کلتوری خراپ بەكاربردن

ســــەرکۆ یونس
  2023-10-29     227

کۆمەڵگای کوردی لە هەرێمی کوردستان، بە کۆمەڵگایەکی بەکاربەری (بەرخۆر) بێ بەرهەم دەناسرێت. کلتوری بەكاربردن لەلای تاک و خێزان و کۆمەڵگای کوردی، کلتورێکی نادروستە لە ڕووی ئابوری و رەفتاری بەکاربەرەوە، ئەو کلتورەش زیاتر لە لایەن نەوەی دوای ڕاپەڕینەوە تۆختربۆتەوە.
بابەتی بەكاربردنی تاک، یەکێکە لە بابەتە گرنگ و سەرەکییەکانی زانستی ئابوری بەشەکی( Microeconomy)  ئەم لقەی زانستی ئابوری گرنگی دەدات بە شێوازو ڕێگاکانی خەرجکردنی تاک و خێزان بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ پڕكردنەوەی پێویستییەكان. 
زیادەبەكاربردن تایبەتمەندییەکی حاشاهەڵنەگری کۆمەڵگای کوردییە، تاک و خێزان و کومەڵگا بەپێی شوێن وکات پەیڕەوی دەکەن. بەکاربردن لەسەر زۆربەی پێداویستییەکانی وەک: خۆراک وخواردەمەنی و جلوبەرگ و ئاو وکارەبا... هتد.. لە ئاستێکی بەرزدایە.
ئاشكرایە بەهۆی ئەو سیاسەتە هەڵەی کەلە هەرێمدا پەیڕەو کراوە و دەکرێت، زۆربەی دانیشتوان بۆ بژێوی ژیانیان پشت بەو مووچەیە دەبەستن کە لەلایەن حکومەتەوە پێیان دەدرێت. ئامارەکان باس لەبوونی یەک ملێۆن و 255 هەزار و 374 کەس، کە لە دارایی گشتی(حکومەت) مووچە وەردەگرن، لەلایەکی ترەوە حکومەت مانگانەزیاتر لە( 900 )ملیار دیناری پێویستە تەنها بۆ مووچەی مووچەخۆران، ئەگەر ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بەشەش ملیۆن کەس ئەژمار بکەین، نزیکەی (20%-25%) ی دانیشتوان پشت بە مووچە دەبەستن. کە بێگومان ئەمانە نوێنەری سەدان خێزانن. جموجوڵی بازاڕ و بازرگانی پەیوەندیدارە بەو مووچەیەی کەئەم ڕێژەیە وەریدەگرن. هەڵسوکەوتی مووچەخۆر یان بەکاربەر لە هەرێمدا، بەداخەوە ئابورییانە نییە، بەبێ پلان خەرج دەکرێت، خەرجییەکانمان دوور لەپرەنسیپ و بنەماکانی رەفتاری بەکاربەری هۆشیارە. هەرچەندە بەدڵنیاییەوە داهاتی تاک و خێزانی مووچەخۆر لەئێستادا بەشی سەرجەم پێداویستییەکان ناکات بەهۆی زۆری و هەمەچەشنی لەپێویستییەکان لەلایەك و هەڵاوسانی بازاڕو دواكەوتنی مووچە لەلایەكی ترەوە. بەدەگمەن خێزانێک بتوانن بەتەواوی و بێ کەموکوڕی مووچەکەیان بەشی پێویستییەکانی مانگانەیان دەکات بەداخەوە دیاردەی زێدەخەرجی وزێدەبەکاربردن، سەرەڕای قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچە و هەڵاوسانی نرخەکان. سنوری تێپەڕاندووە.
