وتووێژی نائەکادیمی "ئەکادیمستەکان" لە تۆڕەکاندا و قسەیەک لەسەر زانکۆکان

نەوزاد جەمال
  2022-02-15     691

هەژموونی میدیای نوێ، ئەوەندە رۆچۆتە بوارو کایە جیاوازەکانەوە بێئەوەی بەخۆشمان بزانین دەبینە بەشێک لێی. تەنانەت، هەندێکجار دەبینە داشی ئەجێندای سیاسی و بازرگانی و پڕوپاگەندە. ئەمەش هەر لەبەر ئەوەی بەکاربەرێکین یان 'ئەپێکمان' لەمۆبایلەکانماندا هەیە.

بەردەوام خۆم لەو تۆڕانە بەدووردەگرم تا کەمترین کاریگەریان لەسەر ژیان و بیرکردنەوەم هەبێت، بەڵام، هەموو کات شتەکان لەدەستی مندا نیین. هەرئەوەشی وایکردم بیر لەم بابەت بکەمەوە بوونمە لەنێو 'سەکۆیەک'دا بەهۆی ژمارەی تەلەفۆنەکەمەوە. ئیتر، خراومەتە لیستی گروپچاتی جیاوازی 'ڤایبەر، وەتسئەپ و تێلیگیرام' کە بۆ مامۆستا، ئەکادیمیان و هتدە...

 ئەم گروپچاتانە رۆڵی ئاگادارکردنەوەو گۆڕینەوەی زانیاری لەبارەی موچە، فۆرمی سەروانە، کۆبوونەوە، کۆرسبووک، تاقیکردنەوەو پرسەو جەژنە پیرۆزەو هتد... دەگێڕن. ئەگەرچی، کارلێکەکە تێیاندا رایکردنی کاروباری ئاساییە، کەمتر لایەنی زانستی وەک وتوێژی زانست و ئاڵوگۆڕی راوبۆچوون لە پرسە گەرمە زانستییەکان و ئەوانەی بەندن بەژیانمانەوە تێیاندا بەدیدەکرێن.

ئەم گروپانەش درێژکراوەی دۆخی زانکۆکانن کە لاوازی کارلێکی زانستی و بەرتەسکی پانتایی وتوێژ زاڵە بەسەریاندا. وەکچۆن لەزانکۆکاندا مامۆستا خەریکی وانەووتنەوەیە، ئەگەر توێژینەوەش بکات، نابێتە هۆی دروستکردنی وتوێژی زانستییانەو راگۆڕینەوە لەتەک هاوکارو هاوپسپۆڕەکانیدا. تەنانەت، رەنگە ببێتە هۆی شکاندنەوەی یەکتر.

بۆیە، هەستکردن بەسانسۆرکردن هەمیشە لەئارادایە. سانسۆری حزبی-سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتی، وادەکات پانتایی دەربڕین و توێژینەوەش لەو بابەتانەی بە "هێڵی سوور"و هەستیار هەژماردەکرێن، هەبێت. لەمەوە، پەنادەبرێتەبەر بە تۆڕەکان بۆ قوتاربوون لەسانسۆر و خۆخاڵیکردنەوە. بەڵام، دیسان لەو پانتاییە کراوەشدا، وتوێژ سازنابێت. بەڵکو، پێکداهەڵپرژان، لەیەکخوێندن، بەریەککەوتنی توندوتیژانەو زبردەربڕین و بەرەوناخۆشتر دەڕوات کە پێشلکردنی راجیاییە.

 لەجیاتی راگۆڕینەوە، ناکۆکی شەخسی، زویربوون و بڕیاردان لەسەر بابەتەکان بەمیزاجی سیاسی و پێوەری حزبی دەکەوێتەوە. دواتر هەمووی لە یەکترقبوڵنەکردندا رەنگدەداتەوە. لەمەوە، بەکاربەر وەڕەس دەبێ و لەبەکارهێنانی ئەو تۆڕانە دەتەکێتەوە. هەروەها، بە پاساوی ئەوەی باسی سیاسین یان رەخنە لەحزبەکان دەگیرێ باشترە لێیان دەرچیت. یان لەباشترین حاڵەتدا، بەرپسیارێتییەکە دەخرێتە ملی ئامرازەکە نەک بەکاربەر. واتە، خەتاکە دەخرێتە ملی ئەپەکە، تۆڕەکە خۆی نەک چۆنیەتی بەکارهێنانیان.

