێشهاتەکانەوە.
لەلایەکی ترەوە، ئەم دیدگایە، پێویستە گشتگیر بێت و جیاوازی نەکرێت لەنێوان شاروشارۆچکەو وەزارەتەکاندا، لەفشاری سیاسی بەدوور بێت.
گرنگترین پایە لەدانانی دیدگادا، دیاریکردنی ئامانجەکانە، دەستنیشانی ئامانجی سەرەکی بنەمای دیدگایە. هەروەها گفتوگۆی زیاترو کاتی زۆری بۆ تەرخانبکرێت و هەموو ڕووەکانی ڕەشنووسی دیدگاکە، شەن وکەوی پسپۆرانەی بۆ بکرێت، کەلەگەڵ واقیعدا یەکبگرێتەوە.
سەرەتای دانانی دیدگا، پێویستە کێشەوقەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دەستنیشان بکرێن و هەموو ئەو ئاستەنگانە لەبەرچاوبگیرێن کەدەبنە لەمپەروبەربەست لەجێ بەجێکردنی پلانەکانی دیدگاکەدا، پێمان وایە ئاستەنگی سیاسی ناوخۆیی و هەندێجار ئیقلیمی گەورەترینیانە، هەمیشەو هەردەم کاریگەر دەبێت.
هەروەها، ئاستەنگە ئابوری و کۆمەڵــایەتییەکانی هەرێم، کەبەداخەوە لەئێستادا حکومەت و کۆمەڵگا، بەقورسترین قەیرانی دارایی و ئابوریدا گوزەر دەکات، حکومەت لەدابینکردنی مووچەدا هێشتا توانای دارایی نی یە وپرۆژەخزمەتگوزارییەکانی زۆرێک لەوەزارەتەکان تەواونەکراون، لەسەرووی ئەمانەیشەوە، زیاتر لە شەش ساڵە، حکومەتی هەرێم یاسای بودجەی ساڵانەی نەبووە، پێدەچێت ساڵی دارایی(2021) بەبێ بودجە تێبپەڕێنێت.
لەلایەکی ترەوە، ڕێژەی بێکاری و نەبوونی هەلیکار، یەکێکی ترە لەئاستەنگەگەورەکانی بەردەم حکومەت و ڕۆژ لەدوای رۆژ قەبارەکە گەورەتر دەبێت، ڕێژەی بێکاری لەچینی گەنجانی خاوەنبڕوانامەدا، قەبارەکەی چەند هێندەکردووە!
بابەتی گەندەڵــی ئیداری و دارایی و سیاسی لەهەرێمدا، دەردە بێ چارەسەرە بەردەوامەکەی بەردەم هەوڵەکانە، کەپێمان وایە، چارەسەری گەندەڵی لەهەرێمدا، ئەستەمە!
لاوازی کەرتی تایبەت، بەهۆی نەمانی متمانە لەنێوان حکومەت وکەرتی تایبەتدا، بەشێوەیەک چالاکی خاوەنکارو کۆمپانیاکان، تاڕادەی کەمبونەوە هەنگاوی ناوە.
وابەستەی ئابوری ودارایی هەرێم، بەبەغداوە و ناسەربەخۆیی دارایی، یەکێکی ترە لەبەربەستە گەورەکان، هەروەها پشت بەستنی هەرێم، بەفرۆشتنی نەوت، وەک تاکە سەرچاوەی داهات، بەربەستێکە دەربازبوون قورسە.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، لاوازی بەرهەمهێنانی ناوخۆ، پشت بەستن بە هاوردەکردن بۆ زۆربەی پێداویستییەکان، گەورەترین خاڵی لاوازی ئابوری هەرێمە.
لەکۆتایـــــدا، هەر هەوڵێک هەبێت بۆ پلان و دیدگای ئایندە، دەبێت بۆ بەرژەوەندی گشتی و لەپێناو تاکەکانی کۆمەڵگادا بێت، ئامانجی سەرەکی و کۆتایی هاوڵاتی وخزمەتکردنی هاونیشتیمانیان بێت، بەبێ جـــــیاوازی...