بەکاربەران بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و بێپلان خەرجی دەکەن. هەندێ لەو خووە خراپ ونەریتە نائابورییانە کە لەلایەن تاک و خێزانەوە ئەنجام دەدرێن، وەک کڕینی پێداویستییەک کە لەئێستادا بەکارناهێنرێت، هەروەها کڕینی زیاد لەپێویستی خێزان وەک میوە و بابەتەکانی تر کە بەدڵنیاییەوە ڕێژەیەک لەم پێداویستییانە دەخرێنە ناو سەتڵی خۆڵەوە، ئامارەكانی شارەوانی، ئەوەمان بۆ پشت ڕاست دەکەنەوە کە بەدڵنیاییەوە ڕێژەی خۆراک وخواردەمەنی وسەوزە ومیوە قەبارەیەکی گەورەی پاشماوەکانن. لەلایەکی ترەوە، کابانی ماڵ پێویستە بەتەواوی و بەبێ زیادە چێشت و ئامادەکارییەکانی سفرەی خێزانەکەی ئامادە بکات، گومانی تێدانییە، بەدەگمەن سفرەیەک هەبێت بەبێ زیادە بێت. پێویستە دوور بکەوینەوە لەکلتوری قەرەباڵغی و فرەیی لەسەر سفرەکانمان، هەروەها لەلای بەشێک لەخێزانەکان، کولتورێکی تر هەیە، ئەویش ئەوەیە کە زۆربەی تاکەکانی خێزان چێشت و سەوزەی ژەمی پێشووتر ناخۆن، بێگومان نەخورێت راستەوخۆ ئەویش دەخرێنە ناو سەتڵ و زەرفی خۆڵەوە. کێشەکە لەوەدایە، زۆربەی دانیشتوانی هەرێم، موسڵمانن، بەڵام هێشتا هەر دەستبەرداری ئەم دیاردەیە نابینەوە بەبوونی ئایەتی قورئانی پیرۆز و فەرمودەی پێغەمبەری ئیسلام، کە بەتەواوی قەدەغەی زێدەخەرجی وزێدەبەکاربردن دەکات، وەک(وكُلُواْ ۆاشْرَبُواْ ۆڵا تُسْڕفُواْ إِنَّهُ ڵا یُحِبُّ الْمُسْڕفِینَ )(31) سورە اڵاعراف. ئەم ئایەتە قورئانییە زۆربەمان جێبەجێی ناکەین و گوێی پێ نادەین، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هۆشیاری تاک وخێزانەکان لەمەڕ پێداویستییەکانی ڕۆژانەمان، هەروەها چاولێکەری و خۆبەگەورەزانین وکلتوری ناپەسەندی خۆ جیاکردنەوە لەکۆمەڵگا، بەڵگەنەویستە خراپ بەکاربردن و زێدەخەرجی، کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ئابوری و داهاتی خێزان وکۆمەڵگا. هەر ئەم دیاردەیە دەبێتەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی گشتی نرخەکان و سەرهەڵدانی دیاردەی هەڵاوسان لە بازاڕدا. بەردەوامبوون لەسەر ئەم دیاردەیە، ئاکامی خراپی دەبێت و هەرگیز ناتوانین بگەین بەئاستی خۆژێنی ناوخۆیی و هەردەم وەک تاکێکی بەکاربەر نەک بەرهەمهێن دەمێنینەوە. کۆمەڵگای بەرخۆریش ناگەن بەئامانجەکانیان و بە بەردەوامی لەدوای دواوە دەبن.
لەئێستادا، کۆمەڵگای کوردی، پێویستییەکی هەنوكەیی بەهۆشیاری و ڕۆشنبیری بەکاربردن هەیە، پێویستە كۆمەڵگا باش لەوە تێبگات كە بە ڕیكلامی بازرگانی و پرۆپاگەندەی ناواقیعی تێنەكەوێت وزیادەرۆیی نەكرێت لەبەكاربردنی خۆراك وخواردەمەنی و هەڵبژاردنی جۆری خۆراكی پێویست بەپێی ئاستی داهاتی خێزان و دیاریكردنی پێویستی تایبەتی تاك لەخێزاندا ئەركی بەخێوكەرانە. دەرئەنجانی گەورەیی قەبارەی هەڵاوسان و تێچونی ژیان قورس وگران بووە. زۆربەی خەڵکی بەدەست ڕێکخستنی داهاتەکانیانەوە دەناڵێنن، دیاریکردنی پێویستییە لەپێشینەکان وزانینی جێگرەوە گونجاوەکان.گرنگن بۆ خێزانەكان.
لەبەرئەم هۆکارەکانی سەرەوە، گرنگە هۆشیاری و رۆشنبیری بەکاربردن بڵاوبکرێتەوە، بە واتایەکی تر رۆشنبیری ئابوری لە نێو تاک و خێزان و كۆمەڵگە بکرێتە کلتور، نەک تەنها لە میدیاکانەوە ماوە ماوە بکرێتە پرسێکی گەرم و دواتر تاک و خێزان بگەڕێنەوە سەر هەمان رێچکەی پێشوو لەخراپ بەكاربردن و زێدەخەرجی و خراپ خەرجکردنی داهاتەکانیان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×