ئەمەش، یەکێکە لەو دیاردەسەیرانەی کۆمەڵگای ئێمە. لەجیاتی بڵێن ناوەڕۆک پرۆگرامی یان زنجیرەیەک خراپە، تەلەفزوێن خۆی بەنەفرەت دەکەین. لەجیاتی بەکاربەر بکەینە بەرپرسیار لەبڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختەو درۆ، دەڵێن تۆڕەکان خراپن!

لەکاتێکدا، کێشەکە ئەوەنییە کە باسی سیاسەت یان رەخنە لەحزبەکان دەگیرێت یان کەسێک سەر بەحزبێکە. ئەگەرچی کاری زانستی و ئەکادیمی، لەپێش هەمووئەرکێکی ئوستازی زانکۆوە دادەنێم. گرفتەکە لەوێوە سەرهەڵدەدات کە مافی دەربڕین لەیەکتر بسەنرێتەوە. هەروەها، ڕاگۆڕینەوەو ووتوێژ لەنێو چینێکی دەستەبژێردا- نوخبە- ئەکادیمی هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەوەی دەرەوەیدا نەبێت.

 جگەلەوە، پرۆفیسۆرەکانی زانکۆکان گلەیی دەکەین کە بەرپرس و دامەزراوەکان پسپۆڕییەکانیان بەهەندوەرناگرن، راوێژ بەئەکادیمیەکان ناکەن. کەچی ئەکادیمیەکان سانسۆر دەخەنەسەر یەکتر بەبیانوی نابێت باسی سیاسەت بکرێت لەو جێگایەندا. گرفتەکە لەوەدایە، ئەمانیش حەوسەڵەی ڕاجیایی و ووتوێژیان وەک پێویست نییە.

لێرەوە، ورووژاندنی هەر پرسیارو دەربڕینی هەر رایەک وەک بەنزین بەسەر ئاگاردا بڕژێت، دەبێە هۆی لەیەکگیربوون، توندوتیژی یەکتر رەتکردنەوە. ئەکادیمی بۆی هەیە باسی سیاسەت یان هەر باسێکی کۆمەڵگەکەی لەروانگەی پسپۆری و شارەزاییەوە بکات نەک ئەوەی ببێتە بانگەشەکاری دیدگایەکی بەرتەسکراوەی حزبی و ئایینی و مەزهەبی وئایدۆلۆجی.

باشە، هەر ئەکادیمی و سیاسیەکانی ئەم وڵاتەنین کە دەڵێن زانکۆ و ئەکادیمییەکان لە پرسەگرنگ و هەستیارەکان دابڕاو و بێکاریگەرن؟ ئیتر، بۆ ساسنۆر بخرێتەسەر رەخنەی سیاسی لەکاتێکدا پۆستەکانی زانکۆ لەسەرەوە بۆ خوار، پلەی حزبی نەک لێهاتوویی رەچاودەکرێت؟

توندوتیژی زمانی و بێڕیزیکردن بەراوبۆچوونی پێچەوانە، نائەکادیمی و نازانستییە. بەڵام، لەژێرناوی رەخنەو رادەربڕینیشدا، پێویستە ئەکادیمیست بنەما زانستیەکانی بیرکردنەوەو شیکردنەوە لەبیرنەچێتەوە. نەچێتە ژێرباری لایک و نەبێتەوە بە تاکەسادەکە. رەخنەگرتنیش بەتەنها پێویست نییە، بەڵکو لێکتێگەیشتن و راگۆڕینەوەو ووتوێژ گرنگترن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×